حیزبی سیاسی ماڵە دراوسێکەی ئەودیومان یا کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت نیە تا من یا هەر کەسێکی تر بە ناوی تایبەتبوونەوە بۆمان نەبێت قسە لەسەر کار وچالاکیەکانی بکەین و بپرسین کێ ، کەی، لەکوێ ،، بۆ، چی و چۆن.
حیزبی سیاسی پیکهاتەکی کاریگەری فەزای گشتی هەر کۆمەڵگایەکە و کار و چالاکیەکانی کاریگەری هەن بەسەر کۆی کۆمەڵگاوە، بەتایبەتی لە باشور کە هێشتا هێڵە جیاکەرەوەکانی نێوان کایەکان کاڵ و ناڕوونن جێگیر نین. بۆیە هەموو گووتار و کردار و هەڵوێستێکی حیزب جێگای پرسیار و کۆڵینەوە و گفتوگۆیە.
لەم کاتەدا سەڵاحەدین بەهائەدینی سەرۆکی یەکگرتووی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئەو حیزبە سەردانی تورکیا ئەکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا کۆئەبێتەوە. هەر لەم سەرەتایەدا وڵامی پرسیارەکانی کێ ( سەڵاحەدین و شاندەکەی یاوەری، گەورەبەرپرسانی تورکیا……)، کەی ( چەند رۆژی رابردوو) ، لە کوێ ( ڕاڕەوەکانی حکومەتی تورکیا و ……..) دراوەتەوە. بەڵام ووڵامی سێ پرسیارەکەی( بۆ، چۆن و چی) نادیارن و لەوانەیە پێویست بکات چاوەڕوان بین تا شاندەکە خۆیا ئەگەڕێنەوە و باسی هۆکار و چۆنیەتی و چییەتی سەردانەکە رابگەیەنن، و بۆ خۆشمان پێویستە باڵی بیرمان لێکدەین بۆ هۆکار وچۆنیەتی و چییەتی راستەقینەی سەردانەکە.
بەڵام ئەوەی لە ئێستادا ئەکرێت پرسیاری لەسەر بکەین، ئایا سەردانی سەرۆکی حیزبێکی دەروەی دەستەڵات(بۆیە ئەڵێم درەوەی دەستەڵات جونکە سەردانی بەرپرسی حکومی بۆ وڵاتانی دراوسێ رەنگە ئەوەندە پرسیار دروست نەکات، بە هەندێک پاساو کە بە پێویستی نازانم لێرە باسی بکەم) بۆ لای حکومەتێکی فاشیستی دوژمن بە هەموو شتێک کە ناوی کورد و کوردبوونی پێوە بێت، کارێکی دروست و رەوایە؟
ئەگەر سەڵاحەدین لەگەڵ بەرپرسە حیزبیەکانی ئەو ووڵاتە کۆببوایەتەوە، لەوانەیە ئەوەندە پرسیاری دروست نەکردایا. بەڵام ئایا کۆبوونەوەی سەڵاحەدین لەگەڵ سلێمان سوێلۆی کەسی دووهەمی دەستەڵاتەکەی ئەردوغان و بەرپرسی یەکەمی دەزگا سەرکوتکەرەکان و هەواڵگری و جێبەجێکاری هەموو سیاسەتەکانی دژ بە کورد لە دەرەوە و ناوەوەی تورکیا چ ئاماژەیەکی هەیە؟!! .
ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەردوغانی ئیخوانفاشی هەر ئێستا رووبەرووی مەترسیەکی گەورە ئەبێتەوە ئەویش هەڵبژاردنی مانگی مەی داهاتووە و بەپێی راپرسیەکان رێژەی دەنگەکانی لەخوارەوەن و ئەگەری ئەوە بەهێزە کە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بە یەک کاندید بەرەنگاری ئەردوغان ببنەوە، هەتا دەمیرتاشیش لەبەربژێرکردن خۆی کێشایەوە بە خاتری پەرتنەبوونی دەنگەکانی دژ بە ئەردوغان. ئەو ئەردوغانەی کە ئێستا هەموو حیزبەکانی دەرەوی ئاکپارتی ( بێجگە لەگورگە بۆرەکان) بە هاوڵەکانی دوێنێ خۆیەوە وەک داودئۆغڵو و باباجان و عەبدوڵا گوڵ و وڵاتانی ئەوروپا و رای گشتی جیهانی بە مەترسیەکی گەورەی ئەبینن بۆ سەر سیستەمی نیمچە دیموکراسی تورکیا و ئاشتی ناوچەکە.
