ئەمری تەقەمان پێ نیە !

عەلی حەمە
  2021-12-08     479

چەک پێویستە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ ، بەڵام سەرکەوتن پێویستی بە عەقڵە

 

مێژوویەک کە ئەبێ بگێڕدرێتەوە .

دەستپێکی شەڕی ٦ شەش رۆژە ؛ 

 کاتژمێر ٧.٤٥ بەرەبەیانی دوو شەممەی ٥ی حوزەیرانی ١٩٦٧ ؛ پۆلێ فرۆکەی جەنگی اسرائیلی بەشێوەیەکی زۆر نهێنی و غافڵگیر کەژمارەیان ١٨٣ فرۆکە بوو  ١١ یانزە فرۆکە خانەی جەنگی  دەوڵەتی مصر یان بۆردومان کرد ، تاپێش نیوەڕۆی ئەو رۆژە فرۆکە جەنگیەکانی اسرائیل٣ جار بۆردومانی سەرجەم فرۆکەخانە سەربازیەکان و بنکە دژە هەواییەکان و فرۆکە جەنگیەکان و رێرەوی فڕینی فرۆکەکانیان کرد ، لەئەنجامدا ٢٥ فرۆکەخانە ولە ٨٥٪ کۆی فرۆکەی جەنگی مصریان تێک شکاند کەبە پێی زانیاریەکان دەرکەوت کە لەو هێرشەدا ٣٠٤ فرۆکەی جەنگیان لەکۆی ٤١٩ فرۆکەی جەنگی  مصر تێک شکاندوە

  لەسەرەتای هێرشەکەدا کە فرۆکە جەنگیەکانی اسرائیل بە چەندین جۆری چەک و تەقەمەنی بۆردومانی  فرۆکەخانەو بنکەی هێزە دژە هەوایەکانی مصریان کردوە ، لەلایەن هێز و بنکە دژە ئاسمانیەکانی مصرەوە هیچ کاردانەوە و بەرپەرچ دانەوەیەکیان نەنواندوە دژی ئەو بۆردومانە کە بەسەر سەریانەوە راستەوخۆ بۆمب و موشەک باران ئەکران

کاتێ پرسیار لە هێز و بنکە دژە ئاسمانیەکان ئەکرێت کەبۆ وەڵامی فرۆکە جەنگی و ئەو هێرش و موشەک بارانەیان نەداوەتەوەو بۆ تەقەیان نەکردوە  ؟

لەوەڵامدا ئەڵێن ؛ ماکو آوامر و مافیش تعلیمات !

هیچ فەرمانێک و رێنماییەکمان نەبوە .

 

لە هێرشی شەوی ٣/٢ی مانگی ٢٠٢١/١٢ ی داعش دا بۆ سەر گوندی خدر جیجەی ناحیەی گوێری قەزای مەخمور ، لەکاتێکدا شەڕێکی گەرم و دەستەویەخە لە نێوان گوندنشینان و هێزی تیرۆرستی داعشدا روودەدا و داوا لەو پێشمەرگانەی نزیکیان ئەکەن کە بەبەهانایانەوە بچن و ئەوانیش بەرپەرچی ئەو تیرۆرستە دڕندانە بدەنەوە کە هێرشیان بۆ هێناون و ئەیانەوێت بیانکوژن ، بەڵام پێشمەرگەکان بە بیانوی ئەوەی کەس فەرمانی پێ نەکردون یا نەکەونە ژێر بەرپرسیارێتی و چەنوچونی لێپێچینەوە بەتەنگ هاوڵاتی و دەنگی گوندنیشینەکانەوە ناچن و لەئەنجامدا ٣ سێ برای یەک خێزان شەهید ئەکرێن و دواتریش لەبەر بێ پلانی و نەبوونی دوور بینی پێویست و ناکارامەیی ،  هێزێک بە ناوی کێوماڵی ناوچەکە بە ئوتومبیل بەسەر بۆسەیەکی هێزەکانی داعشدا ئەکەون و بەداخەوە ٩ نۆ پێشمەرگە لەرۆڵەی ئەم میللەتە ستەمدیدەیە شەهید ئەکرێن !

