پارتی یان پەکەکە تاوانبارە؟

شەماڵ بۆکانی
  2021-06-11     887

ناکرێت مرۆڤێکی نەتەوەیی خۆی لە ئاستی نزیکبوونەوی کارەساتێک کوێر و کەڕ بکات  کە پەی دەگوترێت مەترسی سەرهەڵدانی شەڕێکی براکوژی ، هەرچەند لە ئێستادا هەندێک لە لایەنگرانی پارتی و پەکەکە بە پاساوی جۆراوجۆر دەیانەوێت  شەری براکوژی  بەپێوەری نوێ لێک بدەنەوە و خۆیان لەو قێزەونییە بە دوور بگرن .

بەڵام پێش ئەوەی هەرجۆرە لێکدانەوەیەک بۆ گرژییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە  لە ئێستادا  شرۆڤە بکەیین ، پێویستە ئەوە لەبەر چاو بگرین ئەگەری هەیە لە دوا رۆژدا  حزبەکانی رۆژهەڵاتیی کوردستانیش  بگرێتەوە ، مەگەر ئەوەیکە وەک چەندین ساڵی ڕابردوو هەروا کەمپنشینی بکەنە پێناسەی بەردەوامی خەباتی خۆیان .

 بۆیەش بە پێویستی دەزانم  لە روانگەی یاسایی  دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی ، سیاسەت و تاکتیک و ستراتیژی ئەمرۆی  پارتی دیموکراتی کوردستان ( باشوور )و پارتی کرێکارانی کوردستان  ( پەکەکە ) هەڵسەنگێنم .

پێویستە تاکی کورد پێش ئەوەی  بە شێوەیی دەمارگرژی بڕیار بدات ،  یاسای دیپلۆماسیی‌و پێوەندی هەمە لایەنەی  سیاسیی و ئابووری حکومەت و پارتی دیموکراتی کوردستان لەزەمەنی دەسەڵاتداری فەرمیدا  هەڵسەنگێنت ، کە ئاخۆ لە وەها کاتێکدا دەکرێت بە هەمان سیاسەتی تاکتیکی سەردەمی شاخ لە گەڵ دراوسێکانی هەڵسوکەوت بکات ؟

هاوکات بە پێی پرۆتۆکۆلەکانی نێودەوڵەتی لە کاتێکدا تورکیا بەشێکە لە هێزی ناتۆ، دەکرێت هەوا  بە سانایی بڕیار لەسەرچۆنیەتی روو بەرووبوونەوەی بدرێت؟

ئەی رێککەوتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا بە پێناسەی جیۆگرافیای سیاسیی و نێودەوڵەتی، لە وەها کاتێکدا چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت؟

کاتێک پێوەرەکانی دەسەڵاتداری حکومەت و پارتی دیموکراتمان لەبەرچاو گرتووە، پێویستە مافەکانی پێوەندی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنێکی چەکداریی وەک ( پەکەکە)ش کە  دژبەری وڵاتێکی وەک تورکیایەو دراوسێی عێراق و ئێرانیشە بێتە کەوانی شرۆڤەیەکی زانستی، بە پێوەری گەمەی تاکتیکی ئۆپۆزسیۆنێکی خاوەن هێز و چەک وجیوگرافیایەکی  وەک ئەمڕۆی زنجیرە چیاکانی قەندیل  کە « پەکەکە » دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە و پێویستە دراوسێکانی تورکیا بەکار بێنێت.

پەکەکە بەو تێگەیشتنەوە سیاسەتی تاکتیکی خۆی بەڕێوە دەبات ، بەڵام بێهەڵەش نەبووە ، چونکە زۆر جارلە پێناو بەرژەوەندیی تاکتیکی خۆیدا خەساری داوەلە بەرانبەرئێراندا وتەنانت ستراتیژیەتی ئایدۆلۆژیایی خۆشی خستۆتە ژێر پرسیارەوە  بە چەشنی هەڵگەڕانەوەی ئەو پارتە لە دوای دەستبەسەرکردنی بەرێز « ئۆجەلان » لە پارتێکی نەتەوەیی بۆ ئایدۆلۆژیایەکی چەپی دژە ئیمپریالیستی .

بەو دووبەشە لە پێوەرەکانی سیاسەتی سەردەمی دەسەڵاتداری و ئۆپۆزسیۆنی سەردەمی شاخ  بۆمان روون دەبێتەوە هەردووک لایەن واتە پارتی دیموکراتی باشووری کوردستان و پارتی کرێکارانی باکووری کوردستان، دەتوانن حەق بە خۆیان بدەن لە چۆن بەردەوامی سیاسەتی خۆیاندا ، بەڵام ئەوپرسیارانەی کە پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی  شەن و کەوی بکەن کامانەن ؟

پیلانەکانی دوو جەمسەری عوسمانیزم و سەفەویزمی شیعی  بە لەبەرچاوگرتنی پلانی «ب» ی  زلهێزان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  لە دوای ساڵی 2020 ی زایینی   دەتوانن چ کاریگەرییەکان هەبێت لە دنە دانی پارتی و پەکەکە ؟

ئاخۆ سیستمی ستراتیژی نەتەوە دەوڵەت و دەوڵەتنەتەوە  ، لە روانگەی پەکەکەو پارتی  کۆتایی پێهاتووە بۆ دابەشکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان بەردەوامە ؟

ئاخۆ هووتافی پێکەوە ژیانی گەلان  لە لایەن پەکەکەوە  دەکەوێتە کەوانی تاکتیک لە بەرژەوەندی ستراتیژیدا  یان فۆرمێکی چەسپاوە ؟

ئەگەرئەو فۆرمە تاکتیک بێت یانچەسپاو  لە ئەساسنامەی پەکەکەدا  ، ئاخۆ لە کردەوەدا هەموو پارت و ئەحزابی هەرچوارپارچەی کوردستان  هەرهەمان هووتاف بەکردەوە پەیرەو ناکەن لە ئێستادا ؟ 

هەرچەند بەدەیان پرسیاریتر دەکرێت لە ئارا دابێت ، بەڵام پرسیاری کۆتایی ئەوەیە ، ئەگەرستراتیژی  ئەحزابی کوردی ، بە پێوەری چەپی نەتەوەیی ، راستی نەتەوەیی ، ئیسلامی نەتەوەیی، بەڕاستی نەتەوەیی بێت  چۆن ناکرێت کێشەکانیان  چارەسەربکەن لە پێوەندییەکی نهێنیدا وەک سەردەمی جەنگی داعش ، ئەگەر دروستکراوی وڵاتانی  ناوچەیی داگیرکەری کوردستان نین، بەبێجیاوازی ؟

ئەو پرسیارانەی کەوا دەمەوێت لە کاتی  گونجاودا ئاراستەی سەرۆکایەتیی پارتی و پەکەکەی بکەم  لێرەدا بە گونجاوی نازانم  دڵی دوژمنانی پێخۆش بکەم ، بائەوەندە بەس بێت.


تێبینی :گرینگترین خاڵی بەهێزی نەتەوەیی  و نیشتمانی سەرەڕای سیاسەت و رای جیاواز لێبوردەییە ، چونکە لەهەر رووداوێکی چەکداریدا رۆڵەی هەژاران دەبنە قوربانی  ، ئەویش لە پێناو بەرژەوەندیی داگیرکەرانی کوردستان .

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×