ئەمەریکا؛ گەورەتر لەوەی کە ئەبینرێ
عەلی حەمە
2021-08-16   619
قسەکردن لەسەر ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ستراتیژ و دارشتنی سیاسەتی دەرەوە و پاراستن و هێشتنەوەی پێگە و هەژمون و دەسەڵاتی هەمەلایەنی خۆی لە دنیادا ، پێویستی بە شارەزایی و وردبونەوە و زانینی سروشت و قۆناغە مێژوویەکانی ئەو وڵاتە و ململانێ و رەوتی مێژووی گەشەی ئیمپریالیزمی سەرمایەداری ئەکات ، چونکە ئەمەریکا گرنگی و کاریگەری گەورە و راستەخۆی بەسەر سەرجەم رووداو و ئاڵوگۆری و گۆرانکاری و بارودۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی و ئەمنی و راگرتنی سیستمی سیاسی و بارودخی نێودەوڵەتی و شانۆی سیاسی نێودەوڵەتیەوە هەیە و وڵاتێکە زۆرترین کایە کاریگەر و دامەزراوە نێو نەتەوەیی ونێودەوڵەتیەکانی وەک دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی و چەندین پێکهاتە و دەزگاو دامەزراوەی تری خستۆتە ژێر هەژمونی بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆیەوە ، ئەوە جگە لەوەی لەروی ئابوری و سەربازی و توانای هێز و سەرکەوتنی تەکنەلۆژی و بۆشایی گەردونیدا زەبەلاحترین و پێشکەوتوترین وڵاتی جیهانە ، لەگەڵ ئەوروپاش بەهۆی هاوپەیمانێتی "ناتۆ " ەوە پەیوەندی تۆکمە و بەهێزی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری دروستکردوە کە ئەمەش خەسڵەتی تاکە زلهێز و بێ رکابەری بەم وڵاتە بەخشیوە بەتایبەتی لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران لەساڵانی کۆتایی هەشتاکانەوە .
بۆ بینین و ناسینی ئەمەریکا وەک ئەوەی کە لەواقیعدا هەیە ، پێویستە جیاوازیەک بکەین لە نێوان وڵاتی گەورە و وڵاتی بەهەژموندا (مهیمن) ،ئەمەریکا یەکێکە لە وڵاتە زەبەلاح و موهەیمەنەکان ، کە خاوەنی سیستمی هەژمونگەری تایبەتی خۆیەتی ،سیستمی هەژمونگەریی واتای ئەوقۆناغەیە کە وڵاتی سەرمایەداری ئەگاتە قۆناغێکی بەرزتر و پێشکەوتوتر لە رووی ئابوری و سەربازی و جوگرافی و رەهەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان و لەچەندین رایەڵەی سەرو نەتەوە و نیشتیمانیەوە لە تۆرێکی پەیوەندی هەمەلایەنەی فراوان و ئاڵۆزدایە لەگەڵ تەواوی جیهاندا بەجۆرێک کە زۆربەی رێکخستنەوەی کار و ئەجێنداکانی بە خولگەی بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە گرێداوە.
سیستمی هەژمونگەرایی هەر ئەوەنیە خەسڵەتێک بێ لە خەسڵەتە جیاکەرەوەکان ، یا ئیمپریالیستی تەنیا یاری کردنی وڵاتە گەورە کان نیە بە وڵاتە بچوک و لاوازەکان ،بەڵکو سیستەمێکە بۆ دروستکردنی هەژمونگەری و ئەستغلال کردن و ململانێ یە ، کە لەناو جەرگەی ئەو کێشمەکێشمەدا وڵاتە سەرمایەدارە بەهێزەکان لە ململانێی کێبڕکێی توند دان بۆ پێکهێنانی سیستمی هەژمونگەریی بەسەر تەواوی دنیادا، کە سەرمایەداری ئابوریەکی تەواوکاری لە جیهاندا دادەرێژێ ، لەگەڵ ئەوەشا ئیمپریالیزم جۆرێک لە فرەیی دێنێتە ئاراوە بەوەی کە ژمارەیەک وڵاتی سەرمایەداری بەهێز دەکەونە ململانێ و کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر لەسەر هەژمونگەریان بەسەر تەواوی جیهاندا ، نمونەیەک لەسەر ئیمپریالیزمی سەرمایەداری ؛ فرانسۆ میتەران وتویەتی : بێ ئەفریقیا ، فەرەنسا هیچ مێژوویەکی نابێ لە سەدەی بیست و یەکدا ! ، هەروەها کۆڵن پاوڵ وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمەریکا دەربارەی ئەمەریکا ئەڵێ ؛ ولایەتە یەکگرتەوەکانی ئەمەریکا لاوە بەهێزە گەورەکەیە لە گەڕەکدا ! (۱)
بۆیە ئەکرێ لە رووی مێژووییەوە ئیمپریالیزم وا ببینین کە بەرهەمی یەکگرتن یا ئاوێتە بونی ( ململانێ ی ئابوری و ململانێی جیۆسیاسی) بێت .
ململانێی ئابوری و کێبرکێی کۆمپانیا سەرمایەدارەکان پاڵنەری بەهێزی سەرمایەن ، کارڵ مارکس ئەوەی رونکردۆتەوە کە چۆن کۆمپانیا سەرمایەدارەکان سەرمایە کەڵەکە ئەکەن و چۆن وەک یەکەیەکی تاک لەرێگەی سیستمی خۆیەوە ئەستغلالی کار و هێزی دەستی کار ئەکات و بەو هۆیەشەوە قازانجی زۆر و لە رێی زێدەبایی قازانجی زیاتر بەدەست ئەهێنێ ...
