سەرنجێک لەسەر وتارەکەی "پەیکار عوسمان"

هیوا زەندی
  2022-05-28     674

ئەمەی خوارەوە کە هێڵم بە ژێردا هێناوە ئەو تاکە بڕگەیەیە لە نووسینەکەی بەرێز [پەیکار عوسمان] کە پێمخۆشە سەرنجێکی لەسەر بنووسم:

[[منیش کە ڕەخنە لە چەکی پەکەکە ئەگرم، مەبەستم ئەو ڕاکێشانی شەڕەیە، نەك ستایشی دوژمنێکی فاشیست و ستایشی دوو حیزبی فاسد. کێشەکە ئەوەیە، هەر ئەوەی کە پارتی و یەکێتی کردویانە بە زۆنی گەندەڵی، پەکەکەش ئەیکات بە زۆنی شەڕ. هەر ئەوەی کە پارتی و یەکێتی کردویانە بە مەیدانی داگیرکاری سیاسی و کولتوری و ئابووری و موخابەراتی بۆ دوژمن، ئەمیش ئەیکاتە شەڕگەو مەیدانی داگیرکاری عەسکەری و تەیارەو دەبابە.. دوژمن هەر دوژمنەو جگە لە شەڕ، دیارییەکی تری پێ نیە بۆ ئێمە، بەڵام هەمیشە نیوەی ڕیگریی لەناوەوەیەو کورد عەقڵی ئەمەی ئیش ناکات، چونکە ئەمە، پێویستی بە بینینی وێنە گەورەکەو سەرخستنی بەرژەوەندی گشتییە بەسەر دنیا بچوکەکەی حیزبدا، ئێمەش باشترین حیزب و خراپترین حیزبمان، لەوەدا فەرقیان نیە، کە هەر بەقەت دنیا بچوکەکەی خۆیان ئەبینن]].

 

زۆر ساکار و ئاسان و کورت، دەکرێ لە بەرامبەر ئەم بڕگەیەدا ئەم پرسیارە بێتە کایەوە: [ئەدی پەکەکە چ بکات؟ ئەگەر بە شەڕ بەرگریی نەکات لەسەر خاکی خۆی؟]. 

پرسی کورد، حزبی کوردانەی داهێناوە، ئەم حزبانە، کوردیان کردووە بە دوو بەرە. بەرەیەک [پەکەکە] و بەرەکەی دیکە [نا پەکەکە]. 

هاووڵاتییانی بەرەی [ناپەکەکە] لە قسەکردندا [چوارپارچەیین] واتە دان بە چوارپارچەبوونی کوردستان دەنێن و هەندێ جاریش دەیانەوێ ئەم پارچانە لە شێوەی دەوڵەتێکدا یەکبگرنەوە، بەڵام بە بێ ئەوەی ئاگایان لێبێ مەبەستم لە [لاوعي]دا، لە مێشکدا [باشوورچییەتیی] دەکەن لەو پارچەیەی کە پێی دەڵێن: ''کوردستانی ئێراق''. 

چرکەیەک کەمتر لە سەدا سەدی هاووڵاتییانی بەرەی [نا پەکەکە]، ڕێک دانیان ناوە بەو دابەشکردنەی کوردستان کە دوژمن کردوویەتی و دەڵێن: ''دەبێ ڕازی بیین بە دۆخی دێفاکتۆ''. بۆیە دەبینین بەرەی [نا پەکەکە] داوایەکی گشتییان هەیە کە دەبێ [پەکەکە] قەندیل چۆڵ بکات و بچێتە ناو خاکی ''تورکیا'' و لەوێدا  بە ئاشتییانە خەبات بکات بۆ  بەدەستهێنانی مافەکان و هۆی داگیرکارییەکەی تورک بۆ باشووری کوردستان هەبوونی [پەکەکە]یە لە قەندیل.

لێرەدا پێویستە ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیری بەرەی [نا پەکەکە] پێش ئەوەی ئەو قسەیە بکەن، هەندێ زانیاریی لەسەر پارتی [هەدەپە] لە ئینتەرنێتدا بخوێنێتەوە کە لە ناو پەرلەمانی تورکیادا بە ئاشتییانە خەبات دەکات تا بزانێ لە چ دۆخێکدایە. هەروەها پێویستە لە ئەدەبیاتەکانی حزبەکانی تورکیادا بۆچوونەکان بزانن لەسەر باشووری کوردستان ''ویلاتی موسڵ''. 

هەموو داوایەک لە [پەکەکە] کە قەندیل چۆڵ بکات ئو هەروەها هەموو بۆچوونێک کە گوایا [پەکەکە] شەڕخوازە و باشووری کردۆتە ''شەڕگە''، هەر هەمووی دەڕژێتە بەرژەوەندیی تورکەکان ئو چوارپارچەبوونی کوردستانیش قووڵتر دەکاتەوە. ڕۆشنبیرانی بەرەی [نا پەکەکە]، ئاگایان لێ نییە کە پەکەکەیش کوردە و لەسەر خاکی خۆیەتی لە قەندیل.

