ماوەیەک لەمەوبەر لەسەر ڤیدێوی پزيشکێک کە باسی رەفتارێکی نابەجێی خۆی کردبوو لە شوێن و کاتی کاردا، لە وتارێکدا ئاماژەم بە گرنگی کۆدی رەفتاری پیشەی کرد. ئێستا لە سەر گوتارێکی نابەجێتری مامۆستایەکی زانکۆ، وا جارێکی تر دێمەوە سەر ئەو بابەتە.
کۆدی رەفتاری پێشەیی Professional code of conduct یا کۆدی رەوشتی پیشەیی Professional code of ethics پێداویستیەکی گرنگی هەر پیشەیەکەن بۆ پارێزگاریکردن لە پابەندبوونی هەموو ئەوانەی لەو پیشەیەدا کارئەکەن بە ستانداردە پیشەیەکان یا رەوشتە پیشەییەکان و ئەبێتە مایەی دابینکردنی متمانە و بەرپرسیاری و لێپێچینەوە لەبەردەم کۆێ کۆمەڵگا و بە تایبەتیش ئەوانەی ئەو پیشەیە خزمەتیان ئەکات. ئەو کۆدانە بۆ دروستکردنی باڵانسە لە نێوان دەستەڵات و بەرپرسیارێتی. روونە کە هەر رووشتە و پیشەیەک جۆرێک لەدەستەڵات ئەبەخشێت بە پیشەوەر بە پێی ئاستی هەستەوەری و گرنگی پیشەکەی بۆ کۆمەڵگا لەبەرامبەر ئەوانیتردا. کۆدی رەفتاری پیشەیی بۆ رێگاگرتنە لەخراپ بەکارهێنانی ئەو دەستەڵاتە لەبەرامبەر ئەوانی تر.
هەرچەندە کۆدی رەفتار و کۆدی رەوشت تا رادەیەک جیاوازن، بەڵام زۆربەی کات لەیەک دۆکۆمێنتدا کۆدەکرێنەوە و لە لایەن دەزگای حوکمڕانی ئەو پیشەیە و سەندیکا پیشەیەکانەوە فۆرمۆڵە ئەکرێن و ئەکرێن بە یەکێک لە مەرجەکانی بەخشینی مۆڵەتی کارکردن یا ئەندام بوونی سەندیکا پیشەیەکان.
سەرباری ئەوە، هەر دەزگا و دامەزراویەک کۆدی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ مامەڵەکردنی دەزگاکە و کارمەندانی لە ناوەوە و لەگەڵ دەرەوەی خۆی و زۆربەی کات بەهاکانی دەزگاکە و وبەرپرسیاریەکانی کارمەندانی و پرۆسەکانی لێپێچینەوە لەخۆ ئەگرن. ئەم کۆدانە لە پیشەیەکەوە بۆ پیشەیەکی تر جیاوازیان هەیە، بەڵام هەندێک پرەنسیپی گشتی هەن کە لە زۆربەی ئەو کۆدانەدا بەرجەستە ئەکرێن :
راستگۆی: پیشەور پێویستە راستگۆ بێت لە هەموو گوتار و کرداریدا و هیچ کات درۆ یا نیمچە راستی نەڵێت.
دادوەری: پێویستە هەموو مامەڵە و پەیوەندیەکانی پیشەوەر لەسەر بنەمای مامەڵەی یەکسان بێت و بەو شێوازەی پێی خۆشە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تربکات و هەرگیز خاڵە لاوازەکان و هەڵەکانی ئەوانیتر نەقۆزێتەوە بۆ قازانجی خۆی.
سەرڕاستی: پیشەوەر پێویستە سەر راست بێت و گوتار و کرداری هاوشێوە بێت و رێزی قسە و پەیمانی خۆی بگرێت.
هاوسۆزی: پیشەوەر پێویستە بە چاوی سۆز و هاوغەمیەوە مامەڵە لە گەڵ هاوکار و هەموو ئەوانەی لە رێگەی کارەوە بەتەماسە لەگەڵیان بکات و هەوڵ بدات پێداویستی و هەستیاریەکانیان لەبەرچاو بگرێت.
