لێكەوتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتێكانی كۆمەڵكوژیەكەی 9 حوزەیرانی 1963ی سلێمانی

خۆشەوی کەمال محەمەد
  2021-12-22     671

كەم شار هەیە لە كوردستان دا لە خەباتی رزگاریخوزازیدا هیندە سلێمانی قوربانی دابێت. هەر بۆیە دوژمنانی گەلەكەمان هەردەم كارەساتیان بەسەر ئەم شارەدا هێناوە. بەڵام لەوەش ناخۆش تر ئەوەیە كە هەموو حیزبەكانی كە شاری سلێمانی ببووە لانكی ئەوان زورترین غەدریان لەم شارە و دانیشتوانەكەی كردووە، ئەم رۆژی پێوە بێت. 
یەكیًك لەو  تاوانە گەورانەی كە رژێمی عێراق بەرامبەر بە خەڵكی ئەم شارە ئەنجامی داوە، كۆمەڵكوژیەكەی 9ی حوزەیرانی ساڵی 1963 بووە. 
بەداخەوە توێژەرانی و نووسەرانیش كەمترین بەدواداچوونیان بۆ ئەم رووداوە كردووە. من لەم ووتارەدا هەوڵدەدم كەمێك  لە كاریگەریەكانی ئەم كارەساتە ئاشكرا بكەم.
دەستپێكی رووداوەكە لە شكستێكی سەربازی حكومەتی عێراقەوە سەری هەڵدا، ساتێك سوپاكەی لە پەلاماری شاخی ئەزمر دا شكستیخوارد و بە شەرە تەقە خۆیان كرد بە شاری سلێمانی و دواتر رەشبگیریی و كۆمەڵكوژیەگەیان دەست پێكرد. ئەم هێرشە لە 8ی حوزەیراندا بوو. ئیتر لە 9/6/1963 لە شاری سلێمانی قەدەغەكردنی هاتوو وچۆ ڕاگەیندرا و رەشبگیری خەلك دەستی پێكرد. هەندێك لە دەستگیراوانە برانە ئینزیباتخانەكە، هەندێكی تر بۆ زیندانی گەورە. بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەی گیراوەكان زۆر زۆر بوون، هەربۆیەو ژمارە زۆرەكەیان لە گەوری "حامیەی" سلێمانی توندكران.
بەهۆی زوری ژمارەی دەستگیراوەكان، جیگای زیندانەكان زۆر تەنگ بوو هەر بۆیە زۆرێك لەو دەستگیراوانەو بەتایبەتی كەسانی بە تەمەن تووشی تەنگە نەفەسی دەبوون و بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی ئاو و هەواش لە مانگی شەش دا گەرمە. ژمارەی زیندانیەكان هیندە زۆربووە كە لە توانایاندا نەبووە هەموو لە یەك كات رأبكشێن و یان پاڵكەون و بنوون. ئەمە جۆرێك بوو لە ئەشكەنجەی دەروونی. ژمارەیەك لەو دەستگیركراوانە داوایان لێدەكرا كە قسەی نەشیاۆ بە ڕابەرانی ئەوكاتەی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن و بەتایبەتی بە مەلا مستەفای بەرزانی. مەبەست لەم كارە تێكشكاندنی كەسایەتی زیندانیەكان بوو. ئەوەی ئامادە نەدەبوو بەم كارە هەستێت دووچاری ئەشكەنجەدان بەدەنی دەبوو و تەنانەت هەندێك لەوانە رەمی كران و گیانیان بەختكرد.
بەداخەوە نە ژمارەی دەستگیراوەكانی ئەو ڕۆژانە ئاشكرایە و نە ژمارەی شەهیدەكان. ئەوەی باسی لێوە دەكرێت ئەوەیەو كە هەموو ئەو گەنج و لاوانەی سمێڵیان هات بوو دەستگیركران تاكۆ خەڵكە بەتەمەنەكان. لەسەر ژمارەی شەهیدەكانیش ژمارەی جیاواز دەخرێتە روو كە خۆیان لە نێوان 82 كەسەوە تاكۆ 200 كەس دەبیننەوە.
