تاکتیکی تورکیا لە(ناوچەی ئارام) چییە؟

عەلی حەمە
  2022-12-29     470

لە دیدی تورکیای ئەردۆغانەوە تەنها ئەو کوردانە باشن کە مردون !

لەدوای راپەرینی گەلانی سوریا لە ساڵی  ٢٠١١ دژی رژێمی بەشار ئەسەد بەشێکی زۆری کوردستانی رۆژئاوا کەوتە دەست ئازادیخوازانی کورد و رزگار کرا کەلە ئێستادا لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرێوەدەبرێت .

لەوکاتەوە دەوڵەتی تورکیا ئەم قەوارەیەی بەمەترسی و هەرەشە لەسەر ئاسایشی خۆی دادەنێ و بەردەوام لەهەوڵی دژایەتی و شکست پێهێنانی ئەو ئەزمونە نوێیە دایە و تائێستا بەهاوکاری و پشتیوانی چەند میلشیایەکی توندرەو و سوپا دڕندەکەی سێ جار هەڵمەتی سەربازی ئەنجام داوە کە بەم جۆرە بوە ؛

 داگیرکاری یەکەم ؛

لە ژێر ناوی ( قەڵغانی فورات ) و لەیادی ٥٠٠ پێنج سەد ساڵەی یەکەم داگیرکاری سوپای عوسمانی بۆ باکوری سوریا بە سەرکردایەتی سوڵتان سەلیمی یەکەم کە لە ٢٤ ئابی ١٥١٦ ز ئەنجامی دابو ، لە هەمان رۆژدا لە ٢٤ ی ئابی  ٢٠١٦ شدا هێرشی کردە سەر ناوچەی جرابلس و داگیری کرد ، کەئەمە جگە لە رەهەندی سەربازی لێکەوتەو پەیامی مێژوویی و سیاسی خۆی هەیە!

داگیرکاری دووەم :

لەژێر ناوی ( لقی زەیتون ) لەساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ میلیشیاکانی سەربە تورکیا هێرشی کردە سەر شاری عەفرین و داگیری کرد .

داگیری سێیەم ؛

لەژێر (سەرچاوەی ئاشتی ) لەساڵی ٢٠١٩ بەهاوبەشی لەگەڵ میلیشیاکانی سەربەتورکیا هێرشی کردە سەر جرابلس و داگیری کرد .

ماوەیەکە سوپایەکی زۆر و هێزە مورتەزیقەکانی ناوچەکەی کۆکردۆتەوە و پلانێکی مەترسی داری هەمەلایەنەی هەیە کە بۆی بچێتە سەر هێرش بکاتە سەر شاری گرنگی مەنبەج و شارەکانی رۆژهەڵاتی فورات بەرەو ناوچەکانی گرێ سپی و باب و دابق و  راس العین و کۆبابێ و درێژدەبێتەوە تا شاری قامشلی کە درێژیەکی نزیکەی ٤٨٠ کێلۆمەتر و بەقوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی کوردستانی رۆژ ئاوا داببڕێ وداگیری بکات لەژێر بیناوی دروستکردنی ناوچەیەک بەناوی ( ناوچەی ئارام ) .

ئامانجە ستراتیجیەکانی داگیرکاری تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە بەتایبەتی بریتین لە ؛

١- دور خستنەوەی هێزە کوردیەکان لەو سنورەو نیشتەجێ کردنی نزیکەی یەک ملێۆن ئاوارەی سوری و بەتایبەتی لە خێزان و ماڵومناڵی ئەو هێزە میلشیایەی کەلەلایەن تورکیا پشتگیری دەکرێن .

٢- گۆڕینی باری دیمۆگرافی دانیشتوانی ناوچەکە و بەتەعریب و تەتریک کردنی و کەمکردنەوە و دەرکردنی خێزانە کوردەکان و دوبارە دەربەدەرکردنەوەی خێزانە کوردەکان و دروستکردنی قەیرانێکی گەورەی تر لە پرسی ئاوەرەیی و پەناهەندەیی و کەمپداری کە لەئێستا خۆیان کێشەی گەورەیان لەم بارەیەوە لەگەڵ کۆمسێۆنی کاروباری کۆچبەرانی سەر بەنەتەوە یەژگرتوەکان هەیە .

٣- خاکی ئەو سنورە خاکێکی بەپیت و لەباری کشتوکاڵیە و رێژەیەکی بەرزی گەنم و جۆ و نیسک و لۆکەی لێ بەرهەم دەهێنرێت و زۆربەی پێداویستی سوریا لە دانەوێڵە لەو خاکە دابین کراوە کە کاتی خۆی پێیان وتوە ( سلة خبز سوريا) ، هەروەها 

٤- شاری مەنبەج جگە لە چوار ڕیانێکی گرنگی بازرگانی و ئابوریەکەی ، شارێکی گەورەو مێژوویی ناوچەکە و گرنگی شوێنەواری و مێژوویی تایبەتی خۆی هەیە .

٥- ناوچەکە بەپێی هەڵکەوتەی جیۆپۆلتیکی خۆی گرنگی سەربازی و ئەمنی گەورەی هەیە و تورکیا جگە لە لایەنە مرۆیی و ئابوریەکەی وەک پشتێنەیەکی ئەمنی گرنگ سەیری دەکات و بەبەشێکی گرنگی و تەواوکەری هەر سێ قۆناغە داگیرکاریەکەی پێشتری  دادەنێن .