رێزگرتن: پیشەور پێویستە رێز لە لە مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆیی، بیرورای جیاوز و سەربەخۆی و تایبەتمەندی تاکەکان بگرێت.
بەرپرسیارێتی: پیشەوەر پێویستە خاوەنداریەتی رەفتارەکانی بکات و هوشیار بێت بە دەرئەنجامە ویژدانیی و دەرونیی و مادیی کردار و گوتارەکانی و بەرپرسیاری خۆی بە جدیی وەبگرێت.
بەئەمەکی: پیشەورە پێویستە بەئەمەک بێت بۆ دەزگا و هاوکار و سودمەندەکانی کارەکەی و خۆی لە هەر گوتار و کردارێک بپارێزێت کە زیانی مادی یا مەعنەوی لێبکەوێتەوە بۆ کەس لایەنە پەیوەندیدارەکان.
متمانە: پیشەوەر پێویستە بە متمانەوە مامەڵە لەگەڵ هەر زانیاری و نهێنیەک بکات بەهۆی مومارەسەکردنی پیشەکەیەوە بەردەستی ئەکەوێت دەربارەی کەس و لایەنە پەیوەندیدارەکان. تەنها بۆ مەبەستی دەستنیشانکراو بەکاری بهێنێت و لەدەرەوی کات و شوێنی کار هیچ زانیاری و نهێنیەک نەدرکێنێ.
ملکەچی قانون: پیشەورە پێویستە هەموو ئەو قانون و ریسایانە جێبەجێ بکات کە حوکمی پیشەکەی ئەکەن و ریساکانی روشتە و سەندیکاکەی پەیڕەو بکات .
لێپێچینەوە: پێشەوەر بەرپرسیارە بەرامبەر دەزگاکەی و هاوکارەکانی و کۆمەڵگای دەوروبەر کە هەموو ئەرکەکانی بەشێوازێکی ئەخلاقی چێبەجێبکات.
شەفافیەت: پیشەوەر پێویستە شەفاف بێت لەمامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەردا کارێک بکات ئەو یاسا و ریسایانەی حوکمی پیشە و رەفتارەکانی ئەکەن و بڕیارەکان کە ئەیدات روون و ئاشکرا بن بۆ لایەن و خەڵکی پەیوەندیدار.
هوشیاری ژینگەیی: پیشەورە پێویستە هوشیار بێت بۆ کاریگەری بڕیار و رەفتارەکانی لەسەر ژینگە و هەوڵبدات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری نەگەتیف .
ئەمانە بە گشتی ئەو پرەنسیپانەن کە لە زۆربەی کۆدەکانی رەفتاری پیشەیدا فۆرمۆڵە ئەکرێن. بەڵام بۆ هەر پیشەیەک هەندێک پرەنسیپی تایبەت ئەخرێنە ناو کۆدەکانەوە بە پێی تایبەتمەندی پیشەکە. هەتا پێشەکان پەیوەندیدارتر بن بە ژیانی مرۆڤەوە و بە تایبەت گروپ و توێژە لاوازەکانی کۆمەڵگا، ئەو کۆدانە وردتر و توندتر ئەبن. بۆ نمونە پیشە تەندروستیەکان کە مامەڵە لە گەڵ جەستە و دەروونی مرۆڤ ئەکەن ( بە تایبەتیش ژن و منداڵ و کەئەندام و نەخۆش) کۆدی زۆر تۆکمە و وردیان هەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن. پیشە یاساییەکان کە بەهۆییەوە زانیاری نهێنی زۆر ورد و هەستیارئەکەونە بەردەستی پیشەوەرانی بوارەکە، بەهەمان شێوە کۆدی روون و تۆکمەیان بۆ داڕێژراوە . پیشەی پەروەرد و فێرکاری کەزیاتر بە تەماسن لەگەڵ منداڵ و هەرزەکار بە هەمان شێواز کۆدی رەفتار و گوتاری پیشەیی وردیان هەیە و سزای سەرپێچی کردنیان توندە کە هەندێک کات ئەکاتە ئاستی لێسەندنەوەی مۆڵەتی پیشەیی و سەر ئەکات بۆ لێپێچینەوەی یاسای و سزای تر.
