ئەنفال؛ لە دەقێکی ئایینییەوە بۆ برینێکی مێژوویی: "بۆچی ناوەکان ناگۆڕێن"

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-10-11   

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان؛ لە دادگای فیدڕاڵیی عێراقدا سکاڵایەک لەلایەن کەسێکەوە بەناوی "خالید مستەفا حوسەین" تۆمار کراوە و داوای لادانی وشەی "ئەنفالکراوانی" لەسەر ناوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و  ئەنفالکراوانی کوردستان کردووە، لەپاڵ ئەوەش داوایکردووە دامەزراوەی وەزارەتەکە بگۆڕدرێت بۆ دەستە.

داواکاری بۆ گۆڕینی وشەی (ئەنفال) وەکو گۆڕینی تارماییەکانی شەو وایە، بۆ شتێکی دیکە، لەوانەیە بۆخۆشییان نەزانن چییە. ئەو داواکارییە هێندە بێشەرمانە و ئاڵۆزە، مەگەر تەنها لەناو نەتەوە دواکەوتووەکاندا سەدای هەبێت. لەڕوانگەی فەلسەفییەوە، وەک هێنریش ڤینگشتاین باسی دەکات، ناوەکان تەنها بڕگە یان دەنگێک نین، لەپڕ سەرهەڵبدەن و بسڕێنەوە. ناوەکان "کرداری قسەکردن" و هەڵگری مانا و مەغزای قوڵ و ڕەهەندی مێژووییان هەن و لەکۆنترۆڵی مرۆڤەکان دەردەچن. (ئەنفالیش) لە مانا و مەغزا سەرەتاییەکانی خۆی دابڕاوە و بووەتە سیمبۆڵێکی تراژیدی ناو مێژووی کورد و ناوچەکە. ئەوە بەرهەمی گێلێتیی و هەڵپە ناشرینەکانی  داگیرکەرن بۆ هەڵبژاردنی ناوەکان بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانییان. لەبەر ئەم هۆکارەش هەر دەسکاریکردن و هەوڵدانێک بۆ لادانی وشەی ئەنفال، وەکو جۆرێک لە سڕینەوەی مێژوو یان شێواندنی ئەو پەیوەندییە جەدەلییەی نێوان تاوان و ئازارەکانە. ئیدی یادەوەریی کۆمەڵگەی کوردی لەو زاراوەیەدا نقووم بووە، نەک هەر بۆ هەشت شاڵاوە نەگبەتییەکەی ئەنفال، بەڵکو بووە بە چەمکێکی رۆژانەی هەر تاوانێک بەرامبەر کورد، وەکو ئەنفالی کوردە فەیلییەکان، ئەنفالی بارزانییەکان و شاڵاوەکانی ئەنفال و ئەنفالی ئێزدییەکان. ئەنفال چیرۆکێکی تاڵ و ناشیرینی ناو مێژووی ئەنجامدەرەکانە. بۆیە دەگوترێت ئەدۆنیسی بیرمەندی عەرەب گوتوویەتی "خودایە لە کوردەکان  خۆشبە، کە ناتوانن قورئان خەتم بکەن، چونکە کە دەگەنە سورەتی ئەنفال هەموویان دەمرن". لێرەدا چۆن یادەوەری و دادپەروەریی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و ئاڵۆزییان هەیە، بەهەمان ئاست هێشتا تاوانەکانی دەوڵەتی عێراق لەبەردەم ئاتەشگای دادپەروەریدا چاوەڕوانی جووڵەیەکن. تاوانەکان هێشتا خوێنییان لێ دەچۆڕێت.

زۆرینەی دەستەبژێری سیاسیی عەرەبی عێراق، نەک هەر ئامادە نیین داوای بووردن بکەن و قەرەبووی قوربانییانی کوردستان بخەنە ناو بودجە و پرۆسە ئیدارییەکانی دارایی عێراق، بەڵکو هێشتا بەزۆر شێواز نکوڵی لە تاوانەکان دەکەن. بۆیە، یادەوریی خەڵکی کوردستان لە بونیاد و لە فۆرمگرتنەوە دەرچووە؛ ئەنفال، چۆن قوڵاییەکی دزیکردن، ڕێگری و تاڵانیی قوڵی ڕووداوەکانە لە مێژووی دوور و نزیک و هەنووکەیی عەرەبدا، شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەو مێژووەیان بە دەیان قات زیندووکردەوە و پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی مێژووی دەوڵەتی عێراقەوە. بۆیە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ گۆڕینی ناوی ئەنفال، بۆ سوککردنی قوڕسایی و سڕینەوەی ناسنامەی تاوانەکەیە. لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵگەی کوردی مافی خۆیەتی خاوەندارێتی لەو جۆرە زمانە بکات کە دەتوانێت تەعبیری پێ بکات و ئازارەکانی پێ بگێڕێتەوە. قوربانییەکان لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی خۆیاندا کە دەڵێن "لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا"، ڕاستەوخۆ گوێگر بەناو شەپۆڵێک لە یادەوەریدا تێپەر دەبێت و نیوەی چیرۆکەکە تێدەگات، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها کۆمەڵێک وردەکاری دەبن و جەختییان لەسەر دەکرێتەوە. بۆیە ئەوانەی ناوهێنانی وشەی "ئەنفال" بە بێڕێزی بۆ ئاینەکەیان تێدەگەن، با بچن بەرەیەک دروست بکەن دژ بە دەوڵەتی عێراق و داوای ساڕێژکردنی برینەکان بکەن و داوا لە عێراق بکەن دەست لە کوردستان هەڵبگرێت بەرامبەر لادانی وشەی ئەنفال.