بەڵام ململانێی جیۆسیاسی لە بەربەرەکانێ نێو دەوڵەتیەکاندا ، وەک خواستێکی فراوانخوازی نێو چینە دەسەڵاتدارەکان رەگێکی کۆنتری هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هەزار ساڵ بەر لە ئێستا کە بەردەوام چینە باڵا و دەسەڵاتدارەکان لەململانێ دابون بۆ سەپاندنی دەسەڵات و هەژمونی خۆیان بەسەر خاک و زەوی دەوربەریاندا ، بەڵام لەکۆتای سەدەی ۱۹ نۆزدەهەمدا ئەم دوو هێزە ململانێکەر و رکابەرە ( ململانێی ئابوری و کێ برکێی جیوسیاسی ) تێکەڵ بەیەکتری بوون .
وەلەئەنجامی ئەوەشدا سەرمایەداری گەشی کردو چوە قۆناغێکی تازەوە کە ئەویش لە فەرهەنگی سۆشیالیستیدا بە قۆناغی ئیمپریالیستی و وەک دواقۆناغی گەشەی سەرمایەداری دا ئەنرێت ، کە ئەمە خاڵێکە خاوەن سەرمایەکان بۆ ئەوەی قازانجی زۆرتر بکەن پێویسیان بەوەیە کە لەسەر ئاستی جیهان سەرمایەکانیان بەگەڕ بخەن و کار بکەن ، ئەمەش وائەخوازێ کەلەلایەن دەوڵەتەوە بپارێزرێن و پشتیوانی بکرێن و لەبەرامبەردا و بۆ ئەوەی دەوڵەت بەهێز و چالاک بێت ،ئەبێت بنکەی پیشەسازی بەهێز و پێشکەوتوو بنیات بنێت کە بتوانێ باجی باش بدات بە دەوڵەت تا دەوڵەت بتوانێ تێچوی چەکە قورس و پێشکەوتوەکان دابین بکات و باڵادەستی و سەرکەوتوویی دەوڵەت لەرووی سەربازیی بچەسپێ .
هەم کۆمپانیا و خاوەن سەرمایەکان وەک لایەنێکی ئابوری قازانج ویست ، هەم دەوڵەتیش وەک لایەنێکی دەسەڵاتدارو خاوەن هێزی سەربازی کە لە بۆتەی یەکانگیری و هاوتەریبی بەرژەوەندیەکانیاندا ئاوێتەی یەکتر ئەبن ، لەهەوڵ و دۆزینەوە و گەڕاندا ئەبن بەتایبەتی کاتێ تێ ئەگەن کە پێویستە
لەو سنورە تەسک و بچوکە دەربچن ئەمەش پێویستی بە خاکی زۆرتر بۆ دابینکردنی کەرەسەی سەرەتایی و دۆزینەوەی بازاڕە بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەلە بەرهەمهێنراوەکانی خۆی ، لێرەوە هەنگاوە سەرەتایەکانی بەئیمپریال بونی سەرمایەداری دەچێتە قۆناغی پراکتیزەوە و ئامانجی قازانج و کەڵەکردنی سەرمایەی زیاتر، ( سەرمایەداری ؛ دەوڵەت لەدەزگایەکی سیاسی ـ ئیداری بۆ رێکخستنی پەیوەندی و کاروبار و ژیانی هاوڵاتیان ، دەکاتە دەزگایەکی شەڕەنگێز وداگیرکەر و وەحشێک کە هەموو شت هەڵئەلوشێ )!
قۆناغەکانی ململانێ ؛
لەم روانگەیەوە دەتوانین ۳سێ قۆناغ لە مێژووی ئیمپریالیزم دیاری بکەین :
یەکەم / قۆناغی کۆن یا کلاسیکی ، کە لەساڵی ۱۸۷٠ ی زاینی دەستی بە گەشەکردن کردو تا ساڵی ۱۹٤٥ ز .
ئەم قۆناغە لەژێر کاریگەری بەهێز و زۆری ململانێ دابوو بە تایبەتی ململانێ لە نێوان بەریتانیا ( کە ئەوسا بەریتانیا مەڵبەندی یەکەمی پیشەسازی و خاوەن سەرمایەی ئابوری زەبەلاح و موهەیمەن بوو لە سەدەی نۆزدە دا ) لەگەڵ دوو هێزی سەرمایەداری دەرکەوتوی تر ئەوانیش ( ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاو ئەڵمانیا ) بوو ، کە هەریەک لەم دەوڵەتانە ( ئەمەریکا و ئەڵمانیا ) وەک هێزی هەرەشە وابون بۆ سەر بواری ئابوری و جیوسیاسی بەریتانیا و مەترسی سەرکەوتنیان هەبوو بەسەر بەریتانیادا لەرووی پیشەسازیەوە ، بەڵام لە کۆتایی و لە بەرامبەر شەرانگێزی و پەلامارە سەربازیەکانی هیتلەردا لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی دووەمی جیهاندا ، بەریتانیا هاوپەیمانی ئەمەریکای لە دژی ئەڵمانیا هەڵبژاردو بەرهەمی ئەو ململانێ و کێبڕکێ ئیمپریالیستیە ، وێرانەی دنیاو کوشتارێکی بێ وێنە لەمێژووی جەنگی مرۆڤایەتی و هۆلۆکۆست و هێرۆشیماو ناکازانکی ... لێکەوتەوە .
لەم پرۆسەیەشدا ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا وەک هێزێکی گەورە و. سەرکەوتو ، و تاکە وڵاتی دەوڵەمەند و خاوەن پێشکەوتوترین چەک و زۆرترین و گەرەترین وڵاتی خاوەن کارگەی پیشەسازی قورسی هەمەجۆر لە جەنگەکە هاتەدەرەو بو بە هێزی بەهەژمون و موهەیمەن لە جیهاندا .
