هێنانه‌كایه‌ی ڕوانینێكی نیشتمانی بۆ جینۆسایدی گه‌لی كورد(ئه‌نفال)

محه‌مه‌د گه‌ڵاڵه‌یی
  2023-04-14     504

   له‌ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان دا، (ئه‌نفال) له‌ شوبات تا ئه‌یلولی 1988دا، پرۆسه‌یه‌ك كه‌ كاریگه‌رییه‌كانی تا ئه‌مرۆ له‌ ئارادان و بۆ دواڕۆژێكی دووریش له‌ هزر و بیری مرۆڤی كورد دا ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ به‌تێكڕایی له‌ هه‌شت قۆناغی قڕكردنی گه‌لی كورد له‌ گه‌رمه‌سێر بۆ زۆزانه‌كانی بادینان چڕكرایه‌وه‌ و نزیكه‌ی (182000) هه‌زار كه‌س له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌وتنه‌ به‌ر پرۆسه‌كانی ئه‌نفال له‌ بیابانه‌كانی باشووری عێراق دا زینده‌ به‌ چاڵ كران، ئه‌م پرۆسه‌(ئه‌نفال) دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی ئه‌مه‌ دووه‌مین جار بوو كورد بكه‌وێته‌ به‌ر پرۆسه‌یه‌كی داپڵۆسێنه‌ر له‌ ڕاگواستن تا كوشتن به‌تایبه‌تی له‌ڕووی قه‌باره‌ی وێرانكاری و كوشتنی كورد، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی 1914-1918 له‌ كوردستانی سه‌رده‌می عوسمانی دا نزیكه‌ی (700000) هه‌زار كورد له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیتحاد و ته‌ره‌قی له‌ ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی دا  به‌ ڕاگواستنی زۆره‌ ملێ، به‌سه‌ربازكردنی زۆره‌ملێ و جینۆسایدكردن قڕكران، ئه‌مه‌ دووه‌مین پرۆسه‌ی قڕكه‌ری كورد بوو له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.

    شایانی باسه‌؛ له‌م ساڵانه‌ی ڕابردوودا له‌لایه‌ن چه‌ند توێژه‌رێكی به‌توانا پرۆسه‌كانی ئه‌نفال لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ر كراوه‌، یه‌ك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن(مامۆستا جه‌مال مه‌جید فه‌ره‌ج)ئه‌نجامدراوه‌، به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی حكومه‌تی به‌عسی ڕووخاو(1968-2003) سه‌لماندوویه‌تیی كه‌ پرۆسه‌كانی ئه‌نفال ته‌نها هه‌شت پرۆسه‌ نه‌بوونه‌، به‌ڵكو نۆ پرۆسه‌ی قڕكه‌ر بوونه‌، كه‌ پرۆسه‌ی نۆیه‌م ناوچه‌ی سێ گۆشه‌ی سنووری له‌نێوان ئاب-ئه‌یلولی 1988دا گرتۆته‌وه‌، بۆیه‌ وێڕایی ده‌ستخۆشیم بۆ ئه‌م توێژه‌ره‌‌، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب له‌ زانكۆی سۆران، له‌ ڕۆژی 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2022 سه‌مینارێكی سه‌رهێڵی(ئۆنلاین)ی بۆ ناوبراو ڕێكخرا و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی به‌ڵگه‌ و ئه‌رگیۆمێنته‌كانی بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ نۆ پرۆسه‌ی ئه‌نفال به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژوویی سه‌لمێندراوه‌، به‌ڵام جێگه‌ی خۆیه‌تی ئاوڕێكیش له‌ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردن له‌ماوه‌ی 1988-1991 بدرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌عسی ڕووخاو له‌ كۆتایی ئاداری 1991 بۆ شاره‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی هه‌ولێر، كه‌ركوك، سلێمانی و دهۆك، كه‌ خه‌ڵكێكی زۆری جینۆسایدكرد‌، كه‌ تا ئه‌مرۆ چاره‌نووسی ئه‌م كه‌سانه‌ یه‌كلاینه‌كراوه‌ته‌وه‌ و نه‌خراونه‌ته‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌كانی جینۆساید كردنی كورد له‌ كوردستان دا.

     له‌ماوه‌ی ئه‌م سی و پێنج ساڵه‌ی ڕابردوودا، كه‌ یادی پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی كورد(ئه‌نفال) كراوه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ ڕوانینێكی سۆزداری و بیرهێنانه‌وه‌ی قوربانیان و به‌ڵێن پێدان به‌ كه‌سوكاری قوربانیان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، ئه‌مه‌ تا ئێره‌ نواندنی بچووكترین وه‌فا و خزمه‌تگوزارییه‌ بۆ قوربانیه‌كانی پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد(ئه‌نفال) له‌ باشووری كوردستان دا، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌م كاره‌ساته‌ له‌ ڕشتنی فرمێسكی خه‌ماوی بۆ هیوابوون و بنیاتنانه‌وه‌ی ئاینده‌ له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا هه‌نگاو بهاوێت..بۆیه‌ گرینگه‌ له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا یادی ئه‌نفال له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌ربهێنرێت، چونكه‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال له‌ بنه‌ڕه‌تدا پڕۆسه‌ی قڕكردنی گه‌لی كورد به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو، كه‌ ئایدۆلۆژیای به‌عسی عروبی، ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی به‌شدارییه‌كی كارای ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بوون، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان بوو.

