تەیری گوول ئاشق بە داری زەقنەبووتە

نەوزاد شوانی
  2023-01-30     760

لە کۆتاییدا دوای مشتومڕ و بێنەوبەردەیەکی زۆر ریشی سۆناکی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و رابەری پارتی پارێزگاران بڕیاری دا نازم زەهاوی ( وەزیرە کوردەکەی حکومەتی بەریتانیا) چێرمانی پارتەکەی و وەزیری پێشوتری دارایی و وەزیری تایبەتی ڤاکسین لە سەروبەندی کۆرۆنادا لە هەموو پۆستەکانی دووربخاتەوە. هەرچەند پێشتر سۆناک پلانی هەبوو زەهاوی بکات بە بەرپرسی یەکەمی کەمپینی هەڵبژاردنی داهاتوی پارتەکەی، بەلام لە بەر روناکی دەرکەوتە نوێکان مانەوەی زەهاوی زیانی بێشوماری هەبوو بۆ حکومەتەکەی سۆناک. چونکە بە پیی دۆزینەوەکانی لیژنەیەکی تایبەت کە بۆ بنکۆڵکردنی ئەو تۆمەتانەی بەرەوڕووی زەهاوی ئەکرانەوە دەستنیشان کرابوو، ناوبراو لە ماوەی بەرپرسیاریەکانی لە حكومەت و پەرلەماندا سەرپێجی زۆرێک لە ستانداردە وەزارییەکانی کردووە وکۆدەکانی رەوشتی پیشەیی پێشێل کردووە وەک لە فەرمانی دەستکۆتاکردنەکەدا هاتوە.  بڕوانە ئەم لینکە:

http://Zahawi sacking letters in full - BBC News

بەر لەمە زەهاوی کەسایەتیەکی بێکێشە نەبووە و بەردەوام جێگای گوومان بووە و ناسراوە بەوەی بەردەوام سنورەکانی نێوان سیاسەت و بەرژەوەندی شەخسی سوتاندووە و رێزی لێنەگرتووە.  بۆ نموونە لە کاتی وەرەگرتنی پۆستی وەزارەتی دارایی، لە تۆمارەکانی خەرجی پەرلەمانتاریی پەرلەمانتاران دەرکەوت لە ساڵی ٢٠١٣  بڕی ٥٨٢٢ پاوەندی تێچووی گەرمکردنەوەی تەوێڵەی ئەسپەکانی قوتابخانە ئەسپسوارێکەی لەسەر خەرجی پەرلەمانتاری ئەژمار کردووە.  دواتر بۆزشی هێنایەوە کە هەڵەیەکی بجوک بووە و پارەکە ئەگێڕێتەوە!  بڕوانە ئەم لینکە:

http://Nadhim Zahawi’s shocking expenses claim resurfaces after he becomes chancellor - Left Foot Forward: Leading the UK's progressive debate

 بەڵام ئەو پووشەی پشتی حوشترەکەی شکاند ئەوەبوو دواجار روون بویەوە کە ساڵانێک خۆی لە دانی چەندەها ملیۆن پاوەند باج دزیوەتەوە. دواترکە دەزگای باجی شاهانە لێکۆڵینەوەیان کردووە و بەڵگەی بێگومانیان دەستکەوتووە، زەهاوی ناچار کراوە بە گەڕاندنەوەی بڕی باجەکە و سزای داراییش دراوە لە سەر خۆدزینەوە. لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا تەنها تۆمەتبارکردن بە خۆدزینەوە لە باج بەسە بۆ وێرانبوونی دوارۆژی هەر سیاسیەک، بەلام زەهاوی نەک هەر ئەمەی کردووە، بەڵکو لە کاتی وەرگرتنی پۆستەکانیدا باسی ئەو بابەتەی نەکردووە وەک کۆدەکانی حوكمڕانی ئەو وولاتە خوازیارن و کە رووبەڕووی ئەو پرسیارە کراوەتەوە یا ئامادە نەبووە قسەی لەسەر بکات، یا نکۆڵی لێکردووە. 

ئەم بابەتە هەزاران میل لە باشوری کوردستانەوە دوورە و پەیوەستە بە دەستەلات و پارت و کەسایەتیەکەوە لەوڵاتێکی تر.  ئەی چی پەیوەندیەکی هەیە بە باشوری کوردستان؟

 

