نەژادپەرستی و تورانیەت بەرەو کوێ !

عەلی حەمە
  2021-07-31     1105

ئێوارەی هەینی رێککەوتی ۳٠ی تەموزی ۲٠۲۱ خێزانێکی کورد لەشاری کۆنیای تورکیا لەلایەن کۆمەڵێ چەکداری تورکی نەتەوەپەرستی توندرەوە هێرشیان ئەکرێتە سەر و ۷ حەوت کەس لەئەندامانی ئەو خێزانە ۳ژن و ٤پیاو تیرۆر ئەکەن .
ئەمە یەکەم جار نیە کە هێرش و پەلاماری فاشیانە و نەژادپەرستانەی تورک بەرامبەر دانشتوانە رەسەنەکەی کوردستانی باکور ئەنجام ئەدرێت بەڵکو
لەچەند ساڵی رابردوشدا هێرش و پەلاماری تورکە نەژاد پەرستە توندرەوەکان هەر هەبوە و رق و کینەی تورک بەرامبەر بەکورد رەگێکی مێژوویی قوڵی هەیە و لاپەرەکانی مێژوو گەواهی ئەم دیاردە فاشیانە و نەژاد پەرستیە تورانیە ئەدەن..
بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا زیاد لە دەیان جار لەم ساڵدا تورکە نەتەوەپەرستە توندرەوەکان هێرش و پەلاماریان کردۆتە سەر هاوڵاتیە کوردەکان و زەروزیانی گیانی و مادیان پێ گەیاندون لەوانە کەدەس لیژنەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ کەوتون بەم جۆرە یە :