 

ئەم دوو رووداوە ئەگەرچی لەدوو مێژووی جیاواز روویانداوە و نیو سەدە زیاتریان جیاوازی هەیە ، بەڵام دەرئەنجامی یەک جۆر پەروەردە و تێروانین و دنیابینین کە رێگرە لە کاری ئازاد و جوڵەی رەها و نەبونی بڕیار لە هەرەکاتە هەستیارەکاندا .

ترس لە بەرپرسیارێتی ئەنجاندانی کارێک یا نەکردنی بەبێ رەزامەندی فەرماندەی سەروتر نەک هەر لە بەرەکانی شەڕ بەڵکو ئەوە بەشێکە کە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ، بەشێکە لە نەریت و ریتمی ژیانی خێزانەکانیش ، رێک وەک ئەو کلتورو نەریتەی کە هەمو شتێک ئەگێرێتەوە و بڕیار ئەداتە دەست سەرۆک و سەرۆکی خێڵ و سەرۆک خێزان وباوک ، ئەوەش بەرهەمی کۆمەڵگە دواکەوتو و داخراوەکانە کە بۆ پرسی هەمو شتێکی گەورەو بچوک بگەڕێینەوە بۆلای فەرماندەی سەرو ، لە ناوخێزانە کۆنە پارێزە رۆژەهەکاتیش بۆ لای دەسەڵاتی باوک .

ئەم رووداو و لێکەوتەو تێڕوانینە هەڵە و ترس لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کردنی کارێک یا نەکردنی ، هەڵەی فەرماندەیەک و تاکە سەرکردەیەک نیە ، کەمی یا زۆری چەک و جۆری تەکنۆلۆجی بەردەست نیە ، ئەوەندەی پەیوەندی بەکۆی سیستەم و ستراتیجی شەڕ و جوڵەی ئازادانەوە هەیە ، رێسای کۆن و بەسەرچوی نەگونجاو و نەشیاو بۆ ئەو سەردەم و قۆناغەی ژیانی کۆمەڵگەی مۆدرێن و ستراتیجی شەڕی تازە تاکتیک و پەروەردە و مەشقی بەردەوام و زانیاری نوێ و زانست و زانیاری دەوێ .

 

د. صادق جلال العظم لە سەر شکستی بەرەی عەرەبی لە ١٩٦٧ دا کتێبێکی لە ساڵی ١٩٦٨ دەرکردبە ناونیشانی ( النقد الذاتی بعد الهزیمە ) کە چەند بەرگێکی لێ چاپکرایەوە و دواتر لە ساڵی ١٩٧٣ تا ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە زۆربەی وڵاتە عەرەبیەکان قەدەغە کرا ، 

کە زۆر بە وردی و بەروونی تیشک ئەخاتە سەر ئەو جیاوازی و ئەقڵیەت و بیرکردبەوەی سیستمی سیاسی و ئابوری - کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کلتوری کۆمەڵگەی یەهودی و کۆمەڵگەی عەرەبی و چۆنیەتی مەشقی ورد و چڕو پەروەردەی هێزەکان و ئازادی پێدانیان لە هەڵسوکەوتی مەیدانی لە کاتە هەستیار و چارەنوسسازەکاندا ، بەپێچەوانەی سیستمی سیاسی دواکەوتوانەی کۆمەڵگەی عەرەبی و رۆژهەڵاتی کە زۆربەیان بەهۆی سیستمی زاڵی ناوەندیێتی بەسەرچوی کۆن و خۆبەستنەوە و گیرۆدەبونیان بە معتەقەداتی ئایینی و لێکدانەوە و کاریگەریە ئاینیەکان (جوڵە و داهێنان و تازەگەری و دەرچون لە سنوری نەریت و مەنهەجە دانراو  و لە پێشینەکانیلەباربردوە و پەکی خستوە ، هەروەکو چۆن فەریق اول محمد فوزی وەزیری شەڕی مصر لەسەر شکستی ١٩٦٧ ئەڵێ ( مرۆڤی نەخوێندەوار لە شێوازی شەڕ تازە تێ ناگات و توانای ئەوەی نیە کارلێک لەگەڵ چەکی ئاڵۆز و تەکنولۆژیای نوێدا بکات و پێویستە خەڵک باش هەڵبژێرین بۆ پۆستی گونجاو ، کە خەڵکی خوێندەوار و ئاستی زانستی گونجاو هەیە بۆ ئەبێ خەڵکی نەخوێندەوار هەڵبژێرین یا بیهێنین بۆ ناو ریزەکانی سوپا

