بۆ عادل باخەوان دوای ئەو هەموو چەواشەکاریانە بۆ؟

موفید محەمەد نوری
  2024-08-18     1729

ئۆڵۆمپیکی ساڵی ٢٠٢٤ لە فەرەنسا وەک سیمبولی ڕووی فەرەنسا و بەرەنگارییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بە هەموو گرفتەکانییەوە بە ڕێوە چوو، هەرچەندە بە ڕێوە چوونی کردنەوەی دوو ڕۆژ دواکەوت بۆ چەند هۆیەکی ئاسایشی ناو فەرەنسا، کە بووە هۆی تێکچوونی هێڵی شەمەندەفەرەکان بۆ چەند کاتژمێرێک.

فەرەنسا هەتاکو ئەمڕۆ کاریگەری شۆڕشی فەرەنسای ١٧٨٩ی بە سەرەوەیە و لە زۆر ڕووەوە ڕوانگەی لە ناو هەموو هەماهەنگییەکانی ئەورووپادا جوودایە. "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەرەنسا لە ڕۆژی ٢٦/٧/٢٠٢٤دا لە شوێنەواری گەورەی بنکەی 'لویس ڤۆتن' خۆی پێشوازی لە میوانەکانی دەکرد، کە سەرۆکانی وڵاتانی جیهان بوون؛ لەناو ئەو سەرۆکانەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە نێویاندا بوو.

هاتنی ماکرۆن بۆ هەولێر ساڵی ٢٠٢١ بۆ دەستخۆشی لێ کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ 'بەرەنگاربوونەوەی داعش'، پێشوازیکردنی لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ خۆی جۆرێ لە پەیوەندی کەسایەتی دروستکرد، کاتێک کە نێچیرڤان بارزانی بە ئۆتۆمبێلە مارسیدە ڕەشەکەی بە هەولێردا دەیگەڕاند.

شەوی ٢٦ی حەوت بانگهێشتی عادل باخەوانیان کرد بۆ ئەوەی بیروڕای خۆی لەسەر ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا بدات، هەروەها پێشوازییەکەی ماکرۆن لە نێچیرڤان بارزانی. لەسەر تەلەفزیۆنی KTV بە زیندی ئەوەی دەگوت کە: سەیارە مارسیدە ڕەشەکەی کە نێچیرڤان بارزانی هێنا بۆ لای ماکرۆن، نەک ئاڵای عێراق یان KRG-، بەڵکو ئاڵای کوردستانی پێوەبوو و نووسرابوو کوردستان، ئەمە خۆی لە خۆیدا جۆرێکە کە لە باری سیاسییەوە زۆر گرنگە.

پاشان عادل باخەوان لەسەر چاوپێکەوتنە زیندییەکەی دەیگوت: لە باوەشکردنەوەی ماکرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی خۆی لە خۆیدا نیشانەی ئەوە دەدا کە یەک ئامانجمان هەیە و هەماهەنگی ئەمڕۆ و ئەنجامەکانی دواڕۆژ پیشان دەدا.

عادل باخەوان: یەکێکە لە ئەندامانی سەنتەری توێژینەوەی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فەرەنسا، بەڕێوەبەری توێژینەی بنکەیی لەسەر عێراق (CFRI)، ئەندامی ئەستوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی سەرنتەری توێژینەوەی ناوەندی عەرەبە بۆ خوێندنەوەی سیاسی (CAREP)، مامۆستایە لە زانکۆی Ivry، هەروەها بەڕێوەبەری توێژینەوەی زانکۆی سۆرانە لە کوردستان؛ هەرچی تر ناوی ئەنێی ئەو زاتە ئەندامێتی و بەڕێوەبەرایەتی بۆ دەکات!

عادل باخەوان، پاش ئەو هەموو زانیارییە دەبوایە ئەوانەت بە ڕاشکاوانە و سەربەخۆیانە ئاشکرا بکردایە:

یەکەم: بینینی نێچیرڤان بارزانی و پێشوازی ماکرۆن لە فەرەنسا لە سەرووەختی ئۆڵۆمپیک هیچ قورساییەکی سیاسی نییە و کێ ناڵێت بڕە پارەیەکی زۆر نەدراوە بۆ ئەو چاوپێکەوتن و دەرکەوتنە TVیە. هەروەها هیچ وەرزشکارێکی کورد وەک ئەندام لەو ئۆڵۆمپییاتەدا بەژداری نەکردووە تا ئاڵای کوردستان بەرز بکاتەوە و نیشانی وڵاتانی جیهانی بدات.

دووەم: ئەگەر فەرنسا دۆستی کوردە دەزانێت، کە کورد بە سەختترین هەلومەرجی سیاسدا دەڕوات، تورکیا لە لای باشوورەوە هاتۆتە ناو ئەم دەڤەرە و هەرچی بۆ کرابێت کردوێتی، لە کاتێکدا فەرەنسا دەیتوانی پڕۆتێست بەرز بکاتەوە لە UN بۆ پشتیوانی کورد، پاشان کێشەی گەورەی عێراق کێشەی مووچەیە، کە بۆتە هۆکاری نەهامەتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمە لە کاتێکدا ئێستا حکومەتی عێراق زیاتر لە ١٢٠ بلیۆن دۆلاری لە بانکی پاشەکەوتی ئەمریکیدا هەیە؛ بەڵام بەپێی ئەم بوودجە سێ ساڵەی دایان ناوە دەتوانن هەتا ساڵی ٢٠٢٧ ئەمە بگەیەننە نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار، کە کەوتۆتە سەر ئەوەی قەیران دروست دەبێت یان نا، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە یان نا، چونکە بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی 'ئۆپیک' بێت لەم ماوەیەدا نرخی نەوت زۆر بەرز دەبێتەوە، ئەگەر ئەوەش بێت عێراق ٤ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە بەرهەم دەهێنن (دەشتوانن زیاتریش بەرهەم بهێنن) و بە ئاسانی دەتوانن لە ماوەی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا بیگەیەننە ٢٠٠ ملیار. کەواتە ئەگەر فەرەنسا دۆست و نزیکی کوردە بۆچی نایەت لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دابنیشێت و لەسەر مافەکانی کورد بە وەڵام بێت؟

سێیەم: هەموو ئەو سەفەرانەی کە ئەندامانی حکومەتی هەرێم دەیکەن بۆ فەرەنسا و نەمسا و داڤۆس و ... هەتا دوایی، بێجگە لە پارە بە فیڕۆدان هیچ شتێکی تری لێ ئەنجام نەدراوە.

لە کۆتاییدا ئەگەر زانیارییەک یان ئامانجێکی تازە هەیە لەسەر کورد و کوردستان، با عادل باخەوان پێمان بڵێت و ئێمەش وەکو ئەو گەشبین بین، ئەگەر وانییە کەواتە ئەویش سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوە و چیتر وتەکانی متمانەی پێ ناکرێت. بەپێی هەموو ڕاوێژکارەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستاندا هیچ پڕۆژەیەکیان نییە بۆ دواڕۆژی کورد و کوردستان. کەواتە د.عادل باخەوان دوای ئەو هەموو زانیاریانە بۆچی لێتببوورین؟؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×