خۆ بەپڵینگ بینینی پشیلە

نەوزاد شوانی
  2021-12-17     691

نەوەی نوێ  لە سەر زمانی سەرۆک و گوتەبێژەکەی دەڵێن، ئیتر  ئەوان بڕیار ئەدەن سەرۆک کۆماری عیراق کێ بێت!!!

بۆ هەر کەسێک کەمێک شارەزایی هەبێت لە بەڕێوەچونی  پرۆسەی سیاسی لە عیراق لەمەڕ پرسی گەیشتن بە دەستەڵات، و لە نزیکەوە چاودێری ئەو پرۆسەیەی کردبێت ئەزانێت کە ئەم ئیدیعایە تەواو بێ بنەمایە ویا بەرهەمی نەزانیە یا عەوامفریویە. 

پرۆسەی دیموکراسی لەمەڕ پرسی گەیشتن بە دەستەڵات  هەتا لە وڵاتە دیموکراسیە گەشەکردووەکان ئاڵۆز و گرفتئامێزە.  

هەتا لەو ووڵاتانەی کە مێژوویەکی دووری دیموکراسیان هەیە و دەزگای تۆکمە و رێکخراویان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە و دیموکراسی بوە بە بەشێک لە کولتور، هەندی جار پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامی وا ئەدات بە دەستەوە کە هیچ حیزب یا هاوپەیمانیەک ٥٠+١ ٪ کورسیەکانی پەرلەمان دەستەبەر ناکەن کە پێی دەڵێن  (Hung Parliament)  یا پەرلەمانی ھەواسراو.ئەمەش ئەبێتە گرفت بۆ پێکەوە نانی زۆرینە و دروستکردنی دەستەڵاتی جێبەجێکار. 

لەوکاتانەدا نرخی پشکی کورسیە سەربەخۆکان و حیزبە بچوکەکان لە بۆرسەی سیاسی و بازارگانی ئەسپ (Hourse trading) بەرز ئەبێتەوە بە تایبەتی ئەگەر دوو هێزی گەورە کە ژمارەی کوسیەکانیان نزیک بێت لە زۆرینەوە و بەکورسیە سەربەخۆ و حیزبە بجوکەکان زۆرینە دەستەبەر بکەن.     

بۆ نمونە له هەڵبژاردنی ٢٠١٠ شانشینی یەکگرتوو هیچ یەکێ لە دوو حیزبە گەورەکەی پارێزگاران و کار، دەنگی زۆرینەیان دەستەبەر نەکرد. لیبراڵ دیموکرات کە حیزبی سێهەم بوو، رۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕا لە  دەستنیشانکردنی حکومەت، کاتێک لە گەڵ پارێزگاران رێکەوتن. 

لە هەڵبژاردنی رابردووی ئیسرائیل،  سەرباری ئەوەی حیزبی لیکۆد بە سەرۆکایەتی ناتانیاهو براوەی یەکەمی هەڵبژادن بوو بە ٣٠ کورسی و بە ١٣ کورسی لە پێش نزیکترین رکابەری.  بەڵام هاوپەیمانیەکەی ناتانیاهو سەرکردایەتی ئەکرد ٥٢ کورسی هەبو و هاوپەیمانی دژ ٥٧ کورسی هەبوو.  بە رێکەوتن لەگەڵ  بەری عەرەبی یەکگرتوە کە  ٤ کورسیان  هەبوو هاوپەیمانی بەرەی دژ توانیان ژمارە سیحریکە دەستەبەر کەن کە ٦١ کورسیە لە کنێستی ئیسرائیلی و حکومەت پێک بهێنن.

بۆ چارەسەری ئەم گرفتە لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و سوید و فەرەنسا و زۆری تر  گۆڕپانی سیاسی وڵات لەسەر هێڵی نێوان چەپ و ڕاست دابەشبووە بۆ دوو هاوپەیمانی کە لە ئاستی نیشتمانی دا ململانێ ئەکەن .  

