خۆپیشاندانه‌كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید هه‌ندێك په‌رچه‌كرداری به دوای خۆیدا هێنا، یه‌كێك له‌وانه وتاره‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیاره به ناونیشانی (نوتقێكی حه‌یده‌ر عه‌بادی و خۆپیشاندانه‌كه‌ی نه‌وه‌ی نوێ). مه‌لا به‌ختیار لێره‌دا له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ر ڕاوه‌ستاوه: ١. پێی وایه نه‌ئه‌بوو ئه‌و هه‌موو هێزه‌ی ئاسایش و ئه‌منی بڵاوه‌پێبكرێ و ئه‌و خه‌ڵكه و په‌رله‌مانتارانیش ده‌ستگیر بكه‌ن (گوایه گه‌وره‌تر كراوه و حساباته‌كه‌یان زیاتر بووه). ٢. كاردانه‌وه‌ی هه‌ندێ وڵاتی ڕۆژئاوا كه نیگه‌رانن له‌وه‌ی ئازادی هه‌ڵسوڕانی سیاسی له كوردستان پێشێل ئه‌كرێ و گوایه حكومه‌ت له‌ژێر فشاردایه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه. ٣. ڕه‌خنه‌ی عه‌بادی بۆ پێشێلكردنی ئازادی له كوردستان.
مه‌سه‌له‌ی چواندنی خۆپیشاندانه‌كان به‌وه‌ی ڕه‌وتی سه‌در له به‌غداد و هه‌ندێك شاری تر كه مه‌لا به‌ختیاریش ئاماژه‌ی پێداوه، به جێی خۆی.. ئێمه هه‌ر زوو وتمان بانگه‌وازه‌كه‌ی شاسوار و حزبه‌كه‌ی له‌ژێر عه‌باكه‌ی سه‌دره‌وه هاتۆته ده‌ر و قسه‌یه‌كی زیاتر هه‌ڵناگرێ. ئه‌وه‌ش كه گوایه عه‌بادی سه‌ركۆنه‌ی كردووه و سه‌رزاره‌كی وا خۆی نیشان ئه‌دات كه داكۆكی له ئازادی بۆ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری ناڕازی ئه‌كات، وه‌ك كاریكاتێرێكی ناخۆش وایه كه كه‌س حه‌ز ناكات له هیچ نمایشێكدا بێته‌وه به‌رچاوی! ئه‌وه‌نده‌شی به كاردانه‌وه‌ی هه‌ندێك وڵاتی ڕۆژئاوا ئه‌گه‌ڕێته‌وه كه گوایه به ته‌نگ ئازادی خۆپیشاندان و هه‌ڵسوڕانی سیاسیه‌وه‌ن، بنێشته‌خۆشه‌یه‌كی ناو زاری هه‌ر ئه‌وانه‌یه كه خودی بۆرژوازی كورد و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان كردووه به كه‌ڵه‌گا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌وه و به ئێستاشه‌وه جگه له هه‌ڵڕشتنی ملیاره‌ها دۆلار بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌ژێر ناوی جیاجیای هێزی پێشمه‌رگه و دژی تیرۆر و .... هتد. دا، بۆ مانه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی خۆیان ئاماده‌ن هه‌موو جۆره داكۆكیه‌ك له‌م حكومه‌ته بكه‌ن.
كرۆكی باس و نیگه‌رانیه‌كانی مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌یه كه بڵێ خۆپیشاندان ئه‌بێ ڕێپێدرا و ئامانجدار بێت ئه‌وه‌ش به‌و مانایه كه چ پۆلێك یان توێژێك له خه‌ڵك خۆپیشاندان ئه‌كه‌ن و بۆ چ داخوازیه‌ك. گوایه ئه‌گه‌ر شاسوار بیویستایه ’’ڕیفۆرمی سیاسی و ئابوری و سیستمسازی‘‘ بكردایه، ئه‌بوایه مۆڵه‌تی وه‌رگرتایه و ڕۆشنی بكردایه‌ته‌وه بۆ چی و چ داخوازیه‌ك و چ چاكسازیه‌ك له سیستمدا ئه‌یه‌وێ خۆپیشاندان بكات و ئه‌و كاتیش ’’حكومه‌ت پێویسته به ئاسایی و مافی مه‌ده‌نی قبوڵی بكات‘‘. یان ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی نوێ ئه‌یه‌وێ گۆڕانكاری له حكومه‌تدا بكات ئه‌وا ’’ده‌بێ ئه‌مه‌شیان به دیاریكراوی باس بكات و ته‌مومژ لای خه‌ڵك و حكومه‌ت نه‌هێڵێ‘‘. ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ’’... مه‌به‌ستیانه حكومه‌ت له‌ڕێی خۆپیشاندان و فشاری جه‌ماوه‌ریه‌وه سه‌راپا بگۆڕن یان بڕوخێنن، له‌مه‌یاندا ئیتر ده‌بنه ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕ و له ڕوانگه‌ی حكومه‌تیشه‌وه، له باشترین حاڵه‌تدا، وه‌كو نه‌یاری ڕوخێنه‌ر سه‌یر ده‌كرێن. نه‌ك وه‌ك ڕیفۆرمخواز یان ڕه‌خنه‌گر..یان چاكساز! دیاره له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ت و بڕیاری وادا، حكومه‌ت ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانانیشێت و چاوه‌ڕوانی ڕوخانی خۆی له‌سه‌ر ده‌ستی دژه‌كانی ناكات. ڕێگای پاراستنی ده‌سه‌ڵات، تا ڕاده‌ی توندوتیژیش ده‌گرێته به‌ر. ده‌پرسم: ئایه نه‌وه‌ی نوێ ئه‌و جۆره خه‌بات و مافه مه‌ده‌نیه‌كانی پۆڵێن كردبوو؟‘‘
