پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
لە زۆرانبازییەکانی سەردەمی ڕۆماندا خەڵکی پێدەکەنین کاتێک شەڕکەرانی ناو گۆڕەپانەکە یەکتریان کەلەپاچەدەکرد و کاتێک یەکێک لە زۆرانبازەکان دەمرد، پێکەنین دەگەیشتە لوتکە، هەربۆیە پەندە بەناوبانگەکە بڵاوبووەوە کە دەڵێت لەکاتی بەڵاو داماویدا پیکەنین دێت ( شر البلية ما يضحك ). واتە هێندە نەهامەتی و بەڵاکە گەورەیە و لەکاتێکی نەگونجاودایە مرۆڤ پێکەنینی دێت! لەوانەیە ئەم پەندە بۆ ئێستای کوردستان بگونجێت، کاتێک لێپرسراوەگەورەکانی باشووری کوردستان لە وڵاتی ئیمارات بەشدارن لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ژینگە و سەروبنی قسەکانیان پاراستنی ژینگەیە، بەڵام تائێستا نانی گەرمی نانەواخانەکان دەکرێتە ناو کیسێکی نایلۆنی، مەگەر خوا بزانێت لە چی و چۆن دروستکراوە!
جا ئەم کورتە وتارە لەمەوە سەرچاوەی گرت کاتێک هاوژینەکەم ئەم نوکتەیەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ خوێندمەوە و پاشان کەوتینە گفتوگۆ و دەردەدڵی! باشە پێش ماوەیەک لە نانەواخانەکان زەرفی کاغەز دانراو بوو بە هەڵا، کە ئیتر لە شاری سلێمانی نایلۆن بەکارنایەت و بووین بە دۆستی ژینگە! کەچی ئێستا یەک نانەواخانە نییە زەرفی کاغەزی دانابێت و گەڕاینەوە سەر بای بەڕە کۆن! لەم باسانەوە بوو، کە هاوژینم گوتی باشترە هەر هیچ دانەنێن و هەر کەسێک نانی خۆی بەرێت، هەر وەک جاران چۆن نانمان دەبردەوە بۆ ماڵەوە نە نە زەرفی نایلۆن و نەکاغەز نەبوو! بەڕاستی زۆر پشتگیری لەو بۆچوونەدەکەم و تەواو هاوڕایم. کارێکی زۆر باش دەبێت کە پارێزگاری شاری سلێمانی بڕیارێک دەربکات، کە لەنانەواخانەکان هیچ جۆرە زەرفێک دانەنرێت و خەڵک خۆی بەرپرسە چۆن نانەکە دەباتەوە بۆ ماڵەوە. دڵنیاشم هەموو نانەواخانەکان پستگیری لەم بڕیارەدەکەن، چونکە بارگرانی کڕینی زەرفی نایلۆنیشیان لەکۆڵ دەبێتەوە و بە ڕاستی ژینگەش لەم هەموو زەرفە نایلۆنە دژە ژینگەیە ڕزگاری دەبێت. هیوادارم بەڕێز د. هەڤاڵ ئەبوبەکر بە زوویی بڕیارەکە دەربکات و بچێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.