شەهیدانی درۆن

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2024-09-06     173

ویستم وتارێک سەبارەت بە هێرشەدرۆنیەکانی هاوسێ "باشەکانی" کوردستان بنووسم، بەڵام دوێنێ وتارەکەی مامۆستا ئەحمەدی مەلا بۆ بابەتەکە زۆر ورد و پڕ مانا بوو. بۆیە هیچ پێویست بە قسەی زیاتر ناکات سەبارەت بە ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی دەوروبەر دەرهەق بە گەلی کوردستان، تەنیا دەمەوێت ئەوەبڵێم لەپێش هەموویانەوە دەسەڵاتدارانی ئێراق درۆزن و دووڕوون، ئەگینا بۆ درۆن گەیشتە سەر ناوچەی کەرکوک دەخرێتە خوارەوە، بەڵام لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان  درۆنی ئێرانی و تورکی بەئارەزووی خۆیان  دەسووڕێنەوە و چیان بوێت دەیکەن؟

بەهەرحاڵ، ئەوەی دەمەوێت بیخەمە ڕوو ئەوەیە، کە بەبڕوای من دەبێت و پێویستە کەسوکاری قوربانییانی ئەوهێرشە درۆنییانە ( کە تازەترینیان شەهیدوونی باوک و دوو کوڕەکەی  لە ناوچەی خەلەکان و شەهیدبوونی سێ هاوڵاتی تر لە ناحیەی زەلانی شارباژێڕ بوو) سکاڵای یاسایی لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەسەر وڵاتی تورکیا تۆماربکەن و پاشان بۆ کەیسەکە لە ڕێگەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەرەوەی وڵات بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکرێت و سووربن لەسەر داوای قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان.  نازانم لەمەوپێش ئەم بابەتە ( واتە سکاڵا نووسین) بۆ کەیسەکانی تر ئەنجامدراوە یان نا، بەڵام ئەمە بۆ دوولایەن گرنگە، یەکەمیان کە ئەوهێرشانە شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هیچ پاساوێکی یاسای و سیاسی نییە و پێویستە دەوڵەتانی تورکیا و ئێران سزا بدرێن، و دووەمیان ئەوەیە کە پێویستە کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو بکرێنەوە بە گوێرەی ڕێکار و یاسا نێودەوڵەتییەکان.

کەسوکاری قوربانیانی هێرشە درۆنیەکانی سەرکوردستان، تکایە ئەم بابەتە بەگرنگ وەربگرن و مەڵێن خۆ هیچ ناکرێت، نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری هەولێر هەیە و زۆر بەئاسانی لەڕێگەی نووسینی داوایەکی فەرمی و هاوپێچکردنی گشت بەڵگەکانی کە ئەم شەهیدانە نەسەرباز بوون نە ئەندامی پێکەکە بوون و نەدژی وڵاتان بوون، بەڵکو تەنیا هاوڵاتی ناوچەی کوردستان بوون و کاری ڕۆژانەی خۆیان ئەنجامداوە. لەم ڕووەشەوە پێویستە نووسینگەی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتی تەواویان بکات و کارئاسانیان بۆ بکات!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×