هێزی پێشمەرگە لە نێوان سوپایەكی ڕێكخراو  ومیلیشیای حیزبیدا؟

سانا نەوزاد
  2022-09-15     632

پاراستن و ئاسایش یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكان كە ئێمە دورخاتەوە لە دڵەڕاوكێ و ئازادی و بەرەوپێشچوون، یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی پاراستن ئەركی دەزگاو كارمەندە ئازاكانی پاراستن و سوپایە. سوپا بەتایبەتی كە ئەركێكی گەورە و مەترسیداریان هەیە ئەویش پاراستنی خاك و هاونیشتمانیانە لەگەڵ ئەوەشدا نیشانەی بەهێزی و پلەو باڵایەتییە لە مەیدانی سیاسی و دنیای ئیمڕۆدا، هاوڵاتیان بڕوای تەواوەتیان بە دڵسۆزی و ئازایەتی سوپا هەیە و بە واتایەكی تر گیان و ماڵیان لە دەستی ئەواندا دەبێت. بەڵام سوپا و دەزگا حوكمیەكانی پاراستن و ئاسایشی وڵاتێك، یاخود هەرێم و ناوچەیەك لە هەندێك كاتدا دەبنە هۆیەك نەك بۆ ئاسایش و پاراستن بەڵكو دەبنە مەترسی بۆ سەر گیانی هەموو تاكێكی هاو نیشتمان و نەتەوەیان ئەگەر پەرتبن و دڵسۆزی خاك و خەڵكی خۆیان نەبن كە ئەمە پێچەوانەی ئەرك و پیشەكەیان دەبێت. لێرەدا ڕوونی دەكەینەوە كە سوپای ڕێكخراو و دڵسۆز بەراورد بە میلیشیا، وە میلیشیا خۆی چیە و كێ بە میلیشیا پۆلێن دەكرێت، وە ئایا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئێستادا دەكەونە كام پۆلێنەوە؟ 
میلیشیا : بریتییە لە هێزێكی چەكداری ناڕێكخراو لە ڕووی ژمارەو چەك و ڕاهێنانانەوە. وە هەروەها هێزەمیلیشیایەكان سەر بەلایەنێكی دیاریكراون و بۆ مەبەستی سیاسی و مەرامی تایبەتی لایەنێك بەكاردێن كە ئەمەش پێچەوانەی پێناسەی سوپا و هێزە سەربازیە ڕێكخراوەكانە. كە سوپا بریتییە لە هێزێكی سەربازی فەڕمی ڕێكخراو و ئەركی پاراستنی دەوڵەت و خاك و هاونیشتمانیانە دڵسۆزی بۆ هیچ لایەنێكی تر نییە لە ڕووی ژمارەوە دیاریكراون و جل و بەرگ و ڕاهێنان و چەك و پێداویستی دیاریكراویان هەیە كە جیایان دەكاتەوە لە هەموو هێزەكانی تر، لە هەمووی گرنگتر سوپا هێزێكی سەربازی فەڕمی دانپێدا نراوە لە دەستوردا بە پێچەوانەی چەكدارە میلیشیاكانەوە، كە بە چەكدار و مەترسی دادەنرێن. بە پێی ئەم پێناسانە بێت هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان هێزێكی نیزامی و دەستوریە و لە هەمان كاتدا ڕەنگدانەوەی پێناسەی میلیشیابوونیان بە تەواوی تێدا ڕەنگدەداتەوە ! 
هێزی پێشمەرگە سوپایەكی نەتەوەی هەرێمییە وە بەشێكە لە هێزی چەكداری عێڕاقی، بەپێی ئەوەی كە سیستەمی عێڕاق فیدڕاڵیە و هەرێمی كوردستان بەشێكە لە دەوڵەتی عێڕاقی. بەپێ دەستوری عێڕاقی مادەی (121) بڕگەی 5 هاتووە كە هێزی پێشمەرگە  بە پاسەوانی سنوریش ناوبراون ،  لە كاتی بوونی هەر مەترسیەك بۆ سەر خاكی عێڕاق و لە كاتی بوونی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر سەروەری عێڕاق هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێڕاقدا بەرگری لە خاكی عێڕاق دەكەن. لە كاتێكدا بەهەمان شێوە ئەگەر بێنین هیزەكانی پێشمەرگە بەراورد بكەین بە هێزی چەكدار و میلیشا، بە ڕوونی دیارە كە ئەمە هێزێكی لایەنداری، پەرتن، كە شێوازی جیاكردنەوەیان بەسەر لایەن و كەسایەتی حزبی و بەكارهێنانیان بۆ مەبەست و مەرامی دیاریكراو جگە لە ئەركە سەرەكیەكەیان ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕێگەیەكی چەوتدایە و مەترسی دروست دەكات. هۆكارەكانی بوونی هێزەكانی پێشمەرگە بە میلیشیای حزبی بریتیە لە حزب و كەسایەتییە سیاسی و بەهێزەكان، كە بە بەكارهێنانی ئایدۆلۆژیا و ئابووری و توندوتیژی توانراوە هەر لایەنە ببێتە خاوەنی پێشمەرگە و چەكداری خۆی و بەكارهێنانیان بۆ خواستەكان و بەهێزكردنی توانا و قایمكردنی كورسی و پلەكانیان و گەرەنتی مانەوەیان لە پلەو پۆستدا. 
ئەوەی دیارە لە ئێستادا هێزەكانی پێشمەرگە بە ڕێژەیەكی زۆر دابەش بوون بەسەر دوو حیزبی باڵادەستی هەرێمی كوردستان و جیاكراونەتەوە لە ڕووی ناو، یەكە ،و جل و بەرگ و دڵسۆزی و چەك و هێزەوە. نەك تەنها ئەم دوو حیزبە بەڵكو حیزبە بچووكەكانیش خاوەن پێشمەرگەی چەكدار و لایەندارن. ئەمەش هەمووی زۆر ڕوونە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان مێژووی  ڕەگی دابەشبوونیان زۆر  لە مێژە، بەڵام ئەمە هەر لە سەرەتاوە هەڵە بووە. نەبوونی دیموكراسیەت ، هەڵپەی هێز و پارە، هەوڵدان و بەكارهێنانی هێز بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ئەمانە هۆكاری زۆرن بۆ ئەم دەرەنجامەی ئێستا .
مەترسی ەكانی بوونی سوپا بە هێزی حزبی و میلیشیا زۆرن و خوێناوین، یەكێك لە دیارترین مەترسیەكان كە خودی كورد پێیدا تێپەڕیوە برییتی بووە لە شەڕی ناوخۆ ( برا كوژی ) بەڵی َ ! ڕێك بەشە ناخۆش و تاڵەكە ئەمەیە كە هاو نەتەوە و زمان و هاو خاك یەكتر دەكوژن و ئازارێكی ساڕێژنەبوو دروست دەكەن. لە پێناو چی؟ سەركەوتنی حزبێك كە لە كۆتاییدا ئەگەریش سەركەوێت ئەوانەی كەسیان كوژراون بەهۆی ئەو لایەنەوە چاوەڕێی  ئەوە ناكرێت كە لەلایەن بەشێكی كۆمەڵگاكەیەوە قبوڵ بكرێت و بە خەمخۆر  سەرۆك دابنرێت چوونكە ئەو بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات بە خوێنی هاوڵاتیانی خۆی هاتبێت ، ئەوا لە بوونی بە دەسەڵاتدار و سەرۆك خوێنی لایەكەی تریش دەڕژێت بۆ مانەوە و فەڕزكرندی خۆی و مەرامەكانی. كەواتە میلیشیا لەكاتی بوونی زەرەرە لەكاتی نەمانیشی ئەو زەرەرانەی دروسی كردووە زۆر بە قورسی و خاوی كەم ئەكرێتەوە!
درك بەم مەترسی و هەڵەی بەكارهێنانی سوپا و هێزە حوكمیەكان كراوە بەلایەنی كەم ئێستا هەموو ئاگادای مەترسیەكانن كە ڕووبەڕوویان ئەبێتەوە لە دەرەنجامی ئەم هەڵەیە، بەڵام بە دڵنیایی چارەسەرەكەی قورسە و ئاسان نییە و ڕێگریەكان جدین. لەهەمان كاتدا ئیشیشی بۆ كراوە و دەكرێت بەڵام ئەم مەسەلەیە ڕیشەییە و ڕێگر و ئاستەنگی زۆرە ، خۆشبەختانە بەئاگایی و هوشیاری كورد لەم مەسەلانەدا بە هەنگاوێكی گەورە دادەنرێت ئەوەی ماوە پلاندانان و ئیشكردنە لەسەری كە ئەمەش هەوڵی بۆ دراوە تەنها ئیرادەی كورد و سیاسیەكانی پێویستە بۆ بەدیهێنان، بە هیوای چارەسەر بوونی ئەم كێشەیە لە ڕیشەوە كە دەبێتە هۆی كردنەوەی دەرگای چارەسەری زۆرتر بۆ كێشەكانی هەرێمی كوردستان.


سانا نەوزارد: دەرچووی كۆلیّژی زانستە ڕامیاریەكان بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكان
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×