تەرمی شەهیدەكانی ئەم رووداوە نەك تەسلیم بە كەس و كاریان نەكران، بەڵكۆ و رژێم و چەتەكانی حەرەس قەومی و حزبی بەعس نكۆڵیان لە شەهید كردنی ئەو قارەمانانە دەكرد و تەنانەت ئامادەش نەبوون وەفاتنامەیان بۆ دەربكەن تاكۆ ئەو كاتەی تەرمەكانیان لە گۆڕی بە كۆمەڵدا دۆزرانەوە.
لە 10/9/1963 دا، رادیۆی بەغداد بەیاننامەیەكی حكومەتی عێراقی بڵاۆكردەوە، كە بە پشت بەستن بە مەرسومی ژمارە 18ی ساڵی 1935 باری نائاسایی لە كوردستاندا ڕاگەیاند و هێرشێكی سەرتاسەری دەست پێكرد بۆ سەر كوردستان. لەم هێرش و پەلامارانەدا، حكومەت بە سوپا و حەرەس قەمیەوە، سیاسیەتی شەلم كوێرم دەست ناپارێزم و سیاسەتی زەوی سوتاووی بەكار دەهینا. حكومەت دەستی لە كورد نەدەپاراست. بەڵام  بەتایبەتی حكومەت دەستی لە ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و حیزبی شیوعی عیراقی نەدەپاراست. بەمەش حیزبی بەعس كە زۆربەی دەسەڵاتەكانی لە ناۆ حكومەتی عیراقدا لەدەست بوو بە دەیان هەزار ئەندام و لایەنگرانی ئەو دوو حیزبەی (كە ئەو كات تاكە دوو حیزب بوون لە دەرەوەی دەسەڵات) لە زیندان توندكرد و بە هەزارانیش شەهید و تێرۆر كرد،و سەدانی سەرنگوم كرد، تەنانەت دەستدرێژی سێكسیان كردە سەر سەدان ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبانە.
گرنگی ئەم رووداوانە خۆی لە دوو خاڵدا دەبینێتەوە:

1.    ئەمە یەكەم رووداوی كۆمەڵكوژی بوو كە رژێمی عێراق لە ناۆ شارەكاندا ئەنجامی داوە.
2.    ئەم هێرش پەلامارانە بۆ سەر گەلی كورد رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر ئاستی جیهانی، هەر وەك لە خوارەوە باسی دەكەین.

لیًَكەوتە نێودەوڵەتەكانی ئەو رووداوانە:
1.    لەسەرەتای مانگی حەوتی 1963 لە ئیزمیر كۆبونەوەی ووڵاتانی پەیماننامەی سانتۆ كە پێكهاتبوو لە توركیا، ئیران، عێراق و سوریا/ پشتیوانی خۆیان بۆ عیراق ڕاگەیاند و هەریەك لە توركیا و ئیران وسوریا سنوورەكانیان بەرووی كۆچبەرە كوردەكانیان داخست.
2.    لە بەرواری 3/7/1963 و اتە كەمتر لە یەك مانگ دوای كارەساتی 9ی حوزەیرانی 1963، وەزیری دەرەوی منگولیا، نوسراوێكی فەرمی ئاراستەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەگكرتووەكان كرد و لەو نوسراوەدا داوا دەكات كە "سیاسەتی حكوەتی عیراق و  سیایەتی چەوساندەنوەی گەلی كورد" بخرێتە بەرنامەی كاری كۆبونەوەكانی دەورەی 18هەمی  ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەك گرتووەكانەوە.
3.    لەسەر ئەم داخوازیەیی مەنگولیا، عیراق پەیوەندییەكانی لەگەل ئەو ووڵاتەدا پچراند و ئەو كارەی مەنگولیایی بە دەستوەردا لە كاروباری ناۆخۆیی عیراقەوە لەقەڵەم دا. ئەمەش یەكەم جاربوو كە نامەیەك لە جۆرە ئاراستەی لایەنێكی نێودەوڵەتی بكرێت لەسەر كەیس كورد دوای ڕێككەتنامەی لوزان كە لە ساڵی 1923 دا واژوو كرابوو.
4.    ئەو پشتیوانیەی ووڵاتانی پەیماننامەی سەنتۆ، كاردانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی لێكەوتەوە. لە 6/7/1963 واتە تەنها دوای 3 رۆژ لە نوسسراوەكەی وەزیری دەرەوەی مەنگولیا و كەمتر لە یەك مانگ دوای رووداوی كۆمەڵكوژیەكەی شاری سلێمانی، وەزیری دەرەوەی یەكێتی سوڤییەت نامەیەكی نارەزایەتی ئاراستەی هەر یەك لە باڵوێزەكانی (توركیا، ئیران، سوریا و عیراق) كرد و داوای ڕاگرتنی هیرشەكانی سەر گەلی كورد و سەر خاكی كوردستانی كرد.