دووەم / قۆناغی دووەم ؛
ئەو ماوەیەیە کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وەک بەرەی سەرمایەداری لیبراڵی رۆژئاوا لە ململانێ دابون لەگەڵ بەرەی سەرمایەداری دەوڵەتی کە یەکێتی سۆڤیەتی جاران سەرکردایەتی دەکرد ، ئەو دوو بەرە موهەیمەنە ئیمپریالیە لە ململانێ دابون لەسەر هەمو جیهان ، ئەمەش ببوە هۆی ئەوەی کە سەر جەم دەوڵەتانی دنیا ناچار بن کە لایەنگری یا پاڵبدەنە لای بەرەیەک لەم دوو بەرە رکابەرە .
وە ئەنجامی دوەمی ئەم قۆناغەش لە ململانێ و کێ برکێی هەر دوو بەرە ئیمپریالیەکە کە ماوەی دوای کۆتایی شەری دوەمی جیهانی و تا کۆتایی ساڵانی هەشتاکان و بەتایبەتی ساڵی ۱۹۸۹زاینی و روخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت ئەگرێتەوە ، کە یەکێتی سۆڤیەت تیایدا نەی توانی درێژە بەو ململانێ و تێچوە ئابوریە زۆروبۆرە و كێبڕکێی خۆپڕ چەککردن بدات لەبەرامبەر دەوڵەمەندی و پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنەلۆجی و کرانەوە و ئابوری لیبراڵی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیدا پاشەکشەی کرد ولەسەر دەستی سەرۆک میخائیل گۆرباتشۆف چەمکی پێرۆسترۆیکا و گلاسنۆست راگەیاند و بەرەی یەکێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانێتی وارشۆ هەڵوەشانەوە و زۆربەی ئەندامەکانیشی چونە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەوەندەی تر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەهێزتر بون و ئەمەریکاش وەک تاکە هێزی بێ رکابەر و موهەیمەن لە جیهاندا دەرکەوت و کۆتایی بە سەردەم و قۆناغی سیستمی دوو جەمسەری و دنیای دابەشبووی دووبەرەیی هات و ئەمەریکا لەسەرەتای ساڵانی نەوتەکانەوە تا ئێستا ۲٠۲۱ کە وەک تاکە وڵاتی موهەیمەن و تاکە زلهێزی دنیا لە دارشتنەوە و وێناکردنی ئەو جیهانەدا بوە بگونجێ لەگەڵ بەرژەوەندیە جیۆ سیاسیەکانی خۆی و ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئەمەریکا
بەڵام قۆناغی ئێستا ؛
ئیمپریالیستی سەرمایەداری ، یادەوڵەتی موهەیمەنی زاڵی ئەمەریکا کە زلهێزی جیهان و دنیای پیشەسازی و خاوەن گەورەترین هێزی ئابوری و سەربازی و باڵادەستی لە بۆشایی گەردوندا دوای نزیکەی ۳٠سی ساڵ ، لەهەوڵ و تەقلای ئەوەدابوە کە کە هەیمەنەی خۆی لە رێگەی شێوازی سەرمایەداری لیبراڵی بەرجەستە و بەجیهانی بونی بکات
و بیگەینێت بەتەواوی وڵاتانی دنیا .
بەڵام لەئێستادا ئەبێ رووبەروی ئاڵنگاریەکانی وڵات چین ببێتەوە کە چین وەک هێزێکی ئابوری گەورە دەرکەوتوە و سەرکەوتنێکی خێرای بەدی هێناوە بە شێوەیەک کە گەشەیەکی لەرادەبەر و زۆرخێرای لەسەر ئاستی ئابوری بەدەستهێناوە و وای کردوە کە چین ببێتە گەورەترین ئابوری یشەسازی و هەناردە لەسەر ئاستی جیهاندا !
هەرەشکانی چین و دەرکەوتنی وەک هێزێکی خاوەن ئابوریەکی گەورە ؛
ئاشکرایە کە دەوڵەتی چین لەدەرەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا و هەروەها ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆش نیە تا ئەمەریکا بتوانێ بەئاسانی لە چوارچێوەی دامەزراوە و لەقاڵبدانی بەرەی خۆیدا دەستەمۆ و بیخاتە ژێررکێفی هەژمون و جیۆسیاسی خۆیەوە و ، لەلایەکی تریشەوە حزبی شیوعی چینی ئەجێندای تایبەتی خۆی هەیە و ئەیەوێت ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دوور بخاتەوە لە کێشوەری ئاسیا و هەردوو دەریای هادی و هندی هەروەکو لەزمانی یەکێ لە جەنەراڵەکانی چینی کە بەهاوتا سەربازیە ئەمەریکیەکەی وتوە ئەڵێ ؛( بگەڕێنەوە بۆ " بیرل هاربر" ) ، هەروەها سەرۆکی چین " شی جین بینج" ئەڵێ ( ئامانجمان ئەوەیە کە چین بگۆڕین زیاتر لەوەی کە تەنها وەک هێزێکی ئابوری خاوەن سەرمایەکی گەورەبێ و هێزی هەرزانی دەستی کار بۆ کۆمپانیا فرە رەگەزەکان دابین بکات ، بەڵکو ئومانجمان ئەوەیە کە ئابوری چین بگۆڕین و بیکەین بە ئابوریەکی زۆر پێشکەوتو لەرووی تەکنەلۆژیەوە کە هاوشانی ئەو پێشکەوتنە گەورەیە بێت کە بە ستراتیژی ( دروست کراوە لە چین ۲٠۲٥ ) ناویانبردوە .!
ئەو ئامانجە دوو لایەن و تێکەڵە ( جیوسیاسی و بەهێزکردنی ئابوری تەکنەلۆژی چینی ) هەرەشەی مەترسیدارن بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا ، هەر لەبەر ئەوەنا کە لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانیەوە ئەمەریکا هەیمەنەی بێ رکابەری بەسەر دەریای هادیدا هەیەو ئێستا هەرەشە و مەترسی لەسەرە ، بەڵکو لەبەر ئەو سەرکەوتنە ئابوریە گەورەیەیە بەسەر ئابوری ئەمەریکا کە خۆی لە کۆمپانیای تەکنەلۆژی زەبەلاح و هێزی کۆمپانیا گەورەکاندا ئەبێنێتەوە لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاریدا ، وەک کۆمپانیاکانی ( ئەپڵ و مایکرۆسۆفت ونتفلیکس و فەیسبوک ) کە ئەمەریکا ترسی ئەوەشی هەیە لەم بوارانەشدا چین سەرکەوتووبێ .