یەکەم / لەساڵی ۲٠۱۹ لەشاری ترابزۆنی تورکیا لەلایەن نەتەوە پەرستە تورکە تەندرەوەکانەوە هێرش کراوەتە سەر خێزانێکی کوردی باشور ـ عێراقی تەنها لەسەر ئەوەی کە ویستویانە بەئاڵای کوردستانەوە چەند وێنەیەک بگرن .
دووەم / لەساڵی ۲٠۲٠ بارش جاکان کە گەنجێکی کوردستانی باکورە ـ تورکیا تەنها لەبەر ئەوەی گوێی بۆ گۆرانی کوردی گرتوە لەلایەن گەنجە تورکە نەتەوەپەرستەکانەوە پەلاماری ئەدەن و بەچەقۆ سکی هەڵئەدڕن و ئەی کوژن ،لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە پۆلیس لەگەڵ ئەوەی سوکایەتی بەکەسوکارەکەی ئەکەن هەرەشەیان لێ ئەکەن کە سکاڵا بەرزنەکەنەوە دژی هیچ کەسێ ئەگینا لەوانەیە خراپتریان بەسەر بێ ..
سێ یەم / لە ۱٤ ـ ٥ ـ ۲٠۲۱ ؛
چەند نەتەوەپەرستێکی تورکی شۆڤینی لە نێوان مێرسین و أنطالیا هەڵئەکوتنە سەر خێزانێکی دانیشتوی شاری هەولێر و زۆر درندانە پەلاماریان ئەدەن و یەکێ لە ئەندامانی ئەو خێزانە لەبەر سەختی برینەکەی ئەگەیەنرێتە نەخۆشخانە .
چوارەم / لە ۱۷ی حوزەیرانی ۲٠۲۱ ؛ کۆمەڵێ چەکداری شۆڤینی نەتەوەپەرستی تورک هێرش ئەکەنە سەر بنکەی پارتی گەلی دیموکراتی کورد لە ئەزمیر و کارمەندێکی ناو بنکەکە بەناوی " دنێز بریزار " تیرۆر ئەکەن و زیانێکی زۆریش بەبارەگاکە ئەگەیەنن .
پێنجەم / لە ۱٠ی تەموزی ۲٠۲۱ ؛
٦٠ شەست شۆڤینی تورکی نەتەوەپەرست لە هەرێم قۆنیا پەلاماری خێزانێکی کوردی ۷ حەوت کەسی ئەدەن و سەرجەمیان بریندار ئەکەن کە ٤ چواریان ژن بون .
شەشەم / لە ۱٤ی تەموزی ۲٠۲۱ ؛ لەلایەن تورکە نەتەوەپەرستەکانەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگای پارتی گەلی دیموکراتی کورد لە شاری مرمریس لەهەرێمی موغلا کە زەرەری زۆریان بەبارەگاکە گەیاندوە .
حەوتەم / لە ۱٥ی تەموز ۲٠۲۱ ؛ چەند نەتەوەپەرستێکی تورک هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی " شمس الدین دومان " و پەنجەرەی ماڵەکەین شکاندوە و هەر ئەو رۆژە چەندین دروشمی نەژاد پەرستانە و رەگەز پەرستانەیان لەسەر دیواری ماڵی " سزر اوزترک " لە ناوچەی اس یورط لە ئەستنبوڵ نوسیوە هەر لەبەر ئەوەی ناوبراوان کار لەگەڵ پارتە کوردیەکان ئەکەن .
هەشتەم / لە ۱۹ی تەموز ۲٠۲۱ ؛ لە هەرێمی " افیون " خێزانێکی کورد لەناو خۆیاندا بە زمانی کوری قسە ئەکەن و لەسەر ئەوە لەلایەن کۆمەڵێ نەتەوەپەرستی تورکی شۆڤینیەوە پەلامار ئەدرێن و بریندار ئەکرێن و لە نەخۆشخانەش سوکایەتیان پێ ئەکەن و هەرەشەیان لێ ئەکەن کە باسی هیچ نەکەن و سکاڵا دژی هێرشکەرەکان بەرزنەکەنەوە .
هەروەها کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا ئەڵێ لەساڵی ۲٠۲٠ زیاتر لە ۱۹ هێرشی نەژادپەرستی لەلایەن توندرەوە نەتەوەپەرستە تورکەکانەوە کراوەتە سەر هاوڵاتیە کوردەکان و لەئەنجامدا ۷ حەوت کەسیان کوژراوە و ۳۲ کەسی تریان بریندار بوە .
هەروەها ئەڵێ ؛ لە ۱٠ دە ساڵی رابردودا ۲۸٠ دووسەد و هەشتا هێرش و پەلامار کراوەتە سەر هاوڵاتیانی کورد کە لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا ۱٥ پانزە هاوڵاتی کورد کوژراو و ۱٠۹۷ کەسی تریش بریندار کراوە .!
