ئەوە ڕوونە کە هەرێمی سلێمانی تۆشی قەیرانێکی جدی سیاسی و ئابووری بووەتەوە، بنەماڵەی تاڵەبانی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە هەڵمەتێکی سەخت دایە بۆ کۆکردنەوەی یەکێتی لە ژێر دەسەڵاتی خۆی. ڕەنگە هەرگیز لە ڕابردوودا چارەنووسی یەکێتی بە ڕەفتار و هەنگاوە سیاسییەکانی تاکە کەسێکەوە نەبسترابێتەوە وەك ئێستا هەیە. بافڵ پێدەچێت پەلە بکات لە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ئەو حزبە لە دەستی خۆی. ئەوە ڕاستە کە ئەو هەرێمە (سلێمانی) ماوەی ساڵانێکی زۆرە، بەتایبەت دوای بەجێهێشتنی سەرۆکی دیفاکتۆی هەرێمەکە مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆكکۆماری لە بەغدا، گیرۆدەی بردن و زەوتکردنی سامان و سەرچاوە ئابووریەکانی بووەتەوە وەك چاودێران دەریدەخەن. بوونی حاڵەتی فرە هێزی چەکداری بەستراو بە فەرماندە سەربازیی و سیاسییە جیاوازەکانی لە یەك کات دا هۆکار و ئەنجامی لاوازبوونی دەسەڵاتی گشتی لە هەرێمەکە بەسەر سەرچاوەکانی ژیانی ئابووری ئەو هەرێمەیە. زەوتکردنی زەویوزاری گشتی و دەستبەسەراگرتنی داهاتی گشتی بۆ گیرفانی تایبەت بووەتە هۆکارێکی سەرەکی تێکچوونی باری دارایی هەرێمەکە و نزیك بوونەوەی لە داڕوخان. ئێستا، ئەو هەوڵدانەی سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، تەحەدایەکی گەورەی گۆڕانکارییە. ڕاستکردنەوەی ئەو دۆخە داوەشاوەی سنووری سلێمانی و سەپاندنی دەسەڵاتی گشتی وا دەخوازێت کە یەکێتی حزبی حاکمی ناوچەکە پەرتەوازەیی سیاسی و عەسکەری لەناوخۆی دا کۆتای پێبهێنێت. دورخستنەوەی لاهۆر جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی و پاشان لایەنگرانی ئەو هاوسەرۆکە بەبڕیاری سیاسی یاخود ڕێگای ئەمنی بەردەوامی ئەم هەڵمەتەیە.
مەترسی سەرەکی ئەو هەڵمەتە لەوەدایە کە ڕەنگە بافل، لە پەلەکردن کۆنترۆلکردنی دۆخەکە بۆ بنیاتنانی دەسەڵاتی خۆی توندوتیژی بەکاربهێنێت لە بەرانبەر بۆچوونە جیاوازەکان، لەوانەش بەرتەستکردنەوەی ئازادیەکان لەو بەشە کوردستان کە ساڵانێکی بوو خاوەن کەشێکی ڕێژەیی بەرچاوی ڕاوبۆچوونە جیاوازەکان بوو بەشێوەیەك کە مایەی خواستی هەرێمی هەوڵێریش بێت. ئەمە مەترسی جدی یە. نەبوونی سەرمایەیەکی سیاسی و کارێزمایی مێژوویی وەك ئەوەی تاڵەبانی باوک خاوەنی بوو، خاڵی لاوازی باڤێلە لە پەیوەندی دا بە هەوڵدان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تاکە کەسی خۆی. بەپێچەوانەی کوڕەکانی بارزانی باوك و برازا، تاڵەبانی باوك ڕێگەی خۆش نەکردن بۆ ڕاهێنانی و ئەمادەکردنی سیاسیانەی کوڕەکانی چونکە بڕوای بە دروستکردنی ئەو نەریتەی گواستنەوەی دەسەڵات نەبوو. ئەمە ئێستا خاڵی لاوازی باڤێلی کوڕە. ڕەنگە ئەم فاکتەرە زیاتر وا لە تاڵەبانی کوڕ بکات کە هێز بخاتە گەڕ بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ بۆ لادانی بەربەستەکان و ڕکابەرەکانی تا خۆی بکاتە سەنتەری دەسەڵاتەکان لە سنووری هەرێمی سلێمانی. بۆ نموونە سەرۆکی ئەو حزبە پێ دەچێت لە نێوان بژاردەی لەخۆگرتن/ڕاکێشان و دورخستنەوە/دەرکردن لە مامەڵە لەگەڵ کەسە ناکۆکەکان و ڕەخنەگرانی ئەو بژاردەی دوای هەبژاردبێت. دەستگیرکدنی هەندیك لە رۆژنامەنسووس لەم ماوەیە داا لەلایەن هیزی دژەتیرۆری سەربەحزبەکەوە ئامەژەن بەم ئاراستەیە.