بارودۆی ئێستای ئەمەریکا و گەشەی خێرای ئابوری چین ، لە بارودۆخی بەریتانیای سەدەی بیست ئەچێ کە هەریەک لەئەمەریکا و ئەڵمانیا وەک دوو وڵاتی خاوەن پیشەسازی و ئابوری گەورە دەرکەوتن و بونە رکابەری ئابوری پیشاسازی بەریتانیا ، سەرباری ئەوەش ئەتوانین بڵێین ئەمەریکا لەم بیست ساڵەی سەرەتای سەدەی بست و یەکدا لەکاتێکا چین توانی دەستکەوت و ئابوریەکی گەورەی تیا پەرەپێ بدا ،کەچی ئەمەریکا لەم بیست ساڵەدا لاواز و شکستی هێنا لەبەر ئەم دوو هۆکارەی خوارەوە ؛
یەکەم / شکست و سەرنەکەوتنی لە شەڕی لەناوبردنی تیرۆرستاندا بەبەکار هێنانی هێزی سەربازی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان ، بەمەبەستی سەپاندن و بەرجەستەکردنی زیاتری هەیمەنەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ، کە ناوچەیەکی گرنگ و سەرچاوەیەکی گەورەی وزەیە ،شکستی ئەو پرۆژەیە و بەدیاریکراوی تێکشکانی زەلیلانەی لە عێراق و دواتریش تێکشانی ئێستای لە ئەفغانستان و ئەوەی روویدا لە چۆنیەتی چۆڵکردنی لەپڕی فڕۆکەخانەی باگرام لە شەودا لە سەرەتای مانگی تەموزی ۲٠۲۱ بێ ئاگادارکردنی حکومەت و سوپای ئەفغانی کە هەندێک لە توێژەر و نوسەری سیاسی وەک شکستی گواستنەو رزگارکردنی سەفیری ئەمەریکی لە سرایڤۆی پایتەختی ڤیتنام لەساڵی ۱۹۷٥ دوای شکستی سوپای ئەمەریکی لەو وڵاتە دائەنێن ، بەڵام لای هەندێ بیرمەند و لێکۆڵەری سیاسیەوە ئەم کشانەوە کتوپڕەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بە خۆئامادەکردن و هەوڵدانی دائەنێن و وەک بەشێک لە جیوسیاسی ئەمەریکا لەبەرامبەر دەرکەوتنی ئابوری چین و وەڵامدانەوەیەکیشە بۆ پرۆژەی پشتێنەو رێگەی ئاوریشمنی چینی لەناوچەکە کە بێ ئەمەریکا ئەگەری ناسەقامگیری و دەستتێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە دروست ببێت و نائارامی باڵ بکێشێت بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بەتایبەتی دستتێوەردانی روسی و پاکستانی و ئێرانی کەهەریەکەیان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەرژەوەندی و چاوتێبڕینی خۆیان هەیە لەبارودۆی ئەفغانستانی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا .
دووەم / لەهەمان کاتدا سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی جیهانی بوو کە ماوەی چەندین ساڵ تەنگژەی گەورەی دارایی و دراوی نەختینەی لە ئەمەریکا و دواتر لە هەموو دینادا لێکەوتەوە و پێگە و شوێنی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لاواز کردو متمانەی دەوڵەتانی سەرمایەداری لەسەرکردایەتی کردنی ئەمەریکا کەمکردەوە .(۲)
(قەیس نوری )؛ مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی بەغداد لە وتەیەکیدا بۆ پێگەی سکای پرێس ئەڵێ ؛ ( ئالیات و ئامرازەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژی دەوڵەتە گەورەکان دەگۆڕێ بە پێی گۆراوە نێودەوڵەتیەکان لە سەپاندنی بەشەکانی خۆی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی ، بەلەبەر چاوگرتنی ئەو زەرەو زیانەی گەورە و فراوانە ئابوریەی کە لەئەنجامی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا بەر کەرتی ئابوری ئەمەریکا کەوتوە ، کارێکی کردوە کە بەرپرسانی ئەمەریکا بیر لە کەمکردنەوی تێچو و خەرجکردنی بەکاربەری دەرەکی کەم بکەنەوە بەتایبەتی تێچوی سەربازی دەرەوەی خاکی ئەمەریکا ئەویش لەرێگەی گرێبەست و رێکخستنەوە و دارشتنەوەی ژمارەو پێکهاتەی هێزەکان بە لێک گەیشتن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە هێزی سەربازی ئەمەریکیان لێیە ).