هەڵبژاردن و پێکەوەنانی زۆرینە بۆ حکومەت و دەستنیشانکردنی پۆستە باڵاکان لە عیراق زۆر ئاڵۆزتر و گرفتئامێزترە وەک لەو نمونانەی ئاماژەم پێیاندا لە بەر هۆگەلێکی زۆر لەناویاندا:

- هەڵبژاردن وەک رێگایەک بۆ گەیشتن بە دەستەڵاتی سیاسی، نوێیە لە عیراق و نەبووە و بە دەزگا و دامەزراوە.

-دیموکراسی نەبوە بە کەلتور و رەگی دانەکوتاوە لە سیستەمی پەروەردە کە تاکی کۆمەڵگا وەک تاکە شێوازی رەوا بۆ گەیشتن بە دەستەڵات چاوی لێبکەن.

- زۆربەی هێزە سیاسیەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق  هەڵگری ئایدۆلۆجیای ئاینین کە خودی دیموکراسی بە بیدعە ئەزانن و بە سەپاوی ئەبینن.

- حیزبە قەومیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و کولتوری شاخ دیموکراسیان تەنها وەک روکەش کردووە بە لۆگۆکانیانەوە و بە پراکتیز ئەمەیان سەلماندوە. 

- بەرژەوەندی هێزە هەرێمیەکان کە سەقامگیری و ئارامی عیراق خزمەتیان ناکات و دەست ئەخەنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە لە بەرژەوەندی پرۆکسیەکانیان.  

ئەمانە و چەندان هۆی تر وای کردووە کە هێزە گەورەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی لە دوو ئاستی جیاوازدا هێز و پەیوەندییە گوماناوەیەکانی خۆیان بەکاربهێنن بۆ کاریگەری خستنە سەر 

ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خۆیان. 

یەکەم، لە ئاستی دارشتنی چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردن و  دامەزراندنی دەزگای پەیوەندیدار بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن (کۆمیسیۆن) و دەستنیشانکردنی ئەندام و ستافەکەی بە شێوازێک بەرژەوەندیان لەبەرچاو بگرێت. 

دووەم، مانۆر و ساختەکاری و ترساندن و کڕینی دەنگ و ئاخنینی سندوقەکان لە کاتی زیادکراودا لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا و بەکارهێنانی باڵادەستیان لە کۆمیسیۆن. 

ئەم فاکتەرانە کارێکی کردووە کە پرۆسەکانی پاش هەڵبژاردن زۆر ئالۆز بن و بە رەوتی کیسەڵ بچنە پێشەوە و بابەتی یەکلایکردنەوەی سکاڵا یاساییەکان و تەسدیقی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگرە و بردە و کاتێکی زۆری بوێت.  

دواتر پرۆسەی پێکهێنانی زۆرینە زۆر ئاڵۆزترە، بە هۆی دابەشبونی گەلی عیراق بەسەر پێکهاتەی جیاوازدا و پێویستی بوونی نوێنەرایەتی هەر یەکێک لەو پێکهاتانە لە دەزگاکانی دەستەڵاتدا لای کەم تاوەکو ئێستا.

لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵی، سەرۆکایەتی کۆمار دراوە بە کورد و سەرۆکایەتی حکومەت بە شیعە و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ سوننە. بۆیە هەموو حکومەتەکانی پێشوتر حکومەتی تەوافوق بوون، کە خەریکە ئەبێت بە عورف. 

بەڵام ئەگەر بە پرانسیپی زۆرینە و کەمینە پەیڕەو بکرایە تەنها شیعە  ئەیانتوانی زۆرینە دروست کەن و هەموو پۆستەکان بە خۆیان پڕکەنەوە. هەر پراکتیزێکی نەدیمەکراتی پێۆیست   رێگەچارەی دیموکراسی بۆ بدۆزرێتەوە. کە ئەمە وائەکات لە هەموو خولێکدا چەند مانگێکی بوێت تا حکومەتی نوێ پێکەوە ئەنرێت. کە هەموو جارێکی بە نێوەندگیری و دەست تێخستنی دەرەکی ئەو پرۆسەیە پیادە بکرێت. 

