سەرژمێری ئێراق ترسناکە!

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2024-09-28     221

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

سوودی سەرژمێریی:

کەسمان نییە نەزانین، کە سەرژمێریی کارێکی زۆر گرنگ و پێویستە بۆ هەروڵاتێک تا  زانیاری ورد و دروست  لەبەردەست حکومەت هەبێت.  حکومەتیش پشت ئەستوور بە داتای کۆکراوەی سەرژمێریی گشت وڵات دەتوانێت پلانی ستراتیجی دابڕێژێت و چەندین پلانی خێراش بەئەنجام بگەیەنێت بە بێ ئەوەی بەشێکی بیر بچێت، یان بڕی پارەی دیاریکراو کەم یان زۆر دابنێت! واتە بەڕوونی سەرژمێری بۆ وڵاتێک گرنگە و یەکێکە لە کارە سەرەکییەکانی حکومەت، کە هەر چەند ساڵ جارێک ئەنجامی بدات و زانیارییەکان بەراوردبکات تا بەتەواوی و دروستی بارودۆخی وڵات بزانرێت.

ئەوەی باس کرا کورت و پوختی گرنگی کردەی سەرژمێریی وڵاتێکە. هەڵبەت ئێستا وڵاتێکی وەک ئێراقیش، کەلەساڵی ١٩٩٧ وە هیچ کردەیەکی سەرژمێری نەکردووە پێویستە و هەنگاوێکی باشە، بەڵام نابێت ئامانجی تری لەپشتەوەبێت! بەگوێرەی دووایین زانیاری ئەولیستەی، کە بۆ سەرژمێریی ئامادەکراوە پرسیاری نەتەوەی تێدانییە، واتە کەس بۆی نییە بنووسێت کورد، یان هەر نەتەوەیەکی تر! بەڕاستی ئەگەر وا بێت ئەمە کارێکی زۆر خراپەو ناکرێت بەهیچ شێوەیەک حکومەتی کوردستان قبوڵی بکات و بە ولیستە ڕازی بێت! ئەم پرسیارە زۆر پێویستە لە فۆرمی سەرژمێرییدا هەبێت، چونکە:

١-مافی هەرتاکێکە لە وڵاتێکدا شانازی بە نەتەوەکەیەوە بکات و هیچ نەنگی تێدا نییە کە ڕوون و ئاشکرا بنووسرێت.

٢-نەبوونی ئەم پرسیارە لە فۆرمەکەدا واتە سڕینەوەی نەتەوەی کورد.

٣-نەبوونی ئەم پرسیارە لە فۆرمی سەرژمێرییدا، واتە سڕینەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی دەرەوەی کوردستان.

٤-نەبوونی ئەم پرسیارە واتە کاڵبوونەوەی وشەی کوردستان و هێدی هێدی نەمانی!

٥-نەبوونی ئەم پرسیارە واتە دانپێدانانی ئەوەی، کە کوردستان بەشێکە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیتر خاکەکەشمان لەدەست دەچێت!

٦- نەبوونی ئەم پرسیارە زۆر  ترسناکە و هەڕەشەیە بۆ سەر قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان!

ئامانجی لابردنی ئەم پرسیارە گرنگە لە وڵاتێکی وەک ئێراقدا چییە؟

 هەڵبەت من باش دەزانم ئامانجی لابردنی ئەم پرسیارە لە ناو فۆرمی سەرژمێریدا چییە، بەڵام بەگوێرەی قسەی بەرپرسێکی ئێراقی گوایە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت لەناو فۆرمی سەرژمێریدا پێویست ناکات ئەوپرسیارانە هەبێت، کە کێشەی لەسەرە و گرفت دروست دەکەن! بەڕاستی وەڵامێکی زۆر نابەجێیە و  ناکرێت بەم بیانووە بێ مانایەوە بتەوێت کێشەی کورد و کوردستان کە سەد ساڵە کورد خەباتی بۆ دەکات ئاوا بەئاسانی بسڕدرێتەوە! بەبڕوای من پێویستە فۆرمی سەرژمێریی ئەو پرسیارەی بەڕوونی تێدا بێت و تەنانەت پێویستە دین و مەزهەبیش ئاماژەی پێبکرێت و بەوردی دەستنیشان بکرێت!

دەکرێت لە وڵاتێکدا ئەو پرسیارە لاببرێت، کە وڵاتەکە جیاوازی نەکات لەنێوان پێکهاتەو دینە جیاوازەکاندا، کە ئەمە لە ئێراقدا بوونی نییە و چاوەڕێش ناکەم بەدەیان ساڵی تر کوردێک هەبێت پێش ئەوەی بڵێت من کوردم بڵێت ئێراقیم!

حکومەتی ئێراق بەم شێوەیە و بەم ڕێگەیە دەیسەلمێنێت، کە هیچ جۆرە دادپەروەرییەکی نییە و دەیەوێت نەتەوەکان بسڕێتەوە و جیاوازی دینی بەزۆر نەهێڵێت، کە دوور نییە سبەینێ بڕیارێک دەربکات بڵێت وڵاتی ئێراق وڵاتێکی شیعەمەزهەبەو بەشێکە لە وڵاتانی عەرەبی، ئەوکات کورد چی دەڵێت و چی دەکات؟

حکومەتی ئێراق ئەگەر دڵسۆز و خەمخۆری هاووڵاتیان بووایە، دەبوو زۆر بە ڕوونی و بەئاشکرا ئەوپرسیارانەی بکردایە لەپێناو ئەوەی، کە داتای وردی لابێت و بتوانێت بە داتا وەڵامی هەرکەس ولایەنێک بداتەوە و کاتێک گرفتێک لە شوێنێک دروست دەبێت ئامادەکاری بۆبکات، نەک بیەوێت بەزۆر و لەڕێگەی کارێکی نا مرۆڤانەوە بیرو بۆچوونە تائیفیەکانی خۆیان زاڵ بکەن!

لەم ڕوانگەیەوە من هەر ئەوەندە دەزانم  و هەست بەم ترسە دەکەم و هیوادارم کەسانی شارەزا و یاساناسەکان و پسپۆڕ و شارەزایان بتوانن قسەی زۆری دەربارە بکەن و هەموولایەنە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانی شەن وکە بکەن و بیخەنە بەردەم خەڵکی وحکومەت، تکایە ئەمە کارێکی نیشتمانپەروەرانەیە و زۆر پێویستە. تکایە کاتیش کەم ماوەو ئێراق بڕیاریداوە مانگی یازدە کارەکە ئەنجام بدات، لەکاتێکدا خەڵکی سەرقاڵی هەلبژاردن و مووچەیە و لەپڕدا دەڵێت ڕۆژی سەرژمێرییە! تکایە هەنگاوەکانی ئەم ئێراقە هیچ دڵخۆشکەرنین سەبارەت بە کورد و کوردستان! گومانیشم نییە حکومەتی کوردستان هەڵوێستی خۆی دەبێت و ئەگەر ئەو پرسیارە زیاد نەکرێت، حەق نییە حکومەت ڕازی بێت بە پرۆسەی سەرژمێری، سەرژمێرییەک، کە بۆ داهاتووی کورد و کوردستان زۆر ترسناک دەبێت!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×