ئایا حزبە نوێیەکان دەتوانن ببنە بەدیل؟
خالید کاوە
2021-11-13   413
بەرلەهەرشتێ حزب، پێکهاتەی کۆمەڵێ کەسن، کەبەرژەوەندی هاوبەش و نزیکی بۆچونیان لەیەکەوە کۆیان دەکاتەوە.
زۆربەی حزبە تازەکانی دوای ڕاپەڕین بەهۆی کاردانەوەی توندی دۆخێک یان ڕووداوێک دروست بوون، کەمتر بەرهەمی ئامادەسازیی و پلانی دوورمەودان، یان کەمتر پێداویستی قۆناغەکە دروستیکردوون، ئەم جۆرە حزبانەش لەسەرەتاوە زۆرترین پێکهاتەیی کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی پێکدەهێنن، بەڵام بەهۆی خراپی پێگەی کارگێڕی، نەبوونی پەیکەرێکی بەهێزی بەڕێوەبردن، لاوازی ژێرخانی ئابووری، زۆری لەپەلو پۆ کەوتون.
ئەو حزبانەشی دروست بوون، هەڵگری خەسڵەتی ناوچەی بوون نەک کوردستانی، واتا زیاتر لەچوارچێوەیی جوگرافیایەکی دیاریکراودا کاریگەری و نفوزیان هەبووە، بەشێوەیەک ڕابەر و سەکردەکانی وڵاتیشیان بەسەر ناوچە و شارەکاندا دابەشکردووە، هەرناوچەیەک کەسێک بەسەرکردەو ڕابەری خۆی دەناسێنێت.
ئەو حزبانە هەرگیز نەیانتوانییوە مەترسی دروست بکەن بۆ حزبەکانی دەسەڵات، چونکە لەلایەک هەلومەرجی سیاسی لەبار نەبووە بۆ ئەوەی حزبێکی کوردستانی دروست بێت و قۆناغی دابەشبوونی سیاسی حزبەکان لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا تێپەڕێنێت، لەلایەکی تریشەوە دنیابینی سەرکردە و ڕابەرەکانی ئەم حزبانە بەشێوەیەک لەشێوەکان بێ ئومێد بوون لەوەی بتوانن سلێمانی تێپەڕێنن.
ئێستا باس لەدروستکردنی هەندێ حزبی تازە دەکرێت، کە زۆربەیان دەموچاوی دووبارەن بۆ خەڵک، کارەکتەرەکانی ئەم حزبە نوێیانە پێیانوایە دەتوانن ئەو خەڵکە ناڕازییەی کە بایکۆتی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان کردووە لەژێر چەترێکدا کۆبکەنەوە و دەتوانن ببنە خاوەنی ئەو دەنگانە، بەڵام قورسە لەڕێگەی شەخس و گروپەوە بتوانیت گۆڕانکاری دروست بکەیت، بەتایبەت لەدۆخێکی لەم شێوەیەدا، کە دەبێتە پرسیارێک لەخۆمان بکەین، ئایا خەڵک وێڵە بەدوای حزبیکی تازەدا بۆ ئەوەی گۆڕانکاری دروست بکات؟ یان خەڵک ئومێدی بە پڕۆسەی دیموکراسی و سیاسەتکردن نەماوە و حزب بارێکی ترە بەسەر خەڵکەوە.
بەگشتی ئەو حزبە تازانەی دروست دەبن قەیرانی کادری حزبییان هەیە، کە توانایی بەردەوامیی ئۆرگانی و دیسپلینی حزبیان نییە، هەروەها لەبری کتێب و ڕەخنەی جددی، ڕۆژنامە و بڵاوکراوە؛ و لەجیاتی سیاسەتی جددی، ناکۆکی درۆیینە و بەریەکەوتنی تاکەکەسی دێننە ئاراوە.
ژینگەی کاری سیاسیش لەبار نیە بۆ دروستبوونی حزبی نوێ، چونکە لە ڕابردوودا حزبەکان بەگشتی کۆمەڵگەیەکی سیاسیان دروست کردووە، ئەم کۆمەڵگا سیاسیە پاشخانێکی مێژووییان لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکان هەیە، قوربانیان لەوپێناوەدا داوە، بەشێوەیەک بەرژەوەندیی خۆیان و نەوەکانییان ڕێکو پێک لەو سیستمەدا پارێزراوە، ئەم چینە کە زۆرینەی دەنگدەری ئێمە پێکدەهێنن، هێندەی پابەندی مێژووی کاری سیاسی خۆیان و باو باپیرانیان کەمتر باوەڕیان بە فکر و ڕێکخراوەی بوونی حزب هەیە و بیر لەگۆڕانکاری جددی ناکەنەوە.
بەمشێوە ڕەنگە هیچ حزبێک لە ئێستادا جێگەی ئومێدی خەڵک نەبێت، چونکە دەکرێت بڵێین ئێمە لەبری لەدایکبوونی حزبێکی نوێ ڕەنگە پێویستمان بە سەردەمێکی نوێ هەبێت، کە تێگەیشتنێکی نوێ بۆ دیموکراسی و زانستی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی بهێنێتە کایەوە.