ئەرێ ئێوە لە پەیامەکە تێگەیشتن؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2024-06-06     528

بەشی زەویناسی\ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

ڕۆژی چوارشەمە ٥-٦-٢٠٢٤ وتارێکی کاک قوباد ( جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان) بڵاوبووەوە و من لە ماڵپەڕی ئاوێنە خوێندمەوە، پاشان جارێکی تریشم خوێندەوە! دوایی چووم بۆ ماڵپەڕی سەرەکی، کە پەیامەکەی تێدا بڵاوکرابووەوە( پی یو کەی مێدیا)، لەوێش خوێندمەوە! بەڕاستی سەیرە وتاری ئاوا لەلایەن کاک قوبادەوە بڵاوبکرێتەوە، جا ئیتر نازانم بەڕێزیان پاش نووسینی بابەتەکە خوێندوویەتییەوە، یان کارەکە بەپەلەبووە، یان نازانم! ئێستا هیچ ئەمسەرو ئەوسەری پێ ناوێت و مەتەڵیش نییە و کورد وتەنی "زۆر وتنیش قورئان خۆشە"، دەکرا بە ساکاری و بە ڕوونی باسی گرفتە سەرەکییەکە بکرایە، کە چەند ڕۆژێکە خەمخۆرانی سلێمانی گردبوونەوەی بۆدەکەن و لێدوان سەبارەت بە وپڕۆژەیە دەدەن، ئیتر هیچ پێویست بە باسکردنی پیسبوونی تانجەرۆ و سازدانی کۆنفرانس و یەکخستن بە هۆکاری کارەسات وئەم شتانە ناکات!

ئێوە بەڕاست ئەم پەیامە بۆ کێ دەنێرن لەڕۆژی بەناو ژینگە و پاراستنی سروشت؟ ئەگەر بۆ خوێنەرانی دەنێرن، ئەوە بابەتەکە زۆر کۆنە و کۆنفرانسی بۆ چییە، کاکی برا، یەک بڕیار لە تۆوە کارەکە ئەنجام دەدرێت، باسی تانجەرۆی چی دەکەن ، ئەوە توێژینەوە و تێزی ماستەر و دکتۆرای دەربارە ئەنجامدراوە و ورد و درشتی کارەکە کراوە، بەڵام حکومەتەکەی بەڕێزتانە کە بەدواداچوون ناکات و هەر ئاوڕ لە قسەی پسپۆڕان ناداتەوە و داوای کۆنفرانس دەکەیت، کە تێیدا هەر قسە و هەر چەلەحانێ بکرێت و بۆ ئەوەی "چڵێکی لێ شین ببێت"!

برای ئازیزم .. پێم خۆش بوو قسەو باسەکەت سەبارەت بە پڕۆژەکەی بناری گۆیژە بووایە و وەڵامێکی ڕوون و دروستتان بە خەڵک بدایەتەوە، نەک کەس نەزانێت مەسەلە چییە!

بەهەرحاڵ، کورد وتەنی "نەچووە بچێت"، بەزوویی لوتف بفەرموو وتارێکی ڕوون و ئاشکرامان بۆ بنووسە سەبارەت بە پڕۆژەکەی بناری گۆیژەو ڕوونبیکەرەوە بۆ ئەم پڕۆژەیە گرنگە و شاری سلێمانی بەم پڕۆژەیەوە موهیمتر دەبێت! و پێشمان بڵێ ، یان بە خەمخۆرانی شاخ و دەشت و بەردەکانی کوردستان بڵی، کە بابەتی ژینگە هیچ تێک ناچێت و کاریگەری ئەو پڕۆژەیە لەسەر شێوەی تۆپۆگرافی شار نابێت و دەتوانین دیسانەوە هۆنراوەی پیرەمێردی فەیلەسوف بڵێینەوە کە فەرموویەتی:

بەیانی بوو، لەخەو هەستام، کە ڕوانیم بەفرە باریوە

سلێمانی ئەڵێی بەڵقیسە، تارای زیوی پۆشیوە.

بەڕاستی کات کاتی کارکردنەو هیچ کاتی قسەو پاساو هێنانەوە  نییە و تکایە با شتەکان ڕوون بێت، هەر وەک خۆتان هەمیشە داوای ئەوەدەکەن!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×