ده‌سه‌ڵاتی تاوانكارانه‌ی بۆرژوا-ناسیۆنالیستی كورد كاتی نه‌ماوه‌!

جەمال موحسین
  2023-07-14     380

"به‌بیانوی تاوانی ١٤\٧\٢٠٠٠ ه‌وه‌"

 

زۆر تیۆری داتاشینی ناوێ بۆ سه‌لماندنی تاوانكاری ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی كورد كه‌ له‌ ساڵی ١٩٩٢ ه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌، به‌ داخه‌وه‌ زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ كێشانی زه‌حمه‌تی زۆری گرانی و برسێتی و نه‌بوونی و ڕه‌شوڕوتی مناڵه‌كانی تاوانكاری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی وه‌ك تیشكی خۆر لا ڕۆشن بووه‌.

حزبه‌كانی كوردایه‌تی خۆیان به‌ به‌ سیاسه‌تی جه‌نگخوازانی ئه‌مریكا و غه‌ربدا هه‌ڵواسی. ئاواره‌یی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی كوردستانیان قۆسته‌وه‌ و كردیان به‌ كارتێكی فشار تاكو له‌گه‌ڵ به‌عسدا ببن به‌ شه‌ریكه‌ ده‌سه‌ڵات. سوودیان له‌ جیاكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌رو هێڵی ٣٦ وه‌رگرت كه‌ به‌وه‌ ته‌واو بوو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كرایه‌ ئۆردوگای ئاواره‌یی و ئه‌وانیش كرانه‌ حه‌سحه‌سی. پاوانخوازی ده‌سه‌ڵات و فراوانكردنه‌وه‌ی زۆنه‌كانیان گه‌یاندنی به‌ شه‌ڕی قێزه‌ونی ناوخۆ كه‌ بۆ ٧ ساڵ هه‌زاران گه‌نجیان كوشت و بێسه‌روشوێن كرد. سه‌رئه‌نجامیش یه‌كێتی خسته‌ باوه‌شی ئێران و پارتیش باوه‌شی توركیا. هێشتاش له‌ ٣١ی ئابدا پارتی هانای بۆ سوپای دڕنده‌ی به‌عس برد تا شكست به‌ یه‌كێتی بهێنێ. به‌ دوای ئه‌و هه‌موو كوشتار و ئاواره‌كردنی خه‌ڵك و نائه‌من كردنی كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا كه‌وتنه‌ ڕێككه‌وتنی ستراتیژی، كه‌ هیچ نه‌بوو جگه‌ له‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌ تاڵانبردنی سه‌روه‌تی كۆمه‌ڵگا به‌ هاوبه‌شی.

له‌ ساڵی ٢٠٠٣ دا و دوای جه‌نگی دووه‌می ئه‌مریكا دژی عێراق، ئیتر ئه‌مان بوونه‌ شه‌ریكه‌ به‌ش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌ قه‌ومی و ئیسلامی و تائیفیه‌كاندا و ده‌ستوری كۆنه‌په‌رستانه‌یان داڕشت، بودجه‌ی ١٧% یان له‌گه‌ڵدا مۆر و ئیمزا كرد. ده‌ستیان له‌گه‌ڵ پیسترین و ڕه‌شترین ده‌سته‌ی ئیسلامی و قه‌ومیدا تێكه‌ڵ كرد. ئیتر خۆشیان بوون به‌ به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ شوم و نه‌گریسه‌.

پێشتر كه‌ خه‌ڵكی بێبه‌شی كوردستان داخوازی و ناڕه‌زایه‌تی هه‌بوو، ئه‌وان پاساوی بوونی مه‌ترسی و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسیان به‌رز ئه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام دواتر كه‌ به‌عس ڕوخا بوون به‌ به‌شێك له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك ئه‌بوایه‌ یه‌خه‌ی خۆیان بگرێته‌وه‌. بینیمان چۆن له‌ كاتی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ١٧ ی شوباتدا تازه‌لاوانیان له‌ خوێن هه‌ڵكێشا و شاباشی بكوژانیان كرد و پاره‌وپولی زیاتریان بۆ هه‌ڵڕشتن چونكه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ چنگ به‌ خوێنه‌كه‌یانی پاراستبوو.

له‌ ساڵی ٢٠١٤ دا كاتێك داعش سه‌ریهه‌ڵدا، هه‌روه‌ك چۆن به‌ ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌یان وت ''فرسه‌ت''، ئاوهاش ئه‌م ''فرسه‌ته‌'' یان قۆزته‌وه‌. داعش ئه‌و تاوانكاری و ملپه‌ڕاندنه‌ ئیسلامیانه‌یه‌ی ئه‌نجام ئه‌دا، ئه‌مان سه‌رمه‌ستی گرتنی ئه‌و ناوچانه‌ بوون كه‌ سوپای عێراق چۆڵی كردبوون. ئه‌وان شه‌نگالیان داگیر ئه‌كرد و كچانی تازه‌پێگه‌یشتوو و مناڵیان ئه‌كرد به‌ سه‌بایا، ئه‌مان بێ ته‌قاندنی یه‌ك فیشه‌ك چۆڵیان ئه‌كرد و له‌ملاشه‌وه‌ كه‌ناڵی بازرگانی نه‌وتیان بۆ داعش ئه‌كرده‌وه‌. به‌ڵام یاری قێزه‌ونی بۆرژوازی كورد له‌ دوای تێكشاندنی سه‌ربازی داعش به‌رده‌وام ئه‌بێ. كاتێك ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی له‌ عێراق خۆی گورج ئه‌كاته‌وه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌سه‌رده‌می داعشدا له‌ ده‌ستیدابوون، به‌ بیانوی ڕیفراندۆمه‌وه‌ و به‌ دیاریكراوی له‌ ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ردا هێرش ئه‌كه‌نه‌وه‌ بۆ سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان. ڕێك هاوشێوه‌ی شه‌نگال، لێره‌ش حزبه‌كانی كوردایه‌تی، كه‌ به‌شێكیان ڕێككه‌وتبوون له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا، بێ ته‌قه‌ هه‌ڵدێن و خه‌ڵكێكی زۆر ئه‌بنه‌ قوربانی و ئاواره‌بوون.