پرسیارێكی نابه‌جێیه، كاكی مه‌لا! نه‌وه‌ی نوێ نه ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕه و نه نه‌یاری ڕوخێنه‌ر. ئه‌وان به ئاشكرا پێتان ئه‌ڵێن جێگای ئه‌وانیش وه‌ك سه‌رمایه‌دار بكه‌نه‌وه له پرۆسه و سیستمی به تاڵابنردنی به‌ری ڕه‌نجی كرێكاران و بێبه‌شدا. ئه‌وان یه‌خه‌تان ئه‌گرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاخۆ نابینن به هه‌زاران كرێكار و كارمه‌ند له پڕۆژه‌ی چاڤیلانده‌كه‌یان و ده‌زگای نالیاكه‌یاندا هه‌ن و ڕۆژانه كاریان پێئه‌كه‌ن و هه‌روه‌ك حكومه‌ته‌كه‌ی ئێوه‌ش موچه‌ی نیوه‌ناچڵ و لێبڕین پیاده‌ئه‌كه‌ن و بیمه‌ی ته‌ندروستی و بیمه‌ی خانه‌نشینی كه هه‌ر به یاساكانی ئێوه ’’ڕێكخراوه‘‘، ناده‌ن به كه‌س؟ نابینن ئه‌وان شینی ئه‌وه‌یانه ژیان و كار و بژێوی و چاره‌نوسی به‌شێك له خه‌ڵكی كرێكار و بێبه‌ش له كۆمپانیاكانی سه‌ر به ئێوه‌وه بخه‌نه سه‌ر كۆمپانیاكانی خۆیان؟ ئه‌وان كه‌ی جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌یان كردووه باسی ڕوخان و وه‌لانان و ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی زاڵمانه‌ی ئێوه بكه‌ن؟ شتێك كه خه‌ڵك به سه‌د زمان خۆی وه‌ك خواستێك سه‌دباره‌ی ئه‌كاته‌وه؟ ئه‌وان له كوێ و خواستی خه‌ڵك بۆ ڕاماڵینتان له كوێ؟!
به‌ڵام په‌یامی ڕۆشنی مه‌لا ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر خه‌ڵك به مه‌به‌ستی ئه‌م ڕاماڵینه بێته سه‌رشه‌قام و بیه‌وێ به ده‌ردی ڕژێمی به‌عستان به‌رێ، ئیتر ئێوه ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانانیشن و تا ڕاده‌ی تونوتیژیش په‌رچه‌كردار ئه‌نوێنن. ئه‌مه‌ش بۆ خه‌ڵك تازه نییه، ئێوه له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كه‌ی نه‌وه‌ی نوێتان نییه، كه هه‌مان ئه‌و شین و شه‌پۆڕه‌ی ئێوه‌یه‌تی ده‌سه‌ڵات و سیستمه‌كه‌تان بپارێزێ و بیهێڵێته‌وه، جا به گۆڕانكاری له هه‌ندێك سه‌روكه‌لـله‌دا. ئێوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌تانه كه ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له دژتان ڕاپه‌ڕێ، ئێوه‌ش ده‌ست له توندوتیژی ناپارێزن. زۆر باشه، پێ ناچێ ئه‌وه‌نده بێ‌ئاگا بیت كه ئه‌گه‌ر كات هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ڕاپه‌ڕێ له دژتان، ئه‌وه‌نده خۆی ئاماده و ساز كردووه، ئه‌وه‌نده خۆی ڕێكخستووه، ئه‌وه‌نده هێزی چه‌كداری خۆپارێزیشی له خۆی دروست كردووه كه هه‌ر جوڵه‌یه‌كی توندوتیژانه‌ی ئێوه ببینێ، ده‌موده‌ست به ده‌ردی به‌عسیه‌كانتان ببات. به‌ڵام خه‌ڵك له‌وه هوشیارتره ئه‌م جوڵه‌یه‌ی شاسواری سه‌رمایه‌دار به‌و جوڵه‌یه‌ی خۆی بۆ له گۆڕنانی ئێوه پێوانه نه‌كات. هێشتا هێزی جه‌ماوه‌رێكی ڕێكخراو له شورا و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كان و ده‌سته و گروپه ڕێكخراوه‌كانی خۆیدا، به به‌شی چه‌كداریشه‌وه، په‌راوه‌كانی خۆی ده‌ست پێ نه‌كردووه. با ئه‌وه ببینن، ئیتر ئه‌م جۆره زمانه له گۆكردنتان نابێ، جه‌نابی مه‌لا!