 

د . صادق جلال سەبارەت بە کۆمەڵگەی اسرائیلی لەوکاتەدا ئەڵێ ؛ کۆمەڵگەی اسرائیلی کۆمەڵگەیەکی زیندوی بەجوڵەی بۆ پێشەوە چووە ، میراتێکی زانستی دەوڵەمەندی هەیە و خاوەنی شارستانی و وێژەیەکی نوێیە ، هاوشانی کۆمەڵگە پێشکەوتوەکانی ئەوروپایە و دەوڵەتانی تر چاو لە ئەزمون و رێرەوی پێشکەوتنی ئەو دەکەن بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونەکەی وەربگرن.(١)

 

(دکتۆر هشام غصیب ) ؛ لە میانەی نوسینەکانی ( العقل من آجل الثورە ) ئەڵێ ؛ ئەرکی گرنگ و ئانی ئەوەیە چۆن  ئەو بارستەیە کە کە دۆخێکی خودی وەستاو و کارلێکراودایە ، بگۆڕین بۆ خۆیەکی مێژوویی کە بتوانێ بیر لە دوارۆژ بکاتەوە و ، توانای پلان دانان و داهێنانی فکری و هەڵوێست و وەرگرتنی بڕیاری هەبێت و کاربکا بۆ ئامانجەکانی داهاتووی ، بەلای ( د . هشام ) ەوە خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە پرۆسەی فێرکردن بەواتا فراوانەکەی ئەگەر پشت بەستوبێ بە کارو فێرکردنێکی نەگۆڕ و دۆگمایی ، یا لەسەر فەلسەفەی دۆگمایی بنیات نرابێ ، ئەوا خود یا تاک ئەکاتە باربۆیەکی وەستاوی بێ جوڵەی بێ داهێنان و مردو ، ئەوەش ئەبێتە هۆی بەرهەم هێنانی رۆشنبیری مێگەلی ( فەرمانکردن و مل کەچی ، نەریتی باو و رازی بونی کوێرانە و تەسلیم بون بە ئەمری واقیع ) .

بەڵام فێرکردنی فەلسەفی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی رەخنەیی وپرسیار ویاخی بون و ئازادی رێکخراوەیی و گفتوگۆ و باسوخواسی بێ سنوور ، سەرەنجام پاڵ بەتاکەوە ئەنێ بەرەو خودێکی ئازاد و کەسایەتیەکی بیرکەرەوەی چالاک ، بۆیە فەلسەفەی نوێ پەیوەندارە بە زانست و زانیاری نوێ لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی بیروباوەڕ و هۆشی رابردو و بەسەرچو ، لەبەرئەوەی زانستی بەسەرچوو ئامرازێک نیە بۆ پێشکەوتن و گۆڕانی پێشکەوتنخوازانە .(٢)

 

( دکتۆر جەعفەر عەلی ) لە بەشێکی نوسینێکی تازەی  بە ناونیشانی ( شکستی مەعریفەی گەڕان ) کەلە واڵەکەی خۆی ( فەیسبوک ) بڵاوی کردۆتەوە ئەڵێ ؛

