زانکۆی سلێمانی و خوێندن!

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2024-09-16     187

بەشی زەویناسی\ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

 نەمزانی ناونیشانی وتارەکەم چی بێت! بەهەرحاڵ و هەرچۆنێک بێت ئەم ناونیشانەم دانا، کورد وتەنی گرنگ ناوەڕۆکە. ڕۆژی چوارشەمە ١١-٩-٢٠٢٤ لەئەنجومەنی زانکۆدا بڕیاردراوە، کە ڕۆژی شەمە ٢٨-٩-٢٠٢٤ کاتی دەستپێکردنەوەی خوێندن بێت لە زانکۆی سلێمانی، ئەویش بەمەرجێک کە کێشە و پێداویستییەکانی بەشەناوخۆییەکان تەواوبکرین و ڕێکارە دارایی و کارگێڕییەکانی گرێبەستی پاککردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان بەئەنجام بگات. ئەم بەشە وتەی ئەنجومەنی زانکۆیە، کە بۆئێمەی باس دەکات ٢٨ مانگی سێپتێمبەر دەستپێکی خوێندن دەبێت ئەگەر خوای کرد و هیمەتێک هەبوو بۆ چارەسەری کێشەکان! ئەوە ماوەی هەفتەیەکە چاوەڕێبووم کەسێک وتەیەک، یان دەردەدڵیەک بنووسێت لەملا لەولا، نەبوو! کورد وتەنی " سەرت نایەشێ و پەڕۆی تێوەدەپێچیت" من سەریخۆم دێشێنم و پرسیارێک دەکەم: ئایا ئێستا کاتی ئەم شەرتوشروتەیە؟ یان بەجۆرێکی تر دەبوو ئەم کێشانە دوومانگ پێش ئێستا چارەسەر بکرانایە، نەک لەناوەڕاستی مانگی نۆدا، کە دەبوو گەرمەی پرۆسەی خوێندن و فێرکردن بێت و زانکۆ جمەی بهاتایە! هەروەک لە زانکۆ تایبەتەکان و لەزانکۆی سەڵاحەدین و سۆران و زۆرێکی تری زانکۆکان کە هەندێکیان لە ١-٩-٢٠٢٤ و هەندێکیتریان لە ٧-٩-٢٠٢٤ وە خوێندن دەستپێکراوە! واتە تا زانکۆی سلێمانی گەرم دەبێت، ئەوان سێ هەفتە خوێندن و فێرکردن بەردەوام بووە، لەوێ سێ وانە وتراوەتەوە کەچی لەزانکۆی سلێمانی تازە دەستپێدەکەین!

مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی لە ڕۆژی ١-٩-٢٠٢٤ وە دەستبەکاربوون و هیچ کێشەیەکیان نییە، هەرچەندە سەرۆکایەتی زانکۆ قەرزاری نزیکەی ٢٠ مانگ پارەی سەروانەی مامۆستایانە، بەڵام قسەیان نەکرد و ئامادەبوون بۆ وانە وتنەوە و پرۆسەی فێرکردن، کەچی سەرۆکایەتی زانکۆ پاش دەڕۆژ ئینجا دەڵێت دووهەفتەی تر دەستپێدەکەین، ئەویش ئەگەر کارەکان تەواوببن! باشە سەرۆکایەتی زانکۆ ئێوە ناترسن مامۆستایان پێکەوە بڵێن تا ئەو بڕە پارانە خەرج نەکەن وانە ناڵێینەوە؟ کەمافی خۆیانە. بۆزانیاریتان ئەم خەرج نەکردنە تەنیا زانکۆی سلێمانییە، بۆیە لێرەدا باسی دەکەم!

لەئێوە دەپرسم و خۆتان بەویژدانتان بڕیاری لێبدەن، ئایا خوێندن و فێرکردن ئاوا دەبێت! کوا ڕۆڵی مامۆستایان و شارەزایانی خوێندنی باڵا ؟ ئەرێ بۆ یەکێک لە وەزارەتەوە ناپرسێت، بۆ دەستپێناکەن و چاوەڕێی چین؟ کەس خۆی پیاوخراپ ناکات و دەستی بەکڵاوەکەیەوە گرتووە با نەیبات" جا توخوا ئەوسەرانە هەر بۆ پەڕین باشنین؟ ئەمڕۆ ١٦-٩-٢٠٢٤ زانکۆی سلێمانی ئەڵێی مانگی هەشتە و چۆڵوهۆڵ و بێ دەنگ! زۆرینەی مامۆستایان هەر نایەن بە زانکۆدا، دەستیان خۆشبێت و هەرئەوان ڕاستن! هەندێکی کەمیش بەهۆکاری خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا تا نزیکەی سەعات ١٢ دەبینرێن، پاشان بێ دەنگی زانکۆ داگیردەکاتەوە و شەوی تاریک دێت هەر وەک ڕۆژیشمان هەر تاریک بوو!

چارە چییە و چۆن ئەم بارودۆخە چاک بکرێت؟ نازانم لە بەرپرسانی زانکۆ بپرسن و بزانن ئەوان چیتان وەڵام دەدەنەوە!!!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×