یەکێتی و پارتی و هێزی چەکدار و هەڵبژاردن

محەمەد غەریب حسێن
  2024-10-05     334

وابڕیارە دوای چوار جار دواخستنی هەڵبژاردن لەکۆتایدا هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە 20 ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت. وێڕای نیگەرانی زۆر لەدواخستنی هەڵبژاردنەکە ئەم هەڵبژاردنە جۆرێک لەهیوای پێوەدیارە چونکە لەلایەن بەغدادەوە بەڕێوەدەچێت و تاڕادەیەک هەلی تەزویرات و ساختەکاری سنوردارکراوە کە ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، نیگەرانیەکە زیاتر لای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە بەڕادەیەک کە کۆتاجار هەڵبژاردنەکان بە فشاری زۆری ئەوان دواخرا، ترسی پارتی لەهەڵبژاردنەکان بەڕادەیەکبوو کە نێچیرڤان بەرزانی گەیاندە تاران و پەیوەندیەکانی پارتی لەگەڵ ئێراندا ئاسای کردەوە. ئاسای کردنەوەی پەیوەندیەکانی پارتی و ئێران دوای کۆبونەوە نهێنیەکانی هەرودلاهات لە هەولێر کە پارتی نابەدڵانە و بەناچاری چوبوە ناو ئەودانوساندنانەوە، ئەوەی کەبەدەستیشی هێنا چەندمانگێک دواخستنی هەڵبژاردنەکان بوو، چوکە ئەوسا پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوابوو کە بەهۆی جەنگی نێوان فەڵەستین و ئسڕائیل لەمانگی 8 ی 2024 گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە ڕودەدات و ناوچەکە بەرەو پشێوی زیاتر دەچێت و بەناچاری هەڵبژاردن ناکرێت و دوادەخرێت، ئەوەبوو کە لە لایەن ئیسڕائیلەوە ئیسماعیل هەنیە لە 31 جوڵای لە ئێران شەهیدکراو لە 27 سێپتەمبەریش حەسەن نەسروڵا لە لوبنان کوژرا دۆخی ناوچەکەی تەواو شلۆق و هەستیار کرد بەڵام کاردانەوەکان نەگەیشتە ئەوئاستەی کە پارتی چەوەڕوانی دەکرد، (ئێرانیەکان زۆر پڕاگماتیزمانە مەمەڵەیانکرد)، بۆیە پارتی نائاکام مایەوە و ئێستا بەناچاری و نابەدڵ بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات، ئەگەر ئەمجارەش بەڵایەکی تر بۆ هەڵبژاردنەکان بەڕێنەبێت و دوای نەخات. هەرچەندە کە بەهۆی هەستیاری بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەگەری هەیه لەهەرکاتێکدا بارودۆخەکە تێکبچێت و عێراقیش بەهۆی گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە بگلێته شەڕەی ئیسڕائیلەوە و بۆ جاری پێنجەم هەڵبژاردنەکان دوابخرێت. وە لە ئەنجامی دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئێران، پارتی توانی هەندێ کورتە دەسکەوتی دیکە بەدەستبێنێت وەک کوردەواری خۆمان دەڵێت ( زەرەر لە نیوەی بگەرێتەوە قازانجە) وەک هەندێک گۆڕانکاری بەتایبەتی لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەغداد و وەرگرتنەوەی 3 کورسی پێکهاتەکان، قبوڵکردنی پڕۆژەی (هەژماری من) دروست ڕۆژێک بەر لە سەردانی مەسعود بەرزانی بۆ بەغداد.

هەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە پێیوایە کە ئەستێرەی بەختی ڕوولە گەشانەوەیە بەتایبەت دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و ئەو پەیوەندیانەی کە لەگەڵ ئێران و لایەنە شیعیەکانی عێراق هەیەتی وە هەروەها دوای ڕوداوەکانی 8 تەموز یەکێتی پێیوایە کە دەتوانێت سەنگی خۆی ڕاستبکاتەوە و لە ڕوی ئیداری و سیاسی و ئابوریەوە سەنتەری وەرگرتوەتەوە و یەک بڕیاری هەیە، توانای ململانێی لەجاران باشترە وەک چۆن لە کەرکوک دەنگی یەکەمی بەدەست هێنا و پارێزگاری دانا و ڕێگریکرد لە درێژکردنەوەی کۆمسیۆن و پرسەکەی بردە بەغداد و لەوێ بە بەرژەوەندی خۆی یەکلای کردەوە، بەڵام ڕاستیەک هەیە کە دەبێت زۆر باش تێبگەن کە ژمارەی کورسیەکانیان کەمتر دەبێت لە ژمارەی کورسیەکانی پارتی بەنزیکەی نیوە یان هەندێک لەنیوەزیاتر، وە باشترین و خوازراوترین حاڵەت بۆ یەکێتی ئەوەیە کە پارتی نەتوانێت بەتەنها نیوەزیاتری کورسیەکانی پەڕلەمان بەدەستبێنێت و یەکێتی بتوانێت تەواوکەرێکی باشیبێت، لەم حاڵەتەدا جێگری سەرۆکی حوکومەت و سەرۆکی پەرلەمان وەردەگرن، ( پێم وایە کە قورسە سەرۆکی هەرێم وەربگرن بەهۆی ئەوبارودۆخەی کە سەرۆکایەتی هەرێم بەسروشتی خۆی هەیەتی).

