ئێرانو تورکیا ماوەیەکە بەشێوەیەکی بەردەوام پەلامارو هێرشی سەربازیی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، لەڕۆژمێری هەرێمی کوردستاندا رۆژێک بەبێ تۆپپبارانو بەبێ بۆردومانو بەبێ هێرشی درۆنەکانی ئەو وڵاتانە بۆ سەر ئەم هەرێمە تێناپەڕێ! بەمەرجێک تورکیاو ئێران دوو شەریکی بازرگانی یەکەمی هەرێمی کوردستاننو زۆربەی هەرە زۆریی کاڵاو بەرهەمی هاوردەکراومان سەرچاوەکەی ئەو دوو وڵاتەیەو ساڵانە کۆمپانیاکانیان داهاتێکی زۆرو زەبەندییان لەهەرێمی کوردستان دەستدەکەوێ، بەڵام لەبەرامبەردا ئەوان موشەکو درۆنمان بۆ دەنێرن!
بیانووەکەیان بوونی هێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو دوو وڵاتەیە لەسەر خاکی هەرێم! بەر لەهەر شتێک پێویستە ئەو راستییەمان لەبیر نەچێت کە لەدنیای ئەمڕۆدا هیچ کێشەیەک (بەتایبەتی کێشەی گەلێکی زۆرلێکراو) لەڕێگەی توندوتیژییەوە نەک چارەسەر ناکرێت، بەڵکو زیاتر دەبێتە مایەی توڕەییو ناڕەزاییو تەنها درێژە بەتەمەنی ئەو کێشەو کارەساتانە دەدات، وەکو ئەزمونی سەد ساڵی رابردوو ئەو راستییەی سەلماندووە. باشترین رێگە بۆ ئەو وڵاتانەی کێشەی کوردییان تیایە تەنهاو تەنها گرتنەبەری رێگەی دیالۆگو گفتوگۆیە، بەدەر لەمە سەرکوتو کوشتارو کپکردنەوەی ناڕەزایی هەرگیز ناتوانێت کۆتایی بەو پرسو کێشەیە بهێنێت، چونکە هەمیشە وەک ژیلەمۆو ئاگری بن خۆڵەمێش سەرهەڵدەداتەوە.
ئەمە جگە لەوەی هەر وڵاتێک لەم ناوچەیەدا رێز لەمافەکانی کورد نەگرێت، بەدڵنیایی ئەمە دەروازەیەکە بۆ ئەوەی لەسەرتاسەری ئەو وڵاتەشدا مافەکانی مرۆڤو دیموکراسیو پێکەوەژیانی ئاشتیانە پێشێل بکرێت. ئەگەر گیان لەدەستدانی "ژینا" شۆڕشێکی ژنان لەئێراندا بەرپا دەکات، ئەوا پێویست ناکات لەڕێگەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانو خەڵکێکی ئاوارەو دەربەدەرو خۆشی لەخۆنەدیوەوە، ئەو وڵاتە هەوڵی هەناردە کردنی قەیرانەکانی بۆ ئەمدیوو سنوور بدات.
گەر لەدیدی ئابورییەشەوە بڕوانین، ئەوا لای کەس شاراوە نییە کە هاوردەکردنی کاڵاکان لەوڵاتانی تورکیاو ئێرانەوە لەڕاستیدا دەبێتە هۆکار بۆ بەرەوپێشچوونی سیستمی ئابورییان، نائارام کردنی ئەم هەرێمەو فشاری سەربازیی خستنە سەر ناوچە سنورییەکانو شارو شارۆچکەکانی کوردستان جگە لەوەی رەنگە کاردانەوەی هاوڵاتیان بەدوای خۆیدا بهێنێت، وەک ئەوەی لەکاتی هێرشکردنی سوپای تورکیادا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بینیمان کە بایکۆت کردنی کاڵای تورکی لێکەوتەوە، لەهەمانکاتیشدا نائارام کردنی هەرێمی کوردستانو پەلاماردانی لەڕووی سەربازییەوە، کاریگەریی نەخوازراوی لەسەر دۆخی ئابوری هەرێم دەبێت، کە دواجار دەبێتە هۆی قەیرانی ئابوری زیاترو کەمبوونەوەی فرۆشی کاڵای کۆمپانیاکانی ئەو دوو وڵاتە لەهەرێمی کوردستاندا. واتە لەیەککاتدا نە لەڕووی سەربازییو ئەمنییەوە دەتوانن ئامانجەکەی خۆیان بپێکنو کۆتایی بەکێشەو پرسی کورد بهێنن، نەلەڕووە ئابورییەکەشەوە دەتوانن دەستکەوتی زیاتر بچننەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، سەرنجام بەزیان بەسەر خۆیاندا دەشکێتەوە.
ئەوە هەرێمی کوردستانە کە چەند ساڵێکە ئابوریو بازاڕی ئەوان دەبوژێنێتەوەو لەدەستدانی ئەم بازاڕە عاقیبەتی خێری بۆ ئەو دوو وڵاتە نابێتو بەکارهێنانی تۆپو فڕۆکەو درۆنو موشەکیش جگە لەناڕەزایی هیچی دیکەی لێ سەوز نابێت، لەبەرئەوەی پرسی کورد پرسێکی رەواو مرۆیانەو وەک مامۆستا هێمن دەڵێت:
شـیوەنی من شـیوەنـی ئینسانییە
بانگی ئازادیو گڕووی یەکسانییە
شیوەنی من شینی کوردی بێبەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێیو هەشە