لەهەمان کاتدا سەرۆک (جۆبایدن)یش لە وتارێکیدا ئەڵێ ( دەمانەوێ کۆتایی بەو شەرانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بهێنین کە تێچویەکی دارایی گەورەی خستۆتە سەر دەوڵەت کە زۆربەی ئەو بڕە پارەیەش بەشێوەی قەرزکردن لە بانک یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا ئەکرێت ، کە ئەمەش بانک ناچار ئەکات بڕێکی زۆرتر پارە چاپ بکات بۆئەوەی ئەمەریکا بەهێزەوە درێژەوە بە رکابەرایەتیەکانی بدات و هەروەها هەوڵێکیشە بۆ ئارامکردنەوەی ئەو دابەش بونە کۆمەڵایەتی ونەژادیەی نێو کۆمەڵگەی ئەمەریکی کە هەر بەهۆی ئەو دابەشبونە بوو لە رۆژی ٦ی کانونی یەکەمی ۲٠۲۱ لەکاتی دەست بەکاربونی سەرۆک جۆبایدن وەک خولی سەرۆکایەتی نوێی ئەمەریکای دوای رۆناڵد ترامپ کە کۆمەڵێ لایەنگری تامپ هێرش و پەلاماری (کاپیتۆڵ) یان دا ،ئەم رووداوانە چینی دەسەڵاتداری ئەمەریکی راچڵەکاند و بەئاگای هێنانەوە لەوەی کە تا چ ئاستێک تاک جەمسەری ئەمەریکی و پراکتیزە کردنی هەمەلایەنەی هەیمەنەی خۆی و چ جۆرە دەستتێوەردانێکی قوڵی لە ماوەی دوای هەرەسهێنانی یەکیەتی سۆڤیەتی جارانەوە کە ماوەکەی ۳٠ سی ساڵی خایاند ، لە تەواوی دنیادا ئەنجامداوە و چ کاریگەری و لێکەوتەیەکی لەسەر کۆمەڵگەی ئەمەریکی داناوە و دۆخی کۆمەڵگەی ئەمەریکی لەناوخۆدا بەکوێی گەیاندوە!؟.
ئەکرێ وتەیەکی جەنەراڵ (مارک میلی) سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمەریکا وەک نمونەیەک لەسەر ئەو دابەش بونە کۆمەڵایەتیە و ئەنجامگیرەی کۆمەڵگەی ئەمەریکی بهێنینەوە کە سەبارەت بە سەرۆکی پێشوی ئەمەرکا ( دۆناڵد ترامپ) کە ئەڵێ ؛ ( ترامپ لە کۆتا رۆژەکانی دەسەڵاتیدا وەک سەرۆک حەزی لەوە بو کە کۆشکی سپی (کاپیتۆڵ ) بەخت یاوەری بێ و وەک رایخشتاخ ئەڵمانی بسوتێ ، هەروەکو ساڵی ۱۹۳۳ی سەردەمی هیتلەر بۆئەوەی ئیستغلالی ئەو هەلە بکات و خەسڵەتی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەخۆی ببەخشێ ) ، بۆیە مارک میلی ترسی گەورەی هەبوە لەوەی ترامپ هاوشێوەی کارەکەی هیتلەر شتێکی وا ئەنجام بدات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ، کەئەمەش ئاماژەیە لە بەئاگا هاتنەوەی چینی دەسەڵاتداری ئەمەریکی لەو مەترسیە گەورەیەی سەر هەیمەنە و دەسەڵات و ئەزمونی حوکمرانی لەو وڵاتەدا .
بۆیە دەبینین کە سەرۆک جۆبایدن ئێستا روبەرووی دوو ئەرکی ئاوێتە بوو ئەبێتەوە ، لەلایەک ئەبێ چارەسەری ئەو دابەش و ترازانە کۆمەڵایەتی و رایەڵەهاوبەشەکانی یەکبون و یەکگرتویی ناخۆی کۆمەڵگەی ئەمەریکی بگەیەنێتەوە بەیەک و لەهەمانکاتیشدا ئەبێ هەوڵی بەهێزکردنی ئەمەریکا لەبەرامبەر رکابەرەکانیدا لە دەرەوە بدات ، هەربۆیە و لەو پێناوەدا سەرۆک بایدن باسی (گرێبەستی تازە) ئەکات بەئامانجی بەدەستهێنانی بردنەوەی ئەو ململانێ و رکابەرەیەی سەدە ،سەدەی بیست و یەک ، وەهەروەها هەوڵی ئەوە ئەدات کە سەرلەنوێ پێداچونەوە و یەکیەتیەکی پتەو لە چینی دەستڕۆیشتوی دەسەڵاتداری سەرمایەداری وڵاتانی رۆژئاوا دروست بکات دژی چین .
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە کەلەماوەی ٤چوارساڵی سەرۆکایەتی دا ( ترامپ ) تاک لایەنە گیانی جیاوازی و دوژمنکاری لە یەکێتی ئەوروپی و هاوپەیمانی ناتۆدا چاندوە و پشتیوانی و هانی بەریتانیای داوە کەلە یەکێتی ئەوروپا بێتە دەرەوە .
ئەمەش کارێکی ترە کە پێویستە سەرۆک بایدن هەوڵی چارەسەرکردنی بدات و ئەو دابەشبونانە نەهێڵێت ، هەروەها هەوڵی خۆی بۆ یەکگرتوی و دروستکردنی ئاراستەیەکی گونجاو بۆ وەرگرتنی هەندێ رێکاری پێویستی بڕی باجی سەرکۆمپانیاکان و دامەزراندنی ناوەندێکی نێودەوڵەتی بۆ رێژەی باجی سەر کۆمپانیاکان بەهەماهەنگی کۆمەڵەی ۲٠ وڵاتە پیشەسازیە گەورەکە بێ وڵاتی چین ئەویش بە ئامانجی بەیەک بەستنەوەی چینی دەسەڵاتداری ئەوروپی و رازی بونیان بە تێکڕای باجێکی هاوبەش بۆ هەمو کۆمپانیاکانی دنیا کە ئەمە لە رووی ئابوریەوە وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر بەیەکەوە ئەبەستێتەوە و مەبەستیش لێی رەواندنەوەی دڵەراوکێی ئەوروپیەکان بەرامبەر ئەو بۆچونە هەڵانەی ترامپ سەبارەت بە سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیا ئەوروپیەکان و پەراوێز خستن و سنوردانانە بۆ کۆمپانیا گەورە چینیەکان .
هەروەها لە بەیانی کۆتایی کۆنگرەی گروپی ۷حەوت وڵاتە پیشەسازیە گەورەکەی جیهاندا کەلە ۱۱ بۆ ۱۳ ی حوزەیەرانی ۲٠۲۱ لە بەریتانیا ئەنجامدرا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سندوقێکی دارایی پێکبهێنن بۆ هاوکاری و بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری جیهان کە بەلای ئەم گروپەوە ئەم پرۆژەیە ، پرۆژەیەکی باشتر و هەنگاوێکی مرۆیی و ویژدانی ترە لە پشتێنەو رێگەی ئاوریشمی چینی .(۹)
ـ دوور کەوتنە و کێبڕکێی مەترسیدار !