5.    دابەشبوونی جیهان لەو كاتەدا بەسەر بلۆكی رۆژهەلات و رۆژئاوا دا و هەژمونی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەسەر نەتەوە یەكگرتووەكان دا لەلایەك و سیاسەتی دژایەتیكرنی حیزبی شیوعی عیراق و راۆدوو نانی ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە لەلایەن حكومەتی عیراق و حیزبی بەعسەوە، مایەیی نەك تەنها رەزامەندی وولاتانی رۆژئاوا بەرابەرایەتی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەلكو مایەیی دڵخۆشیان بوو. ئەمەش وای كرد كە ئەو بەرەیە رازی نەبێت كە ئەم بابەتە بخرێتە بەرنامەی كاری نەتەوە یەكگرتووەكانەوە. 
6.    تەنانەت ئەنجومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 8/7/1963 داوایەكی یەكێتی سوڤیەتی رەتكردوە بەچاۆخشاندن بە بابەتی كۆمەڵكوژی و قڕكردنی گەلی كورد لە عیراق دا.
7.    لە  12/8/1963 ڕێكخراوی خاجی سووری نێودەوڵەتی نامەیەكی ئاراستەی حكومەتی عیراق كرد و تێیدا داوای ڕاگرتنی جەنگی كرد لە كوردستان.

لیُكەوتەكانی ئەم كارەساتە لەسەر حیزبی بەعس و حەرەس قەوەمی و حوكمڕانی لە عێراق دا.

كودەتاكەی 8 شوباتی 1963 دژ بە حكومەتی عبدالكریم قاسم رژێمێكی نۆیی هینایە سەر دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا كە لە راستیی دا لە بەرەیەكی یەكگرتوو پێكهاتبوو لە قەومیە عەربەكان بەرابەرایەتی عبدالسلام عارف كە دواتر بوو بە سەرۆكی عیراق و لە حیزبی بەعس كە أحمد حسن بكر بووە سەرۆك وەزیران. بەڵام پێگەی حزبی بەعس بەهێز تر بوو لە قەومیكان، هەر بۆیە زۆریەنەی وەزیرەكانی حكومەت و ئەندامانی بەناۆ "ئەنجومەنی شۆرش"  لە بەعسیەكان پێكهاتبوون. هەر دوا بەدوای سەركەوتنی كودەتاكە، حزبی بەعس بەمەبستی جێگیركردنی دەسەڵاتی خۆی هەستا بە دامەزراندنی هێزێكی میلیشیایی بە ناوی "حەرەس قەومی"، بەڕابەرایەتی باڵی توندڕەوی ناۆ حیزبی بەعس كە لە خوارەوە باسی دەكەین. 
بە هاتنی حیزبی بەعس بۆ سەر دەسەڵات لە بەغداد هێرشێكی فراوانیان كردە سەر ئەندامانی حیزبی شیوعی و هەروەها لاینگرانی رژێمی پێشوو بە گشتی و لاپەنگرانی عبدالكریم قاسم بو تایبەتی. چەتەكانی حەرەس قەومی رژانە سەر شەقامەكانی بەغداد و زۆربەی شەقامە سەرەكیكانی بەغدادیان گرت. ئیتر هەلەمەتی بگرە و بگوژیان دەست پێكردز ژمارەیەك خەلكیان راستەوخۆ ئیعدام كرد هەر لە شوێنی گرتنیان و بە بێ دادگایكرن. لە پاڵ ئەمەشدا دەستیان گرت بەسەر موڵك و ماڵ خەڵكدا و بەكارهێنان وەك زیندان و شوێنی ئەشكەنجەدانی خەڵكی. ئەوجا ناوەندەكانی پولیسی "الفچل، المأمون، الاعڤمیە، قصر النهایە، سجن الرقم 1، سریە الخیالە، محكمە الشعب" و تەنانەت دەستیان گرت بەسەر قوتابخانەكانیشان دا كردیان بە مۆڵگەی ئەشكەنجەدانی گیراوەكان. هەموو ئەم كارانەش لەژێر چاودێری بە ناۆ "قیادی قگری" حیزبی بەعس دا ئەنجام دەدرا.

