من دەمویست جارێکی تر باس لە سیاسەت نەکەم و خەریکی نووسینە زانستییەکانی خۆم بم و کاتی خۆم بۆ نووسینی وتار و پەڕتووک و هۆشیارکردنەوەی گەنجانی کورد تەرخان بکەم، هاوکاریانبم کە چۆن لە زانست تێ بگەن و پراکتیزەی بکەن و بەکاریبهێنن بۆ سوودی کوردستان، بەڵام ماوەیەکە خەڵکانێک بە بێ هۆ پرسی نەتەوەیی بوون دەخەنە بەردەم چەقۆ و بەئارەزووی خۆیان هەر ڕۆژەو پارچەیەکی لێدەکەنەوە! وەک ئەوەی هیچ هۆکارێکی تر نەبێت، ئاوا لە داشۆرین و تەخوینکردنی کورد پەروەران و بیری نەتەوایەتیدان! هەڵبەت بابەتەکان لەوەوە سەر دەگرێت، کە باس لە بارودۆخی سیاسی باشووری کوردستان دەکرێت و هەرکەسەو دەیەوێت بارگرانییەکە بدات بە شانی کەسانی تردا! خۆ ئەمە نامۆ نییە، هەر لەزووەوە وتراوە، کە سەرکەوتن هاوڕێی زۆرە و شکستیش بێ هاوڕێیە، هەرواشە لەم دنیای مەسڵەحەت و بی ویژدانی و تەنانەت زۆر کات بێ ئابڕوویەشدا، هەر ئەوە چاوەڕوانکراوە! باس لە بارودۆخی باشوور ناکەین، چونکە بابەتەکە ئەوە نییە ، مەبەستەکەم ئەوەیە بۆ دەبێت کورد لەکاتەسەختەکاندا دونیای لێ ببێت بە چەرمی چۆلەکە و هەر وەک چۆن لە بازاڕدا دەبێت بە ڕاکەڕاک و فڕکان فڕکان و بگرەو بەردە و فەوزا، هەرئاواش لە بابەتی سیاسیدا دەبێت بە تۆمەت بەخشینەوە و تەخوینکردنی فڵان و فیسار و لەمانەشەوە دادەبارنە سەر بیری نەتەوەیی و هەموو تاوان و نەهامەتی و شکستەکان دێنن و دەبەن و دوایی دێنەوە بۆ بیری کوردایەتی و خۆشەویستی نەتەوە و خاکی خۆمان و بەسەریدا دەیشکێنن ؟ بەڕاستی ئەمە ناڕەواییە و تەواو بێ ویژدانییە! بیری نەتەوایەتی و نەتەوەیی بوون خۆ دەستکردی کورد نییە و بگرە ئەوەندەی کورد لەم بۆچوونەدا لاوازە هیچ یەکێک لەنەتەوەکانی تری ناوچەکە وا نییە! کورد ئەگەر هەروەک قەومەکانی تر نەتەوەیی بووایە، هەڵبەت دەبوو ڕۆژێک بستێک زەوی خەڵکانی تری داگیربکردایە، یان ئازاری نەتەوەیەکی تری بدایە!
نابێت لەبەرئەوەی تۆ فڵان کەست خۆشناوێت، یان بە هۆکاری شکستی دەزانیت، یەکسەر دابارێیتە سەربیری نەتەوەیی و بڵێیت هۆکاری سەرنەکەوتنمان ئەوەیە، کە ناسیۆنالیستی کوردی بەسەرئێمەدا هێناوێتی! بەڕاستی سەیرە، هەرچەندە لای من هیچ سەیر نییە و پێش ١٥ ساڵ باسی ئەو خۆ بەکەمزانینەی کوردم کردووە. کاکی نووسەر تکایە تۆ باس لە شکستی فڵان کەس بکە، بەڵام چۆن تۆمەت دەخەیتە پاڵ بیری کوردایەتی و نەتەوەیی بوون بەکەم دەیگریت و هانی گەنجان و لایەنەکان دەدەیت بەرەو ناوەندی دەسەڵاتی ئێراق بچن و ئاوڕ لە نەتەوەییەکان نەدەنەوە!
برای ناحاڵی.. تۆ لە خۆتەوە دەڵێیت ئەوە نەتەوەییەکانن، کە کوردیان ئاوا لێکردووە و گەنجانی کوردییان سەرلێشێواو کردووە و باچیتر واز لەم بیروبۆچوونانە بهێنین! سەرم سووڕدەمێنێ لەکەسانی ئاوا و بیرۆچکەی ئاوا!
تەنیا دەمەوێت بە کاکی ناحاڵی و ناحاڵییەکانی تریش بڵێم، کە دەزانیت نەتەوەیبوون و کوردایەتی چییمان پێ دەڵێن؟ پێمان دەڵێن نەکەی خیانەت لە نەتەوەکەت بکەیت چونکە پێستت لە دەباغانە دەدۆزرێتەوە، جا ئەمڕۆ نەبێت سبەینێ. پێمان دەڵێن تاکوردێک بچەوسێتەوە کوردستان ڕزگار نەبووە، کەواتە کەی ئێمە بەتەواوی ڕزگارمان بووە تا لاف وگەزاف لێبدەن و کوردایەتی سووک بکەن! کوردایەتی پێمان دەڵێت سەرێک لەڕێی کورددا نەبێت بۆ بڕین چاکە، باشە ئێستا دەبێت چەند کەس سەریان بپەڕێت؟ کوردایەتی پێمان دەڵێت ئەوەی خزمەتی کورد نەکات کورد نییە، ئەی وانییە یەکێک خزمەتی قەومێکی تر بکات دەبێت چاوەڕێی چی لێ بکریت ؟ کوردایەتی پێمان دەڵێت مرۆڤایەتی کورد کوردایەتییە. کوردایەتی پێمان دەڵێت برایەتی لەگەڵ هەمووکەسێکدا بکە، بەڵام نۆکەرێتی قبوڵ مەکە، ئەی ئەمە ئەوە نییە کە کاکی ناحاڵی دەیەوێت، ئێ کوردایەتیش ئەوەی دەوێت، ئیتر بۆ خەتای نەتەوەیی بوونە، کە کورد ئاوا لاوازە؟ کوردایەتی پێمان دەڵێت لەکوێدا هەڵەت کرد، دانی پێدابنێ، چونکە ئەگەر وانەکەیت ڕاستگۆنابیت. کوردایەتی پێمان دەڵێت خۆمان لەکەس بەگەورەتر نەزانین، بەڵام قبووڵیشی نەکەین لەکەسانی تر بچووک تر بین. چەندی لە پەسنە جوانەکانی کوردایەتیت بۆ بژمێرم تا بڕوا بکەیت، کە نەتەوەیی بوون و کوردایەتی هەرگیز پیمان ناڵێن کورد و کوردستانت خۆشنەوێت و خیانەتیان لێبکەیت.
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq