خاڵی یەكبوون یان خاڵی لێكترازان
مامۆستا جەعفەر
2021-10-09   889
بە درێژایی مێژووی گفتۆگۆی نێوان نوێنەرانی گەلی كورد و رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدا، ئەوان سەبارەت بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی قەوارەی هەرێم ( كەركوك ، خانەقی ، شنگال.....تاد. ) بەرچاوروون و یەكدەست و یەك هەڵوێست بوون و ئێمەش سەرمان لە خۆمان تێكداوە!
ئەوان لەسەر هەولێر و سلێمانی و دهۆك ، لەم قۆناخەدا ، هیچ كێشەیەكیان نییە، ئەگەر هەر داواكاریەك پێشكەش بكەن . ئەوان تەنیا ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی سنووری هەرێم بە جەوهەری كێشەكان دادەنێن!
زۆربەی سیاسی و سەركردە عەرەبە بڕیار بەدەستەكان ، ئەم ناوچانە بە خاكی پیرۆزی باوباپیرانیان دەزانن : بەسەرزارەكی هەموویان نەفرەت لە سیاسەتی سەدام حسێن دەكەن ،كەچی بە دڵ و بە گیان پشتیوانی لە سیاسەتی : دێهاتی كورد چۆڵ كردن و بەعەرەبكردن و پاكتاوی نەژادی پەیڕەوی دەكەن. ئامادەی سادەترین سازشكاری و سازان و لێكتێگەیشتنێك نیین.
ئەی سیاسەتی كوردی پاش ٢٠٠٣ چۆن بووە ؟
كاتێك تەرازوی هێزی سیاسی و دبلۆماسی و عەسكەری بەقازانجی كورد شكایەوە ، دەنووك لەسەر (چی) دانرا؟
ساڵی ١٩٧٠ شاندی كوردستان پێداگری تەنیا لەسەر كەركوك كرد.
ساڵی ١٩٧٤ بەهەمان شێوە لەسەر هەموو خاڵەكان رێكەوتن ، شاندی كوردستان ، لەسەر ئەوە رازی نەبوو ، كەركوك بە هاوبەشی ئیدارە بكرێت ...
هێزە سیاسیەكانی كوردستان پێویستە سەرلەنوێ لەسەر یەك خاڵ یەكبگرن : ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی سنووری هەرێم بۆ سەر هەرێم بگەڕێتەوە .
یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی ، دەبێ لە سەر ئازادكردنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بێت ، نەك دابەشكردنی پلە و پۆست بێت لە بەغدا. با هێزە براوەكان ، زۆربەی پلە و پۆستەكان ، رادەستی ژمارەیەك كەسایەتی تەكنۆكرات بكەن و خۆیان تەنیا بەدواداچوون بۆ جێبەجێ كردنی پلان و بەرنامەی هەڵوەشاندنەوە سیاسەتی شۆڤینی و فاشی رژێمی پێشوو بكەن ، كە تائەمڕۆش لە كەركوك و خانەقی و شنگال و مەندەلی و.. پەیڕەوی دەكرێت