ستراتیجی ڕوبەڕوبونەوەی یەکێتی و پارتی

محەمەد غەریب حسێن
  2024-10-19     329

عەلی عیزەت بیرگۆفیج وتەیەکی زۆر بەنرخی هەیە کەدەڵێت پێشکەوتنی ڕوژئاوایەکان بەهۆی زانستەکەیانەوە نیە، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕەخنانەوەیە کە لەخۆیانی دەگرن و هەوڵی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان و باشکرنی خۆیانی پێدەدەن. زۆرگرنگە کە ئێمەش وەک هاوڵاتی ڕەخنە لەخۆمان بگرین بۆئەوەی ڕاستیەکان بدۆزینەوە و بتوانین لەڕێگەیانەوە خۆمان و سیستمی حوکومڕنی خۆمانی پێ چاکبکەین.

هەریمی کوردستان زیاتر لە سێ دەیەیە لەژێر قەڵەمڕەوی و هەژمونی دوو پارتی سیاسیدایە کە لەڕوی واقیعیەوە دابەشیانکردوە بۆ دوو زۆنی جیاوازی دەسەڵات و حوکومڕانی کە بونەتە سەرچاوەی کێشەکان لە هەرێم کوردستان، لەپێناو چاوارچێوەیەکی تەسکی حیزبی و شەخسی خۆیان خەریکە قەوارەکە بەرەو هڵدێر و لەناوچون دەبەن. لەپێناو بەرەوپێشچونی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و چاکسازی ورد و گشگیر و ڕاستەقینە بەگرنگی دەزانم کە دان بەڕاستیەکاندا بنێین، بەئامانجی ئەوەی لەڕێگەیانەوە ڕەخنەی توند ئاڕاستەی یەکێتی و پارتی وەک بکەری زەبەلاحی گەندەڵی بکەین و خۆشمان وەک بەرکار و قوربانی گەندەڵی دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە هەنگاو بەرەو چاکسازی سیاسی و دورخستنەوەی یەکێتی و پارتی لە دەسەڵات بنێین، وە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی مێژوی و نەتەوەی بۆ چاکردنی سیستم و جۆری حوکومڕانی لە هەرێمی کوردستان یەکڕیز و کۆدەنگبین دژ بەو جۆرەی حوکومڕانی بین کە ئەو دوو حیزبە سەپاندویانە.

سەرەتای ئەم مۆدێل و نەهامەتیەی حوکومڕانی دوو زۆنی یەکێتی و پارتی دەگەڕێتەوە بۆ ڕوداوەکانی پێش شەڕی ناوخۆ، جگەلەوەی کە کە ئەم دوو حیزبە ئامادە نەبون یەکتر قبوڵکەن بگرە تێگەیشتنیان بۆ پرۆسەی دیموکراسی و بەدامەزراوەی کردنی وڵات و بەڕێوەبردنی لەڕێگەی یاسا و ڕێنمایەکانەوە زۆر سنورداربوو تا ئاستی نەبونی. داوای یەکەم هەڵبژارنی هەرێمی کوردستانی یەکێتی و پارتی شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند کە تێیدا زیاتر لە 5000 کوژراوی ڵێکەوتەوە و بوە هۆی ماڵوێرانیەکی گەورە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و کۆستێکی گەورەی بە پڕۆسەی دیموکراسی و کاری پەرلەمانی گەیاند، وەهەر زوو ڕوی ڕاستەقینەی ئەم دوولایەنەی دەرخست. ئەوە ڕونە کە یەکێتی و پارتی هەرلەسەرەتاوە نەیان توانی هەرێمێکی یەگرتوی و خۆگرتو دروست بکەن، دوای شەڕی ناوخۆش بەنێوەندگیری ئەمریکا کە بە ڕێکەوتننامەی واشنتۆن ناسراوە هەرێمی کوردستانیان دابەشکرد بەسەر دوو زۆنی دەسەڵاتی حیزبی زەرد و سەوز، وە پاشان یەکێتی و پارتی دوای بەرژەوەندی حیزبی خۆیان کەوتن لەدروستکردنەوەی عێراقی نوێ، بەجۆرێک کە پلە و پۆست و ماددە دۆزە نەتەوایەتیەکەی لەبیربردنەوە و کەوتن بەسەر پارە و خێر و بەرەکەتی عێراقی دوای بەعس، لەجیاتی بەکارهێنانی ئەو داهاتانە لە ژێرخان و دروستکردنی وڵات و هەرێمێکی تۆکمەی دامەزراوەی یەگرتوو، کەوتنە بەفیڕۆدانی داهاتەکان و گەندەڵییەکی کارەساتاوی و دروستکردنی هێزی چەکدار لەدەرەوەی یاسا و لەژێر هەژمون و فەرمانی حیزب و ئەشخاس بۆگیانی میلەت و ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەنوس. هەردولایان وێنەیەکی زۆر ناشرینی حوکومڕانی کوردیان نیشانی خەڵک و وڵاتانی دونیاشدا، کە پڕی بوو لە ئیدارەدانێکی خراپ و نادیموکراسی و زاڵبونی هەست و بەرژەوەندی کەسی بەسەر بڕیار و چارەنوسی هەرێمەکەدا کەبوە هۆی لەدەسدانی خاکێکی زۆری هەرێمی کوردستان و برسیکردی هاوڵاتیانی و نەمانی ئاسایش و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵگا. من پێم وایە کە هەرێمی کوردستان تائێستاش وەک بەڕێکردنێکی دوای شەڕی ناوخۆ لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە بەڕێئەکرێ وەک زەمەنێکی ئینتقالی، نەک وەک ئەوەی کە وەک کیانێکی دەستوری بێت و بەشێوەیەکی تەندروست و لەچوارچێوەی یاسا و بەهادیموکراتیەکان و دامەزراوەی تۆکمە و تەندروست بەڕێوەببرێ. من پێموایە کە بە سروشتی حاڵ لە تەواوی دونیا بەر لە قۆناخی چاکسازی دەبێت زەمینەی پێش چاکسازی دروست بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لەداهاتودا چاکسازی بکرێت و ڕێگری بۆ دروست نەبێت، وە من پێم وایە کە زەمینەی پێش چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بە لابردن یان بەلای کەمی لاوازبونی یەکیتی و پارتی وەک دوو حیزبی دەسەڵات قۆرخکەری تەواو دەکرێت ساسبکرێت چونکە من یەکێتی و پارتی بە کۆسپی سەرەکی و هەرەگەورەیان دەبینم لەبەردەم چاکسازی و دۆزی گەورەی کورد و خەونبینینی کوردانە و بەرەوپێشچونی هەرێمی کوردستان لەهەموو ڕویەکەوە، لێرەوە یەکەم هەنگاوی زەمینەسازی بۆ چاکسازی بریتیدەبێت لە داماڵین و زۆر لاوازکردنی یەکێتی و پارتی لە دەسەڵات، کەمن لێرەدا سێ خاڵی ستراتیجی گرنگ دەخەمەڕوو بۆ داماڵینی ئەم دوو حیزبە لەدەسەڵات.