وا پێدەچێت ویستی کۆکردنەوە یەکێتی و دەسەڵاتەکانی هەرێمی سلێمانی وا لە بافڵ دەکات کە زۆر پێویستی بە نیشاندانی وێنەیەیەکی بەهێز سەپاندن هەبێت، ئەمە دوور نیە ئەنجامی پێچەوانە دروست بکات.
هەوڵدان بی بنیاتنانی تاکڕەوی سیاسی نە ستراکتۆری سیاسی ئەو حزبە قبوڵی دەکات بە ئاسانی و نە ناوچەی حکومڕانیەکەی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتسەپاندنە هەڵدەکات بەبێ بەنامۆکردنی ڕای گشتی ناوچەکە و دروستبوونی بەرهەڵستی میللی. هەڵەی گەورە کە دەکرێت ڕوو بدات لە سیاسەتی باڤێڵ تەنها تەسکردنەوە یان لەناوبردنی ئازادیەکان نیە. لەبیرکردنی ئەوەی کە یەکێتی لەڕەگوڕیشەدا حزبی هاوپەیمانی گروپ و کەسایەتی ناوچەجیاجیاکانە مەترسی یەکی بۆ سەر چارەنووسی ئەو حزبە.
ئەوەی پێویستە سەرۆکی یەکێتی بیکات تا هەنگاوەکانی بۆ کۆکردنەوەی یەکێتی و گەڕانەوە و سەپاندنی دەسەڵاتی گشتی هەیە لە سنووری سلێمانی. یەکەم، کات بەخۆدان بۆ ئەوەی هەنگاوەکان هەنگاوی دراسەکراو بن لە بارەی کاریگەریەکانی بۆ سەر حزبەکەی و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی. لەناو تەپوتۆزی پەلەکردن زۆر مسۆگەرە کە هەڵەی جدی ئەنجام بدرێت کە زیانی گەورە بە یەکێتی و پێگەی سیاسی و جەماوەری بدات. دەرکردنی یەکجارەکی کەسانی ناکۆك لە ریزەکانی حزبەکە یەکێکە لە هەڵەکانی ئەم هەنگاوە. وەك کەسێکی نوێ لە بواری سیاسی، باڤێڵ تاڵەبانی پێویستی بە ئەزموونی سیاسی هەیە. هەربۆیە گرنگە کە گۆی لە ڕۆشنبیران و خاوەن ڕابۆچوونەکان بگرێت و دەرفەتی قسەکردنیان بۆ بکاتەوە. دووەم، زۆر گرنگە بۆ بەژەوەندی ئەو حزبە کە بافل وەك کەسی یەکەمی ئەو حزبە کار بۆ مەرجەعکردن وپراکتیزەکردنی پەیڕەوە نووسراو و پەسەندکراوەکانی حزبەکە بکات لە بری دەسەڵاتی تاکە کەسی خۆی. چونکە گرتنەبەری ئەم ڕێگایەی دوور نیە باجی قورس ببێت لە دوور مەودا دا بۆ یەکێتی و تونای دەرکردن و جێبەجێ کردنی بڕیار چونکە بافڵی کوڕ لە سایەی نەبوونی سەرمایەی سیاسی خاوەن رێشە و پێگەی مێژوویی و هەروەها سروشتی پێکهاتەی سیاسی یەکێتی کە لە ڕەگوڕیشەدا حزبیێکی پێکهاتووە لە ئاراستە و باڵی جیاواز.
نوسەری ئەم بابەتە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لەپەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - ئەمریکا