 

وێناکردنی یەکێتی وەک هێزێکی ناڕازی لای هاوڵاتی هەزمنەکراوە:

یەکێتی دەیەوێت وەک هێزێکی ناڕازی لە حوکومەت هەرێمی کوردستان وێنای خۆی بکات لەکاتێکدا کە جێگری سەرۆکی حوکومەت (قوباد تاڵەبانی) ە و دەسەڵاتی یەکەمی یەکێتیە و برای بافڵ تاڵەبانیە و کوڕی مام جەلالە و خاوەنی هێزی چەکدارن و چەندین پۆست و پلەی باڵایان لەحوکومەتدا هەیە و فەرمانڕەوای زۆنی سەوزە، چۆندەکرێت وەک ناڕازی وێنای خۆیانبکەن، پێم وایە ئەمە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی چونکە ئەوان هاوبەشن لە حوکومڕانی و دەسەڵات، ئەمە (ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتی و بێتواناییە و بۆ چاوەشەکردنی خەڵکە).

 

یەکێتی و پارتی بەرژەوەنیەکانیان گرێدراوی یەکرین:

یەکێتی و پارتی بەرژەوەنیەکانیان گرێدراون و زور زیاترە لە ناکۆکیەکانیان بویە نەیانگەیاندۆتە مریشکە ڕەشە بەڵکو ئیدارەیەکی پڕاگماتیزمانەی ململانێکانیان دەدەن وەک ڕکابەر، پەندێکی کۆری هەیه دەڵێت (دەسەڵات بێ دوژمنێکی سیاسی (واتە بە بێ ڕکابەر) وەک ئاوی مەنگ وایە، زوو بۆگەندەکاو و تیادەچێت.) بۆیە نەیارێکی سیاسی گرنگە بۆمانەوەت لەدەسەڵات و بەردەوامی پێدانی بەڵام گرنگە ئەو نەیارە لاوازبێت نەک بەهێز، ئەمە دروست پەوەندی نێوان یەکێتی و پارتیمان بۆ ڕوندەکاتەوە، بەتایبەتی ویستی پارتی کە نایەوێت یەکێتی بەتەوای بکەوێت و توانای ململانێی نەمێنێت بەڵام گرنگیشە کە زۆر بەهێز نەبێت، چونکە هەردولایان باش دەزانن کە دەبێت لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانیان بەردەوامییان هەبێت و لەسەر ناکۆکیەکانیشیان ململانێیەکی سنوردار بکەن، ئەمە هاوکێشەی هێشتنەوەی ئەوانە. هەردولایان لە لایەنی ئابورییەوە تەواو هاوکارن و گەندەڵی زور بویەکتر دادەپۆشن وەک لە بەرامبەر وەفدەکەی بەغداد و تەیف سامی بینیمان کەچون مەسرور بەرزانی پەردەپۆشی قاچاخچێتی لە باشماخ کرد و قوباد تاڵەبانیش سپیپۆشی نەوتی قاچاخی لە برایم خەلیل و حاجی هۆمەران کرد.

 

لەڕوی ئەمنیەوە:

لەڕوی ئەمنیەوە هەندێکجار و بەگوێرەی بارودۆخەکە و بەهۆی خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازیان کێشە دەکەوێتە نێوانیا بەڵام هەرچۆنێکبێت لەسەری ڕێدەکەون وەک لە کەیسەکانی هاوکار جاف و نیاز دەرگەڵەی و بێهزاد حەسرەوی زوری تر بینیمان. هەرچی ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانیە لەهەردوو زۆن لەئاستێکی زۆر خراپدایە و بەمەترسی بۆ خۆیانی سەیردەکەن و ناتوانن هەزمی ڕەخنەبکەن و لەسەر کۆمێنتێکی فەیسبوک دەتگرن و دەتکوژن و تاوانبارت دەکەن و بەردەوام چەکدار و کادرەکانیان ڕادەسپێرن کە لە ئەکاونتی فەیسبوک و سوشیال میدیاکانیانەوە ڕەسمی مام جەلال و مەسعود بارزانی و نەوەکانیان دابنێن ئەگەرنا موچەکانیان ڕادەگرن و فەسڵ و نەقڵیان دەکەن.

