درەخت وەك دژە گەرما

ئاسۆ گەڵاڵی
  2022-07-24     529

درەختەكان لە گرنگترین هۆكارەكانی ژینگەن و كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئاووهەوا هەیە. ڕاستییەكی بەڵگەنەویستە، هەر ناوچەیەك درەختی زۆری لێ ڕوا بێ، پلەی گەرمای نرمترە لە ناوچەیەكی دیكەی ڕووتەن و بێدرەخت، ئەمە جگە لەوەی درەختەكان ماڵێكن بۆ هەمەچەشنیی زیندەیی و ژیانی بڕێكی زۆر گیاندار و باڵدار. هەروەها درەختەكان توانایەكی زۆریان هەیە لە مژینی بەشێك لە گاز و پیسكەرە هەواییە زیانمەندەكانی نێو  كەش لە نمونەی كاربۆن.
هەر ناوچەیەك چڕیی سەوزایی و درەختی كەم بێت لەڕووی ژینگەییەوە تووشی لاسەنگیی ژینگەیی دەبێت، هەمەچەشنەی زیندەیی تیایدا بەدی نایەت و هەڵمژین و دەردانی گازەكانی ناو هەوا-یش تیایدا وەك پێویست نیابێت.
یەكێك لە ڕێگاكانی كەمكردنەوەی گەرمای شارەكان، چاندنی دار و درەخت و دەوەنی هەمیشە سەوزە لە سەرشەقامەكان، لەنێوەڕاست و قەراغی جادەكان، ئەم درەختە سەوزانە ئامێز بۆ خۆرە گەرمەكە دەگرنەوە و هەڵیدەمژن، سێبەر بۆ شەقامەكان دروست دەكەن، مرۆڤ و باڵندە و ئاژەڵ و ئۆتۆمبێل و كەرەستەكانی دیكە لە ژێر سایە و سێبەری درەختی سەر شەقامەكاندا دەحەوێنەوە.
ئەمریكا یەكێكە لەو وڵاتانەی بەدەست كەمبوونەوەی رێژەی درەختەوە دەناڵێنێ، بە پێی سایتی سی ئێن ئێنی ئەمریكی ساڵانە تەنیا لەو وڵاتە ملیۆنان درەخت كەم دەكەن، بەهۆی ڕووداوە سروشتییەكانی وەك (ئاگر، مێرووەكان، نەخۆشی و گەردەلوول)ەكانەوە. ئەمەش رێژەیەكی مەترسیدارە. هەڵبەت جگە لەو هۆكارانەی پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە، لە نمونەی دروستكردنی باڵەخانە و شەقام و شوێنی نیشتەجێبوون لەجێگەی پڕ لە درەخت و دارستان و نیمچەدارستان.
بەپێی توێژینەوەیەكی زانكۆی ویسكۆنسین مادیسین، درەختەكان دەتوانن پلەی گەرمای زەوی لە وەزری هاویندا بە تێكڕایی 10 پلەی فەهرەنهایت داببەزێنن.
ئێستا كۆمپانیای گووگڵ خزمەتگوزارییەكی نوێی بۆ وڵاتە پێشكەوتووەكان هەیە بەناوی (Tree canopy Lab) كە نەخشەسازیی شارەكان بەكاردەهێنێت، لە ئاسمانەوە وێنەی گرتووە و بەراوردی پلەی گەرما، چڕیی دانیشتووان، رێژەی ڕووپۆشی درەخت و سەوزایی وە دابەشبوونی بەسەر گەڕەكەكاندا لێك دەداتەوە و هاوكاریی شارەوانیی شارەكان دەكات بۆ پاراستنی هاوسەنگیی پلەی گەرمی. بەوپێیەی ناوچە قەرەباڵغەكان و شارەكان پێویستیی زیاتریان بە درەخت و سەوزایی هەیە، چونكە بینا و باڵەخانە و شەقامەكان بە چیمەنتۆ و بلۆك و ئاسن و كانزاكانی دیكە ڕووپۆش كراون، ئەمانەش یان گەرماكە دەدەنەوە، یان لە رۆژدا هەڵیدەمژن و بەشی شەویشی لێ پاشەكەوت دەكەن. هەر بۆیە باشترین دژە گەرما بۆ شارە قەرەباڵغەكان، سەوزایی و درەختەكانە.