زۆربەی ئەم روداو و پەلامارە شۆڤینی و کردارە تیرۆرستیانە کەدژی هاوڵاتیانی کورد لە تورکیا ئەنجام دەدرێ بەتایبەت کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتی و سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا زۆر زیادی کردوە هەموی بۆ سیاسەتی ئەو حزبە و لێدوانە شۆڤینی و جیاکاری و نەژادپەرستی و توندەکانی سەرۆک ئەردۆغان و سەرکردەی پارتە نەتەوەییە توندرەوەکان ئەگەرێتەوە کە بەردەوام لە بۆنە و کۆروکبونەوەکاندا و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دژایەتی و لێکەوتەی خراپ و لێکدانەوەی نەتەوەپەرستیانە و نەژادپەرستیانە بڵاو ئەکەنەوە و کاریگەری و پەچەکرداری راستەوخۆی بەدوادا دێت وەک ئەوەی کە روویانداوە ، هەروەها زۆر جار لە وتە و کۆبونەوەکاندا بەئاشکرا و بێ سڵەمینەوە زارەوەی خائین و تیرۆرست ئەدەنە پاڵ سەرکردەو بەرپرسەکانی پارتی گەلانی دیموکراتی کوردانی تورکیا و هەمو کەس و کەسایەتە شۆرشگێر و نوسەر و ئازادیخوازەکان ، هەرئەمەشە کە هانی نەتەوەپەرست و نەژادپەرستە تورکەکان ئەدات کەبەردەوام بن لەسەر ئەم کارانە و ئازار و ئەشکەنجەی گیانی و جەستەیی خەڵکی مەدەنی کورد بدەن .
یەکێ لە هۆکارەکانی تری بەردەوامی ئەم کارە شۆڤنی و فاشیانەی تورکەکان بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کورد ئەوەیە کە لێپرسینەوە و سزای هیچ کەسیک لەو تاونبار و کارە شۆڤینیانە نەکراوە ،بۆیە نەبونی سزا و لێ نەپرسینەوە رێخۆشکەرە بۆ دەستکرانەو هاندانی زیاتری نەتەوەپەرستەکانە بۆ بەردەوامیان دژی کورد ، کەئەمەش لەوە ئەچێت بەشێک بێ لەسیاسەی قبوڵکراوی پێش وەختەی هەمو حزبە تورکیەکان بەگشتی و ئاکپارتی سەرۆک ئەردۆغان بەتایبەتی .
کاتێ کە ئەفسەری پۆلیسی سپی پێستی ئەمەریکی "دیریک تشوڤین " لە ۲٥ی ئایاری ۲٠۲٠ کەسێکی رەش پێستی ئەفرۆ ـ ئەمریکی بەناوی " جورج فلوید " بەهۆی ئەوەی لەکاتی جێ بەجێکردنی رێکارە یاساییەکانی بە شێوەیەکی نابەجێ و نواندنی هێز کە بوە هۆی خنکانی جورج فلوید ، دەنگی نارەزایی و خپێشاندان دژی کاری رەگەز پەرستی و جیکاری نەک هەر ئەمەریکا بەڵکو تەواوی جیهانی گرتوە و سەرجەم دامودەزگا گرنگ و سەرۆکایەتیەکانی ئەمەریکا بەتوندی دژی ئەم کارە وەستانەوە و بە زەنگێکی مەترسیداریان دانا هەر بۆیە زۆر بەخێرایی رێکاری یاسایی توندیان پەیرەو کرد و لیژنەی سوێندخۆرانی لە دوا دانشتنیاندا نە چونەوە ماڵەوە تاگەیشتنە ئەنجامی ئەوەی کە تاوانەکە لە جۆری دووەمی کوشتنە و سزای ۲۲ ساڵ زیندانیان بۆ تاوانبار دیریک تشوڤین بڕیەوە ، شایانی باسی ئەمساڵ لە ساڵرۆژی ئەم کارە رەگەز پەرستانەیە لە ۲٥ ی ئایاری ۲٠۲۱ دا ، جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا و جێگرەکەی لە کۆشکی سپی پێشوازیان لە خێزانی قوربانیەکە کردو ستایش و دڵنەوایی و دڵنیایی ئەمەریکیەکانی بە و ئەو خێزانە راگەیاند ، ئەمە خۆی لەخۆیدا جۆرێکە لە ئاراستەی دروست و جەخت کردنەوەیە لەو بنەما سەرەکیە نەگۆر و چسپاوە یاسایی و سیاسیەیە کە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکای لەسەر بنیاتنراوە و یاسا تیایدا سەروەرە ..
بەڵام لە وڵاتی تورکیا تاوانکاران ، شوڤینست و نەتەوە و نەژاد پەرستەکان دەپارێزرێن و خۆیان پێوە ئەنوێن و خۆیان پێوە هەڵئەکێشن و بەنەمری و سەربەرزی لەسەر خاکیان ئەمێننەوەلە پەراوەکانی مێژودا و مناڵەکانیان بەوە پەروەردە و تەلقین ئەدەن کە ئەوانە پاڵەوان و دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیای نوێن ... جگە لەوە لەتورکیا مناڵەکانیان بەوە پەروەردە ئەکەن کە " کە هیچ شتێک بونی نیە کەناوی کورد بێت "

ئەمەی خوارەوەش گرتە ڤیدیۆیەکی خێزانێکی کوردە کە لە ساڵی ۲٠۲٠ ماردینەوە بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانیان ئەچن بۆ لای خاوەن کێڵگەیەکی بندق کە بەکرێ بندق لێبکەنەوە لە سنوری پارێزگای صقاریا ، بەڵام دواتر کوڕان و برای خاوەنکارە کە ژمارەیان ۸ هەشت کەسە بەدار بەرئەبنە گیانی ئەو خێزانە کوردە چونکە داوای مافی خۆیان کردبوو !

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×