لە نێوان ( بە ئەمەریکی کردن و پشتیێنەی حەریری چیندا )
ئەم کێبڕکێ و ململانێ ئابوری و جیوسیاسیە ئیمپریالیەی کەلەسەرەتای ئەم سەدەیەوە رەهەندەکانی خەریکە زیاتر دەرئەکەون لەسەر شانۆی سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و سەرزەمینی واقیعدا کە بارودۆخێکی تارادەیەک پڕ دڵە راوکێ و مەترسی دروست کردوە ، ئەویش زیاتر لە ئەنجامی ململانێی دوولایەنەی ئەمەریکا و هاوپەیەمانەکانی و چینەوە بەرجەستە بوە ، کشانەوەی خێرای سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان و بریاری کشانەوەی هێزە شەرکەرەکانی لە عێراق دوو لە کاریگرترین و پڕ بابەتترین هەواڵ و سەرسوڕمانی لای میدیاکانی دنیا و زۆرێک لە لێکۆڵەرە سیاسیەکان و نوسەران دروست کردوە کە بە لای ئەمەریکاو سەرۆک جۆبایدنەوە تەنها سنوردانانێکە بۆ " شەڕێک کە کۆتایی نیە " لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەروەها گرنگی دانی زیاتری ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی دەرئەخات لە روووەرگێرانی زۆرتریان بەئاراستەی ئاسیاو دەریای هادی و بەحری باشوری چینی ، جگەلەوە لەسەرەتای ئەمساڵەوە دوو جار وەزیری بەرگری ئەمەریکی سەردانی وڵاتانی ناوچەی بەحری باشوری کردوە و هاوتاکانی خۆی لەوڵاتانی هند و یابان و کۆریای باشور و تایوان و چەندین وڵاتی تری وەک برۆنای و مالیزیاو ئەندۆنیسیاو ڤێتنام بەسەر کردۆتەوە و بارودۆخی هێزە دەریاییەکانی هاوپەیمانانی هەڵسەنگاندوە ، شایانی باسە کە ئەمەریکا وڵاتی موهەیمەنە لە ناوچەکەدا لەرووی هێزی سەربازی دەریاییەوە و لەمانگی حوزەیرانی ۲٠۲۱ یشەوە گروپە کەشتی گەلی فرۆکە هەڵگری " رۆناڵد ریغان " بۆ بەهێزکردن و پشتیوانی زیاتری هێزەکانی و کەشتی گەلی فرۆکە هەڵگری " تیدۆر رۆزفڵت " گەیاندە بەحری باشوری چین ، لەسەرەتای مانگی تەموزی ۲٠۲۱ یشدا بەریتانیا کەشتی گەلی فرۆکە هەڵگری پڕوکێنەری بەناوبانگی " ئەلیزا بیس " گەیاندە ناوچەی بەحری باشوری چین بەئامانجی پشتیوانی هێزە دەریاییەکانی هاوپەیمانان و زیاترگوشار خستنە سەر چین .(۳)
هەمو ئەو ئامادەکاری و جوڵاندنەی هێزە کاریگەرو ستراتیژی هێزی دەریایی و چڕکردنەوەیان لە ناوچەی بەحری باشوری چین دوای ئەوەهات کە هێزە دەریاییەکانی چین لەساڵی ۲٠۱۳ ەوە پەلاماری دوو دوورگەیان داوە بەناوەکانی ( سبراتلی وپاراسیل ) و داگیریان کردوە و سەربازگەیان تیایدا دروست کردوە کە ئەمەش لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و کۆری نێودەوڵەتیە سەرکۆنە کراوە و بەپێشێلکاری دەولی دانراوە .
شایانی باسە لە ٪۸٠ ی وزەی هاوردەی چین لەرێگەی بەحری باشورەوە دابین ئەبێت و لە ٪۳۹ ی بازرگانی دەریایی جیهانی تیا ئەنجام ئەدرێت .(٤)
ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ئەیەوێت هەیمەنەی خۆی ، هەژمونی سیستمی ئابوری سەرمایەداری لیبراڵی خۆی و لێکەوتەکانی بسەپێنێ و کۆمەڵگە و تاکەکان لە رێگەی راگەیاندن و هەژمونی سیاسی و هێز و ئابوری و هێزی نەرمەوە دارێژێتەوە ، بەوپێیەی کە ئێستا ئەمەریکا هەمو ئەو هۆکارە گرنگانەی تێدا کۆبۆتەوە کە وادەکات رۆڵ و کایەی ئیمپراتۆر ببینێ وەک ( بونی هێزی تەکنەلۆژی و زانستی ، هێزی سەربای و زەمینەی بەهێزی ئابوری ، هێزی نەرم ، هەروەها هێزی رۆشنبیری کە بە بەناوبانگی جگەرەی مارلبۆرۆ دەست پێ ئەکات و گوزەر ئەکات تا ئەگاتە فیلمەکانی هولیود ).. کە ئەم توانا و خەسڵەتانە لەهیچ هێزێکی دنیادا کۆنەبونەتەوە وەک ئەوەی لە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا کۆبۆتەوە !