لەراستیی دا حزبی بەعس هەر بەهاتنی بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی چەقی كارەكانی پێكهاتبوو لە دژایەتی كردنی رەوتی كۆمۆنیزم و چەپەكان لەلایەك و دژایەتی كردنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد، لەلایەكی تر.

خودی حیزبی بەعس لە سێ باڵا پێكهات بوو
باڵی یەكەم: باڵیكی توندرەۆ بوو بەرابەرایەتی "علی صالح السعدی"،كە لەم حكومەتەدا بووە وەزیری ناوخۆ، ،و فرۆكەوان "مُنژر الونداوی" و یاریدەدەرەكەی "نجاد الصافی"، كە ئەمان سەرپەرشتی "حەرەس قەومیان" دەكرد. 
باڵی دووهەم: باڵی بەناۆ میانڕەۆ پیكهات بوو لە "حازم جواد" و عبدالكریم الشیخلی".
باڵی سێیهەم: ئەم باڵەش بە باڵی میناڕەۆ لە قەڵەم دەدرا و لەلایەن أحمد حسن بكرە وە ڕابەرایەتی دەكرا. بەڵام ئەم باڵە خۆی بە باڵا دانەدا و لەهەمان كات دا خودی أحمد حسن بكر وەك سەرۆك وەزیران و وەك نوێنەری باڵی سوپا بوو و ئامادە نەبوو سوپا لاواز و بێهیز بكرێت. هەر بۆیە زۆر لە كارەكانی "حەرەس قەومی" رازی نەبوو وە كاری لەسەر لێدانی حەرس قەومی دەكرد، چونكە خۆی زیاتر بە پابەند دەزانی بە سوپای نیزامی عیراقەوە. ئەمە یەكێك بو لە كێشەكانی نار سەركردایەتی حیزبی بەعس كە سەریهەڵدابوو. خالًسكی تری ناكۆكیەكان ناۆ سەركردایەتی ئەو حیزبە، بریتی بوو لە شێوازی مامەڵكردن لەگەل لایەنی قەومیەكانی عەرەب و ناصرییەكان. ئەمەش بووە مایەی دروستبوونی ناكۆكی لە ناو حكومەتی عیراق  لەسەر دابەشكردنی دەسەلات لەلایەكی تر جیاوازیەكانی نێو ئەو سێ باڵای حیزبی بەعسی قوولتر كردەوە و بە پێكدادانی لایەنەكات كۆتاییهات.
ناكۆكیكانی ناۆ حیزبی بەعس لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد نەبوو و لەسەر مامەڵەی هێمنانە لەگەل شیوعیەكان نەبوو، لەسەر بەرقەراركردنی دیموكراسەت نەبوو، لەسەر شێوازی ڕێكخستنەوەی ئابووی ووڵات نەبوو، بەڵكو لەسەر دامەزراندنی سێتێمێكی توتالیتاری و پان یدكتاتۆری بوو؟؟!،  لەسەر وەلانانی عبدالسلام عارف لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری بوو (باڵی علی عبداللە الصالح لەگەل ئەم بۆچوونە بوو).
ئەوەتا حیزبی بەعس رادیوی بەغدادی كردبووە بلنگۆیەك بۆ خۆی و لەوێوە داوای راوودانان و كوشتنی خەڵكی كوردی دەكر و بە جوداحواز لەقەڵمی دەدان.
ئەو ناكۆكیانەی سەروە باسمان كرد هەر 3 روژ دوای هاتنی بەعس بۆ سەر دەسەڵات ئەم سەری هەڵدا واتە لە 11/2/1963 دا. لەم رۆژەدا علی عبداللە الصالح، وەك (ئەمینداری نهێنی سەركردایەتی هەرێمی حیزبی بەعس) لە كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی حیزبی بەعسدا كە لە ماڵی حازم جواد دەبەسرێت، داوای دوورخستنەوەی عبدالسلام عارف دەكات و دەڵێت: "عبدالسلام عارف كێشەی گەورەمان بۆ دروستدەكات و دورنییە ببێتە مەترسیی لەسەرمان" بەڵام بە زۆرینەی سەركردایەتی بەعس ئەم داخوازییە رەتدەكرێتەوە.(ئەو وانەییە حیزبی بەعس لەم رووداوە وەریگرت ئەوە بوو كە كاتێك لە 17/3/1968  بۆ جارێكی تر لەگەل عبدالرحمن نایف دا هاتنە سەر دەسەڵات و هەر لە 30/7/1968 دا كودەتایەكی تریان بەسەر عبدالرحمن نایف دا كرد و دەسەڵاتیان بە تەنها بۆ بەعسیەكان خۆیان زامن كرد)
هەندێك پێانوایە كە حازم جواد ئەم هەواڵەی گەیاندبێتە عبدالسلام عارف و پێی ڕاگەیناد بێت كە علی عبداللە الصالح، بەنیازە لەناۆی بەرێت.
