هۆکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار 

نەوزاد شوانی
  2022-12-27     549

هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی بۆتە بابەتی مشتومڕ و کاریگەری خستۆتە سەر کۆی بازار. ئەوشی زیاتر گۆلەکەی لێخن کردووە، هەر یەک لە گۆشە نیگای خۆیەوە شیکاری بۆ ئەکات و سۆشیال میدیا لێوانلێوە لە لێکدانەوەی نادروست. 

لە بازاڕی ئازاد و دور لە دەستوەردانی دەوڵەت، دراو وەک هەر کالایەکی تری بازاڕ نرخەکەی ملکەچی میکانیزمی خواست و خستنەرووە. هەتا ئەگەرویستێک لەدەرەوەی بازاڕەوە هەبێت بۆ کاریگەری خستنە سەر نرخی دراو لە کۆتاییدا ئەبێت گۆڕانکاری بەسەر یەکێک لەو دوو فاکتەرەدا بهێنێت. بۆ نمونە ئەگەر وڵاتێک بخوازێت نرخی دراوەکەی بەرزکاتەوە، پێوێستە رێکارگەلێک بگريتە بەر کە خستنەڕووی لە بازاڕدا کەم کاتەوە ( بۆ نمونە بەکارهێنانی یەدەکی دراوی بیانی بۆ کڕینەوەی دراوەکەی خۆی لە بازاڕی ناوخۆ و دەرەوە) یا خواست لەسەر دراوەکەی زیاد بکات. 

نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی یا پيچەوانەکەی، کۆنترۆڵکراوە و بە نرخێکی دیاریکراو لە لایەن بانکی مەرکەزیەوە و بە پێی ریساگەلێک ئەفرۆشرێت. بەڵام کە ئەکەوێتە بازاڕەوە جارێکی تر میکانیزمی خواست و خستنەڕوو کۆنترۆڵی ئەکات. 

ئەو جیاوازیەش کە لەنێوان نرخی بانکی مەرکەزی و نرخی بازاڕ دروست ئەبێت ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا چ رادەیەک بڕی خستنەڕووی بانک هاوتایە لە گەڵ خواستی بازاڕ بۆ دۆلار. 

ئاستی نرخی دراویش لە گەڵ ئاستی خستنەڕووی هاوکێشەیەکی پێچەوانەیە ولەگەڵ ئاستی خواستیش لە سەری هاوکێشەیەکی تەریبە. 

بە پێی داتاکانی بانکی مەرکەزی عیراقی نرخی فەرمی دۆلار هێچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە، تەنها ئەوەیە هەندێک رێکاری فرۆشتنی دۆلار بە بانک و کۆمپانیا دارایی و بازرگانیەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە. هەندێک هەواڵ باس لەوە ئەکەن بانکی مەرکەزی لەسەر داوای بانکی یەدەکی فیدراڵی ئەمریکی پلاتفۆرمێکی نوێی داناوە بۆ فرۆشتنی دۆلار کە زۆر وردە و زانیاری دەربارەی هەموو ئەو بانک و کۆمپانیا داراییانە تیایە کە بەشداری لە زیادکردنی رۆژانە ئەکەن لە بانکی مەرکەزی.  ئەو پلاتفۆرمە لە ژێر چاودێری بانکی یەدەکی فیدراڵی ئەمریکی دایە و پرۆسەی فرۆشتنی زۆر خاوکردۆتەوە و ژمارەیەک بانک و کۆمپانیای لە پرۆسەی زیادکردن دوورخستۆتەوە، کە پێشتر پشکی ٤٠٪ فرۆشی دۆلاری بانکی مەرکەزییان هەبووە. ئەم بانکانە لە سەر گۆمانی ئەوەی رۆڵیان هەیە لە مامەڵەکردنی نایاسایی بە دۆلارەوە دورخراونەتەوە و سەرمایەیەکی قەبەیان لە بەردەستدایە و لە ئێستادا ئەو خواستەیان گواستۆتەوە بۆ بازاری تەریب. بە پێی هەواڵەکان لە ناوەندە داراییەکان ئێستا ئەو بانکانە دۆلار لە بازاراکان کۆ ئەکەنەوە لە رێگەی نایاساییەوە رەوانەی تۆرکیای ئەکەن.  ‌‌ئەم پرۆسەیە لەئەنجامدا کورتهێنانی خستنەڕووی لە بازاڕدا دروست کردوە.