ئایا سەڵاحەدین تەنها بۆ دەستخۆشی لەسەر دۆزینەوەی بکوژەکانی ئەو چەند هاوڵاتیەی هەرێم چوو بۆ لای سلێمان سوێلۆ؟! هەر بەڕاستی چاوەڕوانی ئەوەیە خەڵک بڕوا بەم قسەیە بکەن! ئایە دۆزینەوەی چەند تاوانبارێک کە ئەرکێکی سادەی پۆلیس و دەزگای دادوەری هەر ووڵاتێکە کە تاوانەکە تیا رووی دابێت ئەخوازێت کە جەنابی ئەمینداری گشتی و گەورە پەرپرسانی حیزبەکەی بە شەخسی بچنە سەردانی مەعالی وەزیر و دەستخۆشی لێبکەن؟ بۆ؟ چۆن؟؟؟ لە کوێی دنیا شتی وا رووئەدات؟ ئەی بۆ سەڵاحەدین رۆژێک لە رۆژان ویژدانی ئاینی و نەتەوەیی و مرۆیی نەجوڵا تا ئەزییەت بکێشێت بچێت بۆ لای ئەردوغان و سوێلۆ و پێییان بڵێت ئەو کوردانەی لە باکور و رۆژئاڤا و باشور رۆژانە ئەیانکوژن و هاونەتەوە و هاوزمان و هاوئاینی منن؟ ئەو ئەندامە کوردە هەزلبژێراوەنەی پەرلەمان و شارەوانیە کوردەکان کە ساڵانێکە لە کونجی زیندانتان توندکردووەن نوێنەری گەلەکەی منن و ئەو گەلە دەنگی پێیان داوە. ئەو مزگەوتانەی لە رۆژئاڤا بەتۆپ بوردومانیان ئەکەیت پەرەستگەی من و ملیۆنان مرۆڤی کەلەکەمە. ئەو خاکەی سوتماکی ئەکەن و چیاکانی ئەڕوتێننەوە خاکی منە. ئەو گەلەی دوژمنایەتی رابردوو و ئێستا و داهاتووشی ئەکەن ئەگەر لەناوەڕاستی ئەفریقیا یا لەسەر مانگیش بێت( قسەی فاشیزمی تورکە) گەلی منە. ئەو شار و گوندانەی لە رۆژئاڤا دانیشتوانە کوردەکەی رائەگوێزن و تیرۆریستە تۆرانیەکانی ناوەڕاست ئاسیایان تیا جێگیر ئەکەن زيدی باوباپیرانی منیشە. ئایا هەموو ئەم دوژمنایەتی و جینایەت و کینە مێژووییە شایانی ئەوە نەبوو سەڵاحەدین قسەی لەسەر بکات ؟ بەڵام بۆ نیشاندانی خۆشخزمەتی بە پێویستی زانی نەک هەر خۆی بەڵکو دارودەستەشی ببات بۆ خزمەتی سوێلۆ پاشا و بە شانازییەوە وێنە لەتەکدا بگرن؟
یا وەک عەرەب ئەڵێن (و ما خفی کان اعظم) و ئامادەبوونی سەڵاحەدین لە بارەگای سەدری ئەعزەم بە فەرمانی بابی عالی بوو بۆ پێشکەشکردنی ئایاتی سوپاسگوزاری و گوێڕایەڵی بۆ دەرباری خەلیفە و لە پریاسکەکانیاندا وردە بابەتی گرنگ هەبووە کە خزمەت بە سیاسەتی رەشیدی خەلافەت بکات. خەلیفەش ئەم خۆشخزمەتیەی مەلا خەتیەکان بەکاربهێنێت بۆ قەناعەت پێهێنانی نەتەوە پەرستانی تورک و گورگە بۆرەکان کە دەنگی پێ بدەنەوە جونکە تەنها ئەو ئەتوانێ بەرژەوەندی نەتەوەیی تورک بپارێزێت و هەژمون و دەستەڵاتی زیاتری بۆ دەستەبەر بکات و سنورەکەشی فراوانتر بکات.