(ئەگەر ئەمەریکا سەبارەت بە باکوری سوریا گوێمان لێ نەگرێ ئەوا ؛( خۆمان ناوکی خۆمان ئەبڕین)! ئەردۆغان .
ئابوری گرنگترین و دیارترین پێکهێنەرە بنچینەییەکانی فراوانخوازی و کاری دەست درێژیکارانەیە ، تورکیا هەر بەتەنها بەبونی سەربازی و تیمەهەواڵگریەکانی کۆڵ نادات ، بەڵکو لەراستیدا کار بۆ دەستکەوتە ئابوریەکانی خۆی دەکات .
*~ تورکیا ؛ وەک دەوڵەتێکی بەهێزی ناوچەیی وکاریگەر لەپرس و هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا ،لەئێستادا و بەهۆی قەیرانی شەڕی ( روس - ئۆکرانیا ) وەک سود مەندترین وڵات دەردەکەوێت و پێگە جیوپۆلتیکەی لە ململانێ و هاوکێشە جیوسیاسیەکاندا ئەوەندەی تر رۆڵ و ئامادەیی ئەو دەوڵەتەی گەورەتر کردوە .
*~ تورکیا ؛ وەک کارەکتەرێکی زیرەک و بکەرێکی ناوچەیی دیار ، بەئاگایی و وریاییەوە پلان و نەخشە رێگای ستراتیژی خۆی لەسەر ئاستی نیشتیمانی و ناوچەیی و نێو دەوڵەتی جێبەجێ دەکات و هەنگاوەکانی لەسەر شانۆی سیاسی و رەهەندە ئابوری و ململانێی هەرێمی و نێو دەوڵەتی کاندا جێگر تر دەکات .
*~ تورکیا ؛ لەم قۆناغە پڕ قەیران و ئاڵۆزەی ناوچەکەدا سەرەڕای ئەندامێتی لە هاوپەیمانیەتی (ناتۆ) ،و سزا سەپێنراوە ئابوریەکانی رۆژئاوا لەسەر روسیا ، پەیوەندی قوڵی هەمەلایەنەی لەگەڵ روسیا دروست کردوە لەوانە ؛
١- تورک ستریم لە بری نورد ستریم ؛
لەدیداری سوتشی لەئابی ٢٠٢١ لە نێوان ڤلادیمێر پۆتین و ئەردۆغاندا گفتوگۆی ورد سەبارەت بە ناردنی غازی روسی لەرێگەی تورکیا بۆ ئەوروپا و وڵاتانی تر کراوە بەمەرجی ئەوەی مامەڵەکە بەنەختینەی دراوی (رۆبڵ )بێت .
دوای تەقاندنەوەی هێڵی بۆڕی ناردنی غازی روسی (ستریم ١ و وەستانی ستریم ٢ ) بۆ ئەوروپا ، هەروەها( پەککەوتنی هێڵی ترانزێتی غازی روسی لە ئۆکرانیا و داخستنی ویستگەی رێرەوی غازی روسی - پۆڵەند ) بۆ ئەوروپا ، لەئێستادا رێرەوی تورکی رێگەی ستراتیژی و سەرەکی گەیاندنی وزەی روسیایە بۆ ئەوروپا ،بۆیە روسیا پێشنیاری ستراتیژی جەوهەری پێشکەش بە تورکیا کردوە بەوەی کە گەورەترین مەڵبەندی نێودەوڵەتی دابەشکردن و ناردەی غازی روسی لە ئەسنەبوڵ بکاتەوە و بەمەش ئەو مەڵبەندە وەک جێگرەوەیەکی بۆڕی غازی ستریم ١ و ستریم ٢ غاز ناردەی ئەوروپا بکات .
٢- چەندین هەزار بازرگان و سەرمایەدار و کۆمپانیای گەورەی روسی کاروچالاکی خۆیان گواستۆتەوە بۆ ناو تورکیا بەتایبەتی بۆ ئەستەنبوڵ و ئەنطالیا و بەحری ئیجە ، تورکیا کارئاسانی زۆری بۆکردون لە گواستەنەوە و سپی کردنەوەی پارەی روسی لە بازرگانی نێو دەوڵەتیدا بەهۆی نێوەند گیری کۆمپانیا تورکیەکانەوە ، کەئەمە پێچەوانەی ستراتیژ و سزاکانی هاوپەیمانێتی ناتۆیە بەرامبەر روسیا .
٣- بەپێی زانیاریەکان ، تورکیا وەجبەی دووەمی پێکهاتەی رۆکێتی بەرگری S400 روسی بەدەست هێناوە ، شایانی بیرخستنەوەیە کە ساڵی پار کۆنگریسی ئەمەریکا لە ئابی ٢٠٢١ بەهۆی گرێبەستی کڕینی رۆکێتی S400 لەروسیا ، سزای ئابوری خستە سەر تورکیا .
٤- ئێوارەی یەک شەممەی رێکەوتی ١١-١٢-٢٠٢٢ لە مەراسێمکدا لە پارێزگای سامسونی تورکیا سەرۆک ئەردۆغان رای گەیاند کە وڵاتەکەی رۆکێتی جۆری (ئایفۆن) ی بەرهەم هێناوە و دەتوانین لە ئەسینای پایتەختی یۆنانی بدەین . ( شایانی باسە رۆکێتی ئایفۆن یەکەم رۆکێتی بالیستی کورت مەودای بەرهەمهێنراوی ناوخۆی تورکیە و دەتوانێ لە دووری ٥٦١ کم لە ماوەی ٤٥٦
سانیە ( نزیکەی ٥ خولەک ) لە ئامانجەکەی بدات ، ئەم رۆکێتە دڵەراوکێ و دوودڵیەکی زۆری لە ناوەندە سەربازی و حکومی یۆناندا دروست کردوە .
