دەسەڵاتداری و دەوڵەتداری...

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2023-11-08     333

پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

بەدڵنیاییەوە مەبەست لەم وتارە باسکردن و ڕاڤەکردنی هەر دوو زاراوەی دەسەڵاتداری و دەوڵەتداری و دیاریکردنی جیاوازی نێوانیان نییە، چونکە بێگومان خوێنەر زۆر بەباشی ئەوە دەزانێت و چەندین کتێب و وتاری بەسوود لەو بوارەدا بەردەستە. پێش چوونە ناو بابەتەکە، دەمەوێت زۆر بەڕاشکاوی ئەوە بنووسم وتارەکە تەنیا بۆ ئەو چوارسەد یان پێنجسەد خوینەرەیە، کە بەنزیکی هەر ئەوانەن دەنووسن و دەخوێننەوە، هەروەها بۆ مێژوو، ئەگینا هەرگیز چاوەڕێی کاردانەوە لە دەسەڵاتداران و لێپرسراوانی حکومەتی کوردستان ناکەم! بەداخەوە، کە سەد ساڵە کورد خەبات دەکات و قوربانی دەدات بۆ خولقاندنی ڕۆژێکی ئاوا کە خۆمان دەسەڵاتداربین و هەوڵی دەوڵەتداری بدەین، مەخابن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو دوواوە دێینەوە و دوور دەکەوینەوە لە دەوڵەتداری و لە دادپەروەری! بەڵێ دروستە ئێمە نەبوونی دەوڵەتە، کە ئاوا سەرلێشێواوی کردووین و هەریەکە بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆی پەل دەهاوێژێت و پەیوەندی دەبەستێت، بەڵام ئەی خۆ دەکرا ئەم سی ساڵەی ڕابوورد هەوڵی بنیاتنانی دەوڵەت بدرایە، مەرج نییە بەئاشکرا بەڵکو کاری بۆ بکرایە  و کوردستانییانی بۆ ئامادەبکرایە. بەواتایەکی تر دەسەڵاتدارانی کوردستان چاک لە بابەتەکە تێگەیشتوون، کە زۆرینەی کوردستانییان بەرانبەر دەسەڵاتداران نەرمن و حەز بە لەناوچوونیان ناکەن، چونکە ئەوە ئاواتی هەموو کوردێکی باشووری کوردستان بوو کە خاوەن دەسەڵات و حکومەت و پەڕلەمانی خۆمان بین، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتە کە خاوەن پەیمان و بەڵێنی خۆی نەبووە تا ئەم ساتەش! خەڵکی دەزانن بە تێکچوونی باری کوردستان، هەموو کوردانی کوردستانی گەورە بەهیلاک دەچن! لە ئێستادا هیچ پاساوێکی دەسەڵاتداران قبوڵ نییە، کە پڕوپاگەندەی ئەوە بکەن  بارودۆخی کوردستان ئاڵۆزەو جێگیر نییە و ناتوانن زۆر کار بکەن! دیسانەوە ئەم قسانە دروست نییە و باوەڕپێکراو نییە! تاڕۆژێک دەمانزانی، کە کوردستان لە شەڕدایە لەگەڵ داعش، هیچمان نەوت و بەڵکو من خۆم یەکێک بووم لەوانەی وتارم نووسیوە، کە پێویستە هەموومان یەک دەست بین و بواری دووبەرەکی نەدەین (٢،١) و هەر لەوکاتەدا نووسیومە دوای تەواوبونی شەڕقسەمان دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتداران ئەگەر چاکسازی ڕاستەقینە نەکەن! سەدمەخابن خۆ بەرپرسان نە دەخوێننەوە و نە پرس بەکەسی شارەزا دەکەن، بەڵکو خۆیان زۆر بە گەورەتر لە نووسەران و ڕۆشنبیران و زانایان و دڵسۆزان دەزانن و هیچ حسابیک بۆ بیرمەندان ناکەن، کە ئەمە کارەساتە! ئەم بێ باکییەی دەسەڵاتداران لە خەڵک زۆر ترسناکە و ماوەی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵکی فراوانتر دەبێت و ئەمەش ئەنجامەکەی باش نابێت، لە پێشدا بۆ خۆیان و پاشان بۆ کوردستان و هاونیشتمانییان.

