کەس نەشڵەژێ تۆپەکانی هەڵبژاردنە دیسان تاقیاندەکەنەوە!
مەهدی خالید خەمبار
2021-10-04   525
کەسێکی
نزیکی خۆم بۆی گێڕامەوە وتی سەری ساڵ بو ، یەک لە دراوسێکانم داواتی مەشروبخواردنەوەی
ماڵی خۆیانی کردم، وتی چوم و بینیم مێز
ڕازاوەتەوە بە چەندین جۆر لە مەشروب و تەرتیبات ، برادەرێکیتریشی وەک من
داواتکردبو، فەرمویان کرد و چوم و دانیشتم و پێکیان لە ڤۆدگا بۆ منیش پڕکرد ، وتی
منیش ئەو مەشروبانەم هیچیان نەخواردبوە و پێشم عەیب بو بڵێم ئەو مەشروبانەم
بەکارنەهێناوە . وتی من کەم کەمم دەخواردەوە و ئەوان گڵاس لە سەر گڵاس ئاودیویان
دەکرد ، وتی وردە وردە سەرخۆش دەبون، کەوتنە قسەکردنی سەیر، یەکێکیان دەیگوت هەر
کەس غەدری لێکردی پێم بڵێ و ئەویتر دەیگوت تۆ وەک برای ئێمەیت و ئێمە ڕاسیست نین ،
جزدانی دەرکرد و تی چەندت پارە پێویستە دەریبکە ، ئەویتر وتی ئیتر تۆ هەمو شەو
داواتی منی ، زۆر قسەیتر ، وتی منیش سوپاسیانم دەکرد و دەمگوت لێتان دڵنیام و هیچم
پێویست نیە ، وتی کاکە وا هەڵیاندەکێشام و وا پشتیوانی خۆیان بۆم دەربڕی کە پێشتر
هەرگیز جگە لە سڵاو و مەرحەبا شتیتری جگە لەمە لە نێوانم نەبو ، وتی هەر بە
قسەکانیان پێدەکەنیم و دەمزانی ئەمە هەر هەتا سبەی بڕ دەکات ، وتی دوای یەک دوو
ڕۆژ بۆ یەکێکیانم گێڕایەوە و غەرقی پێکەنین بو ههههههه.
ئەرێ
خەڵکینە ئەوەی ئێستا لە کوردستانی باشور هەڵیدەڕێژن وەک قسەی سەرخۆشەکانی سەری
ساڵی هاوڕێکەم نین ؟؟ دەبێ لە دوای ١٠ ئەم مانگەوە خۆیان بە خاوەن قسەکانیان بکەن؟!
ئەرێ هەر
بەڕاست ئەو چاوانەی ئەمڕۆ کراونەتەوە و بە دوای پینەکردنی ئەو شەبەقانەوەن کە
چەندین ساڵە میلەت هاواری چاکردنی دەکرد ، ئەو ماوەیە دەبێت کوێر و نابینا بوبن؟
ئەو گوێیانەی ئەمڕۆ بۆ داواکاری جەماوەر هەڵخراون
لە ڕابردودا مس و قوڕقۆشمیان تیکرابو؟
ئەرێ ئەو
سۆز و حەنانەی ئەمڕۆ بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە و ئەنفالکراوان و هەندێ ناوچە و بنەماڵە و چین و توێژ بۆیان
بونەتە کەرەی سەر ئاگر و تواونەتەوە دەبێت لە چەندان ساڵی ڕابردودا کە
فەرامۆشکرابون دەبێ سینەیان لە ویژدان و بەزەیی و میهر و هەست و سۆز خاڵی بوبێت؟
ئەرێ پێم
ناڵێن ئەو دەستانەی ئەمڕۆ لە کاتی سوڵکردنی دەنگدا بۆ چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوە و
دەستپێکردنەوەی فڵانە پرۆژە و تەواوکردنی جادەی جوت ساید و تونێلی فڵان شار و نەخۆشخانە و
ئاو و ڕێگاوبان و زۆر شتیتر درێژ دەکرێن تا پێش هەڵبژاردن کێ شەتەکی دابون؟
واز
لەوانەش با بهێنین ! ئەرێ هەر بەڕاست ئەم هەمو هاشو هوشەی گەوجاندنە چیە کە
لایەنەکان و کاندید و بەرپرسە بچوک و قەڵەوەکان هەم ڕاستەخۆ لە دەمی خۆیان بەوەش
تەسکینیان نایات و کەناڵ و ڕادیۆ و سایت و ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشیان کردۆتە مەیدانی سەنگەر
لێک گرتن ! کام سەنگەر؟
ئەرێ هەر
بەڕاست ئەگەر ئێوە ئەوەندە خوێن لە کەلەی یەک دەخۆن .. قوڕمان بەسەر بۆ دوای
هەڵبژاردن دەبێت چ شەڕێکی قورسی یەکتر سڕینەوە ڕوبدات ؟ ئێستا ئەو تەخوینی ئەو
دەکات و ئەو خۆی بە براوەی یەکەمی گۆڕەپانەکە دەزانێت و ئەو حیساب بۆ بەرامبەری
ناکات و ئەو بەربژێر لە ئێستاوە خەریکە چاوی فڵان بخاتە مستیەوە و ئەو وڵات دەکات
بە شامی شەریف و ئەوەیتر ئەم هەمو مافە خوراوە بە قادری قودرەت دەگەڕێنێتێوە ،
ئەویتر ناسنامەی عێراقی کە لەوەتەی هەیە لە باخەڵی کەرکوکدایە ئەم بە عەسای سیحری
دەیکات بە شارێکی کوردستانی!
تو
موقەدەساتتان لە کەیەوە بەرەی تورکمانی بە نوسینێکی گەورە و بە بەرچاوی هەموتانەوە
نوسیویانە ( کرکوک مدینە ترکمانیە و ستبقی و الی الازل ترکمانیە ) ، ئەرێ ئێوە
وێراوتانە زاتی ئەوەتان کردوە کە لە کۆبونەوەیەکدا ئێوەش بڵێن کرکوک شارێکی کوردستانیە
؟؟ ئیتر ئەم هاشو هوشەتان لە چیە؟
لە
کۆتاییدا زۆر ڕاشکاوانە بە حیزبە کوردستانیەکانی لە مەڕ وڵاتی خۆمان دەڵێم .. ئێوە
بەرپرسی یەکەمن لە سڕینەوەی هەستی نەتەوایەتی و وەڵائی نیشتیمانی و تاراندنی دەیان
پۆلە گەنجی جوان و دەیان مرۆڤی نیشتیمان پەروەر و دڵ پڕ لە خۆزگەبەرەو کەنارەکانی
ئیجە و سەر شەپۆلەکانی مەرگ ..
ئێوە
بەرپرسن لەوەی بەسەر خاک گەلەکەماندا دێت ! تۆ بڵێی ڕۆڵەکانی میلەت بەم هاشو هوش و
دروشمە بریقەدارانە بڕۆا بەو دەسەڵاتە بکات کە ٣٠ ساڵە دەیچەوسێنێتەوە ؟؟