ئایا دەتوانن قەرەبووی ئەم زیانانە بکەنەوە؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2024-07-04     292

بەشی زەویناسی\ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

چەند مانگێکی تر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، کە بەبڕوای من زۆر لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە ناگۆڕێت و شتێک کەمتر، یان شتێک زیاتر  ئەنجامەکەی هەر وەک جاران دەبێت! ئێ خۆ زۆر زەحمەت و لێکدانەوەی ناوێت و کورد وتەنی" مانگە شەو سەرلەئێوارەدیارە" و بڕیار و پێشنیارەکانی دەوڵەتانی دراوسێ و ئێراق و هتد. ئەوە پیشان دەدەن! ئەگەر قسەکەی من دروست نەبوو، ئەوە خێری پێوەبێت و بەخۆشی بێت، بەڵام ئەگەر قسەکەی من دەرچوو ئەوا ئەم چەند دێڕەم بۆ لایەنەکان و بەتایبەتی بۆ پارتی و یەکێتی و گۆڕان هەیە! هەڵبەت هەندێک کەس و لایەنی پۆپۆلیستی و دینی و سەربەخۆ و هتد. چەند کورسییەکی پەڕلەمان دێنن، بەڵام پێم وایە پارتی و یەکێتی هەر پاڵەوانانی گۆڕەپانەکە دەبن!

بێگومان پاش ماوەیەکی کەم بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات و ئیتر پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگ هەڵدەواسرێت و هەر لێپرسراو و بەرپرسی پارتەکانن  بەئارەزووی خۆیان بەڵین دەدەن و بەقسەی ئەوان ئەگەر دەنگیان بدەنێ ئەوا کوردستان دەکەن بە بەهەشت و گەندەڵی نایەڵن و دزوجەردە دەخەنە زیندانەوەو مافی مرۆڤەکان دابیندەکرێت و ئیتر هیچ نامێنێت چاک نەبێت، بێگومان ئەمە بەقسەی خوشک و برای کاندید! بەهەرحاڵ، ئەوە قسەی کاندیدەکانە، بەڵام بۆ ئەوسێ پارتە چەند خاڵێک بهێنمەوەیادیان، ئەگەر لەبیریان چووەتەوە! بابزانین وەڵامیان چی دەبێت و چۆن دەتوانن خەڵکانێک کەدەچن بۆ هەڵبژاردن قەناعەت پێبکەن، کە کاتیک دەردەچن و براوەی هەڵبژاردن دەبن دەتوانن ئەو زیانانەی لە کوردیان داوە قەرەبووی بکەنەوە! من هەرگیز ناڵێم هیچ نەکراوە و بەڵکو پێداگرێکی سەرسەختی حکومەتی کوردستانم و لای من لەگەڵ ئێراقدا جێگەی بەراورد نییە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردی  لە ڕووی ستراتیجییەوە زیانێکی گەورەیان بە کورد و کوردستان گەیاندووە، کە بەبڕوای من قەرەبوو کردنەوەی زۆر زەحمەتە، ئەگەر ئەستەمیش نەبێت! ئەم هەڵانە زۆر گەورەن و دروستکردنی بینا و چەند شەقامێک و چەند پارکێک لە شارەکانی هەرێم، نابنە پاساوی ڕوودانی ئەوهەڵانە، کە سوپاسگوزاردەبووم ئەمانەمان نەبووایە و سیستەمی پەروەردە کەسێتی کوردی دروستکردایە! خۆزگە ئەوانە نەبوونایە و کاکی بەرپرس و سەرکردە بۆ نەخۆشی ڕاینەکردایە بۆ دەرەوەی وڵات و بڕوای بە نەخۆشخانەکانی کوردستان هەبووایە، کە خۆی خاوەنێتی!  پێم وایە هەموومان حەزدەکەین بزانین لە بەرانبەر ئەم زیانە ستراتیجیانەی ساڵانی پیشوودا هەڵوێستی ئەم پارتانە چۆن دەبێت و قسەیان چی دەبێت، کاتێک سەرکەوتووی هەڵبژاردن دەبن!

-پرسی دەستوور: پێش کابینەی هەشت بوو لە وتارێکدا باسم کردبوو، ئەمە ساڵی ٢٠٠٨، واتە پێش ١٢ ساڵ! هەرسێ حیزب بەرپرسن لە نەنووسینی دەستوورێک بۆ کوردستان، کە بمانتوانیایە ئێستا بەرانبەر ئێراق بەکاری بهێنین، چونکە ئەو دەستوورە دەنگی خەڵکی لەگەڵدا دەبوو! زۆر زەحمەت دەبوو کەس بتوانێت بیشکێنێت! ئیستا چۆن دەستوور دەنووسن لەسایەی دەستەباڵایی شیعە چی دەنووسن؟

-دووئیدارەیی: باس لە شەڕی خۆکوژی ناکەین، کە نازانم چۆن قەرەبووی کوردوکوردستان دەکەنەوە؟ پاش ئەوەی کە شەڕی ناوخۆ تەواو بوو، بەڵام باڵی دووئیدارەیی ( ناوچەی زەرد و سەوز) تا ئەمساتەش هەربەردەوامە، کە ئەمە سەرەکیترین هۆکاری شکستی کورد بوو لە کاتی لەدەستدانی شاری کەرکوک و داگیرکردنەوەی لە لایەن حەشدی شەعبییەوە ساڵی ٢٠١٧!

-پرسی کەرکوک: نازانم ئەم حیزبانە چۆن بیر لە شاری کەرکوک دەکەنەوە، یان هەربیری لێناکەنەوە و ئیتر لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەستوپەنجە نەرم دەکەن و تەواو! خۆ ناکرێت چاوەڕێی جێ بە جێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستووری ئێراقبن؟ خەوەخەیاڵە!

-هێزی پێشمەرگە: لەوتارێکدا زۆر بە ساکاری باسی ئەم گرفتەم کردووە، کەتەنیا بە دووبڕیار یەکێکیان لە لایەن یەکێتییەوە و ئەویتریان لەلایەن پارتییەوە، کە هەردوو هێزی ٧٠ و ٨٠ بخەنە سەر وەزارەتی پیشمەرگەو ئیتر حیزب پەیوەندی پێیانەوەنەمێنێت! تا ئێستاش نەکراوە و بە کیسەڵی دەڕۆن! چونکە نیازیان پاک نییە! ئەگەر هەڵەنەبم پێم وایە لەساڵی ٢٠٠٦وە حکومەتی هەرێم بەڵێن بە ئەمریکا دەدات، کە هێزی پێشمەرگە یەکبخات و تەنیا یەک هێز هەبێت و پەیوەندی بە یەکێتی و پارتییەوە نەبێت( ئێستا ساڵی ٢٠٢٤ خۆتان بزانن و بڕیار بدەن چی کراوە؟ ).. ناوبەناو مژدە دەبەخشن کە لیوایەک خراوەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و هەفتەیەک دەهۆڵی بۆ لێدەدرێت!

بێگومان چەندین پرسی ستراتیجی تر هەن، بەڵام ئەمانە بەلای منەوە گرنگبوون و دەکرا لە بیست ساڵی ڕابردوودا نەک تەنیا کاریان بۆ بکرایە، بەڵکو  چارەسەری بنەڕەتی بکرانایە!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×