لەغیابی سەرۆک مام جەلال هاوکێشەکان چۆن قڵپبونەتەوە؟
مەهدی خالید خەمبار
2021-07-18   506
ئەوەی لە
ئێستادا لە نێو یەکێتیدا ڕۆدەدات هەم خۆنوێکردنەوەی مێژوە و هەمیش گەشانەوەی ئەو
ئاگرەیە لە بن لۆدە کای کۆنگرەی چوارەمدا بە دەستی ئەنقەست بەجێهێڵرابو ، هیچکام
لە کۆنگرە و پلینۆمەکانی یەکێتی نەیانتوانیوە کۆی ئاریشە و مەلەفەکان چارەسەر بکەن
و هەمیشە بۆ دوای خۆیانیان جێهێشتوە .
کۆنگرەی چوارەم لە بری ئەوەی بە ڕوحێکی یەکێتیانەوە تەتەڵەی ئەو خەرمانە کێشە و
ملمانێ لابەلایانە بکات کە بونەتە مۆرانەی ناو یەکێتی و نوێ بونەوە و پیادەکردنی
سیستەم و میکانیزمی سۆسیال دیمکرات ، کەچی بەداخەوە زومی کۆنگرە خرایە سەر هەڵبژاردنی کەسە نیشانکراوەکان و بنکۆڵکردن و تێکشکانی ئەو سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیانەی کە پێشتر
یەکێتیان بەڕێوە دەبرد و هێنانە پێشەوەی ژمارەیەکی نابەرامبەر لە گەنجان کە ڕەنگە
پشکی شێریان کەم ئەزمون و بێتوانا بوبێتن !
لە هەناوی شاردنەوەی دۆخی تەندروستی ڕەوانشاد مام جەلال
لە سەرکردایەتی و هەڤاڵان و بەشێک لە کەسە نزیکەکانی و بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لە
بەرامبەر هەر بڕیارێکی ئەو حیزبە بۆ بەستنی کۆنگرە لە ئایندەیەکی نزیک و دانانی
کەسێکی شایستە و پێگەیشتو بۆ شوێنگرەوەی سکرتێری گشتی یەکێتی . ئەم جۆرە ململانێیە
تا دەهات باری یەکێتی و کۆنگرەی چوارەمی قورستر دەکرد ! کاتێکیش کە دەنگی
یەکێتیەکانی ناوەوە و دەرەوەشیان دابەشی سەر باڵەکان کرد ، ئیتر بە مەبەستی
دابەشکردنی کێکە چەورەکە کەوتنە پەلە پەلی بەستنی کۆنگرە و لەوەش پەلەتر
کۆتاییپێهێنانی کۆنگرە بە مەرجی بە خاڵی هێشتنەوەی شوێن و پێگەی سکرتێری گشتی!
سروشتی بەشی زۆری حیزب و وڵاتان ئاوایە لە کاتی
نەخۆشکەوتن یان مردن یا بەندکردنی سەرۆک یان کەسی یەکەم ، بە پەلە بۆ پڕکردنەوەی
بۆشاییەکە بڕیارێکی بەپەلە دەدرێ و کەسێک هەڵدەبژێردرێت .
