خەباتی سیاسی کەتەلۆنییەکان چیمان فێر دەکات

موفید محەمەد نوری
  2024-08-10     936

کەته‌لۆنیای ئیسپانیا کەوتووه‌تە سەرووی ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیا، چوار شاری سەرەکی لە خۆ دەگرێت و پایتەختەکەی شاری بەناوبانگ 'بەرشه‌لۆنە'یە، کە پێنجەمین شارە لە ئەورووپادا و خەڵکی زۆری تێدا دەژی. لە دوای ساڵی ١٩٧٥ـه‌وه‌، کاتێک دیکتاتۆری ئیسپانیا، فرانکۆ، مرد، بووە سەرەتایەکی تازە بۆ ئیسپانیای دیموکراسی. کەتەلۆنیا وەک هەرێمێکی جیا سەربەخۆیی وەرگرت لەژێر ڕکێفی ئیسپانیادا، کە توانیی زمانی ڕەسمیی خۆی و پەرلەمان پێک بهێنێت، هەروەها بوو بە یەکێک لە زیندووترین بەشی ئیسپانیا لە ڕووی ئابوورییەوە.

لە ساڵی ١٩١١وە خەڵکی کەته‌لۆنیا پشتیوانییەکی گەورەی سەربەخۆیی کەته‌لۆنیایان کردووە، چونکە کەتەلۆنییەکان خۆیان لە ئیسپانییەکان بە جیاواز دەزانن و دەڵێن: "ئێمە خاوەنی مێژوو و کولتوور و زمانی خۆمانین." بۆیە دووبارە هەستی ناسیونالستی کەتەلۆنییەکان داوای سەربەخۆیی کەتەلۆنیا دەکەن و پەرلەمانی کەتەلۆنیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا بانگەوازی ڕیفراندۆم بکەن.

لە ١/١٠/٢٠١٧دا ڕیفراندۆم لە کەتەلۆنیا کرا، زۆری سندووقی دەنگەکان لە زۆربەی شارەکاندا دانران، سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆی کەتەلۆنیا "کارلۆس پۆنچی مۆند" بوو. لە ڕۆژی ڕیفراندۆمەکەدا پۆلیسی ئیسپانی هێرشی کردە سەر زۆربەی بنکەکانی دەنگدان، زۆرێک لە بنکەکانی دەنگدانیان شکاند، خەڵکەکەش هاواریان دەکرد بۆ پۆلیس و پێیان دەگوتن: ترسنۆکەکان... پیاوکوژەکان...، پیاوەکانی حکومەتی ئیسپانی بەوەشەوە نەوەستان، لەبەر چاوی هەموو ڕاگەیاندنەکانی جیهان کەوتنە گیانی ئەو خەڵکەی خۆپیشاندانیان دەکرد و دەچوون بۆ دەنگدان. لە ئەنجامی پەلاماری پۆلیسدا زیاتر لە چوارسەد و پەنجا کەس بریندار بوون، پۆلیس توانیی ٣٧٦ سندووق بشکێنێت.

حکومەتی ئیسپانیا پەرلەمانی کەتەلۆنیای هەڵوەشاندەوە، توانی نۆ لە سەرکردە ناودارەکانی بزووتنەوەی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا زیندانی بکات، لەوانە کارلۆس پۆنچی مۆند خۆی نەدا بەدەستەوە و لە ئیسپانیا ڕایکرد بۆ بەلجیکا. ئیسپانیا سزای ١١ ساڵ زیندانی بەسەر کارلۆس پۆنچی مۆنددا سەپاند، کارلۆس لە بەلجیکا گوتی: متمانەم بە دادگای ئیسپانیا نییە.

لەژێر فشاری حەوت دادوەردا لە ساڵی ٢٠٢١دا لێبوردنی گشتییان بۆ سەرکردەکانی کەتەلان دەرکرد، بەڵام بەبێ کارلۆس پۆنچی مۆند؛ سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆی کەتەلان بەبی کۆڵنەدان بەردەوام بوو لە خەباتی سیاسی دژی دەوڵەتی ئیسپانیا، هەر بۆیە بوو بە سیمبولی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا.

جۆن کارلن، یەکێک لە ڕۆژننامەنووسە بەریتانییەکان، كه‌ باوکی سکۆتلەندی و دایکی ئیسپانییه‌، ماوەیەکی زۆرە لە ئیسپانیا دەژی، هه‌ر لە ساڵەکانی ٢٠١٠کانەوە، لە نزیکەوە چاودێریی بزووتنەوەی سەربەخۆیی کەته‌لۆنیای کردووە و دەڵێت: کاتێک لە ساڵی ١٩٩٨دا هاتمە بەرشه‌لۆنە بۆ ژیان، بزووتنەوەی سەربەخۆیی کەته‌لۆنیا سێ کەس و مێزێک و سەگێک لە پاڵیاندا، لە جادە پانەکەی بارشلۆنە ڕاوەستابوون، کەس گرنگیی بەوە نەدەدا کە ئاڵای کەته‌لۆنی لە سەر مێزێک دانرابوو.

