داهێنانی سەركردایەتی كوردو سیستێمی "پادشایی كۆماری"

خۆشەوی کەمال محەمەد
  2021-11-07     611
نووسەران و توێژەران راستەوخۆ هەست بە ناكۆكێیە رەواڵەتیەكەی ئەم ناۆنیشانە دەكەن، بەو پێیەی كە لە سیستێمی پادشایی كە دووجۆری هەیە، پاداشایی رەها و پادشایی دەستووری و لە هەردووكیان دا دەسەڵات و حوكمڕانی لە باوك و یان لە دایكەوە بۆ منداڵەكانی دەگوازرێتەوە، لە كاتێك دا گواستنەوەی حوكمڕانی  لەم جۆرە بە سیستێمی كۆماری نامۆیە.
یەك لە بنەما سەرەكیەكانی سیاسەتی داگیركاری و ئیمپریالیزم بۆ دەستگرتن و هیشتنەوەی دەسەڵاتیان بەسەر گەلاندا پێكهات بوو لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی "پەرتك و زاڵ بە" ئەو سیاسیەتی بە عەربی پێی دەڵێن "فرق تسد" و بە ئەڵمانی پێی دەڵێن (Teile und herrsche). 
لە پەنجاكان و شەستەكانی و تەنانەت سەرتایی 70 كانی سەدەی رابردوودا، قوناغیكی شۆرشگێری بوو، قوناغی پەرەسەندن و گەشە كردنی شۆرش بوو لە جیهاندا. قوناغی شۆرشی گەلان بۆ رزگاربوون بوو لە ژێردەستەیی و بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو. ئاراستەی شۆرشەكان لە بنەڕەت دا دژ داگیركاری و دژبە ئیمپریالیزم بوو و ناۆەرۆكێكی پێشكەوتنخوازی لە خۆگرتبوو. ئەم قوناغە لە جیهانی سیاسەت دا بە قوناغی رزگاریخوازی گەلان ناۆدەبرێت. ژمارەیەكی زۆر لە گەلان توانیان داگیركەران لە وولاتەكەیان وەدەرنێن و سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بهێنن، بەتایبەتی گەلانی ئەفریقیا و گەلانی رۆژهەڵاتی ئاسیا. 
بەڵام مەخابن ئەو قوناغە هەر زوو كۆتایی هات، و جیهان لەبەر هۆكارگەلێكی زۆر (كە بوارنییە باسی هەموویان بكەین) پیینایە قوناغی بەهیزبوونی كۆنەپەرستی و سەركەوتنیان. 
زۆربەی ئەم گەلانە كە لە دەست داگیركاری رزگاریان بوو، گەلانی دواكەوتوو بوون لە هەموو روویەكەوە چ لە رووی ئابووری، سیاسی، كۆمەلایەتیەوە، ئەویش دەرئەنجامی داگیركاری بوو. لەهەمان كاتدا شارەزاییان نە بوو لە شێوازی حوكمڕانی دا. فەرهەنگی و مێژووی سیاسی حوكمڕانی  ئەم گەلانە پاشكەوتوو بوو. (لە وولاتانی ئیسلامیدا تەنها ئاشنا بوون بە سیستێمی خلافە و یان شاهینشایی رەها، لە زۆربە ووڵاتانی ئەفریقیا تەنها ئاشناییان هەبوو بە سیستێمی خێڵەكییەوە) 
"پاراستنی یەك ریزی"  وەڵامی سیاسی راست  و لوجیكی گەلان بوو بۆ سیاسەتی "پەرتكە و زاڵ بە." بەلام چینە حوكمڕانە نۆیەكانی ئەو گەلانە سیاسەتی "پاراستنی یەك ریزی" بە لارێدا برد و بەكاریان هینا بۆ دامەزراندنی سیستێمی تاك حزب، تاك سەركردە، تاكە ڕابەر و حوكمڕانی تۆتالیتاری و دیكتاتۆریەتی و بەمەش گەلانیان لە دۆزەخێكەوە بۆ دۆزەخیكی تر برد.
بەمەشەوە نەوەستان لە قوناغی پاشەكشەكردنی شۆرش دا، چینە دەسەڵاتدارە "نوێ" یەكان، گەرچی دژایەتی خۆیان بۆ سیستێمی پادشایەتی راگەیاند بوو و دروشمی زەرق وەرقیان دژ بە ئیمپریالیزم و دامەزراندنی سیستێمی كۆماریی و حوكمڕانی بە كۆمەڵ یان بەرز كردبووەوە، بەڵام لەگەڵ هەستكردنیان بە سەقامگیری دەسەڵاتەكانیان، نەك تەنها پاشگەزبوونەوە لە دروشمەكانیان و نەك تەنها دەستیان دایە حوكمڕانی دیكتاتۆری، بەڵكو دەستیان كرد بە پەیڕەوكردنی پادشایەتی لە ناۆ ئەو بەناۆ كومارانە دا. بەم جۆرە لە دەوڵەتی"كۆماری" عیراقی سەدام حسین دا، عودی و قوصی دانرابوون بە جێنیشنی خۆی. ئەمە بۆ سوریایی حافز ئەسەدیش راستە كە بەشاری كوری وەك جێنشینی خۆی دانابوو. حوسنی موبارك  لە میسر جمالی كوری و موعەمەر قەزافی لە لیبیا یەكیك لە دوو كورەكەی بەناوەكانی معتصم بالله و یان سیف الاسلام  و علی عبدالله صالح لە یەمەن ئەحمەد كوری بە هەمان شێوە كورەكانیان وەك جێنیشینی خۆیان دەستنیشان كردبوو، گەرچی بە ڕوەاڵەت خۆیان وەك كۆماری نیشاندەدا.
داهینانی سەركردەكانی حیزبە كوردیەكان خۆی لە چڕكردنەوەی سیستێمی پاداشایەتی دا تەنانەت لە ناۆ حیزبیش دا دەبینێتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە كورد نە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیەتی، نەخاوەن دەوڵەتی دان پێ دانراوی خۆیەتی. 
چاۆ خشاندنێك بە سەركردایەتی هەر یەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكیًتی نیشتیمانی كوردستان، كە خۆی وەك حیزبیًكی سوشیال دیموكرات پێناسە دەكات، و گۆڕان كە بە قسەی خۆیان دەیانویست كۆی سیستێمی سیاسی و حوكمڕانی لە كوردستان دا "بگۆرن" و پارتی سوشیال دیموكراتی كورستان و تەنانەت بزوتەوەی ئیسلامیش، وبە جۆرێك لە جوەرەكان كۆمەڵی دادگەریی، دەریدەخات كە هەموویان بە شێوەی پادشایەتی پارتەكانیان و هەرێمیش بەرێوە دەبەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×