رێكخراوی (وادی ) دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ، سەبارەت بە خەتەنەی كچان ، ئامارێكی بڵاوكردەوە: كە لە هەولێری پایتەختدا ساڵی پار (٨٥ ) كچ خەتەنە كراون، لە شاری راپەڕینیش (٢٥ ) مێینە، دەستی رەشی خەتەنەكەران پێیان گەیشتووە. لە وڵاتە ئیسلامی و عەرەبیەكاندا ( ٢٤٠ )ملیۆن ژن خەتەنە كراون !
لێرەدا نامەوێ لێكۆڵینەوەی زانستی و دەروونی لەسەر ئەم دیاردەیە نامرۆڤانەیە بنووسم . دەمەوێ سەرجەم مەلا و زانای ئاینی و رێكخراوی ژنان و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی، لەوە ئاگادار بكەمەوە ، كە خەتەنەی كچان ، یەكێكە لە رەفتار و عادەتەكانی پێش ئیسلام . هیچ دەقێكیش لە قورئان دا نییە داوا لە موسڵمانان بكات : دەبێ مێینە خەتەنە بكرێت...
رۆژێكیان زانایەك پێی گوتم: من دژی خەتەنەی ژنانم ، بەڵام دەترسم لە سەر ئەم بابەتە بدوێم ، مەلاكانی هاوڕێم رەنگە فەتوای كوشتنم بۆ دەربكەن! من گوتم: پێتوایە ئیسلام عادەتی خەتەنەی ژنانی داهێناوە ، یان پێش ئیسلامیش دامەزراوەی خەتەنەی ژنان هەر هەبووە؟
ئەو گوتی : ئەمە عادەتێكی خراپە و هەقە ئێوەی نووسران دیواری بێدەنگی بڕووخێنن. ئەو بەلایەوە سەیر بوو كاتێك گوتم: ئەمە لەڕووی مێژووییەوە بۆ سەردەمی پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە. ئەركی ئێوەی زانا و پیاوانی ئاینییە دەنگتان بەرز بكەنەوە . كتێبەكەی (الطبري) م بۆ هێنا و لاپەڕە (٦٦ )م بۆ كردەوە:
لەوێ لە باسی ( حمزة بن عبد المطلب) لە شەڕی (الاحد) كراوە ، دەنووسێت:
( ثم مر به سباع بن عبد العزى الغبشاني ..فقال له حمزة بن عبدالمطلب: هلم الي يا ابن مقطعة البظور! وكانت امه ام انمار ختانة بمكة -فلما التقيا ضربه حمزة فقتله....)
گێڕانەوەكەی تەبەری بەڵگەیە لەسەر ئەوەی: لەسەردەمی جاهیلیدا دامەزراوەی خەتەنەی كچان هەبووە . ئەم كارەش لەكارە دزێو وقێزەوەنەكانی ئەو زەمانە بووە. بەڵگەشمان ئەوەیە(حمزە) ناوی كابرا ناهێنێت ، بە كوڕی ژنی خەتەنەكەری كچان جوێنی پێدەدات و دەیكوژێت ..
دوێنی لە كەناڵە ئاسمانیەكانی ئێرە قسەی ژنێك بڵاو كرایەوە بەڕاشكاوانە دەڵێت : ئەگەر كچەكەم خەتەنە نەكەم ( كافر ) دەبم...
ئیدی ئەمە ئەركی رێكخراوی ژنان و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی و مەلا و زانایانی ئاینیە ئەم تێگەیشتنە ناڕاستە راست بكەنەوە. راستی بۆ ژنان و پیاوان روون بكەنەوە : خەتەنەی كچان هی سەردەمی جاهیلی و پێش ئیسلامە . كەسێك بیروڕای جیاوازی هەیە با بەڵگەمان بۆ بهێنێتەوە، كە تەبەری بە هەڵەدا چووە!
مامۆستا جەعفەر
07.02.2022
* ابي جعفر محمد بن جرير الطبري - ٢٢٤-٣١٠ هجرية
تاريخ الطبري ، م ٢ ،دار الكتب العلمية - بیروت - ٢٠٠٥ل٦٦