1
سی ساڵ لەمەوپێش خەڵکی ئێمە ئاوارە بوون و کوردستانیان بە جێهێشت، ئەم هەڵهاتنە پێش هەموو شتێک هەڵهاتن بوو لە ستەمی بەعس و هەڕەشەی قڕکردن، نەک کۆچێکی ئاسایی و هەوڵدان بۆ تاقیکردنەوەی شێوازێکی نوێی ژیان. کۆڕەو هەنگاونان نەبوو بۆ چوونە نێو جیهانێکی نوێ، بەڵکو هەوڵ بوو بۆ مانەوە و دەستگرتن بە خراپترین دۆخەکانی ژیانەوە. کۆڕەو جێهێشتن نەبوو لە پێناوی گەیشتن بە بەهەشتی ئەوی دی و ڕزگاربوون لە دۆزەخی نیشتمان، بەڵکو تەقەلایەکی ئینسانیانەی ئێمە بوو بۆ دەربازبوون لە ستەم. ئاخر ئەو دەمە هێشتا نیشتمان پیرۆزترین جێ بوو کە بە ناچاری لێی دەرکرابووین و هەر دەبوو بگەڕاباینەوە بۆی، ئەو کاتانە نیشتمان هێشتا مۆنۆپۆڵنەکرابوو بۆ چەند بنەماڵەیەک و هەمووان بە هی خۆیانیان دەزانی!
2
ئێستا دوای سی ساڵ و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردییدا، جارێکی دی هەمان ئەو دیمەنانە دووبارە دەبنەوە و خەڵکێکی زۆر خاکی خۆیان جێدەهێڵن و ڕێی هەندەران دەگرنە بەر و پەراگەندەی وڵاتان دەبن، بەڵام ئاوارەبوونی ئەمجارە جیاوازترە لە ئاوارەبوونەکانی پێشتر، ئاخر هەڵهاتنی ئەمجارە بە تەنها ترس نیە لە مەرگ و هەوڵ نیە بۆ مانەوە، بەڵکو دەرئەنجامی هوشیاربوونەوەی تاکی کورد و گەڕانە بە دوای ژیانێکی بەرزتر و جوانتردا، ژیانێک کە بەرمەبنای کرانەوەی کۆمەڵگای کوردییە بە ڕووی جیهانی دەرەوە و بینینی ئاستی گەشەی ژیارییانەی ڕۆژئاوا و بەراوردکردنێتی بە دواکەوتوویی ژینگەی ئێرە، ژیانێک بەرمەبنای ئەو ڕوانینە باوەیە کە پێیوایە چیدی نیشتمان ئەو پیرۆزییەی پێشتری نەماوە و ئەو خاکە نیە کە دەبێ بگەڕێینەوە بۆی، بەڵکو بۆتە نیشتمانی دز و پیاوکوژان، بۆتە نیشتمانی سەرانی حیزب و منداڵی بەرپرسەکان.
لە ڕاستیشدا سەرانی حیزبی کوردی هێندە ڕووقاییمانە نیشتمانیان کردۆتە موڵکی خۆیان، ئەوەندە ناشرین هەموو شتێکیان قۆرخکردووە، کە تەنانەت بە ڕەوای نابینن نەک تەنها خەڵکە بێزار و ملنەدەرەکە، بەڵکو لایەنگرەکانیشیان بستێکی ئەم خاکە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان بە هی خۆیان بزانن.
3
خراپی دۆخی سیاسیی و نایەکسانیی و ناڕێکیی لە دابەشبوونی داهات و بەرفراوانبوونی پانتایی جیاوازییە چینایەتیەکان، بوونی حیزب و سەرکردەی مشەخۆر و ڕێککەوتنی ژێربەژێر بۆ ڕووتاندنەوەی خەڵکی و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و قۆرخکردنی جومگە سەرەکیەکانی ژیان لە لایەن هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانیی و بارزانییەوە، لە گرنگترین هۆکارەکانی کۆچڕەویی ئەم نەوە تازەیەی کوردن.
4
بێ ئومێد بوون لە هەبوونی ڕێگاچارە، لە هەبوونی ئۆپۆسزیۆنێکی کارا، لە هەبوونی هێزێکی وا کە توانای تێکشکاندنی ستەمی یەکێتی و پارتی هەبێت و بتوانێت ببێت بە جێگرەوەیەکی باشی ئەم دوو هێزە دڕندەیە، کە لە یەککاتدا هەم شکۆ بۆ تاکی کورد بگەڕێنێتەوە و هەمیش ژیانێکی شایستە و ئازادانە و پڕ بەهای بۆ دابین بکات و دەرفەتی کارکردنی یەکسان و وەک یەک بۆ هەمووان بڕەخسێنێ. بێگومان کە هیچ هیوایەک نەما بۆ چاکبوونەوەی ئەم دۆخە، کۆچکردن و گۆڕینی شوێن دەبێتە خولیای زۆرینە و خەونی گەیشتن بەودیوی سنورەکان لە خەونێکی تاکەکەسییەوە دەبێتە خەونێکی دەستەجەمعیی.
5
خاک و نیشتمان تا ئەو جێیە پیرۆزن؛ کە کەرامەتی مرۆییانەی تاکەکانی تیا پارێزراو بێت و زۆرینە تێیدا نەبنە قوربانی کەمینەیەکی خۆسەپێن و نەخوێندەوار. نیشتمان تا ئەو حەدە گرنگە کە لە بەرامبەر هەر ئەرکێکدا کە بە هاوڵاتی دەسپێرێت، مافێکیشی بۆ دانابێت! وەگەرنا جێهێشتنی نیشتمان دەبێتە ئەرک و خۆشویستنی دەبێتە خەیاڵپڵاویی. وەک چۆن "شێرکۆ بێکەس" لە شیعرێکیدا دەڵێت:
ئەی نیشتیمانی بێ گوێچکەم
تۆ ئەتەوێ هەر چیەک بی و
هەر چۆنێک بی، خۆشمبوێیت ؟!
بەفر بیت یان قوڕ و لیتەو
هەتاو بیت یان تەمومژ و
تەپوتۆز بیت یاخود فەزایەکی بێ گەرد
هەر وەکو یەک تەماشاتکەم ؟!
هەرچۆنێک بیت خۆشمبوێیت ؟!