 

هێزی چەکدار لەدەرەوەی یاسا:

یەکێتی و پارتی خاوەنی هێزی چەکدارن و لەئەگەری ڕازینەبونیان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکرێت هێز بۆ یەکلایکردنەوەی هاوکێشە سیاسیەکان بەکاربێنن، بەتایبەتی ئەمە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاستە بەوپێیەی کە بە گومانەوە لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڕوانێت کە بۆ یەکەم جارە هڵبژاردن لەکوردستان دەبات بەڕێوە، وەهەروەها پاکسازی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا کراوە و کەسانی مرد و بیانی لێ پاککراواتەوە و بەتایبەتی دوای ئەوەی موچەی هێزەکانی ڕۆژ بڕدرا لە لایەن بەغدادوە کە سەر بە پارتین، نیگەرانیەکانی پارتی هاوکاتە لەگەڵ لەشکر کێشی سپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان. هێزە چەکدارەکانی یەکێتی و پارتی هێزانێکی نیشتیمانی بەیاسایکراو نین و لەچوارچێوەی گرووپ و حیزب و شەخسدا کۆکراونەتەوە، بۆیە بەئاسانی بۆ یەکلای کردنەوەی ململانێکان بەکاردەهێنرێن دژ بە هاوڵاتی و ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان، لێرەوە پێموایە لەئەگەری ڕازینەبون بەهەڵبژاردنەکان دەستێوەردان دەکەن، کە من هیوادارم وانەبێت و هێزەچەکدارەکانیان لە چوارچێوەی یاسادا یەکبخرێتەوە و بەنیشتیمانی بکرێت و بەرگری لەخواستی گەل بکەن نەک یەکێتی و پارتی و ئەشخاسەکان.

 

بۆچی هێزی چەکدار نابێت بەژداری دەنگدان بکات:

لەوڵاتانی دیموکراتخواز هێزی چەکدار بەیاسا ڕێگری لێکراوە کە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات، چونکە ئەرکی سەرشانی هێزی چەکدار و سوپای نیشتیمانی ئەرکێکی زور پیرۆزە کە بریتیە لە پاراستی وڵات لەهەر هەڕەشەیەک بۆسەر وڵاتەکە، بۆیە نابێت لایەنگری سیاسی بۆ هیچ گروپ و لایەنێک لەناوخۆی وڵاتدا بۆ دروست ببێت و ئەرکە پیرۆزەکەی خۆی بۆ وڵاتەکەی لەبیربکات، بۆیە لەکاتی بەژداریکردنی لە دەنگداندا ئەوا ڕاستەوخۆ لایەنگری گروپێکی سیاسی بۆ دروست دەبێت و کە لەوانیە کاربکاتە سەر ئەرکەکەی کە پاراستی وڵات و هاوڵاتیانە لەسەرتاسەری وڵاتدا، بۆیە لەوڵاتانی نادیموکرات زور جار دەبینین کە سەربازەکان بەژداری لە دەنگدان دەکەن ئەمە هۆکارێکە بۆ کودەتای سەربازی لەو وڵاتانە. پارتی و یەکێتی خاوەنی زۆرێک لە هێزی چەکدارن کە ناڕێکخراون لە چوارچێوەی چەند گروپێکدا دابەشبون وەک هێزەکانی 70 و 80، بۆیە ناکرێت بە هێزێکی نیشتیمانی ناوزەندبکرێن بەڵکو ئەوانە هێزی حیزبین و لەدەرەوەی یاسان و دەبێت بەیاسا یەکبخرێن و ڕێکبخرێن بۆئەوەی ببنە هێزێکی نیشتیمانی ( خاڵی جیاکەرەوەی مافیا و پۆلیس یاسایە)، وە زور جار وەک هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەی یەکتری هەڕەشەیان پێدەکەن و دەیانجوڵێنن ، وه بەزۆر و لەژێر هەڕەشەی ئەو دوو حیزبەدا بەژداری دەنگدانیان پێدەکرێت ئەگەر نا ئەوا سزای توندیان دەدەن، ئەمە زۆر ترسناکە وڵات بەرەو نائارام و دابڕانی زیاتر پەلکێش دەکات. داوا لەهێزە چەکدارەکان دەکەم کە دوای یەکێتی و پارتی نەکەون و بەشداری لەهەڵبژاردن نەکەن و هەموو ئامانجی ئەوان بریتیبێت لە پاراستنی خاک و وڵات و هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی، وە نابێت هیچ لایەنگریەکتان بۆ هیچ هێزێکی سیاسی هەبێت بەتایبەتی یەکێتی و پارتی.