نازم زەهاوی کێیە؟

لە خێزانێکی ناسراو و دارای کورد لە ساڵی ١٩٦٧ لە بەغداد لە دایک بووە. ئەگوترێ کە باپیری پارێزگاری بانکی مەرکەزی عيراق بووە و واژوی بە سەر ئەسکەناسی دینارەوە هەیە. باوکی حارس زەهاوییە کە  لە ناوەڕاستی هەفتاکان رە گەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ بەریتانیا. لە زانکۆی سۆسێکس خوێندویەتی و دواتر کاری کردووە بۆ لۆرد جێفری ئارچەری پارتی پارێزگاران لە کەمپینەکەی بۆ پۆستی مایۆری لەندەن ( هەمان لۆرد جێفری کە دواترتۆمەتبار کرا بە شایەتی ساختە (Perjury  ( بۆ ماوەی٢ ساڵ زیندانی کرا). لە گەڵ رووخانی رژێمی سەدام زەهاوی کاری بۆ کۆمپانیاکەی باوکی کردووە کە ئەوکات بە (گروپی زەهاوی) ناسرابوو لەگەڵ سوپای هاوپەیمانان کۆنتراکتی خزمەتگوزاری هەبووە. هەر لەو سەردەمەشدا بۆریس جۆنسنی ناسیوە کە پاشتر بوو بە مایۆری لەندەن و باشتریش بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا. دواتر کۆمپانیای راوێژکاری Zahawi & Zahawi Ltd  دامەزراندوە بۆ کارێ جاوساغی و نێوەندگیری بۆ کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز. لە ناو نزیکەکانیدا بەوە ناسراوە کە دەوڵەمەندبوون خولیای یەکەمی بووە و هاودامەزرێنەری یەکێک لە سەرکەوتوترین کۆمپانیاکانی راپرسی وتۆژینەوەی بازاڕە بە ناوی YOUGOV.  لە ساڵی ٢٠١٠وە بووە بە پارلەمانتار لە سەر لیستی پارتی پارێزگاران. بەرزترین و دیارترین پۆستی، وەزیری دارایی بوو لە کۆتا دوو مانگی حکومەتی بۆریس جۆنسون دا. بەر لەوەی لە کار بخڕیت چێرمانی پارتی پارێزگاران و وەزیری بێ وەزارەت بوو لە حكومەتەکەی سۆناک. بە دووەم داراترین ئەندام پەرلەمان لە پەرلەمانی ئێستای بەریتانیا ئەژمار ئەکرێت دوای ریشی سۆناکی سەرۆک وەزیران، بڕوانە ئەم لینکە:

http://A very quick guide to Nadhim Zahawi - BBC News

 

پەیوەندی زەهاوی بە باشوری کوردستانەوە؟

یەکێک لەو ناوانەی هاوکات لەگەل ناوداربوونی کەرتی نەوت و گازی باشوری کوردستان بڵاوبوونەوە و ناسران، نازم زەهاوی بوو. لە ساڵی ٢٠١٢ تا ساڵی ٢٠١٥ راوێژکاری کۆمپانیاکەی باوکی IPBD   بووە لە ئێراق و هەرێمی کوردستان کاری کردووە لە بوارەکانی بیناسازی و ستیل. 

راوێژکاری کۆمپانیای ئەفرین بوو لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٥، بەڵام دیار نیە بڕی داهاتەکەی چەند بووە. دواتر کە دەزگای لێکۆڵینەوەی دەستبڕین و ساختەکردن  Serious Fraud Office دەستی کردوە بە کۆڵینەوە لە کاری ئەفرین، زەهاوی خۆی لێ دوورخستۆتەوە. بەلام دوو بەرێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە تاوانی ساختەکاری و بەرتیل تاوانبار کران. لەسەردەمی قەیرانی دارایی ناوەراستی دەیەیی پێشوو و پەیدابوونی گرفت لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتێەکان لەسەر دواکەوتنی پارەی کۆمپانیاکان، ساڵی ٢٠١٥ کۆمپانیای گۆڵف کیستون کە کۆنتراکتی وەبەرهێنانی بلۆکی نەوتیی شێخانی هەبوو، زهاوی وەک راوێژکاری ستراتیجی دامەزراند بە موچەی سالانەی ٢١-٢٩ هەزار دۆلار لە بەرامبەر ٨ تا ٢٠ کاتژمێر کاری مانگانە بو کۆمپانیاکە. پاش دەمەزراندنی زەهاوی بە ماوەیەکی کورت و لە سالێ ٢٠١٦ حكومەتی هەرێم دەسئەکاتەوە بە پێدانی پارەی هەردوو کۆمپانیای گۆلف کیستۆن و جێنەڵ ئەنرجی. بڕوانە ئەم لینکە:

http://Genel, DNO, Gulf Keystone Receive KRG Payments | Rigzone

هاوکاتیش ئەندامی پەرلەمان بوو لە بەریتانیا. لە مەڕ کاری زەهاوی لە گۆڵف کیستون، جۆن فیریری بەڕێوبەری جێبەجێکاری گۆڵڤ کیستۆن گووتویەتی ( پەیوەندی زەهاوی لە گەڵ بەرپرسان یارمەتی کۆمپانیاکە ئەدات).  زەهاوی بڕی ١،٣ ملیۆن دۆلاری پێ برا لە کۆنتراکتی گۆڵف کیستۆن.  پشکی هەیە لە کۆمپانیای جێنەڵ ئەنەرجی کە بلۆکە نەوتێەکانی تەقتەق و سارتا و تاوکێ و پێشخابوری بەدەستەوەیە و زیاتر لە ١١٧ ملیۆن بەرمیل یەدەکی لە بەردەستدایە.  لە ساڵی ٢٠١٤ جێنەڵ ئێنەرجی کۆنتراکتێکی واژوو کرد لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بۆ گەشەپێدانی هەردوو بلۆکی گازی میران و بنەباوێ. راپۆرتە پەیوەندیدارەکان باس لە پەیوەندی نزیک و توند وتۆڵی زهاوی و ئاشتی هەورامی  وەزیری ئەوکاتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم ئەکەن و ئاماژە بەوە ئەدەن چۆن پەیوەندی نێوان ئەو دووانە گرفتی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و دەستەڵاتدارانی بواری نەوت و غازی هەرێمی چارەسەر کردووە.