بۆرژوازی كورد نه‌ك نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و خواسته‌كه‌ی نه‌كردووه‌، له‌لایه‌ك بازرگانییان به‌ ''پرسی كورد‘' ه‌وه‌ كردووه‌ و به‌ خۆهه‌ڵواسین به‌م كێشه‌ مێژووییه‌وه‌ ملیاره‌هایان كه‌ڵه‌كه‌كردووه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ كاتی حوكمڕانیاندا تا ئه‌وپه‌ڕی ڕاده‌ بێمافییان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پاندووه‌. موچه‌دزین و بێخزمه‌تگوزاری و به‌ یاسا ده‌وڵه‌مه‌ندتركردنی سه‌رمایه‌داران و هه‌ژارتركردنی كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌شیان بره‌وپێداوه‌. مناڵان و پیرانیان له‌ بێنازیدا نوقم كردووه‌. به‌ڕاستی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد نمونه‌ی دواكه‌وتوویی و دژه‌ ژن بوون، تیرۆری ژنان و كوشتارێك كه‌ زیاتر بووه‌ له‌ قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌واندا پیاده‌كراوه‌. ئازادی و هه‌ڵسوڕانی سیاسی لای ئه‌وان یاساغ بووه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌وه‌ ماوه‌ خه‌ڵك له‌سه‌ر خه‌ون بینینیش سزا بده‌ن. خه‌ڵك هه‌موو ئه‌زانن كه‌ به‌عس چ سیستم و ده‌سه‌ڵاتێكی پیس بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌د خۆزگه‌ به‌ سه‌رده‌می به‌عس ئه‌ڵێن، له‌وه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردایه‌تییان له‌ به‌عس پیستر بینیوه‌. به‌ دروست خه‌ڵك ئه‌و دوانه‌یان له‌ دوو تای یه‌ك ته‌رازوودا داناوه‌.

تاوانكاری ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد، به‌ باڵه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانیانه‌وه‌، له‌ ژماردن نایه‌ت. تاوانی كوشتاری كۆمۆنیسته‌كان له‌ ١٤ ی ته‌موزی ٢٠٠٠ دا، له‌پاڵ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی تری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دایه‌ دژ به‌ خه‌ڵكی كرێكار و بێبه‌ش و زه‌حمه‌تكێش و ئازادیخوازی كوردستان. ئه‌وان ٥ چرای كۆمۆنیستییان بۆیه‌ كوژانده‌وه‌ تاكو پێش به‌ هه‌ر خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی و نه‌فره‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بگرن كه‌ خاوه‌نی ئاسۆیه‌كه‌، ئاسۆی ڕزگاریی، ئاسۆی به‌رپاكردنی شۆڕشی كرێكاران و بێبه‌شان. ئه‌وان له‌و هه‌وره‌ سووره‌ تۆقیبوون كه‌ زوو زوو بروسكه‌ و گرمه‌كه‌یان ئه‌بینی و ئه‌بیست و له‌ خه‌می ئه‌وه‌دا بوون نه‌بێ به‌ زریان و ڕایانبماڵێ. ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ربه‌ست بۆ ئه‌و سێڵاوه‌ دابنێن ئه‌بوایه‌ خوێن بڕێژن، وه‌ك هه‌میشه‌ ڕشتوویانه‌. كوشتنی پۆلێك كۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی گیانله‌سه‌رده‌ست بۆ ئه‌وه‌ بوو ده‌نگی شۆڕشگێڕی كپ بكه‌نه‌وه‌، زیاتر ئازادی بخنكێنن، زیاتر كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و دواكه‌وتوویی و كۆنه‌په‌رستی و ئیسلامگه‌رایی )كه‌ پایه‌یه‌كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتیان) ببه‌ن. ئه‌مه‌ش تاوانێكی تری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ دژ به‌ خه‌ڵكی ئازاد و هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئازاد كه‌ ئه‌وان هه‌رگیز ته‌حه‌مولیان نه‌كردووه‌.

تاوانی ١٤ ی ٧ به‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ناچێ، هه‌روه‌ك هه‌موو تاوانه‌كانی تر كه‌ به‌ زه‌ردی یان سه‌وزی ئه‌نجام درابن. له‌ ژیانی واقعیی خه‌ڵكی كوردستاندا جێگه‌یه‌ك بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سلاك بووه‌ نه‌ماوه‌، بگره‌ مه‌یلی ئه‌وه‌ی سه‌رانی ئه‌مان بدرێن به‌ دادگای جه‌ماوه‌ری و سزای تاوانی زیاد له‌ ٣٠ ساڵه‌یان وه‌ربگرن زۆر به‌هێز بووه‌. كاتی ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌ستانێكی جه‌ماوه‌ریی ڕێكخراو ئه‌مان بخرێنه‌ لاوه‌ و ده‌سه‌ڵاتێكی عادلانه‌، ڕاسته‌وخۆ له‌ جه‌ماوه‌ری بێبه‌شه‌وه‌، بێته‌ جێگه‌ی. ئایا ئه‌مڕۆ دره‌نگ نییه‌؟!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×