 

هەڵبژاردن لەپێناوی چیدا:

هەڵبژارن وەک ڕەمزێکی دیموکراسی و ئازادی لە دیاریکردنی کەسانی خوازراو لەلایەن گەلەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی خەڵک بەباشترین شێوە و لەسەر بنەمای بەڵێنەکانی بەر لە هەڵبژاردن و بەگرێبەستێک لەنێوان گەل و هەڵبژێردراوەکەدا بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردن دەبێت لەپێناو بەدیهێنانی خواستی گەلدابێت نەک میکانیزمێکبێت بۆ ھێشتنەوەی پاوانخوازیی شەخسیی و حیزبیی وەک یەکێتی و پارتی و سەرانیان، نەک ڕێگەبێت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی چەند خێزانێکی سیاسیی سوڵتانیی و دروستکردنی سوپایەک لە رەعیەتی بێماف و بێداخوازیی. ناکرێت هەڵبژاردن تەنها پەیامێک بێت بۆ ڕازیکردنی ڕوکەشیانەی دونیای دەرەوە، ڕازیکردنی جیھان بە حوکمی ئەو خێزانە سیاسییە سوڵتانیانە. بەڵکو دەبێت ڕێڕەوبێت بۆ بەدیموکراسیبون،بەدیهێنانی ئازادی،خواستی گەل،ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و گۆڕانکاری.

 

داواکاریم لە دەنگدەران:

داواکارم لە هاوڵاتیان و دەنگدەران کە بەژداریەکی کارا و پڕ جۆش و خرۆشیان هەبێت بۆ دەنگدان، دەنگ بە لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بدەن و تاقیان بکەنەوە، وە دڵنیایان دەکەمەوە کە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن سزادانی یەکێتی و پارتی و حوکومڕانانی هەرێمی کوردستان نیە بەڵکو بە پێچەوانەوە خزمەتکردنیانە و هێشتنەوەی ئەوانە لە دەسەڵات. هەرچەند بەژداری هەڵبژاردن زۆر بێت یەکێتی و پارتی لاواز تر و لاوازتر دەبن، وە داواکارم لە هاوڵاتیان و دەنگدەران کە چیدیکە متمانە بە یەکێتی و پارتی نەکەن و دەنگیان پێنەدەن و بەڵێنەکانیان  تەنها سەرابە و هیچی لێ سەوز نابێت وە مێژوی 30 ساڵ حوکومڕانیان شایەتە بۆئەمە. نابێت هاوڵاتیان لەبیریانبچێت کە لەماوەی یەک مانگ بەر لەهەڵبژاردن دوو ڕوداوی مێژووی ئابڕوبەرانەی ڕوون لە خیانەتی یەکێتی و پارتی یادیانئەکرێتەوە و سەرکۆنەئەکرێن کە ئەوانیش ڕوداوەکانی 31 ئابی پارتی و 16 ئۆکتۆبەری یەکێتین، لەکاتی دەنگداندا هاوڵاتیان دەبێت ئەمانەیان لەبیربێت بۆئەوەی بەویژدانێکی ئاسودەوە دەنگبدەن. وەهەروەها یەکێتی و پارتی پێیان وایە کە تێچوی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک زۆر کەمترە لە چاکسازی و چاککردنی خەڵک، کە قسەکردنە بۆ 50 دەقە و بەڵێنپێدانی بێبنەما و پوچە پێیان، بڵام تێچوی چاکسازی و چاکردنی خەڵک و وڵات زۆر زیاترە کە 50 ملیاردی دەوێت، ئەوان ئامادەی چاکسازی نین و لەگەندەڵیا بەجۆرێک ڕۆچون کە بەهای ئەخلاقیان بۆ نەماوەتەوە و چاکسازی بە ڕوخانی خۆیان دەزانن. بۆیە داواکارم کە هاوڵاتیان لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی تاقیبکەنەوە و متمانەیان پێ بدەن بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن، هەرکەسێک دەنگ بە یەکێتی و پارتی بدات، چیتر قوربانی نیە، بەڵکو شەریکی تاوانە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×