لە كوردستانیش بەشێكی زۆر لە خانووەكان بە درەخت و سەوزایی ڕازاونەتەوە، خاوەنانی چەند ماڵێكم بینیوە كە خانووەكەیانیان پڕ كردووە لە گوڵوگوڵزارو درەختی جۆراوجۆر، زۆر بە متمانەبەخۆبوون و دڵنیاییەوە دەڵێن، ماڵی ئەوان لە ڕووی پلەی گەرمی و فێنكییەوە زۆر جیاوازە لە ماڵی ئەو دراوسێیانەیان كە لە هەمان كۆڵاندان و هاوشێوەی ئەمان گرنگیان بە سەوزایی ناوماڵ نەداوە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان، جیهان رۆژانە دوو هەزار هێكتار زەویی كشتوكاڵی لەدەست دەدات ئەمەش بەهۆی خوێی خاك و گەرما و نەبوونی سیستمێكی گونجاوی دابەشكاریی ئاوەوە. لە هەمان كاتدا تەواوی راپۆرتە جیهانی و ژینگەییەكان هێما بۆ زیادبوونی بەردەوامی پلەی گەرمی و گەرمبوونی زیاتری زەوی دەدەن، واتە كەمبوونەوەی دارستانەكان بەهۆی ئاگرو كەمبوونەوەی زەویی كشتوكاڵی و رووپۆشە سەوزەكان هاوتەریب لەگەڵ یەكتر زیاد دەبن و پەیوەندییەكی راستەوانەیان لەگەڵ یەكدییدا هەیە.
بەهار و هاوینی ئەمساڵ، گەرما ئەورووپای بەگیر هێناوە، سەدان كەسی كوشتووە و هەزارانیشی ڕەوانەی نەخۆشخانە كردووە، بەپێی پێشبینیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لەسەدا 92 ی دانیشتووانی زەوی لەژێر مەترسیی تووشبووندان بە پیسبوونی هەوا، بەو پێیەش پێشبینی دەكرێت لە ساڵی 2050 ـدا لەسەدا 70 ی دانیشتووانی زەوی لەنێو شرەكاندا بژیێن، هەر بۆیە مەترسییەكانی زیانمەندبوون بە پیسبوونی ژینگە لەسەر مرۆڤەكان زیاترو زیاتر دەبێت. بەڵام درەختەكان دەتوانن لە ڕێگەی سێبەر و بەهەڵمبوون و هەناسەدانی تایبەتیانەوە وەك پزیشكێك بەشێكی زۆری مەترسییەكان كەم بكەنەوە.
مەترسییەكانی سەر ژینگە و گۆڕانكارییە خێرایە ژینگەییەكان، هانی وڵاتانی داوە هەڵمەتی زەبەلاحی ملیۆن و ملیاری بۆ چاندنی درەخت و زیادكردنی رێژەی سەوزایی زیاد بكەن. حكومەتە تێگەیشتووەكان دەزانن، زیادبوونی درەختەكان كاریگەریی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، كورتمەودا و درێژمەودایان بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمی هەیە لە شەقامەكاندا هەیە.
بەڵام مخابن لە هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی هەڵمەتی ئەوتۆی فراوان بۆ چاندنی درەخت بەڕێوە ناچێت، شارەكانمان هێشتا لە ئاستی ستانداردی سەوزایی شاری ئاساییدا نیین، تەنانەت ئەو درەختانەی كە لە رابردوودا چێنراون و خودا بۆی ڕواندووین خزمەتیان ناكەین و ئەوەتا رۆژانە وشكبوون و كزبوونیان دەبینین. بێگومان ئەمەش شەمەندەفەری گەرمبوونی كەشوهەوای خێراتر كردووە و دەستێكی خێریش نیە ڕۆڵی كاریگەر لە خاوكردنەوەی ئەو شەمەندەفەرەدا بگێڕێت و هەناسەیەك بۆ خەڵك و خاكی كوردستان بگێڕێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×