٦- مەبەستێکی تری ئەو هێرشە بۆ بچوک کردنەوە و فشار خستنە سەر هێزەکوردیەکانی رۆژئاوایە کە واز لە بیرۆکەی خۆبەڕێوەبەرێتی سەربەخۆ بهێنن و سازش و مەرجەکانی حکومەتی سوریا لەگفتۆکۆ و رێککەوتندا قبوڵبکەن و بە هەندێ مافی مرۆیی و سەرەتایی رازی ببن !

٧- دواتر تورکیا دەست دەکات بە جێ بەجێکردنی  پرۆژە گەورەکەی کەبریتیە لە گرێدانەوە و بەیەکەوەبەستنەوە و درێژکردنەوەی هێڵی داگیرکاریەکەی ناوچەکانی بەعشیقە و تاسنوری کوردستانی باشور و گرێدانەوەی وەک یەک زنجیرەی لێک دانەبڕاو بەناوچەکانی سۆران و بناری شاخەکانی حاجی هۆمەران و قەندیل .

٨- گرنگترین خاڵێک کە بۆ داهاتوی حزبەکەی (ئاکپارتی ) و ئەردۆغان زۆر گرنگە دەیەوێت دەستکەوتێکی گەورە و دیاری سیاسی و سەربازی بەدەست بهێنێت پێش هەڵبژاردنی داهاتوی ساڵی  ٢٠٢٣ ، کە بەلای زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و راپرسیەکان،  ئەردۆغان و حزبەی رووبەرووی شکستێکی سیاسی گەورە دەبنەوە .

حزبی ئاکپارتی و تورکیا بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان و هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هەریەک لە حزبی گەلی کۆماری و بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکی سێکوچکەیەکی مەترسیداری شوڤینیەت پێکدەهێنن و کاری لەپێشینەیان سەرقاڵکردنی بەرەی ناوخۆیە بە لەبیربردنەوە و پەراوێزخستنی پرس و کێشە و ناکۆکیە ناوخۆییەکان و خەریکردنیان بە پیشاندان و درۆی دروستکردنی دوژمنی وەهمی و مەترسی سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورک ، بۆیە لەئێستا گرنگتریک کارێک کە ئەردۆغان و حزبەکەی گەلی تورک و بەرەی ناوخۆیان پێوە سەرقاڵ کردوە بەحری ئیجە و پرسی قوبرس و یۆنان و کەشیتوانی و ئاستەنگەکانیەتی لە دەریای سپی ناوەڕاست کە  تورکەکان  بەناوی ( نیشتیمانی شین ) ناوی دەبەن ، لەگەڵ پرسی کوردان و لێکەوتەکانی لە هەر پنت و خاڵێکی ئەم سەرزەمینەی کە هەیە .

لەسەروی هەموو ئەمانەوە نابێ ئەم تێڕوانین و پلانانەی تورکیا تەنها وەک پرۆژەیەکی سادەی سەربازی و ئەمنی راگوزەر دابنرێ ، بەڵکە لە پشت ئەم هەڵمەتە داگیرکاریانە پلانی گەورەتری فرەرەهەندی جوگرافی و ئابوری و سیاسی و کلتوری و مێژوویی شاراوە هەن و دەوڵەتی تورکیا قۆناغ دوای قۆناغ و هەنگاو بەهەنگاو خەریکی جێ بەجێکردنیانە ، چونکە هەموو نیەت و پلانێکی سەربازی و جوگرافی و فراوانخوازی مەبەستێکی گەورەی ئابوری لەپشتەوەیە ، خاکی کوردستانیش جگە لە گرنگیە مێژوویی و جوگرافی و سەربازی و ئەمنیەکەی بۆ تورکیا ، گرنگیەکی ستراتیژی ئابوری و بازرگانی و خاوەنی یەدەگێکی زۆری نەوت و سەرچاوەیەکی گرنگی وزەی ناوچەکەشە وەک ؛

١- کوردستانی باشور خاوەنی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ و نزیکەی ٧ تریلێۆن مەتر سێجا غازی سروشتیە .

٢- کوەدستانی رۆژئاوا خاوەنی لە ٩٠٪ی سامانی نەوتی سوریا و لە ٤٥٪ی غازی سروشتی سوریایە و لەئێستادا ئەم کێڵگە نەوتیانە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە :

ا- کێڵگەی رمێلان 

ب- کێڵگەی السویدیە 

ج- کێڵگەی الشدادی و الجبسە و الهول ویوسفیە .

لەگەڵ هەردوو کێڵگەی غازی سروشتی ( رمێلان و الجبسە ) .

جگە لەوە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ کە کۆمپانیای لافارجی فەرەنسی بەرێوەی دەبات لە ریفی شاری کۆبانێیە .

کەهەموو ئەم سەرچاوە گرنگانەی ئابوری و سەرمایە لە ئێستادا بەشێکن لە ئامانجگیریەکانی ئەو هێرشە کە تورکیا دەیەوێت ئەنجامی بدات .

بۆیە ئەم پرۆژە گرنگە ئابوری و سەرچاوە گەورانەی نەوت و غازی سروشتی ناوچەکە بەشێکی گرنگی پرۆژە گەورەکەی تورکیا و جیوسیاسی دەوڵەتی تورکیا پێک دەهێنێت لە ناوچەکەدا!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×