ئێستا لە سەر پاشخانی شکستی دەستەڵاتی تەوافوق لە دوو دەیەی دوایدا. رابەری گەورەترین حیزبی براوە موقتەدا سەدر داوای حکومەتی زۆرینە ئەکات.  

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا حکومەتی زۆرینەی بە پرەنسیپی تەوافقی پێکھاتەکانەوە ئەوێت، یا خوازیارە هەموو ئەو ئارایشە سیاسیەی پێشتر هەکتەڵێنێ، یا چی؟   

ھەر یەکێک لەم بژاردانە، دروستکردنی زۆرینە و پێکھێنانی حکومەت و دەستنیشانکردنی پۆستەکان ئاڵۆز و ئاڵۆزتر ئەکات.

ئەگەر موقتەدا مەبەستی دەستەڵاتی زۆرینە بوێت لەگەڵ  تەوافقی پێکھاتەکان ؟ ئەوکات پێویستە ھاوپەیمانیەک پێک بھێنێت کە نیوەی رەهای کورسیەکانی پەرلەمان و نوێنەری ھەرسێ پێکھاتە سەرەکیەکەی تیا بێت.

 ئەگەر خوازیاری ئەوە بێت ھەموو ئارایشی سیاسی پێشوتر ھەڵوشێنێت بە تەوافقی پێکھاتەکانەوە ئەوا دۆخەکە سەد بەرابەر ئاڵۆزتر ئەبێت تا ئاستی جەنگ! 

ئەوەی بوو بە ھەوێنی ئەم گوتارە راگەیاندنی نەوەی نوێ بوو کە چیتر یەکێتی و پارتی ناتوانن پۆستەکانی بەغداد دەستنیشان بکەن و لەمەودوا بزوتنەوەکەی ئەوان دەستنیشانی سەرۆکی کۆمار ئەکەن! بێ ئەوەی پێمان بڵێن چۆن؟  

ئەم برادەرانە نازانن کە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار  بە پێی بڕگەی دوو لە مادەی ٤٩ی دەستور ی عیراق ( سەرۆک کۆمار بە دەنگی دوو لە لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەلدەبژێڕیت لە قۆناغی یەکەمدا و  بە دەنگی زۆرینەی رەها ئەگەر کەس دەنگی ٢\٣ نەھێنا). لە خولی پێشوی پەرلەمان مەسعود باڕزانی وەک سەرۆکی گەورەترین حیزبی کوردی لە پەرلەمانی فیدراڵی رێککەوتبوە  لە گەڵ سەرکردایەتی زۆرێک لە ھێزە  شیعیەکان کە دەنگ بە کاندیدی دەستبژێری ئەو بدەن. بەڵام ئەگەر دەستواژەیەکی ئەسپسواری بەکار بھێنم. ئەسپەکەی مەسعود بارزانی پێشوەختە دۆڕا بوو. چونکە لای شیعەکان مەرغوب نەبوو. بە شەخسی گوێم لە چەند ئەندام پەرلەمانێکی غەیرە کورد بوو کە ئەیانگووت رێگا نادەین سکرتێرەکەی مەسعود بارزانی ببێتە سەرۆکی عیراق. 

گەلۆ، ھەرچەند سەر دێنم و سەر ئەبەم  و چەند باڵی بیرم لێک ئەدەم،  نازانم دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆماری عیراق بە چ میکانیزمێک لە دەستی سەرۆکی نەوەی نوێ و گوتبێژەکەیدایە؟  لەوەش گرنگتر کێیە بازی بەختی نەوەی نوێ بەسەر سەرییەوە ئەنیشێتەوە؟ .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×