لە چەند رۆژی رابردودا لە سۆشیال میدیا لێدوانیکی (پرۆفیسۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی) بڵاوبویەوە و بوو بە بابەتئ مشتومڕ. دکتۆر کەریم "لەزاری موحەقق عەدلییەکەوە" دەڵێ (لەجانتای کچاندا لە زانکۆ دەیان ئەندامی نێرینەیان - دەستکرد - دۆزوەتەوە).
ئەم لێدوانە پرسیاگەلێکی زۆر ئەوروژێنێ. ئایا وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەدە و زانکۆکان و سەندیکاکانی مامۆستایان کۆدی رەفتا یا رەوشتی پیشەییان هەیە بۆ فێرکار و پەروەردەکاران. ئەگەر هەبێت ئایا فێرکاران و پەروەردەکاران پێی ئاشنان؟ ئایا گرنگی هەیە لەکاتی پێدانی مۆڵەتی پیشەیی؟ ئایا لەکاتی سەرپێچی ئەو کۆدانە رەفتاری لایەنە پەیوەندیدارەکان چیە و چۆنە؟؟
سەرەتا ئەم لێدوانە گوزارش لە عەقڵیەتێکی پۆلیسی و کۆنترۆڵکەر یا عەقڵیەتێکی نەخۆشی عەساببی ئەکات کە رێگا بە خۆی ئەدات جانتای کچانی هەرزەکار بپشکنێت تا بزانێت چی تیایە. ئەم جۆرە رەفتارە لە کوێی پرەنسیپەکانی هاوسۆزی و رێزگری و بەرپرسیارێتی و بەئەمەکی و متمانە و …. هتد دایە. ئایا ئەو زانکۆیەی ئەم کابرایە کاری تیا ئەکات چۆن ئەڕوانێتە ئەم لێدوانە؟
مامۆستایەکی زانکۆ هیچ رێزێک دانەنێت بۆ قوتابیەکانی و ئەو دەزگایەی کاری تیا ئەکات. هیچ رێزێک بۆ دایک و باوک و خێزانی قوتابیە مێینەکان دانەنێت. ئاگادار یا بێ ئاگا لەوەی ئەم لێدوانە ئەکرێت چ کاریگەریەکی هەبێت لە سەر خوێندنی کچان بەگشتی بەتایبەتیش لەکۆمەڵگایەکی نەریتی وەک کۆمەڵگای ئێمە و هەستیاری لەمەر ئەو جۆرە دیاردانە.
ئەم پرۆفیسۆرە لە چەند بۆنەی تردا نیشانی داوە کە هەست بە هیچ بەرپرسیاریەک ناکات لەمەڕ لێدوانەکانی، هەر وەک لە لێدوانێکی تردا باسی دیاردەی ژن گۆڕینەوەی کردبوو لە کوردستان و دور لە هەموو شێوازێکی ئەرگومێنتی زانستی و ئەتەکێتی گفتوگۆی ئەکادیمی ، بە سوێندخوارن بە خوا و پیرۆزیەکان ئەیەوێت بیسەلمێنێ کە ئەو دیاردەیە بڵاوە.
بۆیە بۆ پاراستنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگا بەگشتی لە بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی پیشەوەر بۆ پیشەکەی ، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر خەتی ئەم بابەتە و لە رێگەی داڕشتنی کۆدی رەفتاری پیشەیی بۆ هەر روشتەیەکی کار و ئاشناکردنی پیشەوەران بەو کۆدانە و سەپاندنی، بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەم پرۆفیسۆرە و هاوشێوەکانی و رێگاگرتن بەوجۆرە زیادەرۆیی و بێدەربەستیە لە هەموو پیشەکاندا و بەتایبەتی پیشە هەستیارەکان.