دەربارەی هەیمەنەی ئەمەریکا هەندێ شرۆڤەکار لایان وایە کە بونی ( یاسای نێودەوڵەتی و دەزگای نەتەوە یەکگرتوەکان ) بون بە کۆسپ لەبەردەم ئەمەریکا ، لەبەر ئەوەشە بەمەبەست دەیەوێت نەتەوە یەکگرتوەکان تێپەڕێنێت و هەوڵی پەکخستنی ئەدات و کۆنترۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی کردوە و بریارەکانی بە ویست و ئیرادەی خۆی دادەرێژێ ، تەنانەت فەیلەسوفی بەناوبانگ ( نعۆم تشۆمسکی ) وتویەتی :( سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لقێکە لە لقەکانی وەزارەتی دارایی ئەمەریکی ! (٥)
یەکێ لە هەوڵەکانی تری ئەمەریکا ئەیەوێت سەرمایەداری جیهانی لە رووی بەجیهانی کردنەوە لە بواری ئابوریەوە بکات بە سیستمی بازرگانی و سیستمێکی بەکاربەر ، کە راگەیاندن رۆڵێکی نێودەوڵەتی گەورەی گێرا لە سەپاندنی سیستمی سەرمایەداری بەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا لە رێگەی بەرجەستەکردن و نیشاندانی روویەکی باشی کۆمپانیای فرە رەگەزی بازرگانی سەرمایەداری ، یا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ( سۆنی ، دزنی ، تایم وورنر ...) هەروەها شۆڕشی گەیاندن ئەو ئامرازە بو کە بەکار هێنرا بۆ یاریکردن بە رای گشتی و سەپاندنی سیستمی سەرمایەداری بەسەر تەواوی جیهاندا ، چونکە راگەیاندن و گەیاندن و زانیاریەکان پێکهاتەی بنچینەیین لە ئابوری دنیادا ، بۆ نمونە داهاتی ئەو کەرتە دەگاتە ۱.٥ تریلیۆن دۆلاری ئەمەریکی کە رێژەی ٤۷٪ ی ئەو بڕە بەتەنها داهاتی کەرتی راگەیاندن و گەیاندنی ئەمەریکایە کە دەکاتە زیاتر لە ۷٠٠ ملیار دۆلاری ئەمەریکی ، فیلمەکانی هولیودی ئەمەریکی کە هەناردەی دەرەوە ئەکرێت داهاتی دەرەوەیان لە داهاتی ناوخۆ زیاترە ، هەر ئەم هۆکارانەشە کە ئەمەریکای کردۆتە خاوەن گەورەترین ئابوری دنیا بەجۆرێک کە کۆی داهاتی ناوخۆی ئەمەریکی بۆ لەساڵی ۲٠۲٠
گەیشتۆتە (۲۲.۳) تریلیۆن دۆلار و رێژەی ۱٦.۸٪ داهاتی هەمو جیهانی پێکهێناوە .
لە ساڵی ۲٠٠۳ لە ئەمەریکا بۆ هەر ۱٠٠٠ کەسێک ۷٥۹ کەس ئوتومبیلی هەبوە ، لە ئەوروپا بۆ هەر ۱٠٠٠ کەسێک ٤۷۲ کەس ئوتومبیلی هەبوە (٦)، شانبەشانی ئەوەی کە ئەمریکا خاوەن دەوڵەمەندترین و گەورەترین ئابوریە لە جیهاندا ، جگەلەباڵادەستی لە روی هێز و بۆشایی ئاسماندا ، لەگەڵ ئەوەشدا بانگەشەی دیموکراسی وکۆمەڵێ پرەنسپی و بەهای وەکو مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و ئازای بیر و رای ئازادی وچەمکی هاوڵاتی بون دەکات و نەیار و ناحەز و رکابەرە کانی پێ تۆمەتبار ئەکات و لەم بوارەشدا سەرکەوتوو بوە بەتایبەتی یەکێ لەو رەخنە لۆژیکی و واقیعیانەی کە ئاراستەی چین و روسیای ئەکات و بە پێشێلکاری و دەسەڵاتی گشتگیر و تاک رەو و ستەمکار ناوەزەندی کردون نەبونی ئازادی و رای ئازاد و سەپاندنی سیستمی تاک حزبیە لە دەسەڵاتی سیاسی وڵاتدا و قەدەغەکردنی ئۆپۆزسێۆنی سیاسیە .
لە ئێستادا کە چین وەک دووەم گەورەترین ئابوری جیهان و گەشەی خێرای ئابوریەکەی و راگەیەندنی پرۆژەی بازرگانی و ئابوری بەناوی پشتێنە و رێگەی حەریری کەلە ساڵی ۲٠۱۳ کاری لەسەر ئەکات و تائێستا نزیکەی ۱۲٦ دەوڵەت و ۲۹ دامەزراوەی دەولی واژۆی رێککەوتنی هاوکاریان لەو پرۆژەیەدا کردوە . پشتێن و رێگەی حەریری صینی بەگەورەترین پرۆژەی ئابوری لە جیهاندا دادەنرێت کە لە چینەوە بە ئاسیا وئاسیای ناوەراستدا بەرەو رۆژئاوا درێژدەبێتەوە بۆ کێشوەری ئەوروپا بەهۆی هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەرەوە کە ٦۲ شاری چینی بە ٥۱ شاری ئەوروپی ئەبەستێتەوە کە بەسەر ۱٥ وڵاتدا دابەش بون وەجگە لەتوڕێکی بەربڵاو لە نێوان وڵاتانی ئاسیا و ئاسیای ناوەندا ، و لە بەحریشەوە لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە بەرەو کەنارەکانی رۆژهەڵاتی ئەفریقا و دەریای سپی ناوەرست ئەروات ، وەکۆی ئەو پرۆژە نەخشە بۆ کێشراو یا لەباری جێبەجێکردندان بریتین لە ۲۹٥۱ پرۆژەیە کە بڕی تێچوەکەی بریتیە لە ۳.۸۷ تریلیۆن دۆلاری ئەمەریکی لەسەرانسەری دنیادا کە بەرهەمی چینی تێچوکەم بە نرخێکی هەرزان دەگەیەنێتە بازارەکانی جیهان و وەک گەورەترین رکابەری ئابوری لەبەرامبەر ئابوری لیبرالی سەرمایەداری ئەمریکی وەستاوەتەوە . (۷)