لە راپۆرتێکی روژنامەوانیی بێن گارتیساید لە ئای نیوزکە لە ٢٧ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، ئەڵێ (لە پاش روخانی رژێمی سەددام، دەگوترێت کە پەیوەندیە تایبەتەکانی زەهاوی رۆڵی گرنگیان بینیوە لە گەرەنتیکردنی چەندەها کۆنتراکتی پیشەسازی پڕ قازانج لە ژمارەیک کەرتی جیاوازدا، لە ستیلەوە بۆ نەوت، بە تایبەتیش لە هەریمی کوردستان.  زەهاوی کە سەرۆکی گروپی پەرلەمانتاریی هەموو پارتەکان (APPG ) بوو لەسەر کوردستان، چەندەها گەشتی کردووە بۆ هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١١-٢٠١٥ لەسەر خەرجی ‌حکومەتی هەرێم.  لە تۆماری بەرژەوەندی ئەندامانی پەرلەمانی بریتانیا بڕێک لەو پارانە تۆمار کراوون کە زەهاوی وەکو خەرجی سەفەر لە حكومەتی هەرێمی وەرگرتووە)

http://Nadhim Zahawi's family links to controversial Kurdish oil power broker Sirwan Barzani raises 'red flags' (inews.co.uk)

هەر بە پێی هەمان راپۆرت دەرکەوتووە کە پەیوەندیەکی توندوتۆڵ هەیە لە نێوان کۆمپانیاکەی باوکی زەهاوی IPBD   و سیروان بارزانی. راپۆرتەکە  باس لە هاوکاری بزنس و شەراکەت ئەکەن لە نێوان IPBD   و بزنسەکانی سیروان بارزان بە بڕی زیاتر لە ٧٠ ملیۆن دولار کە بریتین لە پرۆژەیەکی ستیل بە برێ ٥٠ ملیۆن دۆلار و پرۆژەیەکی بیناسازی بە بڕی ٢٠  ملیۆن دۆلار.

سیروان بارزانی لە ماوەی رابردوودا دەرگێڕی جەندەها گرفتی یاسایی بویەوە پەیوەست بە پرۆژەکانی،  لە ساڵی ٢٠١٨ عیراق تیلیکۆم لە ساڵی ٢٠١٨ داوایەکی یاسای لە سەر کۆڕەک تێلیکۆم  تۆمارد کرد لە دادگایەکی ئەمریکی بە تۆمەتی بەرتیل و بەدبەڕیوەبردن.  سکاڵاکەر کۆڕەک تۆمەتبار ئەکات بە بەرتیل دان بە بەرپرسانی حكومتی عیراق لە شێوەی خانوبەرە لە لەندەن بۆ دەستەبەرکردنی کۆنتراکت لەدەرەوەی یاسا و ریساکان. دادگا بڕی ٢٨٥ ملیۆن دۆلاری لەسەر کۆڕەک  کرد بە ماڵ بەلام هەوالەکان باسی ئەوە ئەکەن هێشتا لە قۆناغی تانەلێدانە  بروانە ئەم لینکانە:

http://Nadhim Zahawi’s family links to controversial Kurdish oil power broker raises ‘red flags’ (vnexplorer.net)

http://IGATION AGAINST SIRWAN BARZANI IN THE US COURT - Search (bing.com)

لیکۆچم کە بەشێکە لە ستراکجەری IPBD   بە پێی ماڵپەڕەکەیان یەکێکی ترە لەو پرۆژانەی کە بەدناوە بە بزنسی گوماناوی، دوو کۆنتراکتی واژو کردووە لە گەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا کە دادگاکانی بەریتانیا تۆمەتباری کردوون بە گەندەڵی.

ئەمانە تەنها مشتێکن لە خەرواری ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی لە پەراوێزی تڕۆکردنی نازم زەهاوی، وەزیرە کوردەکەی حکومەتی بەریتانیا بڵاوکراونەتەوە. ئەکرێ ئەمانە تەنها بەشی دیاری چیا سەهۆڵەکە بن، یا وەک عەرەب ئەلێن (ماخفی کان اعظم).  پرسیاری گرنگیش لێرەدا ئەویە کە ئەگەر نازم زەهاوی لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا کە خاوەنی یەکێک لە دێرینترین و تۆکمەترین سیستەمە یاسایی و کۆدەکانی بەرپرسیارێتیە پڕکێشی ئەم جۆرە سەرکێشیانەی کردبێت، ئەی لە کوردستانێکی بێ یاسا و بێ خاوەن کە سیخناخە لە هاوشێوەکانی زەهاوی ئەبێ جی بگوزەرێت و گوزەرابێت؟؟؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×