هەروەها لەبەشێکی تری وتەکەیدا وتی ؛ چەند جارێک ئاگاداری ئەمەریکامان کردۆتەوە کە هاوکاری و یارمەتی چەکدارە تیرۆرستەکانی باکوری سوریا ( مەبەستی هێزە شۆڕشگێرەکانی رۆژ ئاوایە) نەدات ، بەڵام ئەوان هەر بەردەوامن ، ئێمەش ئۆپەراسێۆنی خۆمان ئەنجام دەدەین و مۆڵەت لەکەس وەرناگرین ، ئایا ئەمەریکا کە عێراق و ئەفغانستانی داگیرکرد و روسیا پەلاماری ئۆکرانیای دا مۆڵەتیان لەکەس وەرگرت ؟ بۆیە ناچارین ( خۆمان ناوکی خۆمان ببڕین ) .
شایانی باسە تورکیا پێشتریش هەریەک لە قوبرس و لیوای ئەسکەندەرونە و شاری عەفرینی لەسوریا داگیرکردوەو پرسیشی بەکەس نەکردوە .
٥- بەپێی هەندێ سەرچاوە باس لە رێککەوتنی نهێنی و دووقۆڵی نێوان سەرۆک ( پۆتین و ئەردۆغان ) دەکرێت کە ڤلادیمێر پۆتین هاوکاری و پشتیوانی ئەردۆغان بکات لە تێکشاندنی نەیارە ئۆپۆزسێۆنەکان لەناوخۆی تورکیا و هەروەها بڕێک پارەی نەختینە بدات بە بانکی ناوەندی تورکیا بۆئەوەی کەمێک لەو قەیرانە ئابوریەی هەیەتی رزگاری ببێت و لە بەرامبەردا تورکیا ئاسانکاری گەورە بکات لە بواری بازرگانی و گواستنەوەی وزە و کاڵای روسی و پشتیوانی سیاسەتی پۆتین بکات لە ناوچەدا .
٦- سەرەڕای سزای توندی نێودەوڵەتی و ئەوروپی و ئەمەریکی لەسەر دەوڵەتی ئێران ، کەچی کۆمپانیاکانی تورکیا بەبەردەوامی نەوتی ئێرانی دەکڕن و بەئاشکرا بازرگانی پێوە دەکەن ، کەئەمە پێشێلکاری سزا نێودەوڵەتی و سیاسەتی ناتۆیە .
٧- تورکیا هاوشێوەی بۆ چون و رای چین و روسیا و ئێرانیەکان کە نەیاری سەرسەختی یەک جەمسەری و سیستمی لیبراڵی ئەمەریکین ،کار لەسەر پشتگیریەکانی فرە جەمسەری و کاڵکردنەوەی هەژمونی سیاسەتی ئەمەریکا لەسەر کۆی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی و شانۆی سیاسی و پەیوەندی سیاسی نێودەوڵەتیەکان دەکات .
٧- تورکیا لە ناوەڕاستی سەدەی رابردودا ، کارەکتەر و ئەندامێکی چالاکی ناتۆ و هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمەریکابوو لە قۆناغی شەڕی ساردا لە دژایەتی کردنی بلۆکی سوسیالیستی بە رابەرایەتی یەکێتی سۆڤیەتی جاران ، بەڵام لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکدا و لە دوای گرتنە دەستی جڵەوی سیاسی لەلایەن پارتی دادوگەشەپێدانەوە بەگشتی و بەتایبەتیش لە دەسەڵاتداریەتی ئەردۆغانەوە رۆژ داوی رۆژ کەلێن و درزی گەورە لە پەیوەندی سیاسی نێوان ئەمەریکا و تورکیا دروست دەبێت و تا گەیشتە ئەو ئاستەی کە تورکیا لە شوباتی ئەمساڵدا (٢٠٢٢) ویستی سەفیری ١٠ وڵات لە تورکیا دەربکات کەیەکێک لەو سەفیرانە سەفیری ئەمەریکا بوو ،بەڵام دواتر پەشیمان بۆوە .
٨- تورکیا جگە لەوەش لە ئاسیای ناوەڕاست و دەریای سپی ناوەڕاست و کێشوەری ئەفریقیا و بەحری سور پێگە و نفوذی زۆر و هەمەلایەنەی پێکهێناوە و وەک بکەرێکی کاریگەری نێودەوڵەتی بەشدار و چۆتە نێو بازنەی گەمەی یاری ململانێ و کيشەگەورەکانەوە ، کە لەوانەیە بەریەککەوتن و رووبەروبونەوەی توندی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسی و شارستانی و کلتوری و ئایینی و مێژوویەکان بەدوای خۆیدا بهێنێت و ئارامی و سەقامگیری هەرێمەکە تێکبچێت و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بخاتە مەترسیەوە ، بەتایبەتی بۆچون و دیدی تورکیا بۆ حەوزی دەریای سپی ناوەڕاست کە بە (نیشتیمانی شین )ناوی دەبات .