درۆ کردن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە، مرۆڤەکان درۆ دەکەن ، بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان مرۆڤێک درۆیەک دەکات لەگەڵ کەسێک کە بەردەوام درۆ دەکات و بەدرۆزن یا فشەکەر ناودەردەکات، دەمەوێت بڵێم درۆ جیاوازە لە درۆزن یان درۆزان، درۆ لەوانەیە حاڵەت بێت، بەڵام درۆزنی خەسڵەتە و وازهێنانی مەحاڵە.
لەئاستی کۆمەڵایەتیدا هەر هێندەی مرۆڤێک درۆی کردو ناوبانگی بەدرۆزن دەرکرد ئیدی وەک سێبەری هەتا مردن و تەنانەت پاش مردنیش درۆکانی دەبنە ویردی زمانی خەڵکی، هەرهێندەش کە بەدرۆزن ناوبانگی ڕۆشت ئیدی ئەگەر قسەی ڕاستیش بکات لەبەر ئەوەی پاشەڵی پیسە کەس بڕاوی پێ ناکات، سەرەتاو دەستپێکی تێکەوتنی درۆزنەکان بەدرۆیەک دەست پێدەکات و ئیدی درۆ درۆ ڕادەکێشێت و ئاشکرابونی درۆیەک و دووان بەسە بۆ متمانە لە دەستدان کە هەیەتی.
ڕاستکردنەوەی درۆزنیش زۆر زۆر قورس دەبێت پاشانیش بۆ خێزانەکەیشی دەبێتە سەرئێشەو ئازار و شەرمەزاری،حکومەتی هەرێم و کاربەدەستان هێندە درۆیان لەگەڵ جەماوەری کوردستان کردوە ، هێندە لێدوان و دەرکەوتنی سەرشاشەکان فشەکردن و درۆزنی بووە ئێستا ئەگەر بڕیار ی دروست دەربکەن و قسەی ڕاستیش بکەن خەڵک متمانەیان پێناکات چونکە ناوبانگیان بەدرۆزن دونیای تەنیوە، جاهیلی مەسئولی کورد لەوەدایە واتێگەیشتوە کە سیاسەت واتە درۆکردن و فریودان.
بابڵێن تاڕادەیەک مانۆڕو ڕاستی شاردنەوەو تەکتیک و ڕەوشی سیاسی درۆ بخوازێت ، بەڵام لە ئیدارەدان و کارگێری و حکومەتداریدا درۆ کردن و درۆزنی تەونی کۆمەڵایەتی هەڵدەتەکێنێت، متمانەی میلەت لەدەست دەدات، تیرۆری ڕۆحی و ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ کوردستان دەکات،ئێمەی هاوڵاتیانی کوردستان هێندەمان گوێ لەدرۆی مەسئولی کورد بوە هێندە گوێمان لەشەیتان نەبوە هێند خراپ بێ، حەیایان تکاوە ، زۆر بێشەرمانە ئەمڕۆ لەسەر شاشەی تیڤیەکان درۆیەک دەکەن و زۆری پێناچێت هەمان بەپرس دێتەوە کۆمەڵێک قسەو درۆی تر دەکات پێچەوانەی قسەکانی پێشووی خۆیەتی.
بێحەیاییەکەیان لەوەدایە خۆیان و خەڵکیش دەزانن درۆ دەکەن و درۆزنن کەچی بەردەوام پێدەکەنن بەدەم درۆکانینەوە ، کەرامەت و حەیایان کردوەتە قوربانی بەرژەوەندیەکانیان،دێتە سەرشاشەکان و باسی ناعەدالەتی و دزی و دژایەتی گەندەڵی دەکات، بەڵام لەڕاستیدا خۆی باوکی گەندەڵیە و تا بینەقاقای لە فەسادا چەقیوە، ئەم حاڵەتە دابەزیوەتە نێو کۆمەڵگەیش ، کاتێک تاکەکانی کۆمەڵگەیش بەرپرسێکی درۆزن دەبینن لەتاو سێلفی گرتن بەرناکەون و ستایشیان دەکەن و پیاهەڵدان دەیانکاتە فریاد ڕەس و ئەمەش وادەکات بەرپرسەکە شانازر بە درۆکانیەوە بکات و زیاتر بەردەوام بێت و شتەکەی لا ئاسای ببێتەوە ئەمەش دەرئەنجام هەرەسی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری وەدوادا دێت.