 رووداوەكان نیشانیان دا كە ئەم باڵە بە ناۆ مێانڕەوە لە نزیكترین فرسەت دا و لە ساتەوەختی كۆبونەوەیەكدا كە  علی عبداللە الصالح و لایەنگرانی بەشداریان تێیدا دەكرد، لەلایەن حازم جەواد وە پەلامار دران و دەستگیركران وراستەوخۆ خۆی و ژمارەیەك لە وەزیرەكانی لایەنگری ئەو ڕەوتە نەفی كرد بۆ ئیسپانیا.
حازم جواد بۆخۆی لە ئەنجامی گۆرانكاریەی وەزاری كە لە 1/ئایاری 1963 ئەنجام درا خرایە جێگە علی عبداللە الصالح وەك وەزیری ناۆخۆ  و ئەم كرایە وەزیری ئیرشاد. بەڵا و لە 1/11/1963 مُنژر الونداویش لە ڕابەرایەتی حەرەس قەومی دورخرایەوە، و لە جیًگای ئەم عبدالستار عید اللگیف دانرا. بەڵام ئەمانیش زۆری نەبرد و بە بریارێكی میشێل عەفلەق نەفی كران بۆ دەرەوی وولات. 
ئەم رووداوانە لەلایەن عبدالسلام عارف قۆزرایەوە و لە مانگی تشرین دا حیزبی بەعسی لەدەسەڵات دورخستەوە بە هاۆكاری چەندین ئەفسەری سەربازی سەر بە ڕەوتی قەومیەكانی. ئیتر لە 18/11/1963 دا كودەتاكەیان ئەنجامدا.
لێكەوتەكانی ئەم روودانە لەسەر كوردستان و پارتی و حیزبی شیوعی عیراق
ئەم كارەساتە ئەنجامی تریشی لە خۆگرت. لەلایەكەوە بووە مایەی نزیكبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و حیزبی شیوعی عیراق. من پێم وایە گەرچی ئامارم لەبەردەست دا نییە كە پاڵپشتی ئەم بۆچوونەم بكات، بەڵام پێم وایە ئەم بارودوخە ترسناكە كە لە شاری سلێمانی دا چەتەكانی حەرەس قەومی دروستیانكردبوو بووە مایەی چوونە دەرەوەی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی تێكۆشەر بۆ دەرەوە و هەست كردن بە ئیهانە و سووكایەتی پێكردن بو هۆی كوردبوونیان، كە هەم هەستی نەتوایەتی و هەم هەستكردن بە چەوساندنەوەی نەتەوایەتی بووە مایەی زیادبوونی ژمارەی پێشمەرگە لە شاخ دا. هەروەها پێم وایە پشتیوانی هەم مادی و هەم مەعنەوی و هەم لە رووی چەكەوە بۆ ئەو دوو لایەنە روو لە هەڵكشاند كرد.
بەم شێوەیە رووداوەكان و كۆمەڵكەژیەكەی سلێمانی كاریگەری گەورەیی لەسەر هەموو بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد و ئایندەی عیراقیش دانا.
هەر بۆیە مایەی شەرمەزاریە بۆ سەرانی كورد كە دوای 30 ساڵ لە حوكمڕانیان تاكو ئیستا بەدەر لە مۆنۆمێنتیك لە سلێمانی، و دوای ئەوەی چوندین سیتی و گەرەكی نۆَی یان دروست كراوە، تاكۆ ئیستا نە شەقامێك و نە گەرەكێك بە ناوی ئەو كارەساتەوە ناۆ نەناوە، و تاكو ئیستا قەرەبووی هەموو كەس و كاری ئەم شەهیدانە نەكراوەتەوە.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×