کوردایەتی لەسەرپشتی "سلۆس"

موفید محەمەد نوری
  2024-09-16     477

کاتێکی زۆر خەمناک و قورس بوو، لە بیرم دێ مانگی پێنجی ٢٠١٩ بوو، باوکم لە خەستەخانەی ئیلین لە لەندن لەژێر چارەسەری پزیشکانی بەریتانیادا بوو، کە بە دەست نەخۆشیەکی قورسەوە ڕۆژگاری بەڕێ دەکرد. یەکێک لەو ڕۆژانەی کە لە خەستەخانە بەسەری دەبرد، چەند میوانێک هاتن بۆ سەردانی، یەکێک لەوانە کوڕی یەکێک لە سەرکردە کۆنەکانی ناو یەکێتی بوو، کە لە کۆندا لە ڕێخراوی ناوشاردا لەگەڵ باوکم کاریان دەکرد لە ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٧٩.

کوڕی سەرکردەکە بە باوکمی وت: "زۆر بە داخەوەین کە ناساخیت و هیوای چاکبوونەوەی خێرات بۆ دەخوازین". باوکم لەوە دەچوو شتێکی لە مێشکدا بێت و بیەوێت بڕیارێکی بەپەلە بدات و قسە بکات، بۆ باوکم ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی دەڕۆیشت، کات لە تەک ئەودا نەبوو...

باوکم چاوی بڕیە میوانەکەی و دەستەکانی خستە ناویەکەوە و زۆر بە دڵتەنگییەوە وتی: "ڕاستە من ماوەیەکی کەمم ماوە لە ژیاندا، ئەوە نائومێدی ژیانی من نییە، چونکە چەندین هاوڕێی خۆشەویستم لە دەستداوە، کە دەبوایە ماوەیەک لەمەوو پێش منیش لە کاروانی ئەواندا بوومایە، ئەو هەڤاڵانەم: شازاد سائیب، محمووی مەلا عیزەد، قالەی بلە شێخە، فایقی قساب، فایقی خیات، عەبدوڵای کۆلا، جمال تایەر، نەوشیروان مستەفا و ئەوانی تر، بەڵام ئەوەی هەموو نیوە شەوێک دامدەچڵەکێنێت، ئەوەیە کە پاش ئەو هەموو هەوڵ و تێکۆشانە و قوربانی دانە، ئەو هەموو ڕۆژگارە خوێناوییانەمان لەگەڵ هەموو کوشتن و لە سێدارەدانەکان بە جێ هێتشت، ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە هەموومان دەیبینین؛ چارەنووسی هەموومان هەر مردنە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دەمردم گەر بمدیبایە میللەتەکەمان ئازاد و سەربەرز و سەربەست بوایە. ڕوحم ئاسوودە دەبوو کە بمبینییایە لە ژیانمدا 'سەرکردەیەک' هەموو میللەتەکەمانی کۆبکردایەتەوە، من لەناو گوڵخونی دۆزەخی ئازاردام، هەرچی دەیبینم دیاردەی ڕوخێنەرن بۆ کورد و کوردستان. ژیان و حاڵ و گوزەرانی خەڵک زیاتر لە نەخۆشییەکەم بەشی زۆری هۆش و بیرمی داگیرکردووە، چونکە بەو ئاواتەوە سەر دەنێمەوە."

لەسەر ڕۆشنایی ئەو وەسییەتەی باوکم و هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستاندا، دەتوانم بڵێم سەرکردەی هەموو میللەتێک بەستراوە بە دڵسۆزی و کاری ئەو سەرکردەیە بۆ گەل و نیشتیمانی، هەردوو ڕەنگە سەرەکییەکەی ناو گۆڕەپانی کوردستان دەیانەوێت بە میللەتی ڕابگێێنن کە ئەوان کوردایەتی دەکەن، کە بەداخەوە کوردایەتی ئەوان لەسەر پشتی سلۆس[1] دەبزوێن، ئەگەر بتوانن هەموو ڕۆژێ شتێکی تازەیان هەیە، بۆ پێشکەوتنی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری، بەڵام دەبوایە ئەوەندە کاریان بکردایە، بەو ڕادەیەی کاتێک خەڵک لە کاتی پشوودان دابوون، ئەوان هەر دەبوو لە هەوڵی کاردابوونایە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی ئەم میللەتەیان وەدەستبهێنایە؛ بێگومان ئەگەر بیان ویستایە.

گەورەترین سروشتی مرۆڤی ئازا ئەوەیە کە بەرەنگاری مردن دەبێتەوە، پێش ماوەیەک لەمەوبەر گەورە ئەکتەری ئەمریکی "شۆن پین"، خەڵاتی ئۆسکاری خۆی دا بە سەرۆکی ئۆکرانیا و پێی وت: "ئەم خەڵاتە شایەنی تۆیە وەک گەورەترین پیاوی ئازا و ئەکتەری ئۆکرانی، با لە لات بێت تا جەنگ تەواو دەبێت و دەیبەیتەوە، تۆ بەرەنگار بوویتەوە لەگەڵ دووەم سوپای دونیا کە 'روسیا'یە؛ من وا هەست دەکەم گیانی من لەگەڵ گیانی تۆدایە، چونکە تۆ سەرکردەیەکی ئازا و ڕاستگۆی خەڵکی ئۆکرانیای، بیستومە لە هاوڕێکانتەوە کە هەفتەی یەک جار خێزانەکەت دەبینیت، ئەویش بۆ سەعات و نیوێک."

زیلینسکی (سەرۆکی ئۆکرانیا) لە وەڵامدا وتی: "من لە ئۆکرانیام و لەم وڵاتەدا دەمرم، چارەنووسی خەڵکی ئۆکرانیا چارەنووسی منە، من سەلامەتم وەکو هەموو خەڵکی ئۆکرانیا، ڕووسەکان دەوریان داین، کاتێک ئۆکرانییەکان دەیانویست خۆیان بخەنە ژێر تانک و زریپۆشی ڕووسی بۆ ئەوەی بیانوەستێنن، منیش دەبوو لەگەڵیاندا بم، شکست ئەوە نییە لە مەیدانی جەنگدا بشکێیت، شکست ئەوەیە کە سەرت نەوی بکەی و خۆت ڕادەستی دوژمنەکەت بکەیت."

کەواتە سەرکردەکانی ئێمە تا کوێ کاریان بۆ کورد و کوردایەتی کرد؟ تا کوێ هاوسۆزی کورد بوون و دەبن؟

بۆ ئێمە ڕەهایە گومان لە هەموو سەرکردەکانی حیزب بکەین و متمانەیان پێنەکەین؛ کە بۆ ساتێک هاوسۆزی ڕاستەقینەی کورد و کوردایەتی نەبوون.

 

[1]  سۆلس: گیاندارێکی شیردەرە، کە بە تەمبەڵی و خاوییەکەی ناسراوە، زۆرینەی کاتەکانی ژیانی لەسەر دارەکان بەسەر دەبات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×