لەژێر ئەم ناونیشانەیەدا ئەمڕۆ میدیاکان ٥٠ هەلی کار وەک مژدەیەک بۆ هاوڵاتیانی ڕاگەیاند.
ڕاگەیاندراوەکە دەڵێت پارکی شەهید سامی عبدولرەحمان پێویستی بە ٣٠ کارمەند هەیە وەک باخەوان و ٢٠ کارمەندیش وەک پاککەرەوە بە مووچەی ٤٠٠ هەزار دینار مانگانە بەمەرجی کارکردنی ٧ کاژێرلە ڕۆژێکدا.
گریمان کارمەندەکان لە یەکشەمەوە بۆ پێنجشەمە هەفتەی ٣٥ کاژێر لە ژێر گەرما و سەرمادا کاردەکەن کە دەکاتە مانگی ١٥٥ کاژێر. ئەمەش زیاتر شیبکرێتەوە دەکاتە دوو هەزار و ٦٠٠ دینار لە کاژێرێکدا. بەنرخی ئەمڕۆ دەکاتە یەک دۆلار و ٧٥ سەنت.
نازانم بەرپرسانی حکومەت بە وەزیر و سەرۆک وەزیرانەوە، شارەزاکان، ڕاوێژکارەکان ، ئەندام پەرلەمانەکانی هەموو حزبەکان، مامۆستاکانی زانکۆ بەتایبەتی بەشەکانی کارگێری minimum wage یان بیستوە کە لە زۆر ووڵاتی ئەم جیهانە پەیڕەو دەکرێت. Minimum wage کەمترین مووچەیە کە کارمەندێکی ئاسایی جگە لە شارەزا خاوەن کار یان حکومەت دەبێت بیدات بە و کارمەندە.
کارکردن لە پێناوی وەرگرتنی یەک دۆلار و ٧٥ سەنت بۆ یەک کاژێر لە هییچ شوێنێکی دونیا نەماوە جگە لە دەوڵەتە هەژارەکانی وەک هندستان و بەنگلادیش چەند ووڵاتێکی ئەفریقی.
لێرەدا بەراوردێک لە نێوان مووچەی ڕاگەیاندراوی ئەم کارمەندانەی پارکی سامی عبدولڕەحمان و کەمترین مووچەی کارمەندێکی ئاسایی (نەک شارەزا) واتە کارمەندێکی سەرپێیی بەریتانی بە عەدالەتی ئەزانم کە باسی لێوە بکەم.
لە بەریتانیا minimum wage ی کارمەند بە یاسا داڕێژراوە کە لە ١١.٠٥ پاوەند کەمتر نەبێت لە لەندەن کە دەکاتە ١٤.٤٠ چواردە دۆلار و چل سەنت بۆ یەک کاژێر. هیچ خاوەن کارگەیەک ناتوانێت پێشێلی بکات چونکە بە یاسا دانراوە و پەرلەمان پەسەندیکردوە. جگە لەو پەنابەرانەی کاری ڕەش دەکەن و پێویستیان بە پارەی زیاترە بۆ بژێوی خۆیان.
گەر بێتوو زیاتر شیبکەینەوە کارکردن لە ڕۆژێکدا بۆ ٧ کاژێر لە لەندەن دەکاتە زیاتر لە ١٠٠ دۆلار. شایانی باسە کە ئەم جۆرە کارمەندانە مەعفون لە پێدانی باج تا ١٢٠٠٠ پاوەن ساڵی کە دەکاتە ١٥.٦٠٠ پانزە هەزار و شەش سەد دۆلار.
من ئەڵێم ئەمە چ عەدالەتێکە کارمەندێکی کورد لە ژێر گەرما و سەرمای هەولێردا مژدەی پێبدرێت ڕۆژی٧ کاژێر کاری قورس بکات سەعاتی بە یەک دۆلار و ٧٥ سەنت..؟
من ئەم پرسیارە ئاراستەی بەرپرسەکانی حکومەت و ئەندام پەرلەمانەکان دەکەم کە لە ئەجێندای تەسکی حیزبایتی خۆیان هیچی تریان پێنیە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان..
من ناڵێم چاو لە بەریتانیا بکەن بەڵام ئەوە کاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە کە ئەم بابەتە بە هەند وەرگرن و یاسایەکی گونجاو دابنێن بۆ کەمترین مووچە و ئەو کارمەندانە هەستبکەن کە جێگە دەستیان بەرز دەنرخێنرێت..