( هەرچی شۆڕشە ، هەرچی سەرکردەی سیاسیە ، هەرچی میدیا و ماسمیدیایە ، راست یا چەپ ، دینی یا عەلمانی ؛ هەرهەمویان بەیەکەوە لەم پرۆژەی ونکردنی بوونی کوردە دا هاوبەش و بەشدارن ، هەموان لە باری تیۆرییەوە هەڵگری گوتاری دۆزینەوەی ونبویەک وهێنانەوەی بوونێکی ونن بۆ ناو مێژوو ! )(٣)

 

دکتۆر جەعفەر زۆر بەوردی درک بەومەترسی و هەرەشەگشتگیرە ئەکات کە رووبەروی کورد و دۆزی نەتەوەیمان کراوەتەوە و بەرپرسیاریەتی مێژویش ئەخاتە ئەستۆی هەموان و هەموان بێ جیاوازی بە بەشداری ئەو پرۆسە و پلانە نەگریسە دائەنێ کە دەیانەوێت کەرامەت و شکۆ و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان لە بۆتەی مێژوویەکی پڕ شکست و گلان و خۆخۆری مێژوویدا بتوێننەوە و لەبری نوێخوازی و پشت بەستن بە ئەزمونی زانستی و میراتی پێشکەوتنخوازی و ئەزمونی گەلانی سەرکەوتوو ، خوازیارن و دەیانەوێت کورد بگەڕێنەوە بۆ ناو باوەشی مێژووی بەسەرچو و چاخی ژێردەستەیی نوێنەرایەتی رابردوو ، کە ئەمە پرۆژەی وێرانکردنی مرۆڤی کورد و  دابڕینیەتی لە کاروانی شارستانی و مەعریفە و شوێن پێی بۆ پێشەوە چوی کاروانی گەلانی پێشکەوتووخوازو سەرکەوتو .

 

سەرانی دەسەڵاتی سیاسی و هێزە کۆنەپەرست و هاوپەیمانەکانیان هەمیشە خوازیاری ئەوەن کۆمەڵگە دژی جیاوازیەکان و جۆراوجۆری و فرەیی و نوێبوونەوە بێت ، هەوڵ دەدەن تاکەکانی کۆمەڵگە هاوشێوە و هاوچونەیەک بن و هەر یەکەیان وەک ئەوی تر بیربکاتەوە و قسە بکات و هەمان خەون ببینن و جیاواز نەبێ لەوی تر ، ئەمەش کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی مردوی بێ جوڵە و مێگەلی بوون و لاوازی و ملکەچ و بێ ئیرادە دەبات کە ویستی دەسەڵات جێ بەجێ بکات و بکەوێتە ژێر فەلسەفەی باوی ئەوەوە و گوێرایەڵی کوێرانەی فەرمانەکانی دەبێت ، لەم بارودۆخەشدا وپروسەی ئاڵوگۆری و گۆڕانکاری لەکلتورو نەریتی دواکەوتوانە و تێپەراندنی ئەم قۆناغەی سەختەی ژیانی مێگەلی کۆمەڵگە ،پرۆسەیەکی ئاڵۆزو سەخت دەبێت .

 

 

هیچ کاتێک ئەوەندەی ئێستا کۆمەڵگەی کوردەواری هەرەشە و مەترسی هەڵوەشان و لێکترازان و لێکدابڕان و هەرەسهێنانی بەخۆیەوە نەبینیەوە لەسایەی قەیرانی ئابووری و ستەمکاری سیاسی و نە بوونی ئازادی بیروراو و بیرکردنەوەی رەخنەیی و زانستی

هیچ کات وەکو ئێستا کۆمەڵگەی کوردی بێ ئومێد و بێ خەون نەبوە ، لە ميژووی کۆن و نوێی کوردیدا تائێستا کورد وەک ئەمڕۆ گیرۆدەی دەسەڵاتێکی بێ پلان و بێ خەم بەرامبەر بە خاک و نەتەوەکەی خۆی نەبوە

هەر شۆڕش و جوڵانەوەیەکیش بێ سەرکردە و بێ پرۆژە بێت مەحکومە بە شکست و دۆڕان !.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×