پرسیارە گەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا گۆڕینی وشەی ئەنفال، خزمەت بە پڕۆسەی دادپەروەریی و گەڕاندنەوەی کەڕامەتی نەتەوەیەک دەکات؟ ئەوەی لە مێژوودا باوە، ناوەکان بە مێژووەکەیانەوە زیندوون. کە مێژووێک بەناوێکی تایبەتی وەکو ئەنفال لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا، لەناوەندە ئەکادیمی و یاساییەکاندا تۆمار دەکرێت و دەناسێندرێت، هەر جۆرە گۆڕانکارییەک دەبێتە هۆی دابڕان، دابڕانی مێژوو، دابڕانی ئازارەکان و دابڕانی یادەوەرییەکان.

لەسەر بنەمای پڕۆسەی ئەنجامدانی تاوانەکان، بەڕێوەچوونی دادگاییکردن و نوسینەوەی مێژووی تاوانەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ، جڵەوەکە لەدەست دادگای دەوڵەتی ئەنجامدەری خودی تاوانەکان دەردێنێت و هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی هەر پارچەیەک لە یادەورییەکان. لە ڕوانگەیەکی لۆژیک، فەلەسفی و سۆزدارییەوە، ئەگەر هەر ڕەوتێک، یان هەر دادگا و دامەزراوەیەکی عێراقی ئەنجامدەری تاوانەکان، بیەوێت شوێنەوارەکانی ئەو ناوە بسڕێتەوە، دەبێت هەڵمەتێک لەو عێراقە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەیی خەڵكی کوردستان بەڕێوە بچێت. ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، لەبەرامبەر سڕینەوەی ناوی ئەنفال. بێ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، مەحاڵە ئەو ناوە بسڕێتەوە. با عێراقی عەرەب دەست لە کوردستان هەڵبگرێت، ئەو کاتە، ئێمەش هەموو توانای خۆمان بەکار دێنین و ئەو ناماقوڵییە دەکەین لە پێناو لادان و داپۆشینی وشەی ئەنفال، لە پێناو دەستپێکی مێژووێکی تازە و گێڕانەوەیەکی تازە و پەیوەندیدار بە سەروەری و ئازادیی نەتەوەی کورد و سەربەخۆیی کوردستان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
فه‌رهاد شامی: دیمه‌نه‌كانی ئه‌مڕۆی حه‌سه‌كه‌، یاده‌وه‌رییه‌ ناخۆشه‌كانی سه‌رده‌می داعش به‌بیرده‌هێننه‌وه‌
باخچەلی: پۆستی ڕێکخەریی، مافی ئۆجەلانیشە
غەریب حەسۆ له‌باره‌ی گرژییه‌كانی حه‌سه‌كه‌: ئامانجی سه‌ره‌كی ره‌تكردنه‌وه‌ی زمان، ناسنامه‌و ئیراده‌ی كورده‌
"شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە"
فازڵ نەبی: تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە بەمشێوەی ئێستا بۆ كوردستان كارەساتبار دەبێت
رۆیته‌رز: تۆم باراك كۆمپانیایەکی خۆی له‌پڕۆژەی بۆری نه‌وتی عێراق-سوریادا به‌شداری پێكردوه‌
تره‌مپ: من شایانی هه‌شت خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتیم نه‌ك ئه‌و ژنه‌ كه‌ نازانم چی كردوه‌ جگه‌له‌وه‌ی رقی له‌ ئیسرائیله‌
نرخی دراوه‌كان له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی
كرملین: پوتین تێڕوانینی ئێرانی له‌باره‌ی كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگ گه‌یانده‌ تره‌مپ
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دوای ناکۆکی لەگەڵ ڕاهێنەری پۆرتوگال رووبەڕووی سزایەکی شەش مانگی دەبێتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×