بەبڕوای من ئەم سێ خاڵ زۆر گرنگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ستراتیجیانەی یەکێتی و پارتی:

یەکەم: لاوازکردنی شەرعییەتیان (ڕەوایەتیان) لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە:

1- لە ئێستادا یەکێتی و پارتی پێیانوایە کە هەرچەندە جەماوەرێکی زۆریان لێتەکیوەتەوە بەڵام هێشتا بای ئەوە جەماوەر و کادریان هەیە کەبتوانن بونی ڕەوایەتی خۆیانی پێوە ببەستنەوە، بەتایبەتی لەکاتی دەنگداندا بیانبەنە سەر سندوقی دەنگدان جا لە ژێرفشاردابێت یان نا ڕەوایەتی خۆیانی لێوە بەدەست بێننەوە، وە خەڵکە ناڕازیەکە کە زۆرینە پێکدێنێت بەژداری دەنگدان ناکات و بایکۆتی کردوە کە ئەمه هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، چونکە یەکێتی و پارتی بە جەماوەرە کەمینەکەی خۆیانەوە دەنگدان تێدەپەڕێنن و بەدەنگێکی کەمینەوە کورسیەکی زۆری پەڕلەمانی بەدەستدێنن و دەبنە حاکمی موتڵەق و وەک هەمیشە لەنێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن و واتا کەمینەیەکی دوو حیزبی حوکومی زۆرینەیەکی زۆر دەکات، ئەوەی کەڕونە لێرەدا ئەوەیە کە ڕەوایەتی ئەم دووحیزبە لەڕاستیدا زۆرلاوازە، تەنها لەبەژدارینەکردنی زۆرینە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرچاوەی گرتوە ئەگەرنا یەکێتی و پارتی خاوەنی ئەو ڕەوایەتیە نین کە بتوانن خۆیان حوکومەت دروست بکەن، لێرەوە داوا لەهەوڵاتیانی ناڕازی دەکەم کە زۆر گرنگە بۆ لاوازکردنی ڕەوایەتی یەکێتی و پارتی بەجۆش و خرۆشەوە بەژداری هەڵبژاردنەکان بکەن و دەنگبدەن بە لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی. ئەمە سەرەتاترین هەنگاوە لە ستراتیجی ڕوبەڕووبونەوەی یەکێتی و پارتی کە بە بەژداری زۆری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدیدێت و ڕوایەتی ئەو دووحیزبە نامێنێت و حوکومەتیان بۆ پێکنایەت و دونیا پشتیان تێدەکات.

