پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
شیعەکان وەک ئەو بڕوادارانەی، کە خۆیان بە شوێنکەوتەی خەلیفەی موسڵمانان عەلی کوڕی ئەبی تالب دەزانن لە هەردوو وڵاتی ئێراق و ئێراندا زۆرن و تائاستێکی بەرزیش کۆنترۆڵی هەردوو وڵاتەکەیان کردووە، بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە ( ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە مەرجەعیەتی هەردوولا جیاوازن). ئەوەی ئامانجی منە لەم وتارە بەخێرایی گوزەرێک بە مێژووی تازەی ئەم کۆمەڵەیە لە هەردوو وڵات بکەم و بزانین تا چەند وابەستەی یەکن و تاچەند یەکتریان قبوڵە! ئایا دەکرێت ئەم دوو گروپە ناتەبابن، یان هەمیشە هەر تەبان چونکە شیعەن؟ زۆر دوور ناڕۆین بالە جەنگی ئێراق-ئێرانەوە دەست پێبکەین، کاتێک جەنگ لە ساڵی ١٩٨٠ هەڵگریسا، دەسەڵاتی سوونە سەردەستە بوو لە ئێراق و خۆی بکوژو ببڕی هاووڵاتییان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێراق شیعە زۆرینەبوون و بەسەدان هەزار شیعەش لەناو لەشکری ئێراقدا سەرباز و ئەفسەربوون! شەڕ بۆ ماوەی هەشت ساڵ درێژەی کێشا و بە ئامارێکی گەورەی کوشتن و بڕینی یەکجار زۆر لەهەردوولا کۆتایی پێهات! ئەگەر بە وردی ئەوڕۆژانەتان بیر بێتەوە و ئەوانەی، کە بیریشیان نییە هەڵبەت ڕووداوەکان هەمووی یان زۆرینەی لە پەڕتووکەمێژووییەکانی سەبارەت بە ئێراق تۆمارکراوە، ڕۆژگارێکی سەخت بوو بۆ هەموولایەک، بەڵام بە بڕوای من زۆر سەختتر بوو بۆ شیعەکان، چونکە زۆرینە لە هەردوولا هەر شیعەبوون و دەستیان تا بینەقاقا چووبووە خوێنی یەکتر و ئەوەی کە خوا پێی ناخۆشبێت لەوڕۆژانەدا و لەو جەنگەدا ئەنجامیاندا! پاشان لە دوای ساڵی ١٩٨٨ وە تا ساڵی ٢٠٠٣ واتا نزیکەی ١٥ ساڵێک هەربەوشێوەیە مانەوە و شیرو تیریان لەیەک دەسوو، دروستە شەڕ نەبوو بەڵام بەهیچ شێوەیەک کوشتاری یەکتریان لەبیر نەچووەوە و برایەتییەکی ڕاستەقینەیان نەبووە! کاتێک ساڵی ٢٠٠٣ دەسەڵاتی سوونە مەزهەب لە ئێراق ڕووخا و شیعە وەک دەسەڵاتدار و حاکمی ڕەهای وڵات خۆی بینی، ئیتر شتێک نەما بە ناوی مافی ئەوانیتر، بۆیە لە ناوەڕاست و باشووری ئێراق وای لێهاتبوو لەسەر ناوی عومەر و عەلی هاووڵاتی دەکوژرا و وردە وردە ئێران کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی کرد و ئەوکارە کپبووەوە، بەڵام پاش ئەوەی کە سوونەکان پەڕوباڵکران و زەبری کوشندەیان لێدرا، هەرچی کوردیشە کەمتری پێنەکراوە و هەر بەردەوامیشە، هەرچی کریستیانەکانە ئەوە خەریکە لەئێراقدا نەمێنن!
بەبڕوای من کارێکی زەحمەتە لە شەووڕۆژێکدا شیعەکانی ئێراق ئەوەیان بیر بچێتەوە، کە لەماوەی هەشت ساڵدا شیعەی ئێران چی پێکردوون، و بەهەمان شێوەش و بگرە خراپتریش شیعەی ئێران چۆن ئەو هەموو ڕۆکێتەی بیر بچێتەوە، کە بەبەردەوامی لە ئێراقەوە بۆیان دەچوو، نەیەکێک و نەدە و بگرە بەسەدان بوو لەوماوەیەدا! بەهیچ شێوەیەک بڕواپێکراونییە، شیعەی ئێراق خۆی لەبەرپرسیارێتی بدزێتەوە،کە گوایە ئەوکاتە ڕژێمی سوونەمەزهەب حاکم بووە و ئەوان هیچ تاوانیان نەکردووە، وەک باسکرا ئێستا و ئەوساش زۆرینەی ئێراق شیعەن، کەواتە بەدڵنیاییەوە سوپای ئێراقیش زۆرینەی هەر شیعەبووە، بۆیە بەشداربووە لە جەنگدا و ڕۆڵی هەبووە! ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، ئەوەیە کە شیعەی ئێران کۆنترۆڵی ئێراقی کردووە و چی بوێت دەیکات، بەباش و بە خراپ، ئەگەر باشی هەبێت! ئەم بەشەی دوایی زۆر گرنگە، بەبڕوای من باشی نییە، چونکە لەپاش ساڵی ٢٠٠٣ وە ئێران هەرگیز بەبرایانە مامەڵەی لەگەڵ شیعەی ئێراقدا نەکردووە ( ئەوە واز لە کورد و کریستیان بێنە)و هەردەم وەک مانگایەک بەکاریهێناوە بۆ دۆشینی شیرەکەی و بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی و بۆ بەدیهێنانی ئامانجەگەورەکانی لەناوچەکەدا و وەک ڕێڕەوێک بۆ گەیشتن بە شوێنانی تر! لەڕووکاری دەرەوەدا وەک هاودین و هاوسێی باش و پشتوپەنای مەزڵومەکان خۆی پیشاندەدات، بەڵام لەناخەوە هەموو تۆڵەی ساڵانی جەنگی ئێراق- ئێران لە خەڵکی ئێراق دەکاتەوە ( بە سوونە و شیعەوە) و بەپلان و ستراتیجی دوورمەودا کاری بۆدەکات! داهاتووی ئێراق زۆر ناڕوون و ڕوو لەهەڵدێرە، ئەگەر نەتوانێت لەم کۆنترۆڵکردنەی ئێران دەربچێت، چونکە زۆر نزیکە تووشی شەڕی تر ببێتەوە، کە ئێران هەڵیدەگیرسێنێت و ئێراق تووش دەکات، ئەوکاتە دوو سوودی بۆ ئێران دەبێت، لەلایەک تۆڵەی خۆی لە ئێراق دەکاتەوە و لەلایەکیتریشەوە شەڕ لە سنوورەکانی خۆی دووردەخاتەوە. ئەمەی دوواییان ئامانجێکی زۆر ستراتیجی و ئاقڵانەی ئێرانە، کە هەمیشە خەڵکانی تر بەکاردێنێت و شەڕکردن لەسنوورەکانی وڵاتەکی خۆی دووردەخاتەوە، ئیتر گرنگ نییە کێیە و کام دین و مەزهەب و کام نەتەوەیەیە، کە دەسووتێت!