ئەرێ گەلۆ ئەوە چ عەسایەکی سیحری بو بردرایە نێو هۆڵی
کۆنگرەی چوارەم ؟ ئەرێ کێ قەناعەتی بەوە بو کە کۆنگرەیەک بەو هەمو کێشە و کێشمە
کێش و گرێکوێرانەوەی کە ساڵانێک بو بۆ
کۆنگرە کەڵەکەی سەر یەک کرابون، بتوانێت وا بەو پەلە پەلە و بە سەلامەتی و ڕازیبونی زۆرینە کۆتایی پێبێت؟
خوێندنەوەم بۆ جیاکردنەوەی هەڤاڵانی سەرکردایەتی و
مەکتەب سیاسیە دێرینە تێکۆشەرەکان و داتاشینی ئەو ناوە تازە وقەبەیە، یەکسەر وەک کۆمەڵێ
لە توشبوانی پەتای کۆرۆنای لە ( کەرەنتینە
) دانراو هاتە نێو خەیاڵم ! دەبێ خۆیان چۆن خۆیان بینیبێت؟
لە بری خۆبواردنی کۆنگرە لە خزم خزمێنە و باڵ باڵێنە و
شارشارێنە و پشت بەستن بە سیستەمی ئەزمون و توانا و دڵسۆزی . کەچی بەداخەوە ئەوەی
بینیمان زیاتر تۆخکردنەوەی ئەو شێوازە تەقلیدیەی حیزبایەتی خێڵەکی بو،کە بەشێک لە
خەڵکانی هەلپەرست و مشەخۆر بە سەر پەیژەی کەسانێکی بە ئەزمون و بەتوانادا ، سەرخران
بۆ ئاستی سەرکردایەتی حیزبی شەهیدان و کرانە داوڵی ناو بێستان و چەقێنران ؟
لە گەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی بەم دۆخە ئاڵۆزی کۆمەڵێک
هۆکار و فاکتەری گەورە و بچوک و کۆن نوێ هەن من هەندێ لە زەقەکانیان دەخەمە ڕو:
یەکەم : بونی ڕەوانشاد مام جەلال بە سەرۆک کۆماری عێراق
و فەرامۆشکردنی ناو ماڵی یەکێتی و گرینگیدانی زۆرتر بە کێشەکانی ناو ماڵی عەرەبی و
دواتریش نەخۆشکەوتنیان هێشتنەوەی کورسی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی بە بەتاڵی ،
یەکێتی بەتەواوی دوچاری پەرتەوازەیی بڕیار و کردار کرد .
دووەم : لە کۆنگرەی چوارەمیشدا بە زەقی پشتگوێ خستن و
کورتکردنەوەی دەستی ژمارەیەک سەرکردە و کادیری بە ئەزمون و خاوەن بنکەی جەماوەری و
قوربانیدەر و ماندو کە تا پێش بەستنی
کۆنگرە ئەوان مەکتەبی سیاسی و یەکێتیان بەڕێوە دەبرد !
سێهەم : دەستنیشانکردنی دوو گەنجی کەم ئەزمون و نا
ئەکادیمی سیاسی و دیبلۆماسی لە دوو
بنەماڵەی بەناوبانگ و سیاسەتوانی ڕەوان شادان تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد
بەدەسەڵاتی ڕەهای وەک یەکەوە بە ناوی هاوسەرۆکەوە بۆ بەڕێوەبردنی حیزبێکی پڕ لە
تەکەتول و خاوەن هێزی تایبەت بەڕاستی هەڵەیەکی گەورەبو !
چوارەم : خۆ بچوکردنەوە و دابەشبونی ئەندامانی مەکتەبی
سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و مەڵبەند و مەکتەبەکان بە سەر ئەم دوو
سەرکردە گەنجە هاوسەرۆکەدا .
لە غیابی مام جەلالدا بێ ڕۆڵی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی
و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و
مەکتەب و کەسایەتیە نیشتیمان پەروەرەکان دەبینم!؟ ئاخۆ کەس درک بەو مەترسیە
گەورەیە ناکات کە بەشێکی زۆری یەکێتەکانی دوچاری دڵەڕاوکێ وبێمتمانەیی کردوە و
بەشەکەیتریشی دابەشی دوو بەرە کردوە ! ؟
ئەوەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی پێیهەڵسا ئەرک و کاری بەپەلەی
ئێوەبو ! دۆخەکە ڕەنگە بە دەستبەرداربونی لاهور شیخ جەنگی لە دەسەڵاتەکانی کۆتایی
نەیات و تەنها سڕکردنێکی کاتیبێت و دەبێت مەکەتەبی سیاسی لە سەر عاتیفە هەڵسوکەوت
لەگەڵ ئەم کێشە سیاسیە عەسکەریە جەماوەریە
مەترسیدارەدا نەکات !