2- خاڵی دوەم لە ڕوبەڕوبونەوەی ستراتیجیانەی یەکێتی و پارتی بریتیە لە هێزی چەکدار، دەرهێنانی هێزی چەکدار لەژێر دەسەڵاتی حیزبی ئەواندا و دروستکردنی هێزی چەکداری نیشتیمانی و بە دامەزراوەی کراو.

لەدوای نەمانی ڕوایەتی یەکێتی و پارتی بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە وەک سروشتی حاڵی خۆیان پەنادەبەنە بەر هێزی چەکدار و زەبروزەنگ بۆ چارەسەرکردنی لایەنی ڕەوایەتیان و سەپاندنی بونی خۆیان و دەسەڵاتیان، وەک چۆن لەبابەتی داخستنی پەڕلەمانی کوردستان بینیمان. بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە زۆر گرنگە کە ڕەوایەتی لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی وەک ڕەمزی هاوڵاتی ناڕازی لە دەسەڵات زیاتر و زیاتربێت لە ڕێگە بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر بۆ دروستکردنی فشار لەسەر هەردووحیزبی دەسەڵات، وەهەروەها هاوپەیمانان و بەتایبەتی ویلایەتە یەگرتوەکانی ئەمریکا ڕۆڵی زۆرگرنگیان لەم ڕوەوە هەیە بەرداوام لەهەوڵدان بۆ یەکخستنەوە و ڕێخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80، وە بەردەوامی پشتیوانی خۆیان بۆ حوکومەتەکەی یەکێتی و پارتی بەستۆتەوە بەم بابەتەوە. لەلایەکی ترەوە حوکومەتی ناوەندی بەغداد موچەی هێزەکانی یەکێتی و پارتی وەک بارمته و فشار بەکاردێنێت هەتا ئەوکاتەی کە تەواوی داتاکانی هێزەچەکدارەکانی ڕادەست دەکەن بۆ ئەوەی موچەکانین بگوازرێتەوە سەر بەغداد، لێرەوە وابەستەی ئەم هێزانە بۆ یەکێی و پارتی نامێنێت و هەتابێت زیاتر بەرەو هێزێکی نیشتیمانی بەدامەزراوەی کراو هەنگاو دەنێن و لەدەست یەکێتی و پارتی دەبنەوە.

3- خاڵی سێسەم و کۆتای لە ڕوبەڕوبونەوەی ستراتیجیانەی یەکێتی و پارتی بریتیە لە وشککردنی سەرچاوەی داراییان:

دەسکەوتە دارایەکانی یەکێتی و پارتی زۆرینەی هەرەزۆری لەدەرەوەی یاسایە و تەواو ناشەرعیە کە لە نەوت و قاچاخچێتی خاڵە سنوریەکان و داهاتی ناوخۆ و سەرانەسەندن و کۆمپانیا حیزبیەکان و وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵات بە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان دەستیان دەکەوێت. لەڕوی ئابوریەوە کار و بارەکانی حیزب و بەڕێوەبردنی میدیاکانیان و هێزە چەکدارەکانیان و ڕاگرتنی زۆرێک لە جەماوەری خۆیان بەستۆتەوە بم داهاتانەوە و بەئارەزوی خۆیان تەخشان و پەخشانی ئەکەن. بۆیە لەئەگەری وشککردنی ئەم داهاتە نا یاسای و نا شەرعیانە هەردوو حیزب ئیفلیج دەبن و توانای خۆبەڕێوەبردنیان نامێنێت و بەرەولاوازی و نەمان دەچن. ئەوەی تائێستا یەکێتی و پارتی هێشتۆتەوە کۆمەڵێ بەهای جوانی مودێرن و کاری باشی ئەوان نیە بەڵکو ئەو ڕەوایەتیە تەزویراوییەی هەڵبژاردنەکان و هێزە چەکدارەکانیان و داهات و دارای نایاسای و ناشەرعیە وە لەکاتی نەمانی ئەمانە هەردووکیان دەکەون و توانای بەردەوامیان نامێنێت.

لەکۆتایدا ماوەتەوە کە داوایەک بکەم و بڵێم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت بزانن کە هەنگاوی یەکەمی ڕوبەڕوبونەوەی ستراتیجییانە لەدژی یەکێتی و پارتی بریتیە لە بەژداری کردنێکی کارای هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی 20 ی ئۆکتۆبەر و دەنگدان بەلایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبە و لێسەندنەوەی ڕەوایەتی لێیان کە بەجۆرێک نەتوانن خۆیان حوکومەت دروستبکەن. زۆرگرنگە کە گۆڕانکاریەک بەم گەورەییە بێتە ئاراوە و دەبێت بەیەکەم هەنگاوی ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەقینە ستراتیجیانە لە دژی یەکێتی و پارتی، وە پێم وایە کە گەل خۆی دەبێت گۆڕانکاری دروست بکات نەک کەسی تر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×