خۆپیشاندانو نائارامییەكانی ئەم دواییەی خوێندكارانی زانكۆ، كە داواكارییەكانیان لەپێدانی دەرماڵەیەكدا كورت دەبێتەوە مانگانە یەكسانە بە70 دۆلار بۆ هەر خوێندکارێک، سەرنجی هەموومانی بەرەو لای گرنگیو بایەخی دادپەروەری كۆمەڵایەتیو بەدیهێنانی لانیكەمی یەكسانی لەڕاگرتنی ئارامیو ئاسایشی كۆمەڵگەدا راكێشا.
هەرێمی كوردستان دوای 30 ساڵ لەحوكمڕانی خۆماڵی، نەیتوانیوە لەم بوارەدا وەك پێویست سەركەوتوو بێت، ئێستا بەشێكی زۆری گەنجان بەرامبەر بەژیانی ئایندەیان نائومێدو رەشبینو ناڕازین، بەشێكی بەرچاویشیان بیر لەكۆچو جێهێشتنی وڵاتو سەر هەڵگرتنی خۆاین دەكەنەوە، هۆكارە سەرەكیەكەشی ئابورییە، لەبەرئەوەی زۆربەیان وا هەست دەکەن مانەوەیان بەبێکاریی دادیان ناداو دەرفەتی ژیانێکی شکۆمەندانەی شایستە بەمرۆڤو هەلی كاری گونجاویان بۆ ناڕەخسێ.
بێگومان هەرێمی كوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی جەنگی داعشو قەیرانی ئابوریو بڕینی موچەو بودجەو سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناو توندبونەوەی ناكۆكیو ململانێی سیاسییەوە، روبەڕووی دۆخێكی ئالۆزو پڕ لەتەنگەژە بووەتەوە، دەرباز بوون لەم تەنگەژەو قەیرانانەش پێویستی هەم بەكاتو هەم بەئیرادەیەكی بەهێزی چاكسازییە.
یەكێك لەو هەنگاوانە بەئاڕاستەی چاكسازییدا كاركردنە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتیو شەفافیەتو یەکسانی، دووركەوتنەوەیە لەمەحسوبیەتو مەنسوبیەت، هەوڵدانە بۆ وشك كردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی، كە گەورەترین فاكتەرە بۆ هێنانە ئارای نادادپەروەریو نایەكسانی لەدابەشكردنی داهاتو سەروەتو ساماندا.
هەرێمی كوردستان كە بەری رەنجو خەباتو قوربانیدانی 100 ساڵەی هاوڵاتیانی ئێمەیە، پێویستە بەهەموومان بیپارێزینو پێداگریی لەسەر ئەوە بکەین کە بە بەهێزیی بمێنێتەوەو بە بەهێزیش بەردەوام بێت.
بێگومان رازی بەهێزییو مانەوەو بەردەوام بوونی هەر وڵاتێكیش لەگرەوی دروستكردنی هەستی بەرپرسیاریەتیو ئینتیمایانە بۆ نیشتمانو بەرجەستە كردنی مافی هاوڵاتییە بێ جیاوازی، لەڕێگەی بەدیهێنانی ئەندازەیەك لەدادپەروەری كۆمەڵایەتیو یەكسانیو رەخساندنی هەلی كارو ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازیییو چاودێرییەوە بە بەردەوامی.
لەم روانگەیەوە هەرێمی كوردستان هیچ رێگەیەكی لەبەردەمدا نییە بۆ دەرباز بوون لەگرفتو قەیرانەكانی، جگە لەئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازیی.
چاكسازیی بەمەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتیو رەخساندنی دەرفەتی یەكسان لەبەردەم هاوڵاتیاندا بێ جیاوازی ئەو راستە رێگەیە كە بەرەو كەناری ئارامیو خۆشگوزەرانیمان دەبات، زۆر گرنگە ئەو راستییەمان لەبیر نەچێت كە لەهەر كوێی ئەم دنیایەدا مرۆڤ هەستی بەنادادپەروەریو نایەكسانی كرد، ئەوا بەنیشتمانو مافەكانی نامۆ دەبێتو پابەند بوونی بەئینتیمای نیشتمانییەوە زەحمەت دەبێتو پەنا دەباتە بەر بژاردەی ناقۆڵای وەك پشێویی نانەوە یان سەری خۆ هەڵگرتن بەرەو دوورە وڵاتی!
ئەگەر ئێمە بمانەوێ ئینتیمایەكی دڵسۆزانەو راستگۆیانە لەگەنجاندا بۆ خاكو نیشتمان دروست بكەینو گەنجانی ئەم هەرێمە خۆیان بەخاوەنی راستەقینەی ئەم ولاتە بزانن، ئەوا ئەمە وا دەخوازێ كە هەلی كارو دەرفەتی یەكسانیان بۆ بڕەخسێنین، شوێنی نیشتەجێبونیان بەنرخێكی گونجاو بۆ دەستەبەر بكەینو جۆرێك لەدادوەری پەیڕەو بكەین كە هەمووان بێ جیاوازی لەسامانو لەخێرو بێری ئەم وڵاتەدا پشكیان بەركەوێت، دەنا بەردەوام بوون لەسەر نادادپەروەریو ناشەفافیەتو گەندەڵی تارمایی ناڕەزایی گەورەتر دەكاو سەرەنجام سەری ئەم هەرێمە دەخواو بەرەو ئایندەیەكی تاریكمان دەبات.