حکومەت کارو ئەرکیەتی هاوڵاتیان و کۆمەڵگە بپارێزێ چونکە بۆ ئەو ئامانجە دروست بوە نەک ، ببێتە بەشێک لە پیلانگێری لە دزینی ئێستا و دواڕۆژی !
لە هەندێ پرس و دیاردە و کێشەدا رۆڵی حکومەت و دەزگا تایبەتمەندەکانیەتی ، کە بەدەنگ گرفت یا دیاردە و کێشەکانەوە بچێت و چارەسەریان بکات .
* ~ بۆنموونە دیاردەی ئەو ژمارە سەگە بەرەڵڵایە زۆرەی لەناو و کوچە و کۆڵان و زۆربەی باخی گەرەکەکانی شار و شارۆچکەکاندا بڵاوبونەتەوە !
~ گرانبونی نرخی سوتەمەنی (نەوت وبەنزین ) بۆ دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندەی نرخی پێشوی ،بێ رەچاوکردنی ئەوەی سەرچاوەی سەرەکی ئەو سوتەمەنیە لە خاکی نیشتیمان و جەند کیلۆمەترێک لە شارەکانی خۆمانەوە دوورە ،کەبوە بەهۆی گرانبوونی سەرجەم کاڵاو پێویستیەکانی تری خەڵک .
~ تێکدانی گەراجی کۆنی بەغدا و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی دووری دەرەوەی شار لەبەرکێ و لە قازانجی کێیە ؟
~ هەڵکوتانە سەرخەڵک و کوشتن و سوکایەتی پێکردن بەبەشێکی تری خەڵک لەژێر بیانوی هیچ و پۆزشی نەشیاودا رۆڵ و پێگەی بەرپرسیارێتی حکومەت لە پاراستنی ئارامی وسەروەتوسامانی خەڵک ئەخاتە ژێر پرسیارەوە
~ لاوازکردن و بێ بایەخ کردنی رۆڵی کەرتە گشتیە خزمەتگوزاریەکانی وەک ( پەروەردە ، خوێندنی باڵا و زانکۆو پەیمانگاکانی و تەندروستی ) و ، کەمی پێویستەیە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا ، خراپی رێگەوبان .. لەبەرامبەر ئەوەداو بەپێچەوانەوە بڕو جۆری باجەکانی سەرهاوڵاتیان رۆژ دوای رۆژ لە زیاد بون و فراوان بوندایە .
~ مامەڵە کردن و دەستدرێژی کردنە سەرموڵکی گشتی و زەوی کشتوکاڵی و زەوی تایبەتکراو بۆ باخچەو پارکەکانی شار و شوێنە کلتوری و شوێنەوارەکانی شار بە مەبەستی کردنی بە پرۆژەی نیشتەجێ بون و تەلار و مۆڵی بازرگانی تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە میلیشا رۆڵ بگێرێ ،لە پێناو چی و لەبەرژەوەندی کێدایە ؟
~ خەمساردی و بێ دەنگی حکومەت لە بەرپاکردنی شەپۆلێکی فراوانی توندرەوی ئاینی و هەوڵی کۆنەپەرستانەی هەندێ کەس و گروپ لە دژی بنەما جوان و هاوبەشەکانی نێوان هاوڵاتیان و سوکایەتی کردن بەبەشێکی ئەم مەخلوقەی خوایە ، یا رێگەگرتن و کۆسپ خستنە بەردەم پرۆژە خزمەتگوزارەیە گشتیەکانی ئەم شارە لەلایەن دەروێش و موریدەکانی تەکیەی شێخی کەسنەزانی لە نزیک باخی بەختیاری و دەروازەی شار … ئەم هەڵسوکەوت و لێدوانە میدیایی هەرەشە وسوکایەتی کردنە بۆسەر مەزهەب و پێکهاتە ئاینیەکانی تر ،یا حەق بەخۆدان بەمورتەد کردن و تەکفیر کردنی خەڵکی تر …، هەرەشەی جدین بۆسەر ژیانی پێکەوەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژیان و ئازادی پێکهاتە کەمە نەتەوەیی و ئایینیەکانه تر و ، هەوڵێکە بۆ لێکترازان و تێکدانی شیرازەو رایەڵە سروشتیەکانی ژیانی پێکەوەیی و تەبایی مێژوویی خەڵکی کوردستان .
*~ پرسیاری جەوهەری لێرەوە سەر هەڵدەدات ئایا رۆڵ و پێگەی حکومەت و دەزگا چاودێریە تایبەتیەکانی لە پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و سەروەت و سەر وسامانی خەڵکی کوردستان چیە لە بەرامبەر ئەو هەموو زیانە مادیە جۆراو جۆرانەی لەخەڵک دەدرێ و رۆژانە هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئایینی بەشێکی تری پەلامار ئەدرێ و بریندار ئەکرێ ؟
ئەرک و کاری حکومەت و دەزگا چاودێریەکانیەتی کە هاوڵاتی و کۆمەڵگە بپارێزن کە ئەمە ئامانجی بونی حکومەتە ،نەک ببێتە بەشێک لە پیلان گێری و ئێستاو داهاتوی بدزێ .
رۆڵ و وەزیفەی دەوڵەت پاراستنی دانیشتوانەکەیەتی ، نەک پاراستنی گروپ و عەقیدەیەکی دیاریکراو !
کارەسات هەر ئەوە نیە کە روداو و دیاردەو کاری سەیروسەمەرەو نەبەجێ روودەدات بەڵکو کارەساتەکە ئەوەیە حکومەت خۆی بەشێکە لەو تراژیدی و کارەستاتە نادروست و نایاسیانەی کە دژی بەرژەوەندی گشتی گراونەبەر !