بۆ نمونە دوێنی  ٢٥/١٢/٢٠٢٢ بڕی دۆلاری فرۆشراو لە پەنچەری فرۆشتنی بانکی مەرکەزی بەم شێوەیە بووە:

بڕی فرۆشراو بە حەواڵە  19,860,219 دۆلار

بڕی فرۆشراو بە کاش.  66,350,000 دۆلار 

کۆی فرۆشتن.  86,210,219 دۆلار 

بە بەراورد لە گەڵ ٢٦/١٠/٢٠٢٢ 

بڕی فرۆشراو بە حەواڵە. 182,436,583  دۆلار

بڕی فرۆشراو بە کاش. 60,300,000 دۆلار

کۆی فرۆشراو. 242,736,583دۆلار

ئەگەر تەماشای جیاوازی نێوان دوێنێ و ٢ مانگ لەمەوبەر بکەین ئەبێنین جیاوازیەکی گەورە هەیە لە بڕی دۆڵار کە خراواتا بازارەوە. 

ئەم بەرزبونەوەیەی ئێستای دۆلار لە بازاڕی دراو بڵقێکە ئەو فاکتەرەی پێشتر باسم کرد دروستی کرد و فاکتەری موزارەبە ( speculation) لە لایەن بانکەکان و بازرگانانی دراوەوە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە بۆ چنینەوەی قازانجی زیاتر گەورەتری کرد. خەڵکی سادەش ئەکەونە ژێر کاریگەری ئەو ناروونیەی بازار و هەوڵ ئەدەن دۆلار بکڕن، ئەمەش فاکتەرێکی ترە لەپاڵ ئەوانی پێشوو بڵقەکە زیاتر گەورە ئەکات هەتا ئەتەقێت. ئەوجا ئاراستەی پێچەوانە دەست پێ ئەکات هەتا لە ئاستێکدا ئەوەستێت، کە ئەکرێت کەمێک لە ئاستی بەر لەم قەیرانە بەرزتر یا نزمتر بێت، بەڵاو زۆر دور نابێت لە نرخی فەرمی بانکی مەرکەزی.    

بە پێی لێدوانی راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەو دۆخە کاتیە و هەتا رێکارە نوێیەکان جێگیر ئەبن، ئەوجا نرخی دۆلار جارێکی تر ئەگەڕێتەوە سەردەمی جارانی.   

هەر ئەمڕۆ هەواڵەکان لە بەغدادەوە  باس لە هەندێک هەنگاو ئەکەن کە بڕیار وایە سەرۆک وەزیران لە رۆژانی داهاتۆدا بیگرێتە بەر بۆ بەرگرتن لە کاریگەریە نەگەتیفەکانی بەرزبونەوەی دۆلار لەسەر نرخی شتومەک لە بازاراکاندا.   ‌‌

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە کە کەسێک بە پێشناوی شارەزای بواری بانک و دراو؟!!! هۆی بەرزبونەووی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار بۆ هەمان هۆکانی دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی ئەگەڕێنێتەوە، کە هیچ بنەمایەکی نیە.  دابەزینی نرخی تمەن بەرئەنجامی سزای ئابوری دورماوەی ئەمریکا و هەندێک ووڵاتی ترە لەسەر ئێران و سەرهەڵدانی ژیناش  فاکتەرێکی ترە لە پشتی ئەو دابەزینەوە.

بە هەمان شێوە لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و دواتریش لە کاتی پێکەوەنانی حکومەتدا خەڵکێکی زۆر کەوتنە ژێر کاریگەری لێدوانی هەندێک سیاسی و کاندید و ئەندام پەرلەمانی موزایەدەچی کە نرخی دۆلار ئەگێڕنەوە بۆ ئاستی بەر لەسەرخستنی بە بێ هیچ بنەمایەک کە تەنها دەنگۆو و رێکڵامی هەڵبژاردن هیچی تر نەبووە و نیە. 

بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار نەک تەنها بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجەی گشتی بوو، بەڵکو داوای زۆرێک لە ئابوریناسانیش بوو بۆ کەمکردنەوەی ئاستی هاوردەکردن و بوژاندنەوەی ئابوری ناوخۆ. جونکە تا بەهای دراوی ووڵات بەرزبێت لەخزمەتی زیادبوونی هاوردەکردنە لەلایەک و لەلایەکی تریش ئەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تێچووی بەرهەمی ناوخۆ کە نەتوانێ پێشبڕکێ بکات لەگەڵ کالای هاوردەکراو و پێچەوانەکەشی هەر راستە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×