هەرێمی کوردستان‌و خۆپیشاندانەکانی ئێران

هاوژین شه‌ریف
  2022-10-29     590


زیاتر لە ٤٠ رۆژە ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەخۆیەوە دەبینێت و ئەو حکومەتەی کە لەناوچەکەدا خۆی بەهێزێکی ژمارە یەک دەزانی و دەستی لەکاروباری چەندین وڵات وەردەدا، ئێستا گیرۆدەی خۆپیشاندەرانی توڕەی بێ چەکەو پایەکانی کەوتوونەتە لەرزین.

بەهۆی هاوسنووری هەرێم لەگەڵ ئێران‌و هەروەها دەستڕۆیشتوویی کۆماری ئیسلامی لەعێراق‌و هەرێم، خۆپیشاندانەکانی ئێستای ئەو وڵاتەو دەرەنجامەکەی کاریگەرییان لەسەر هەرێم و عێراق دەبێت.

ئێران لاواز بێت یان بەهێز، کاریگەری و رەنگدانەوە لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە، بە عێراق و هەرێمیشەوە دەبێت. بەڵام جیا لەو کاریگەرییانە، ئەم پێشهاتانەی ئێستای ئێران دەشێت لەلایەن کاربەدەستانی هەرێمەوە بکرێنە وانە و پەندی لێوەربگرن.

راستە هەرێمی کوردستان و ئێران دوو ژینگەی جیاوازن و تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەڵام لێکچوونیشیان هەیە و خاڵێکیش کە دەبێت بەهەند وەربگیرێت ئەوەیە، کە نیگەرانی، توڕەیی، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵک لە هەر شوێنێک بێت جیاوازی نییە.

کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٤٣ ساڵە بە پشتبەستن بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی حوکمی ئێران دەکات، خەڵک لە دەرەوەی کایەی سیاسی و لە کەشێکی ترس و تۆقاندندا هێڵرابوونەوە، هەڵبژاردن و بەشداریشیان لە دەنگدان تەنیا رواڵەتی و نمایشێکی دیموکراسی بوو، چونکە دواجار وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩دا بینرا، ئەو ئەنجامەی لە سندووقەکانی دەنگدان دێتە دەرەوە ئەگەر بە دڵی دەسەڵاتداران نەبێت، رەتدەکرێتەوە و دەستوەردانی تێدا دەکرێت.

رەنگە رووداوەکانی ئێستا بەشێکی گرنگی پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە خەڵکی ئێران لە ٢٠٠٩ەوە لە هەڵبژاردن و ریفۆرم بێهیوابوون و لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماریدا رێژەی بەشداریی هاووڵاتیان لە دەنگدان کەمترین ئاستی تەمەنی کۆماری ئیسلامی تۆمار کرد.

بێهیوابوونی هاووڵاتیانی ئێرانی لە ریفۆرم و بێمتمانەییان بە هەڵبژاردن و لەگەڵیشیدا نەبوونی ئازادی و خراپبوونی دۆخی ئابوری وایکرد دەرگا بە رووی داواکاری رووخاندن بکرێتەوە، داواکارییەک کە لەخۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩ لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی بۆ یەکەم جار لە ئێران بەرزکرایەوە. ئەگەر چی ئەو خۆپیشاندانانە بە شێوەیەکی خوێناوی سەرکوت کران، بەڵام نەبوونە هۆیە ئەوەی بە یەکجاری دابمرکێنەوە و وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش رۆحی ناڕەزایەتی بە زیندوویی مایەوە.

مانگی ئەیلولی ئەمساڵ و لە دژی کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی، ئەو ئاگرە گەشایەوە و سەرتاسەری ئێرانی بە جۆرێک گرتەوە کە دوای ٤٠ رۆژ لە سەرکوت و کوشتار، گرتن و پچڕاندنی تۆڕەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت دەوڵەتی ئێران نەیتونایوە کۆتاییان پێبهێنێت و ئێسا لە هەموو کات زیاتر باس لە ئەگەری رووخانی کۆماری ئیسلامی دەکرێ.

لەهەرێمی کوردستانیش، کە ٣١ ساڵە بە شەرعیەتی شاخ و شۆڕشگێڕی دوو حزب چارەنوسی هەرێمەکەیان گرتووەتەدەست، گەر تا چەند ساڵێک بەر لە ئێستا ئومێدێک بە گۆڕانکاری و ریفۆرم هەبووبێت، ئەو ئومێدە ئێستا زۆر لاوازە و ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنیش دەریدەخات متمانەی هاووڵاتیان بە سندوقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردن بۆ نزمترین ئاست داکشاوە.

خراپی ئیدارەدان و کەمی خزمەتگوزارییەکان و مەیلی دەسەڵات بەرەو سەرکوتی رەخنەگران و گرتنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و بەرتەسک کردنەوەی مەودای ئازادی دەربڕین، لە پاڵ ئەو بێهیوایی و بێ متمانەییە بە ریفۆرم و گۆڕانکاری وایکردووە، بژاردەی روخاندن و لابردنی حکومەتی ئێستای هەرێم لەم چەند ساڵەی دواییدا وەک بژاردەیەک باسی لێبکرێت.

بۆیە لە دۆخێکدا کە وڵاتێکی خاوەن هێز و هەژمونی وەک ئێران کە هێزێکی ناوچەییە ئێستا بە دەست خۆپیشاندەرانی مەدەنییەوە کەوتووەتە دۆخێک کە کەس خۆزگەی پێناخوازێت، بۆ حکومەتێکی وەک هەرێمی کوردستان، کە ئەو هێز و پێگەیەشی نییە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی لەسەر سیاسەت و مامەڵەکردنەکانی ئێستای درەنگ یا زوو بکەوێتە بەر شەپۆلی توڕەیی هاووڵاتیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×