ژەهرخواردووكردنی نەیاران, مەلا بەختیار و بافڵ تاڵەبانی بە نمونە
مامۆستا جەعفەر
2021-11-12   1298
بافڵ تاڵەبانی : پێش یانزە ساڵ بۆ دواجار بینیومە . لەگەڵ مام جەلال ماوەیەكی دوورو درێژ پێكەوە كارمان كردووە . بەڵام لە گەڵ كاك بافڵ نەكارمان پێكەوە كردووە و نە دەزانێت من كێم و كێ نیم!
مەلا بەختیار : پتر لە نیو سەدەیە یەكتری دەناسین و پێكەوە كارمان كردووە . سەرەڕای پێكەوە كار كردن ، من هەمیشە بەڕاشكاوانە رەخنەی توندیشم لێ گرتووە. من نامەوێ لێرەدا هەڵسەنگاندنی خەباتی سیاسی مەلا بەختیار بكەم . قسەی شەهید ئارام و مام جەلال و كاك نەوشیروان ، دەتوانم بە نمونە بهێنمەوە: لێرەدا لەبەر كاتی خوێنەرانی ئازیز رستەیەكی كاك نەوشیروان دەخەمە بەرچاوان: پاش تێكشكانی حەملەی هەكاری ، مام جەلال دیگوت: ژمارەمان زۆر كەمە دەبێ ئەگەری لەناوچونی هەموومان لەبەرچاو بگرین. كاك نەوشیروان دەیگوت: هەمووشمان لەناوبچین مەلا بەختیار بەتەنیا سەلامەت بێت دەتوانێت درێژە بە شۆڕش بدات...
بافڵ تاڵەبانی چەندین جار ئەوەی راگەیاندووە ژەهرخواردوو كراوە و بەڵگەی یاسایی بە دەستەوەیە.
پرۆفیسۆرێكی تیمارگەی ڤیڤانتسی بەرلین بەڕوونی و راشكاوانە گوتی: مەلا بەختیار ژەهرخواردوو كراوە ! دكتۆری ئەڵمانی تەنیا پاش دڵنیا بوونی سەدی سەد لە رووی یاساییەوە دەتوانێت لێدوان بدات . سەد لە سەد شیكاری خوێن و تاقیگەی لە بەر دەست نەبێت، رووبەڕووی لێپرسینەوەی قورس دەبێتەوە!
مەلا بەختیار و بافڵ تاڵەبانی هەر كەسێك بن ، بیركردنەوەی سیاسیان هەر چییەك بێت ، هیچ پەڵپ و بیانوویەك رەوایەتی بە خۆی نابەخشێت ، جەستەی ئەو كەسانە بكرێتە ئامانج و هەوڵی لەناوبردنیان بدرێت. كەسێك سیاسەت و بەرنامە و ئەقڵ و جیهانبینی ئەمانەی بەدڵ نەبێت ، ئامرازی سیاسی و راگەیاندنی زۆر و زەبەند هەیە و مرۆڤ دەتوانێت رووبەڕوویان بوەستێتەوە.
ژەهرخواردووكردنی مەلا بەختیار و بافڵ تاڵەبانی كردەوەیەكی كریت و قێزەوەنە ، نابی هیچ كەسێكی خۆ بە سیاسیزانی خاوەن ئامانجی نیشتمانی نزیكی بكەوێتەوە. ئەگەر پەرلەمان و هێزە سیاسیەكانی كوردستان ئەم جۆرە كارە بە توندی حەرام نەكەن ، ئەوە پاش ماوەیەكی كورت ئەم كردەوەیە دەبێتە نەریت و كولتور.
بێگومان ئەمەی ئەمڕۆ لەناو ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا روو دەدات ، ئەنجامی كۆنگرەی تاسڵوجەیە(٢٠١٩). من وەكو هاووڵاتییەكی گومناو، داوا لە كادر و پاژێك لە سەركردە كۆنەكان دەكەم، هەڵوێستیان یەكبخەن و سەرجەم بڕیارەكانی ئەو كۆنگرەیە هەڵوەشێننەوە. ئەوەی راستی بێت ئەم كۆنگرەیە مێژووی یەكێتی و كادرە و ئەندامەكانی(سفر)كردەوە. ویستیان لە سەر بنەمای(هیچ) مێژووی نوێبوونەوە دروست بكەن ، بۆیە هەمووی بەجارێك دارووخا..
من پێمباشنییە بە ئەقڵی تۆڵە سەندنەوە و پلانگێڕی دژی هیچ كەسێك و هیچ لایەك كار بكرێت.لێبوردەیی و دڵفراوانی رێنما و پەیڕەوی بكرێت . گرنگ ئەوەیە یەكێتی بەرنامەی نوێی هەبێت و رێكاری حزبی بكرێتە پێوەر، پاژێك لە كەركەدەنەكانی جیهانی فشەبازی وپیلانگێڕی وتەكەتولات و هەلپەرستی و نادڵسۆز بۆ وڵات رەوانەی دادگای مێژوو بكرێن..