ئەم پرۆژانە بەناوەراستی ئاسیای ناوەراستدا ، کەکۆمەڵێ دەوڵەتی هەژار و هەندێکی تریان ئیسلامی و دواکەوتو و دەوڵەتی خاوەنی دەسەڵاتی ستەمکار و سیستمی تاک حزبین و بەدەست جیاوازی چینایەتی و ئاینی و مەزهەبی و نەژادیەوە دەناڵێنن ، لەناویاندا ئەفغانستا و ئێران و پاکستان و هندستان و گاجیکستان و تورکمانستان و قیزغستان کە جگە لە بونی کێشە ناوخییەکانیان هەندێکی تریان کێشەی سنورو گروپە قاچاخچی و چەکداریی و توندرەوی مەزهەبی و نەژادیان هەیە کەزۆرجار هەرەشەو مەترسین لەسەر ئاشتی و ئارامی ناوچەکە ، کەئەمە وەک کۆسپێک وایە لە ئاسیا و ئاسیای ناوەراستدا لەسەر رێرەوی پشتێنەو رێگەی ئاوریشیمی صینی ، لەوانەیە هەر ئەو مەترسی و هەرەشانەش بێ کە هانی وەزیری دەرەوەی چینی ( وانغ یی )دابێت کە چاوپێکەوتنێکی پێش وەختەی لەگەڵ وەفدێکی گاڵیبانی ئەفغانستان ئەنجام داوە و دانپیانانی چینی بە رۆڵی سیاسی و سەربازی ئەو بزوتنەوەیە داناوە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی لەو وڵاتەدا . لەلایەکی تریشەوە بابەتی قەرزپێدان و سنورداری ئەو وڵاتانە لە پێدانەوەی ئەو قەرزانە لەداهاتودا بە چین ، ئەو وڵاتانە ئەخاتە بەر هەژمونی ئابوری سەرمایەداری چینی ، لەلایەکی تریشەوە و لە روی ئەخلاقی و سیاسیەوە چین بەلایەوە گرنگ نیە جۆر و سیستمی حوکمرانی ئەو وڵاتە چیە و چۆنە گرنگ بەلای چینەوە هاوکاری و رازی بونی ئەو حکومەتەیە بە رێککەوتنی بازرگانی لە پرۆژەکەدا ، کەئەمە بەلای زۆربەی توێژەر و رێکخراو و دەزگا و دامەزراوە مرۆیی و داکۆکیکەر لە مافەکانی مرۆڤ پشتگیری رژێمە ستەمکار و گشتگیرو دیکتاتۆرەکانە و پتەوکردنی پایەکانی سیستمی تاک حزبی و دیکتاتۆریە لە ناوچەکە . لەسەرێکی تریشەوە لە ساڵی ۲٠۱۳ تا ۲٠۲٠ ژمارەی ٦۷۹ سکاڵای جۆراوجۆر لەلایەن خەڵک و رێکخراوەکانی ژینگە و شوێنەوارەوە دژی پرۆژەی پشتێنە و رێگەی ئاوریشیمی چینی تۆمارکراوە لەو وڵاتانەی بەتایبەتی بەرەوبومی کشتوکاڵی و سەوزایی خێزان و لادێ نشینەکان کە سەرچاوەی داهات و ژیانیان بوە بەهۆی رێگەوبانەوە بەتەواوی وێران بوە .(۸)
ـ دوا ئەنجام :
ـ ئەم ململانێ و کێبرکێ ئابوریە و چڕکردنەوەی هێز لە ناوچەی بەحری باشوری چین ئاکامەکانی لە سنوری شەری سارد و ململانێی ئابوریدا قەتیس ئەبێ و ئەم دۆخە بە پاشەکشەی جەمسەرێک لە جەمسەرکانێ ململانێ بەکۆتا ئەگات یا ئەگەری ئاڵۆزتری دۆخەکە و روودانی شەری هەیە لە نێوان چین و هاوپەیمانەکانی ؟
ـ ئایا ئەگەر شەر رووبدات ؛
۱ ـ شەر تەنها لە ناوچەی بەحری باشوری چین ئەبێت و تەشەنە ناکات بۆ دەرەوەی ئەو سنورە ؟
۲ـ شەرێکی تەقلیدی و ئاسایی و چەکی ئاسایی تیابەکاردێت یا پەرەئەستێنێ و دوور نیە بۆمب و موشەکی ئەتۆمی وێرانکەری تیابەکار بهێنرێت .
هەمو ئەمانە ئەو ئەگەرانەن کە وەک لێکەوتە و دەرئەنجامی سروشت و کاری مەیدانی لایەنەکانی نێو ئەو کێبرکێ و ململانێیەیەکان کەوتۆتەوە کە وەک دەرکەوتەی هەرە گرنگی سەدەی بیست و یەک دەبینرێت و کرۆکی کێبركێی سەدەیە .
بەڵام هەمو ئاماژە و بۆچونەکان ئەگەری شەری گەرم بەدوور ئەزانن و ئەو هەوڵ و ئامادەکاریە سەربازی و هێز جوڵاندنەش وەک کارتێکی فشار و مانۆری سەربازی هەرەشە ئامێز لەبەرامبەر چین دا دائەنێن ، چونکە ناکرێ لەم سەردەمە و تەواوکاریە نێو دەوڵەتیە و هەبونی چەکە وێرانکەر و کۆمەڵکوژەدا پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی ببرێت بۆ بەلاداخستنی گرفت و پرس و ململانێ نێو دەوڵەتیەکان و ناکرێ چەکی ئەتۆمی بکرێ بەئامانجی یەکلایی کردنەوەی کێشەکان ، بۆیە وا چاوەروان ئەکرێ تەواوی جیهان بکەوێتە ناو ئەو ململانێ ئابوری و کێبرکێ جیوسیاسیەی نێوان ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لەلایەک و وڵاتی چینی خاوەن پرۆژەی پشتێنە و رێگەی ئاوریشمی .