ئەم نموونەیەی خوارەوە چەندە لەو بابەتەوە نزیکە کە باسی دەکەین؟ 

باوکێکی توندوتیژ بە دارێکەوە کەوتۆتە سەروگوێلاکی یەکێک لە منداڵەکانی. منداڵەکە ناچار دەبێ رابکات و ژوورەکە بەجێ بهێڵێ و دەچێتە ژوورێکی دیکە و لەوێشدا خوشکێکی ئەو منداڵە تەماشای فووتبۆڵ دەکات بۆیە داوا لە براکەی دەکات کە ژوورەکە بەجێ بهێڵێ بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی فووتبۆڵەکەی خۆی تەماشا بکات. 

ژوورەکان، هەموویان ژوورەکانی یەک دانە خانوون کە ئەویش کوردستانە. کەس بۆی نییە کەسێکی دیکە دەربکات بەتایبەتیی کە لەلایەن زۆردارێکەوە ڕاونرابێ. هەر لەسەردەمی [تورکوت ئۆزال]ــەوە تا ئەم چرکەساتەیش، [پەکەکە] دەستی ئاشتییانە درێژ دەکات بۆ هەموو لایەنەکان بە تورک و حزبە کوردییەکانی بەرەکەی [نا پەکەکە]یش، کەچی هێشتایش هەر [پەکەکە] بە شەڕخواز لەقەڵەم دەدرێ.

چیبکەین؟ چیبکەین ئەگەر پێگەی وڵاتەکەمان و داگیرکارییە یەکبەدوای یەکەکان، ئێمەی بەم ڕۆژە گەیاندبێ؟ هیچ پارچەیەک ئاسوودە نابێ ئەگەر پارچەکانی دیکە ئارام و ئاسوودە نەبن بە شێوەیەک لە شێوەکان. بەواتایەکی دیکە، ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان داگیرکردووە، هیچ کاتێک ناهێڵن هیــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــچ پارچەیەکی کوردستان ئارام و ئاسوودە بێ ئو هەموو کاتێک خەریکی چنینی دووبەرەکیی و بەهانەن بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر لێکتر بترازێین.

ستراتیژی بەرەی [پەکەکە] بە قسەی و بە کردار خەباتکردنە لە پێناو هەر چوارپارچەی کوردستان. ستراتیژی بەرەی [نا پەکەکە]یش، بە قسە هەندێ جار دان بە چوارپارچەیی کوردستاندا دەنێن بەڵام بەکردەوە تەنیا [هەرێمچییەتیی] دەکەن و داوا لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکەن کە لە خزمەتی ئەم پارچەیەی باشووردا بێت. واتە کوردستانیی نین بەڵکوو [باشوورچییەتیی] دەکەن، ئەگەرچی هەندێ جار بە زمان باس لە یەک پارچەیی کوردستان دەکەن بەڵام لە مێشکدا کوردستان تەنیا پارچەکەی [هەرێمی فیدڕاڵیی کوردستانی ئێراق]ــــە.

جا بۆیە من پێموایە دەبێ ڕۆشنبیران خۆیان یەکلا بکەنەوە یان دەبێ بە ئاشکرا بڵێن کە ئێمەی کورد وەکوو نەتەوەیش پارچەپارچەکراوین و بووین بە [چوار پارچەنەتەوە] هەروەکوو خاکەکەمان، بۆیە با هەر پارچەنەتەوەیەک لەو پارچە ''زەویی''ــەی ''خۆی''دا خەبات بکات کە داگیرکراوە، یانیش، دەبێ ڕۆشنبیران واتای ڕاستەقینەی [کوردستانیی بوون] بزانن و بەو پێیەش بیربکەنەوە و بنووسن و قسەبکەن. [کوردستانیی بوون] ئەوە نییە کە دەوڵەتی ئێراق ڕەتبکەیتەوە بە بیانووی [کوردستانیی بوون]، چونکە ئەوە نیشانەی دەسپاکیی نییە لە پرسی کورد، بەڵكوو دەبێ دەوڵەتی ئێراق بەکاربهێنرێ بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤی کورد. 

گرنگ نییە کە [پەکەکە] لەم ستراتیژەدا ژێر بکەوێ، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە کە ملی نەداوە بە داگیرکارییەکەی کوردستان وا خەریکە دەستپاکانە و ڕاستگۆیانە لە ناوچەیەکی خاکی خۆیدا کە ناوی [قەندیل]ــــە، خەبات دەکات و خوێن دەبەخشێ.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×