سەبارەت بەو لێدوانەی ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ڕەنگی جلوبەرگی ئەو تۆمەتبارانەی کە لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پیشاندرا.
بەپێی لێدوانەکەی ئاسایش دەڵێت ڕەنگی ئەو جلوبەرگانە بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتیە، ئێمەش دەپرسین ئەو ستانداردە کامەیە و لەکوێی بڕیاریی لێدراوە؟ هەروەها دەپرسین ئەگەر ئەم ڕێکارە ستانداری نێودەوڵەتیە و حکومەت و دەزگای ئاسایش ئیقراری کردوە، بۆچی لە گرتووخانەکانی گرتن و گواستنەوە و چاکسازییەکانی هەرێم بۆ کاری پێناکرێت؟ خۆناکرێت تەنها لە ئاسایش کاری پێبکرێت.. هەروەها دەپرسین بۆ چی ئەو هەموو ستانداردە نێودەوڵەتیە هەیە کە تایبەتن بە پاراستنی شکۆی مرۆڤ و مافەکانی تۆمەتباران بۆ هەموویان پێشێل دەکرێن بە ئاشکرا ڕۆژانە دەیبینین!!
دەبێت ئەوەش بزانین کە تۆمەتبار بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و ڕێککەوتنامە تایبەتەکان بەمافی مرۆڤ و بەپێی دەستور عێراقی و یاسای بنەما دادگەرییە سزای یەکان هەموویان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تۆمەتبار بێ تاوانە تائەو کاتەی سزا دەدرێت لەلایەن دادگاوە، هەروەها سەرجەم ئەو بەڵگەنامانە جەخت لەکۆمەڵێک میکانیزم دەکاتەوە بۆ پاراستن و دڵنیای زەمانەت بۆ پیادەکردنی مافەکانی تۆمەتبار، دەبێت ئەوەش بزانین کە پیشاندانی تۆمەتباران و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانیان بێجگە لەلای دادوەر و دادگا تایبەتەکان کارێکی یاسایی نیەو چەندین جاری تریش ئەوەمان ڕوونکردۆتەوە.