بابەتی دەوڵەت بخەینە لاوە، کە هەر ئەم دەسەڵاتدارانە بوون هەلە مێژووییەکانیان لەدەستدا( تەنیا مەبەستم لە هەلەکانی سی ساڵی ڕابردوو) ، ساڵی ١٩٩١ پاش ڕاپەڕین، ساڵی ٢٠٠٣ پاش کەوتنی ڕژێمی سەدام و ڕزگارکردنی هەموو باشووری کوردستان، پاش گشتپرسی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧. ئیتر کات هەرئەوەندە مۆڵەتت پێدەدات و خۆ هەموو ڕۆژێک ئەم هەلە نایەتەوە، ئێستا کەی هەلی وا دەبینینەوە، بەبڕوای من تەنیا لەیەک کاتدا ئەویش هەڵگیرسانی شەڕێکی سەخت لە عێراقی عەرەبی، کە پێم وایە ئەوەش لەئێستادا دوورە، چونکە دەوڵەتی ناوچەیی نایەڵێت! هەڵبەت ئەوە بۆچوونی منە و مەرج نییە دروست بێت! کەواتە ئێستا بۆچی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان وەک دەوڵەتمەدار ڕەفتار ناکەن و وادەزانن کەس لەوان شایستەتر و عاقڵتر نییە تا حکومەتداری ئەم ناوچەیە بکات؟ من وەڵامەکە جێدێڵم بۆ خوێنەرانی زیرەک، بەڵام ڕوونی دەکەمەوە بۆچی دەسەڵاتدارانی کوردستان بەدەوڵەتمەدار دانانرێن، یان هەرنەبێت وەک دەوڵەتمەدار هەڵسوکەت ناکەن!

کاتێک دەسەڵاتدار لە دەرەوەی حکومەت و پەڕلەمان بێت و دەسەڵاتی لەوان زیاتر بێت و حسابیان بۆ نەکات، چی ناودەنێیت؟ کاتێک دەسەڵاتدار دەیان کەناڵی میدیایی هەبێت و حکومەت کەناڵێکی نەبێت، کە زمانحاڵی حکومەتەکە بێت، چی ناودەنییت؟ کاتێک خوێندنگەی ئەهلی و زانکۆی تایبەت و نەخۆشخانەی تایبەت جێگەی خوێندنگە و زانکۆ و نەخۆشخانە حکومییەکان بگرێتەوە، چی ناو دەنێیت؟ کاتێک ژمارەی خوێندنگە و نەخۆشخانەکانی شار کەمبن و خوێندنگەی دوو دەوامی هەبێت و بینای نەخۆشخانەکان کۆن بن، بەڵام دەیان بارەگای حیزبەکانی دەسەڵات بەتازەترین نەخشە و بە باشترین  و تازەترین تەکنەلۆجیا بڕازێنرێنەوە، چی ناودەنێیت؟ کاتیک چەندین ساڵە هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە دروست نەکرێت، بەڵام باشترین چەک و پۆشاکەکان بۆ پارێزەرانی دەسەڵاتداران دابین کرابێت، چی ناودەنێیت؟  کاتێک مامۆستای ڕۆڵەکانی کورد سێ مانگ بێت مووچەیان وەرنەگرتبێت و ئەوە باسی پاشەکەوتەکانیش ناکەین، بەڵام بارودۆخی دەسەڵاتدارانی حکومەتی کوردستان لەوپەڕی باشیدا بێت کە هەر باس ناکرێت، چی ناودەنێیت؟ کاتێک گەنجێکی بەتوانای خاوەن بڕوانامەی بیرمەند و زانا و دڵسۆز و گیانفیدای کوردستان هیچ هیوایەکی نەبێت بگاتە دەسەڵات و هەر نابێت بیری لێبکاتەوە، چی ناودەنێیت؟ کاتێک کەسوکاری شەهیدان و کیمیاباران و ئەنفالکراوان تائێستا لە خانوی قوڕ و بەو داماوییە بژین، بەڵام دەسەڵاتداران لەکەیف و خۆشیدا کات بەسەر بەرن، چی ناو دەنێیت؟

گەلی برادەرینە ئابەم شێوەیە دەوڵەتداری دەکرێت؟ ئایا ئەمە دەوڵەتدارییە؟

سبەینێ چۆن وەڵامی میژوو دەدەنەوە؟ لە کتێبەکانی میژوودا چۆن باس دەکرێن؟

 

پەراوێزەکان:

١-ئیبراهیم محەمەد جەزا، ئێمە تەنیا یەك كارمان هەیەكە بیكەین! ڕۆژنامەى كوردستانى نوێ، ژمارە 6451، 8-8-2014، ل16.

٢-ئیبراهیم محەمەد جەزا، حكومەت تاوانبارە بەڵام! پی یو كەى میدیا، 1-2-2016، بنواڕە: http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=75505

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×