حکومەتی ئیسپانی نەیهێشت ئەو ڕیفراندۆمە بە ئاشتییانە بە ڕێوە بچێت، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بشێوێنێت و لە کۆتاییشدا ئەنجامەکەی شێواند. لە سەروو ئەوەشەوە کە حکومەتی ئیسپانی توندوتیژیی زۆری لە دژی دەنگدەران بەکار هێنا، بەڵام لە ئەنجامدا دوو ملیۆن و دووسەد هەزار کەس توانییان دەنگ بدەن کە دەکاتە لە ٤٢٪. پێنج ملیۆن کەته‌لۆنی ناویان تۆمار كرابوو بۆ دەنگدان. ئەو دوو ملیۆنەی کە بە 'بەڵێ' دەنگیان دابوو بۆ سەربەخۆیی کەته‌لۆنیا، کردیە ٩٠٪. بزووتنەوه‌ی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا و سەرکردەکان داوایان لە حکومەتی ئیسپانی کرد کە ڕێز لە دەنگی خەڵک بگرێت، پێویستە گوێ لە بڕیاری دەنگدەران بگرێت.

لە مانگی شەشی ٢٠٢٤دا پەرلەمانی ئیسپانیا لێبوورنی گشتیان دەرکرد بۆ کارلۆس پۆنچی مۆند کە بگەڕێتەوە ئیسپانیا، ئەویش ئەنجامی ئەوەی کە سووربوو لەسەر داوای خۆی. بەشێک لە تاوانەکانی سەر پۆنچی مۆند لابران کە لەوە و پێش بە هۆی داواکاری بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا خستبوویانە پاڵی، ئەمە بووە هۆی ئەوەی  کە ڕاستڕەوەکانی ئیسپانیا تەواو توڕەبن.

لە ٨ی مانگی هەشتدا کارلۆس پۆنچی مۆند هاتە ناو ئیسپانیاوە، بە پێشوازی و پاپۆرەی خەڵک بە گەرمی بە سنووری فەرەنسادا هاتە ناو کەتەلۆنیاوە، هەزاران خەڵک چواردەوریان تەنیبوو، پۆلیس ناتوانێ بیگرێت، چونکە سوورە لەسەر خەباتی سیاسی خۆی، ئەوانەی چواردەوری کارلۆس پۆنچی مۆندیان گرتووە هوتاف دەکێشن و دەڵێن پێویستمان بە سەربەخۆی هەیە، کارلۆس پۆنچی مۆند دوای دووهەزار و چوارسەد و حەفتا و پێنج ڕۆژ گەڕایەوە و وتاری خۆی دا، پۆلیس چواردەوری شوێنەکەیان گرتبوو کە هەزارەها خەڵکی لێ بوو، کە لە وتارەکەی تەواو بوو و هاتە خوارەوە ئاپۆڕای خەڵکی چواردەوریان لێ دا، بەڵام بەپێی چاودێران دەڵێن چۆتە ناو سەیارەیەکی سپییەوە و ئەو شوێنەی بە جێ هێشتووە. هەرچەند پۆلیس هەستا بە داخستنی دەروازەکانی بەرشەلۆنە بۆ ئەوەی دووبارە کارلۆس پۆنجی مۆند بگرنەوە، بەڵام نەیانتوانی و دووبارە گەڕایەوە بۆ بەلجیکا.  هەروەها کارلۆس پۆنجی مۆند دەستووری ١٥٥ی هەر لەسەر ماوە، کە پەیوەندی هەیە بە گەندەڵی لە بە فیڕۆدانی سامانی نەتەوایەتی کە دەبێت بچێتە بەردەمی حاکم.

«سەربەخۆی مافی خۆمانە لە دەرەوەی دیموکراس نییە.»

لە کۆتایدا تێبینییەکی بەراوردکەرانە لە نێوان سەرکردەی بزووتنەوەی کەتەلۆنییەکان و سەرکردەی بزووتنەوەی ڕیفراندۆم لە کوردستانی باشووردا:

کارلۆس پۆنچی مۆند لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ بڕیاری دا نەچێتەوە ژێر فرمانی ئیسپانیا و لە خەباتی خۆی بۆ خەڵکەکەی بەردەوام بێت. بەڵام سەرکردەکانی بزووتنەوەی ڕیفراندۆمی کوردستانی باشوور دوای دوو ڕۆژ داوای گفتوگۆیان لە دەوڵەتی ناوەند دەکرد و جۆرێک لە پەشیمانییان پیشان دا.

کارلۆس پۆنچی مۆند بڕیاری داوە وەکو 'چیڤارا' خۆی بەخت بکات لە پێناوی سەربەخۆی کەتەلۆنیا. سەرکردەکانی باشوور لە پێناو مانەوەی خۆیاندا لە دوای ڕیفراندۆمەوە چەندین سەودا و تەنازولیان بۆ دەوڵەتانی عێراق و تورکیا و تاران کردووە، بڕیاری ئەوان مردنە لە خەستەخانەکانی کوردستان، یان ئەورووپا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×