کیمیایی بوو یان تاحین؟ ئێوارەیەک لەگەڵ عەقید جەمال

ئاسۆ ئەمین
  2022-03-16     779

جیاواز لەو شیرو ماستانەی لە ئەوروپا دەمانکڕین و دەمانخوارد، رۆژێک لای هاوڕێیەکم ماستێکی زۆر تایبەتم خوارد بەنان و چاوە، بۆیە یەکسەر دوای چەند پاروویەک کەوتمە هەواڵپرسینی ناوو شوێنی فرۆشتنی و پێم وت لەم ماستەم تام نەکردوە مەگەر لای خۆمان لەکوردستان، هاوڕێکەم وتی وایە راستەکەی ئەم ماستە کابرایەک دەیفرۆشێت عەرەبەو خەڵکی عێراقە.

بۆ سبەینێ بەرەو شەقامە جوانەکەی بلاها لوزاتێر کەدەکەوێتە ناوەراستی  شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا رۆشتم و دوای برینی شەقامەکە لەکۆتاییەکەیدا  مارکێتەکەم بەدیکردو خۆم کرد بەژووردا، سلاوێکم کرد لەخاوەنەکەی و بەرەو لای بەرادی ماستەکانی رۆشتم.

 کابرای خاوەن مارکێت وەڵامی سلاوی نەدایەوە چونکە لەو کاتەدا مەشغول بوو لەگەل کەسیکی هەنگاری کە بە هەنگارییەکی باش لەگەلی قسەی دەکرد. دوای ماوەیەک کابرای هەنگاری رۆشت و خاوەن مارکیتیش بەرەو لای من هەنگاوی نا، یەکسەر پیی وتم ئەوە لەکەیەوە لیرەیت؟ منیش وامزانی کارێکی خراپم کردوە و ئەو ئاگای لی نەبوە هاتومەتە ژورەوە، وەڵامی دامەوەو وتی نا بائاگاداربومایە بۆ ئەوەی باشتر پیشوازیم لیبکردیتایەوە، ئێستاش فەرموو بەدوای چی دەگەرێیت؟ وتم بۆ ماست هاتوم و تۆزێک کەوتمە وەسفی ماستەکەی. وتی بەقسەکردنتا دیارە لەعیراقەوە هاتویت. وتم بەڵی لە کوردستانەوە هاتوم، وتی لەکوێ لەدایک بووی وتم لە هەلەبجە. یەکسەر وتی ئەها حلبجە .. حلبجە معروفە .. وەڵامەکەی لەوەڵآمی کەسیک دەچوو کە یادگاری لەگەڵ شوێنێکدا هەبێت و تۆ بیری دەخەیتەوە لەکاتی قسەکردنت لەگەڵی. ئینجا وتی بیرتە هەڵەبجە چی بەسەرهات؟ وتم بەڵێ خۆم و خێزانم یەکێکین لەقوربانیانی ئەو کارەساتە. وتی باشە من پرسیارێکت لیدەکەم بزانم دەتوانی بەراست جوابم بدەیتەوە؟ وتم فەرموو. وتی کێ هەڵەبجەی کیمیابارانکرد؟ منیش وتم دەی خۆ ئەوە روون و ئاشکرایە کە رژێمی بەعس بووەو شتێکی حآشا هەڵنەگرە.

بە دەنگێکی بەرزو لەخۆبوردوانە وەڵامی دامەوەو وتی  نا، ناخێر وانیە وەڵا، وتم ئاخر خۆ من ئەوکاتە تەمەنم نۆساڵان بوو لەدەرەوە وەستابووم و دەمبینی کە فرۆکەکان پۆل پۆل دەهاتن لە ناوچەی خواروو لە ئاراستەی بەغداوە بەرەو هەڵەبجە. ئەو وتی گوێبگرە برا، رەنگە تۆ من نەناسی من ناوم عەقید جەمالە، ئەفسەری فرۆکەوان بووم لەسوپای عێراق لەسەردەمی رژێمی پیشوو وەئەوە زیاتر لەبیست ساڵە لەئەورپام و پەنابەرم. بەراستی ئەو جوابەی تۆ وانیەو ئەوەی هەڵەبجەی کیمیابارانکرد ئیران بوو نەک عێراق.

منیش قسەکەییم پیبڕی و وتم کەواتە تۆش بەشداری شەری ئیران – عێراقت کردوە؟ وتی بەڵی بیگومان؟ پیموت کەواتە تۆش بەشداربووی لەوشەرەی هەڵەبجەو ئەوەی بەسەر هەڵەبجەو شوینەکانی تر هات لەکیمیایی و ناپالم؟ وتی بەڵی ئێمە لەژێر فەرماندابوین و دەبوو ئەوە بکەین کەپیمان دەوترا. وتم کەواتە بۆچی نکولی لەوە دەکەی کە رژیمی بەعس هەڵەبجەی کیمیا بارانکردوە. دووبارە یەک ریز سوینی خوارد کە ئەوەی بەسەر هەڵەبجەهات لەکیمیای و بەکارهینانی گازی خنکێنەر  عیراق نەبوو، بەڵکو کۆماری ئیسلامی ئیران بوو، خۆ سەرکردەکانی خۆشتان ئەو راستیە دەزانن، زۆر هەوڵمدا بەبەڵگەو گیرانەوەی هەندیک شت کەخۆم تێیدابووم وەک هەڵەبجەییەک قەناعەتی پیبکەم، بەڵام دیاربوو بێ سوود بوو، لەکۆتاییدا پێموت سەدام و رژیمی بەعس لەقەرەداخ و ناوچەی سێوسێنان پێشتر گازی کیمیایی بەکارهێناوە، بۆ ئەمەش هەر نکولی دەکەی؟ وتی برا بروابکە ئەوەی لە قەرەداخ رژاندمان گازی کیمیایی نەبوو بەڵکو تاحین بوو بە فەرمانی عەلی عەسکەری تاوەکو خەڵکەکە بترسن و راکەن و ناوچەکە چۆل بکەن. لەوێدا تیگەشتم ئەوەی من دەیکەم لەگەل ئەم کابرایە گفتوگۆ نیە بەڵکو مجادەلەیەکی بیسوودە، تەنها ئەوەم بۆ روون بویەوە ئەم کابرایەو هاوشیوەکانی دوای دەیان ساڵ لە ناو وڵاتی مافی مرۆڤ و لەدنیایەکی ئازادا چۆن ئامادەن بەرگری لەوەبکەن کە لەرابردوو کردویانە، بەو عەقڵیەتە شۆڤینیەوە هەرگیز ئامادەنین دان بەراستیەکاندا بنین. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×