    له‌م قۆناغه‌ مێژووییه‌دا، پێویسته‌ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد(ئه‌نفال) له‌و چوارچێوه‌یه‌ مرۆیی و سۆزدارییه‌ی دانراوه‌، به‌هاوته‌ریب پرۆسه‌یه‌كی نیشتمانی سه‌رانسه‌ر له‌ باشووری كوردستان ده‌ستپێبكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن، تۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ژیانی قوربانییه‌كان به‌ زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان، دروستكردنی مۆزه‌خانه‌ی دیجیتاڵی به‌زمانه‌ زیندووه‌كان له‌شاره‌كانی كوردستان، ناچاركردنی كۆمپانیاكانی گه‌شتوگوزاری له‌ناوخۆی كوردستان له‌ ڕێبه‌ری و به‌رنامه‌كانیان دا باسی ئه‌م پڕۆسه‌ بكه‌ن و مه‌رجێك بێت له‌ مه‌رجه‌كانی مۆڵه‌تپێدان و نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌یان، دروستكردنی دراما، فیلمی سینه‌مایی و ڤیدیۆی ئه‌نیمه‌یش له‌ سه‌ر تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ هه‌موو ئاسته‌كانی ته‌مه‌ن، نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی چیرۆك و ڕۆمان به‌ زمانی كوردی و زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان بۆ هه‌موو ئاسته‌كانی ته‌مه‌ن، كردنه‌وه‌ی به‌شی زانستی و ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌سه‌رجه‌م سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ زانكۆكانی كوردستان دا تایبه‌ت به‌ (جینۆساید)، ڕاگه‌یاندنی یارمه‌تی دارایی(فه‌ند) بۆ توێژه‌ران له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ كوردستان دا، ئه‌نجامدانی كۆنفرانسی هاوبه‌شی ساڵانه‌ی زانكۆكان له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد..به‌ ئه‌نجامدانی و به‌جێهێنانی ئه‌م ڕاسپارده‌ زانستی، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و گه‌شتوگوزاری، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته‌ خزمه‌تی سیاسیه‌ت و دیپلۆماتییه‌تی كورد له‌ ناوه‌نده‌ كاریگه‌ره‌كانی جیهان دا، ده‌بێت ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ی ناو ناخی خۆمان(وه‌ك كورد) بگوێزینه‌وه‌ بۆ هه‌ست و ناخی ئه‌وانی دیكه‌(غه‌یری كورد له‌ جیهان)دا، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ چه‌ترێكی مرۆیی و دیپلۆماتیی بۆ كورد، كورد ده‌توانێت ئه‌مه‌ بكاته‌ پرۆسه‌یه‌ك له‌ ناوه‌نده‌ كاریگه‌ره‌كانی جیهان به‌ناونیشانی(دیپلۆماتییه‌تی جینۆساید).

     بۆیه‌ هیوادارم له‌ نووسینی ئه‌م چه‌مك و زاراوه‌یه‌دا (دیپلۆماتییه‌تی جینۆساید) سه‌ركه‌وتووبووم و بۆ جاری یه‌كه‌مینه‌ له‌ نووسینێكی وادا به‌كاریده‌هێنم، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌ دایكبوونی ڕوانینێكی‌ نیشتمانیی بۆ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد به‌تایبه‌تی(ئه‌نفال)، كه‌ پاڵپشتیكراو ده‌بێت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی ناوه‌نده‌كانی زانستیی و به‌رهه‌مه‌ به‌رز و باڵاكانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی كوردی و جیهانی، چونكه‌ ته‌نها قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مه‌عنه‌وی و ماددی بۆ قوربانیانی ‌ئه‌نفال بڕیاری كۆتایی نییه‌، به‌ڵكو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مێژوویی بۆ گه‌لی كورد(دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك به‌ناوی كوردستان)، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیعتباری ئینسانی و یه‌كسانی وه‌ك گه‌لانی تری جیهان، پارێزگاریكردن له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد و دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له‌وانه‌(ئه‌نفال) له‌ جیهانی نوێ دا، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی و پێدانی گه‌ره‌نتییه له‌سه‌ر گۆی زه‌وی بۆ گه‌لێكی مه‌زن كه‌ تا ئێستا ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی نییه‌ و پێشی ڕه‌وا نابینرێت..!‌

*نوسەری ئەم بابەتە مامۆستایە له‌ به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب له‌ زانكۆی سۆران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×